بەپەلە

كاریزما له‌مێژوی گه‌لاندا بارزانی وه‌ك نمونه‌ی كوردستانی

فارس نەوڕۆڵی - 11-03-2019 - 5145 جار خوێندراوەتەوە

كاریزما كێیه كه‌ی دروست ده‌بێت ڕۆڵی له‌مێژوودا چیه‌ڕای بیرمه‌ندان له‌سه‌ر كاریزما چیه‌ بۆچی بارزانی نمونه‌ی كاریزمای كوردیه‌؟ كاریزما ئه‌و مرۆڤه‌هه‌ڵكه‌وتوو ده‌ركه‌وتووه‌ قاره‌مانه‌یه‌ كه‌ مێژوو دروست ده‌كات و جوڵه‌ به‌ مێژو ده‌كات له‌ژیانی ئابوری و سه‌ربازی و كومه‌ڵایه‌تی گه‌لاندا. گه‌مه‌كه‌رێكی سه‌ره‌كی به‌ڕێوه‌بردنی گه‌مه‌كانی مێژوه‌كه‌ ئاڕاسته‌ی مێژو ده‌كات، كاریزما له‌ بنه‌ڕه‌تدا وشه‌یه‌كی یۆنانیه‌ به‌واتای به‌خشیشی خودایی یان گه‌وره‌یی دێت كه‌نیسه‌ی مه‌سیحی ئه‌م زاره‌وه‌یه‌ی تایبه‌تكرد به‌و كه‌سانه‌ی كه‌ توانای نائاسایی و له‌ ڕاده‌به‌ده‌ریان هه‌بوه‌ وه‌ك په‌یامبه‌ران و ئه‌وانه‌ی كاریگه‌ری ته‌واویان هه‌یه‌ له‌سه‌ر خه‌ڵك بۆ گۆڕانی قۆناغێك بۆ قۆناغێكی باشتر، له‌لای یۆنانیه‌كان داستانه‌كانی ئه‌لیاده‌ و ئۆدێسه‌ی هۆمیرۆس وه‌ك نمونه‌یه‌كی باڵای كاریزما یاخود قاره‌مان ده‌بینرێت ئه‌م داستانه‌ نه‌ك ته‌نها كاریگه‌ری له‌سه‌ر فكری یۆنانی هه‌بوه‌ به‌ڵكو كاریگه‌ری له‌سه‌ر فیكری مرۆڤایه‌تی به‌گشتی داناوه‌ ئه‌خیل بو به‌و تاكه‌ مرۆڤه‌ كاریزمایه‌ی كه‌ ده‌توانێت سه‌ركردایه‌تی جه‌نگه‌كان بكات و ڕێره‌وی مێژوش بگۆڕێت.

کاریزماکان دەبنە هۆی گۆڕینی رێڕه‌وی مێژوی مرۆڤایه‌تی له‌ قۆناغێكه‌وه‌ بۆ قۆناغێكی دیكه

 

كاریزما له‌و ژینگه‌و وڵاتانه‌دا دروست ده‌بن كه‌ چه‌وسانه‌وه‌و نادادپه‌روه‌ری و داگیركاری وڵاتێك یاخود میلله‌تێك هه‌راسان ده‌كات لێره‌وه‌ كه‌سی كاریزما ده‌رده‌كه‌وێت بۆ ڕزگاركردنی نه‌ته‌وه‌كه‌ی له‌و سته‌م و چه‌وسانه‌وه‌ی كه‌ به‌سه‌ریان سه‌پێنراوه‌ وه‌ ده‌بێته‌ سمبول و فریاد ڕه‌س هه‌ر بۆیه‌ بیرمه‌ندان و فه‌یله‌سوفه‌ گه‌وره‌كان قسه‌ی خۆیان له‌سه‌ر كاریزما هه‌یه‌ له‌م باره‌یه‌وه‌ تۆكیدیس (395-460) پ.ز خاوه‌نی كتێبی جه‌نگی پلوپۆنیز ڕۆڵی مرۆڤه‌ مه‌زن و قاره‌مانه‌كانی له‌ دروستكردنی مێژودا ڕونكردۆته‌وه‌ ئه‌م مێژونوسه‌ بڕوای وایه‌ ئه‌وه‌ كاری كاریزما و قاره‌مانه‌كانه‌ بوێری و ئازایه‌تی ئه‌وانه‌ كه‌ له‌مێژودا روداوی مێژویی گه‌وره‌ ده‌خوڵقێنن توانای ئه‌وانه‌ وه‌ك كاریزما بونه‌ته‌ هۆی گۆڕینی ڕێڕه‌وی مێژوی مرۆڤایه‌تی له‌ قۆناغێكه‌وه‌ بۆ قۆناغێكی دیكه، له‌ هه‌مانكاتدا فه‌یله‌سوفێكی وه‌ك سوقرات سه‌رسام ده‌بێت به‌ڕۆڵی كاریزما و سه‌رسوڕمانی خۆی بۆ سه‌ركرده‌ی یۆنانی (پریكلیس) نه‌شاردۆته‌وه‌ پریكلیس له‌ مه‌زنترین سیاسی و جه‌نگاوه‌ره‌كانی یۆنانی كۆن بووه‌ گوتاربێژێكی كارامه‌و جه‌نگاوه‌رێكی ئازاو سه‌ركه‌وتوبووه‌و له‌سه‌ر كه‌وتندا لێبورده‌ بوه‌ بۆیه‌ سوكرات بڕوای وابو كه‌ پریكلیس له‌سه‌ركرده‌ باڵاكانی نێو مێژوی كاریزماكانی جیهانه‌ كه‌ توانیویه‌تی له‌كۆكردنه‌وه‌ی فكر و كردارو سه‌ركردایه‌تی كردندا سه‌ركه‌وتوبێت له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ زانای سۆسیۆلۆژی ئه‌ڵمانی ماكس ڤیبه‌ر (١٨٦٤-١٩٢٠) هه‌وڵیداوه‌ ڕه‌وتی كۆمه‌ڵگای مرۆڤایه‌یه‌تی به‌پێی دو چه‌مكی بنه‌ڕه‌تی كاریزما بوون و دیموكراسی بوون شرۆڤه‌ بكات ڤیبه‌ر بڕوای وایه‌ كه‌ مێژوو له‌سه‌ر جوڵه‌یه‌كی به‌رده‌وام  و هێڵێكی ڕاست به‌رده‌وام نابێت به‌ڵكو له‌ هه‌ندێ قۆناغ و ماوه‌ی نا ئاساییدا جۆڵه‌ی هێواش و پله‌ به‌پله‌كانی مێژو تێده‌په‌ڕێنێت و تێیدا پاڵه‌وانی بلیمه‌ت ده‌ركه‌كه‌وێت كه‌له‌ژێر چاودێری یه‌زدانیدا بۆ گه‌له‌كه‌یان نێردراون ڤیبه‌ر زۆربه‌ی ڕه‌گه‌زه‌كانی فه‌لسه‌ی مێژوی له‌عه‌قڵانیه‌ت وه‌رگرتووه‌، چونكه‌ پێی وایه‌ دوركه‌وتنه‌وه‌ له‌ عه‌قڵانیه‌ت ده‌بێته‌هۆی داڕمان ئه‌م گواستنه‌وه‌ش ده‌گێڕێته‌وه‌ بۆ چه‌ندین توێژی كۆمه‌ڵایه‌تی رۆشنبیران و په‌یامبه‌ران و پێشه‌وایان و فه‌یله‌سوفان، به‌ڵام ڕه‌گه‌زی فه‌لسه‌فی سه‌ره‌كی بۆ ستراكچه‌ری مێژوو لای ماكس ڤیبه‌ر له‌سه‌ر هاوسه‌نگی نێوان جوڵه‌ی كاریزمایی دامه‌زراوه‌ له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ هیگڵ له‌ وانه‌كانی فه‌لسه‌فه‌ی مێژودا جه‌خت له‌سه‌ر كاریزما یاخود دروستكه‌ری مێژو ده‌كاته‌وه‌ بڕوای وایه‌ كاریزما ئامڕازێكه‌ به‌ده‌ست ڕۆحی گشتیه‌وه‌ له‌پێناو هێنانه‌دی ئامانجه‌كانیاندا واتا ئه‌و كه‌سانه‌ی توانیویانه‌ به‌رژه‌وه‌ندی گشتی بخه‌نه‌ سه‌روی تایبه‌تیه‌وه‌و ببنه‌ به‌رجه‌سته‌كاری ڕۆحی نه‌ته‌وه‌ له‌دیدی هیگڵه‌وه‌ ناودارانی مێژو ئه‌و كه‌سانه‌ن كه‌ئه‌و پرینسپه‌ گشتیه‌ له‌ئامانجه‌كانیاندا بونی هه‌یه‌ به‌ڕای هیكڵ قه‌یسه‌رو ئه‌سكه‌نده‌رو ناپلیۆن له‌بنه‌ڕه‌تدا سه‌ر به‌دونیای ئه‌و كه‌سانه‌ن ئه‌وانه‌ن وێنه‌ی نه‌ته‌وه‌ له‌خۆیاندا به‌رجه‌سته‌ده‌كه‌ن به‌ئاماندجی گه‌شتن به‌پله‌ی باڵاتر له‌ئازادی سه‌ربه‌خۆیی كارده‌كه‌ن بۆ خستنه‌گه‌ڕی ئه‌و وزه‌و هێزه‌ پێویسته‌ی له‌ گه‌له‌كانیاندا بونی هه‌یه‌ بۆ ئامانجه‌باڵاكان بۆیه‌ كاریزما كه‌سانێكن كه‌ به‌هۆیه‌وه‌ مێژو گوزارشت له‌خۆی ده‌كات كاریزماكان گوزارشت له‌ڕۆحی سه‌رده‌مه‌كانی خۆیان ده‌كه‌ن لای هیگڵ پیاوی مه‌زن دوای ڕوداوه‌كان ده‌رده‌كه‌وێت واتا كاتێك سه‌رده‌مه‌ مه‌زنه‌كه‌ داوایان لێده‌كات ئه‌وان خۆیانی له‌گه‌ڵدا ده‌گونجێنن سه‌رده‌می مه‌زن بریتیه‌ له‌و ماوه‌ ئینتیقالیه‌ی كه‌ده‌یه‌وێ ڕه‌گه‌زی مرۆیی له‌ئاستێك له‌ئاسته‌كانی ئازادی و ڕێكخستنی سه‌ربه‌خۆیی بگوازرێته‌وه‌ بۆ ئاستێكی دیكه‌ هیگڵ ده‌یه‌وێت له‌ بۆچونه‌كانیدا ئه‌وه‌ بڵێت كه‌ قه‌یسه‌ر و ئه‌سكه‌نده‌ر و ناپلیۆن ئازادانه‌ له‌ به‌رده‌م هه‌ڵبژاردندا نه‌بون، به‌ڵكو ئه‌وه‌ لۆژیك و سه‌رده‌مه‌كه‌یان بوو پێویستی پێیان هه‌بووه‌ و داوای كاره‌كانی ئه‌وانی كردووه‌.

 

لێره‌دا وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ ده‌ده‌ینه‌وه‌ بۆچی مسته‌فا بارزانی نمونه‌ی كاریزمای كوردستانیه‌؟ به‌ پشتبه‌ستن به‌م ڕاوبۆچونه‌ی كه‌ بیرمه‌ندان له‌سه‌ر كاریزما هه‌یانبووه‌ ده‌توانین ژیانی سیاسی و سه‌ربازی و كۆمه‌ڵاتی بارزانی وه‌ك كاریزمایه‌ك بخوێنینه‌وه‌و وه‌ك چۆن بیرمه‌ندانی گه‌لانی تر ڕایان له‌سه‌ر كاریزمای خۆیان هه‌بووه‌ لای ئێمه‌ش هه‌ژار موكریانی نمونه‌یه‌كی به‌رزه‌ كه‌ كاریزمای بارزانی له‌شیعره‌كانیدا به‌رجه‌سته‌كردووه‌.   
کاتێک دوژمنانی کورد هەمو رێگایه‌كیان ده‌گرته‌ به‌ر بۆ شكاندنی ئیراده‌ و كه‌رامه‌تی تاكی كورد ئا له‌م كاته‌دا بارزانی ده‌رده‌كه‌ویت بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی پرسیاره‌كان و واتاكان بۆ روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی چه‌وساندنه‌وه‌ و گواستنه‌وه‌ی كوردستان له‌قۆناغی ژێر ده‌سته‌ییه‌وه‌ بۆ قۆناغی شكۆمه‌ندی
 
كه‌واته‌بێ زیاده‌ڕۆیی و دور له‌ جیهانبینی حزبی وه‌ك واقع و لۆژیك بیخوێنینه‌وه‌ له‌م وتاره‌شدا ته‌نها قه‌ناعه‌تی ته‌واوی خۆم و خوێندنه‌وه‌م بۆ ڕای ئه‌و بیرمه‌ندانه‌ كه‌ له‌سه‌ر كاریزما هه‌یانبووه‌ ئه‌م بابه‌ته‌م نوسیوه‌ نه‌ له‌به‌ر خاتری كه‌س و نه‌ له‌ ژێر كاریگه‌ری هیچ شتێكی تردا، چونكه‌ ئه‌گه‌ر قه‌ناعه‌تی فكری ته‌واوم به‌بابه‌تێك نه‌بێت ناتوانم دێڕێكیشی له‌سه‌ر بنوسم وه‌ك جه‌لاله‌دینی ڕۆمی ده‌ڵێت (من نهێنیم دور له‌ڕوانینم نیه) بۆیه‌ له‌ڕاڤه‌كردنی كاریزمای بارزانی له‌ڕێگای ڕای ئه‌م بیرمه‌ندانه‌وه‌ ئه‌وه‌مان بۆ ده‌سه‌لمێنێ كه‌بارزانی به‌مانای چه‌مكی كاریزما كاریزمای نه‌ته‌وه‌یی كورد بووه‌ له‌سه‌رده‌می خۆیدا بارزانی له‌سه‌رده‌مێك ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ داگیركه‌ران له‌هه‌رچوار لا به‌دڕندانه‌ترین شێوه‌ به‌ربونه‌ته‌ سه‌ر خاك و خه‌ڵكی كوردستان هه‌موو ڕێگایه‌كیان ده‌گرته‌ به‌ر بۆ شكاندنی ئیراده‌و كه‌رامه‌تی تاكی كورد ئا له‌م كاته‌دا بارزانی ده‌رده‌كه‌ویت بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی پرسیاره‌كان و واتاكان بۆ ڕوبه‌ڕوبونه‌وه‌ی چه‌وساندنه‌وه‌ و گواستنه‌وه‌ی كوردستان له‌قۆناغی ژێر ده‌سته‌ییه‌وه‌ بۆ قۆناغی شكۆمه‌ندی لێره‌وه‌ بارزانی خه‌باتێكی هه‌مه‌لایانه‌ی خسته‌سه‌ر ڕێگا له‌ڕوی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابوری و سه‌ربازیه‌وه‌ له‌ڕوی كۆمه‌ڵایه‌تیه‌وه‌ كۆمه‌ڵێك چاكسازی گرنگی كرد له‌و سه‌رده‌مه‌دا وه‌ له‌ڕوی سیاسیشه‌وه‌ ئه‌و كاته‌ی كه‌ له‌ باشور له‌ شۆڕشدا بوو كۆمارێك بۆ كورد له‌ڕۆژهه‌ڵات داده‌مه‌زرێت بارزانی بێ هیچ دو دڵیه‌ك له‌گه‌ڵ هه‌ڤاڵه‌كانیدا ده‌چێته‌ مهاباد بۆ هاوكاری كۆماری كوردستان له‌و ماوه‌یه‌دا ڕۆڵێكی قاره‌مانانه‌ ده‌گێڕێت دوای ئه‌وه‌ی كۆمار ده‌كرێته‌ قوربانی به‌رژه‌وه‌ندی زلهێزه‌كان، قازی محمد وه‌ك قاره‌مانێك بۆ پاراستنی هاوڵاتیانی كوردستان چوه‌به‌ر په‌تی سێداره‌ بارزانیش بۆ نه‌وه‌ستانی ڕه‌وڕه‌وه‌ی مێژوو قاره‌مانانه‌ به‌رگریكردو درێژه‌ی به‌خه‌باتدا ئاله‌و كاته‌دا به‌جوگرافیایه‌كی سه‌خت و ئاو و هه‌وایه‌كی ناله‌بارو جه‌نگێكی نا به‌رامبه‌ردا به‌ره‌و یه‌كێتی سۆڤیه‌تی ئه‌و كات به‌ڕێ ده‌كه‌وێت ئه‌م قاره‌مانێتیه‌ له‌و سه‌رده‌مه‌دا بێ هیچ هۆكارێكی په‌یوه‌ندیكردن و گواستنه‌وه‌ ئه‌گه‌ر بارزانی كورد نه‌بوایه‌ له‌سینه‌ماكانی جیهاندا ده‌یان فلیمی گه‌وره‌ی لێدروست ده‌كرا، به‌ڵام به‌ختی كورد جگه‌ له‌ زوڵمی جوگرافیا و مێژوو له‌پانتایی ئه‌ده‌بیات و هونه‌ر و سینه‌مایی جیهانیشدا له‌به‌ر به‌رژه‌وه‌ندی سیاسی ئاوڕیان له‌م داستانه‌ گه‌وره‌ نه‌داوه‌ته‌وه‌ له‌م تراژیدیا گه‌ورانه‌ی كورد خۆیان بێ خه‌به‌ر كردووه‌، شاره‌زایه‌كی بواری سه‌ربازی ده‌ڵێت (به‌پێوه‌ره‌كانی من سه‌ركرده‌و شه‌ڕكه‌ری باش ئه‌و سه‌ركرده‌یه‌یه‌ كه‌ عه‌قڵی ناوه‌ستێت له‌چركه‌ ساته‌ سه‌خت و یه‌كلایی كه‌ره‌وه‌كاندا) ئا له‌و زه‌مه‌نه‌ سه‌خته‌دا كه‌ كورد له‌مه‌ئزه‌قدا بوو بارزانی جگه‌ له‌وه‌ی جه‌نه‌راڵێكی سه‌ربازی بووه‌ سیاسیه‌كی دوربینیش بووه‌ خوێندنه‌وه‌ی واقعی هه‌بوه‌ بۆ واقعی سیاسی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ بۆیه‌ توانی ڕابه‌رایه‌تی میلله‌ته‌كه‌ی بكات و وه‌ڵامی پرسیاره‌كانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ بداته‌وه‌ چون بارزانی ئه‌و خه‌سڵه‌ته‌ی تێدا بوو كه‌  پێی ده‌وترێـت هه‌یبه‌تی شه‌خسی ئه‌مه‌ش له‌زاری بیانیه‌كانه‌وه‌ ده‌رده‌كه‌وێت جارێك جه‌وده‌ت ئه‌میری په‌یامنێری ڕۆژنامه‌ی (لۆمۆند)ی فه‌ره‌نسی چاو پێكه‌وتنێك له‌گه‌ڵ بارزانی ده‌كات و ده‌ڵێت ئێوه‌ ئامانجتان چیه ؟ بارزانی له‌وه‌ڵامدا ده‌ڵێت ئه‌وه‌ی كه‌ ئێمه‌ بۆی تێده‌كۆشین یه‌كخستنی گه‌له‌كه‌مان و وه‌رگرتنی مافه‌كانیه‌تی له‌ هه‌مانكاتدا ده‌یزانی به‌رژه‌وه‌ندیه‌ ئابوریه‌كان نه‌خشه‌ی جه‌نگه‌كان دیاری ده‌كه‌ن بۆیه‌  له‌ وه‌ڵامی پرسیارێكی دیكه‌دا بارزانی ده‌ڵێت ئه‌وه‌ جه‌نه‌ڕاڵی سه‌ربازی نیه‌ لێمان ده‌باته‌وه‌ به‌ڵكو ئه‌وه‌ جه‌نه‌ڕاڵی ئابوریه‌ واده‌كات جه‌نگه‌كان بدۆڕێنین لێره‌دا بارزانی ئه‌وه‌مان پێده‌ڵێت كه‌ به‌رژه‌وه‌ندیه‌ ئابوریه‌كانی هێزه‌ گه‌وره‌كانی جیهان له‌سه‌روی ئازادی گه‌لانه‌وه‌یه‌ ئه‌گه‌رنا گه‌لی ئێمه‌ چۆك له‌به‌رامبه‌ر هیچ دوژمنێكدا دانادات هه‌ر له‌م تێگه‌شتنه‌وه‌ بارزانی ١٩٦٥ په‌یامێك به‌شه‌مسه‌دین موفتیدا ده‌نێریت بۆ ئه‌مریكیه‌كان داوایان لێده‌كات كه‌هاوكاری گه‌لی كوردستان بكه‌ن كه‌ سه‌رچاوه‌یه‌كی ده‌وڵه‌مه‌نده‌ به‌نه‌وت ده‌كرێت له‌ڕێگای كۆمپانیاكانتانه‌وه‌ به‌ڕێكه‌وتنێكی ڕاسته‌وخۆ له‌گه‌ڵ كورده‌كانی عێراق به‌رهه‌مده‌هێنرێت بارزانی له‌م نامه‌یه‌دا ناڵێت له‌گه‌ڵ من یان له‌گه‌ڵ پارتی ده‌ڵێت له‌گه‌ڵ كورده‌كانی عێراقدا ئه‌مه‌ش مانایه‌كی تایبه‌تی خۆی هه‌یه‌، ئه‌مه‌ تێگه‌شتنی ئه‌وكاته‌ی بارزانی بووه‌ له‌سه‌ر په‌یوه‌ندیه‌كانی كورد و ئه‌مریكا له‌بواری وزه‌دا، به‌ڵام ئه‌مریكیه‌كان ساڵی ٢٠١٢ ئه‌م قه‌ناعه‌ته‌یان لێ دەبێت به‌واقع ئه‌مه‌ ئه‌وه‌مان پێده‌ڵێت بارزانی توانیویه‌تی له‌كۆكردنه‌وه‌ی فیكرو كرداری سه‌ركردایه‌تیكردندا سه‌ركه‌وتوبێت بۆ هه‌میشه‌ ئامانجی دروستكردنی مێژوو بووه‌ به‌دور  بووه‌ له‌ له‌زه‌تی ژیان و سه‌روه‌ت و سامان بۆ سه‌لماندنی ئه‌م ڕاستیه‌ش دوژمنیش دانی پێداناوه‌ جارێك مخابه‌راتی عێراق داوا له‌سه‌رچاوه‌كانی ده‌كات كه‌وا سه‌روه‌ت و سامانی بارزانی (گوازراوه‌و نه‌گوازره‌وه‌) مان بۆ بنێرن سه‌رچاوه‌كان له‌وه‌ڵامدا ده‌ڵێت بارزانی هیچی نیه‌ ئه‌مه‌ ئه‌وه‌مان پێده‌ڵێت كه‌ بارزانی مرۆڤی باڵاو دادپه‌روه‌ر بووه‌ هه‌م زاهید بووه‌ و هه‌م كاریزما بووه‌(زوهد ) بریتیه‌ له‌ده‌ست به‌ردان له‌ ماڵی دونیا و به‌تاڵ كردنی دڵ له‌ سه‌رقاڵی ئه‌و له‌هه‌مانكاتدا چه‌ندان نووسه‌ر و ڕۆژنامه‌نوس و سه‌ركرده‌ ئاماژه‌یان به‌كاریزمایی بارزانی داوه‌.
هه‌ڵه‌ی ئێمه‌ش وه‌ك پارتی و پارتیه‌كان ئه‌وه‌بو وێنه‌ی بارزانیمان له‌نێو ماڵی خه‌ڵك هێنایه‌ ناو ماڵی پارتی 

 

وه‌لی ئام سافایه‌ر ڕاوێژكاری ڕۆژنامه‌نووسی كیسینجه‌ر كتێبێكی به‌ناوی ئه‌یوب نووسیوه‌ واتا ئه‌یوب پێغه‌مبه‌ر له‌و كتیبه‌دا باسی سه‌برو ئارامی چه‌ند سه‌ركرده‌یه‌ك له‌ژیان و خه‌باتی سیاسیدا ده‌كات كه‌چه‌ند سه‌بری ئه‌یوبیان هه‌بووه‌ له‌وانه‌ گاندی و ماندێلا و بارزانی ئه‌مانه‌و له‌سه‌ردانێكی سه‌رۆك مه‌سعود بارزانیدا بۆ ڕوسیا كه‌ له‌فڕۆكه‌كه‌ دابه‌زی وتی من به‌ ٣ كاتژمێر گه‌شتمه‌ ئێره‌ به‌ڵام بارزانی به‌پێ و  به‌ ٥٣ ڕۆژ گه‌شته‌ ئیره‌ ئه‌م  ڕسته‌یه‌ پێویستی بە تێڕامان هه‌یه‌ به‌تایبه‌تی لای گه‌نجان و لاوانی سه‌رده‌می دیجیتاڵ دواجار لێره‌وه‌ تێده‌گه‌ین كه‌ بارزانی كاریزمای كورده‌ بۆیه‌ بارزانی ده‌بێت له‌ پانتایی ماڵی نه‌ته‌وه‌دا بێت نه‌ك حزب و خێزان و هه‌رشتێكی تر هه‌رچه‌نده‌ ململانێی نادروستی حزبی وای كرد بارزانی بكرێته‌ مۆركی لایه‌نێك به‌تایبه‌تی باشور هه‌ڵه‌ی ئێمه‌ش وه‌ك پارتی و پارتیه‌كان ئه‌وه‌بوو وێنه‌ی بارزانیمان له‌نێو ماڵی خه‌ڵك هێنایه‌ ناو ماڵی پارتی بۆیه‌ پێویسته‌ ئه‌م هه‌ڵه‌یه‌ ڕاستبكه‌ینه‌وه هه‌مه‌ش ئه‌ركی سه‌رشانی ڕۆشنبیرانه‌ له‌ فه‌زایه‌كی ئازاددا قسه‌ له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌بكه‌ن هه‌روه‌ها گه‌ر بیشمانه‌وێت ئه‌م ڕێبازه‌ب ه‌رده‌وام بێت تا كۆتایی هێنانه‌دی خه‌ونه‌كانی بارزانی ده‌بێت بگه‌ڕێینه‌وه‌ سه‌ر فه‌راهه‌مكردنی دادپه‌روه‌ری به‌هه‌موو ماناكانی.

سه‌رچاوه‌كان

1- په‌یوه‌ندیه‌كانی كورد و ئه‌مریكا - وریا ڕه‌حمانی

2- ئاڵه‌كۆك - غه‌نی بلوریان

3- ئه‌یوب - (نوسینی ولئام سافایه‌ر)

4- داستانه‌كانی ئه‌لیاده‌و وه‌دیسه‌ی هۆمیرۆس

5- وانه‌كانی فه‌لسه‌فه‌ی مێژوو- نووسینی هیگڵ

6- كاریزما وه‌ك بزوێنه‌ری مێژوو - جه‌عفه‌ر علی 


ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP