تالاسیمیای سیاسی و هاتنەپێشەوەی خوێنی تازە

دانەر ڕەشید - 13-03-2019 - 1661 جار خوێندراوەتەوە

جەستەی پارتە سیاسیەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ڕووی سیاسی و ڕێکخراوەییەوە ماوەیەکی درێژخایەنە توشی جۆرێک لە نەخۆشی "تالاسیمیای سیاسی" بووە کە ڕێگری دەکات لە دروستکردن و  هاتنە پێشەوەی خوێنی تازە. دەستەبژێری سیاسی و حکومڕانی ئەم وڵاتانە بۆ مانەوەی پێگە و دەسەڵاتی خۆیان شێلگیرانە ڕێگە نادەن گەنجان کە بزوێنەری گۆڕانکارین بێنە نێو کایەی سیاسی و ناوەندی بڕیاردان.

پارتێکی سیاسی وەک داد و گەشەپێدان لە تورکیا خاوەنی هەزاران گەنجی بەتوانا و خوێنگەرمە، بەڵام لەماوەی ۱۷ ساڵی حکومڕانی ئەو پارتە، فیگەرێکی وەک بینالی یڵدرمی بۆ چەندین پۆستی جیاواز کاندید کردووە؛ جارێک بە وەزیری گواستنەوە و دەریاوانی، دواتر شارەداری ئیزمیر، پاشان سەرۆک وەزیرانی حکومەت، سەرۆکی ئاکپارتی، سەرۆکی پەرلەمان، ئێستاش دیسان بۆ سەرۆکی شارەوانی ئیستەنبوڵ. وەک تورکەکان خۆیان دەڵێن لەو ماوەیەدا ئاکپارتی یڵدرمی بە کاڵی و بە کوڵاوی بە مانگاڵ دەرخواردی میللەت داوە.

ئەگەر ئەمە بەشێکی بۆ سەرکەوتنی یڵدرم خۆی بگەڕێتەوە، بەشەکەی دیکەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو فاکتەی ئەردۆغان متمانەی بە چواردەورەکەی و کادیرانی گەنجی پارتەکەی لەدەستداوە و نایەوێت هیچ خوێنێکی تازە بێتە پێشەوە کە ببێتە مەترسی بۆ پێگە و دەسەڵاتی.

تەنانەت "تالاسیمیای سیاسی" بەشێوەیەکی فراوان پارتە ئۆپۆزسیۆنەکانی تورکیاشی گرتۆتەوە، پارتی گەلی کۆماری جەهەپە ماوەی ۱۰ ساڵە لە کێبڕکێ گرنگەکاندا تەنها دوو کاندیدی پێشکەشکردووە؛ موحەڕەم ئینجە و مەنسور یەڤاش کە هیچیان لە بردنەوەی هەڵبژاردنەکان سەرکوتونەبوون، بەڵام دووبارە کاندید کراونەتەوە و پێناچێت ئەمجارەش سەرکەوتوبن.

لە هەرێمی کوردستانیش ئەم جۆرە لە چەقبەستنی سیاسی لە ماوەی ۲٨ ساڵ حکومڕانی کوردیدا دیاردەیەکی حاشاهڵنەگر بووە. پۆستێکی وەک سەرۆک وەزیرانی حکومەت ماوەی ۱٨ ساڵە لەلایەن نێچیرڤان بارزانیەوە بەڕێوە دەبرا و سێ ژەمە هەر خۆی لەسەر سفرە بوو. وەلێ هاتنە پێشەوەی مەسرور بارزانی پێشهاتێکی ئەرێنیە بۆ ڕزگارکردنی هەرێم لەو چەقبەستنە؛ یەکەم لێکەوتیشی لابردنی پاشەکەوتی موچەیە دوای دروستبوونی ڕکابەری سیاسی نێوان دوو ئامۆزاکە.

بۆ قوتاربوون لە دەردی تالاسیمای سیاسی، تەنها دەرچە ڕێگەدانە بە هاتنەپێشەوەی خوێنی تازە و گۆڕینی دەم و چاوەکان و نوێکردنەوەی ئۆرگانە حیزبی و حکومیەکان، بەپێچەوانەوە ئەم دەردە کوشندەیە درەنگ یان زوو ژیانی سیاسی نەخۆشەکان دەگەیەنێت بە دیداری ئیزرائیل.

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP