هۆكارەكانی پشت پەردەی ململانێكانی ئەمریكاو ئێران

کەمال محەمەد - 14-03-2019 - 3214 جار خوێندراوەتەوە

ئەو گرژییەی لەنێوان ئێران و ئەمریكادا ئەبینرێت تەنها لە نێوان دو دەوڵەت نییە بەڵكو لەنێوان دو سیستەمی هێزدایە كە لەپای هەژمونگەراییدان لە خۆرهەڵاتی ناوین و ناوچەكەدا ،بۆیە سەرجەم نیشانەكانی دەرهەق بە تەنگەژەكانی خۆرهەڵاتی ناوین نیشانی ئەدەن كە بەرژەوەندی بلۆكبەندییە ئیمپریالیستەكان هۆكاری گۆڕانكاری و ململانێكانن ،لێرەدا زلهێزەكان دابەش بون بەسەر دو بلۆكدا ،بلۆكی روسی و هاوپەیمانەكانی لەگەڵ بلۆكی ئەمریكی هاوپەیمانەكانی ،لەگەڵ سیستەم و بەهێزكردنی هەژمونگەرایی ئەمریكا لەمیانەی جەنگی جیهانی سێیەمەوە كە خودی ئەمریكا پێشرەوایەتی ئەكرد و هەوڵی پركردنەوەی ئەو بۆشاییەی هەژمونگەرایی ئەدا كەلە ئاكامی هەرەس هێنانی سیستەمی سۆڤییەت هاتە ئاراوە ،هەروەها رێگری لە هەڵكشانی چینیش ئەكرد كە ئەگەری هەبو ببێت بە رەقیبە نوێیەكە ،ئامانجی یەكەمین هەڵمەتی ئەمریكا دژ بە ئەفغانستان بەدەستهێنانی ئەو دەست پێشخەرییە بوو تا روسیا و چین ئەو بۆشاییە هەژمونگەراییە پڕ نەكەنەوە كە لە ئاسیای ناوین هاتبویە ئاراوەو ئەلقاعیدەو تاڵیبانیش ئامراز گەلێك بون بۆ بەدەست هێنانی ئامانجەكان بەكار ئەهێنران .
ئەمەریكا دركی بەراستی ئێران كردوە كە دوەمین هێزە لەپای هەژمونگەراییدا بێت لە ناوچەكە

 

ئەمریكا لەو راستییە گەشتوە پاش ئەوەی ئێران لەبەرەكەیدا نەماوەو ئێستا هاوپەیمانێكی بەهێزی بلۆكی روسیایە بە هۆی گۆڕانكارییەكان و لێكدانەوەكانی پێكهێنانی جەمسەرێك بەهێز دەكات كە دژ بە ئەمریكایە و هەر ئەمەشە وای لە ئەمەریكا كردوە درك بەراستی ئێران بكات كە دوەمین هێزە لەپای هەژمونگەراییدا بێت لە ناوچەكەو پێویستە لە نزیكترەوە هەڵوەستەی سەبارەت  بكرێت، چون نەریتی ئێران پێچەوانەی وڵاتانی دیكەیەو زۆر بە ئاسانی كەوتنە ژێر باڵی بچوكبونەوە پەسەند ناكات ،وەك ئەوەی لەهەر وڵاتێكی دیكەدا كە ئەمریكا داگیری كردبێت كە جگە لە خزمەتكردنی بونیادنانی سیستەمێكی سەرمایەداری  بۆخۆی ڕۆڵێكی دیكەی نەبینیوە ،بەمجۆرەش هەوڵەكان  بۆ پشتگیری جەمسەرەكان دەستی پێ كردوە كە ئەنجامی گەورەو گۆڕانكاری مەزنی بۆ ناوچەكە ئەبێت ،بەدەستهێنانی پشتگیری دیبلۆماسی و سیاسی و تەنانەت سەربازیش لە كۆبونەوەی میونخ و كۆبونەوەو سەردانییەكانی دیبلۆماتكارانی زلهێزەكان ئەنجامی هاوسەنگی لە دژی یان بەرژەوەندی جەمسەرەكان یەكلا ئەكاتەوە.

سەرەتای پلانەكانی ئەمەریكا لێدانە لەو هێزانەی كەلەلایان سوپای قودسی پاسدارانی ئێرانەوە لە عێراق فەرمان وەرئەگرن

 

سەركەوتنی لایەن و تەیارەكانی نزیك لە ئەمریكا لەهەڵبژاردنەكان بۆ بەدەستهێنانی تەرازوی هێزە بەرامبەر بەو هێزانەی كە نزیكن لە ئێرانەوە یان سەربەئێرانن ،بۆیە ئەمریكا بە هێنانی هێز و پاڵپشتی سەربازی ئەیەوێت مسۆگەری دەسەڵاتەكانی بكات بەرەیەكی بەهێز بۆ روبەروبونەوەكانی ئێران و سنوردانانی بۆ پەلهاویشتنی دەسەڵاتەكانی بكات ،ئێستا سیاسەتی ئەمەریكا هاوپەیمانێتییە لەگەڵ سعودیە و وڵاتانی خلیج و عێراق بۆ ئەوەی لەو شەرە ئیقلیمییەی كە چاوەروان ئەكرێت روبدات لە ناوچەكە سودی لێ ببینیت ،سەرەتای پلانەكانی ئەمەریكا لێدانە لەو هێزانەی كەلەلایان سوپای قودسی پاسدارانی ئێرانەوە لە عێراق فەرمان وەرئەگرن  هەرئەمەشە وایكردوە ئەمەریكا دەست بە جموجوڵ و هێنانی هێزی سەربازی بكات بۆ عێراق و هێزەكانی خۆی لە باشوری ئەوروپاو ئەفغانستان و بولغاریاوسوریا جێگۆڕكێ پێ بكات.

شەری زلهێزە ئیمپریالیستەكان بۆ بەدەستهێنانی پشكێكی زیاترە لەسەرمایەداری

 

كاتێك ئەمریكاو هاوپەیمانەكانی یەكەمین هەنگاویان هاویشت بۆ راكێشانی بۆری غازی قەتەر لە رێگەی سعودیەوە بۆ سوریاو دەریای ناوەراست شكستی پێ هێنرا لەلایەن سوریاوە كە هاوپەیمانی روسیایە بەهۆی دروست بونی مەترسی ئابوری بۆسەر روسیا، رەنگە هەرئەمەش هۆكاری پشێوییەكانی سوریا بێت بۆیە ئەمریكا پێی وابوو روسیا لەگەورە پیشاندانی هێزی خۆی زێدەرۆیی ئەكات و ئەگەر بەهاوكاری ئێران هەنگاو بۆ بژارێكی لەوشێوە بنێت چانسی سەركەوتنی زیاتر ئەبێت، بۆیە لەو سۆنگەیەوە ناكۆكیەكانی ئەمەریكا لەگەڵ ئێران مامەڵەیەكی بەهێزی ستراتیژییەتی ئەمریكایە لەخۆرهەڵاتی ناویندا تا هاوسەنگی هێز بەلای خۆیدا رابكێشێت و ئەمەش سەلمێنەری ئەوەیە كەشەری زلهێزە ئیمپریالیستەكان بۆبەدەستهێنانی پشكێكی زیاترە لەسەرمایەداری و ئەوەی لەسەر پیتاندن و بونی چەكی ئەتۆمی باس ئەكرێت بیانویەكی دیكەیەلە ململانێكان بۆ بەدەستهێنانی ئەو پشكە.

لەپاش شەری داعش لەناوچەكە گۆڕانكارییەكانی ئەم دواییەی ناوچەكە ،ئەمریكا ئەوەئەزانێت كە تارادەیەك توانای جێبەجێكردنی داواكارییە ئابوری و سیاسییەكانی نییە بۆیە ستراتیژیەتی ئەمەریكا لە عێراق و سوریا  و ناوچەكە گۆڕانكاری بەسەردا هاتوە ،بەهۆی حیسابە هەژمونگەرا هاوشێوەكانی ئێرانیش كەلەم ماوانەی دواییدا لەبەرامبەری وەستاوەتەوە بۆتەهۆی گرژی نێوانیان كەرەنگە سەردانەكانی ئێستای رۆحانی و ترامپ و وەزیرانی دەرەوەی هەردولا بۆ ناوچەكە بۆپاراستن پێگەی هێز و پتەوكردنی هێزەكانیان و ئەو لایەنانە بێت كەسەر بەخۆیانن .

دور نییە ئەمریكا سەرەتای بەرنامەو ستراتیژیەتەكانی لەرێگەی شەرێكی ئیقلیمیەوە بێت دژبە ئێران

 

بەهۆی ئەو ئابڵۆقە ئابورییەی كە ئەمریكا بەسەر ئێراندا سەپاندویەتی ،ئابوری ئەو وڵاتە بەشێوەك كاری كردۆتە سەردانیشتوانەكەی كە دەنگە نارازییەكان چەندین جار بەرامبەر دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە هەڵوێست وەرگرن، بۆئەوەی بتوانێ لەرێگای نارەزایەتییەكانەوە گۆڕانكاری لەنێوخۆی ئێراندا بهێنێتە ئاراوە، بەڵام بەهۆی نەتەوەپەرەستی بەشێكی زۆری شیعەگەراكانی ئەو وڵاتە هەوڵەكان دەرەنجامێكی نەبو ،بۆیە ئەمەریكاو هاوپەیمانەكانی چەندین جار كۆبونەوەكانی سەرانی رژێمی شای ئێرانیان لە ئەوروپا وەك یەكێك لە ئەڵتەرناتیڤەكان زانیوە بۆ ئەگەر و ساتە چاوەروانكراوەكانی داهاتوی ئێران، دور نییە ئەمریكا سەرەتای بەرنامەو ستراتیژیەتەكانی لەرێگەی شەرێكی ئیقلیمیەوە بێت دژبە ئێران و سەرەتا بەلێدانی هێزەكانی دەرەوەی سنوری ئێران كەسەربەو وڵاتەن دەست پێ بكات ،ئەمریكا بۆ ئەم ئەگەرە چەندین لایەن و وڵاتانی سوننە مەزهەبی دیاریكردوەو خۆشی بە هاوكاریە سەربازی و ئابورییەكانی لەپشت ئەم شەرەوە ئامادەكردوە، بەڵام ناكرێ ئەوە لەبیر بكرێت كە كات و ساتی گۆڕانكاریەكان بەپێی بەرژەوەندییەكانی بلۆكبەندییەكان هۆكارە بۆ گۆڕینی چۆنێتی و ئاراستەی بەرەنگاربونەوەكان. 


ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP