دیوە شاراوەكەی رێككەوتنی پارتی و یەكێتی

رێبوار کەریم وەلی - 12-03-2019 - 11889 جار خوێندراوەتەوە

(١)
دوای نزیكەی 12 ساڵ لە ئیمزاكردنی رێككەوتننامەی ستراتیژیی نێوان بارزانی و تاڵەبانی، لە 4ی ئاداردا، یەكێتی و پارتی جارێكی دیكە رێككەوتنێكی سیاسی و دابەشكاریی پۆستەكانیان ئیمزا كرد. لە كاتێكدا كە وا چاوەڕوان دەكرا یەكێتی دوای ئەو رێككەوتنە ئیتر بتوانێ خۆی ساغ بكاتەوە، بەڵام هەنگاوەكانی دواتری دەریخست كە ئیمزاكردنی ئەو رێككەوتنەش بەشێكە لە هەوڵی سیستەماتیكی ئەو حیزبە بۆ درووستكردنی ئاستەنگ لەبەردەم پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان.

یەكێتی لە 18ی شوباتدا، لەلایەن پارتی، گۆڕان و هێزە سیاسییەكانی دیكەی بەشدار لە پەرلەمان، سیحری كات كوشتنەكەی بەتاڵ كرایەوە، بۆیە كە دیتی كات لە دژی ئەو كار دەكات و هەڵەیەكی كوشندەی كردووە كە سەرۆكایەتیی پەرلەمانی وەرنەگرتووە، كەوتەخۆ. ئەوانەی لە 17ی شوبات (لە كۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی) دەیانویست لەبەر یەك خاڵ، 18 خاڵی رێككەوتنەكە رەت بكەنەوە، لە 18ی شوبات و دوای بینینی بێمنەتیی پارتی، ویستیان هەڵەكە راست بكەنەوە؛ دیتیان خەریكە پارتی و گۆڕان بەبێ ئەوان نەك هەر یاسای سەرۆكایەتیی هەرێم هەموار دەكەنەوە و سەرۆكی هەرێم هەڵدەبژێرن، بگرە بێ ئەوان حكومەتیش پێكدێنن. بۆیە كۆسرەت رەسوڵیان كردە واجیهەی رێككەوتن لەگەڵ پارتی.

لە رواڵەتدا ئێستا كۆسرەت رەسوڵ سەركەوتووە و ئیمزای خستووەتە سەر رێككەوتنێكی عادیلانە لەگەڵ پارتی، بەڵام پێچەوانەكەشی راستە كە ئەگەر سەركردایەتی یەكێتی نەتوانێ رێز لەو ئیمزایە بگرێ و لەناوخۆی خۆیاندا نەتوانن رێكبكەون، سیحری ئەو ئیمزایەش بەتاڵ دەبێتەوە و بەهایەك بۆ مەكتەبی سیاسی و بڕیارەكانی نامێنێ.

ئەوانەی لە 18ی شوباتدا دۆڕاندیان، یارییەكی زیرەكانەی دیكەیان كرد و بە رێككەوتنی 4ی ئادار دیسان پارتییان بە بارمتە گرتەوە

 

ئەوانەی لە 18ی شوباتدا دۆڕاندیان، یارییەكی زیرەكانەی دیكەیان كرد و بە رێككەوتنی 4ی ئادار دیسان پارتییان بە بارمتە گرتەوە. ئەوان دەزانن پارتی رێز لە ئیمزای كۆسرەت رەسوڵ و نێچیرڤان بارزانی دەگرێت و، دوای ئیمزاكردنی ئەو رێككەوتنە ئێتر چاوەڕێی یەكێتی دەكات و لەگەڵ گۆڕاندا، هەنگاوی تاكلایەنە ناهاوێت. دیسان پارتی دەكەوێتەوە ناو هەڵوێستێكی یەكلاكەرەوە ئەگەر یەكێتی بیەوێ بەهۆی ئەو رێككەوتنەوە یاری بە كات بكات، یان بیەوێ هەموو ململانێ ناوخۆییەكانی خۆی لەسەر حیسابی پارتی یەكلا بكاتەوە، دەبێ دیسان پارتی خۆی لەو تەڵەیەش رزگار بكات و چاوەڕێی یەكێتی نەكات، بگرە كەی هاتن رێككەوتنەكە جێبەجێ بكات.

ئەگەری بەریەككەوتنی گۆڕان و یەكێتی
(2)

گۆڕان یەكەم لایەن بوو كە پیرۆزبایی لە رێككەوتنی چواری ئاداری نێوان پارتی و یەكێتی كرد، بەوەش ویستی بڵێ كە رێككەوتنی نێوان گۆڕان و پارتی لەسەر حیسابی یەكێتی نەبووە تا ئێستا پێی نیگەران بێت. پارتی هەر لە رۆژی یەكەمەوە پێداگریی لەسەر بەشداریی گۆڕان لە حوكمڕانیدا كردووە و وا بە ئاسانیش گۆڕان نافرۆشێت. پارتی گەیشتووەتە ئەو باوەڕەی كە گۆڕانی ریشەیی لەسەر كەلاكی رێككەوتنی ستراتیژی كە هەموو شتێك پەنجا بە پەنجا بووە، لەگەڵ یەكێتیدا ناكرێت. ئەمڕۆ بەرنامەی چاكسازیی پارتی و گۆڕان بۆ ئاییندەی كوردستان لە هەموو كاتێك زیاتر لێكنزیكن و تەنانەت لە كابینەی هەشتەمیشدا، نێچیرڤان بارزانی نەك هەر وەزیرەكانی گۆڕان، بگرە هەموو وەزارەتەكانی سەرپشك كرد بۆ ئەوەی بێ گەڕانەوە بۆ ئەو چاكسازی بكەن. یەكێتی، ئەندازیاری تێكدانی پەیوەندییەكانی نێوان پارتی و گۆڕان و بە پلەی سەرەكیش نەوشیروان مستەفا و بارزانی بوو (لە كاتێكدا كە ئەوان لەسەرەتادا پێداگر بوون لەسەر ئەوەی دەبێ حەتمەن گۆڕان لە حكومەتدا بەشدار بێت!).

ئێستا پەرلەمانتارانی پارتی، بە هەمان نەفەسی پەرلەمانتارەكانی گۆڕان لە 2009 كار دەكەن، تەنانەت هەندێكیان بە رەتكردنەوەی مووچە و خانەنشینی و، ئیمتیازاتی پەرلەمانتاری ئەو نەفەسەشیان تێپەڕاندووە. بۆیە یەكێتی كە لەسەر كەلاكی رێككەوتننامەی ستراتیژی نووستووە و هەموو جۆرە چاكسازییەك لە مووچە و خانەنشینیی كادیرەكانی بە هێڵی سوور دەبینێ بۆ سەر پێگە جەماوەرییەكەی، زۆر نابات تووشی بەركەوتن لەگەڵ شەپۆلی ئەو ئاراستە چاكسازییە دەبێت كە لە داهاتوودا بەڕێوەیە.

 رێککەوتنی یەكێتی و پارتی بە هەموو بگرە و بەردەكانیەوە، ئەخیرەن بۆ دابەشكاریی پۆست و گەڕانەوەیە بۆ سەردەمی حوكمی رێككەوتننامەی ستراتیژی

 

ئەگەر یەكێتی نیەتی ئەوەی هەبووبێت كە بە هێشتنەوەی گۆڕان لە دەرەوەی حوكمڕانیدا، بزووتنەوەكە بخنكێنێ، ئەوا گۆڕانیش بە بەشداریی لە حكومەت و جومگە گرنگەكانی دەسەڵاتدا، دەست لە بینەقاقای یەكێتی دەنێت. هەر بۆیە لە ئێستاوەڕا یەكێتی كەوتووەتە خۆ تا پێش هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان رێككەوتنی سیاسی لەگەڵ كۆمەڵی ئیسلامی ئیمزا بكات. رێككەوتنی پارتی و گۆڕان بنچینەی چاكسازی و بە دامەزراوەییكردنی حوكمە لە كوردستان، بۆیە دەبێ هەردوولا دەستی پێوە بگرن، ئەوەی یەكێتی و پارتیش بە هەموو بگرە و بەردەكانیەوە، ئەخیرەن بۆ دابەشكاریی پۆست و گەڕانەوەیە بۆ سەردەمی حوكمی رێككەوتننامەی ستراتیژی.

یەكێتی ئاوا دەبێتە حزبی یەكەم
(3)

پاڤڵ یان (بافێڵ) تاڵەبانی، لەم رۆژانە گوتبووی كە یەكێتی دەكەنەوە بە حزبی یەكەمی كوردستان!
دەڵێن: كوڕ هات و بە باوكی گوت: بابە لە ماراسۆن سێیەم بووم. باوكی گوتی دەك داوەشێی! جەماعەت گوتیان: بۆ سێیەمییش باشە! باوكی گوتی: ئاخر هەموو ماراسۆنەكە هەر سێ كەس بوون.

زۆر بە كورتی، لە دوای هەرەسی شۆڕشی ئەیلولەوە، یەكێتی نیشتمانیی كوردستان كە بە حیسابی خۆی پرۆژەی ئەڵتەرناتیڤی پارتی بووە، لە 1983 نەیانتوانی لە حوكمی زاتییەكەی 1970 زیاتریان دەستبكەوێ، لە 1987 دوای هەرەسی شۆڕشی نوێیان هاتنەوە باوەشی پارتی، لە 1992 هەڵبژاردنیان دۆڕاند و پارتی كردنی بە شەریكی حوكم، لە 1996 شەڕی ناوخۆیان دۆڕاند، لە 1998 بە رێككەوتنی واشنتن و دواتر لە 2007 جارێكی دیكە هەستانەوە، هەڵبژاردنەكانی 2009، 2013 و هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانییان بە گۆڕان دۆڕاند. پوختەی كەلام حزبی یەكەمی كوردستان خاوەنی نەك 45 بگرە 58 كورسییە و یەكێتیش كە خۆی بە سەركەوتوو دەزانێ، خاوەنی 21 كورسییە! مەگەر ئەوەی كە لە ماراسۆنەكەدا تەنها یەكێتی بەشدار بووبێت، وەك 16ی ئۆكتۆبەر.

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP