بەهەشتە کوردیەکە دێت؟

سلێمان عەبدوڵا یونس - 31-01-2017 - 18564 جار خوێندراوەتەوە

سلێمان عەبدوڵا یونس

هەندێک وا نیشان دەدەن هەرکاتێک باڵەکانی یەکێتی یەکتریان گرتەوە، ئەوا کێشەکانی یەکێتی بەکۆتایی دێن. کەچی لەڕاستیدا، یەکێتی لەوەختێکدا گورزی کەمەرشکێنی خوارد، هەردوو باڵەکە توند دەستیان گرتبوو بەیەکێتی و ڕێبەرایەتی مام جەلال و لەوسەردەمانەدا گۆڕان پەیدابوو.

 لەو کاتەشەوە گۆڕان هاتە کایەوە، هەموو خولیاکان لەسەر ڕوبەڕوبونەوە یان یەکگرتنەوە لەگەڵ ئەودا چڕ بوونەوە. چونکە باوەڕی کاریگەر ئەوە بوو، بەوەها کارێک، یەکێتی دەچێتەوە مایەی خۆی. کەچی لەڕاستیدا، پێش ئەوەی گۆڕانیش دەربکەوێت، دۆخەکە لەئێستا باشتر نەبوو، چونکە یەکێتی بەوجودی باڵی ڕیفۆرمیشەوە، گەیشتبووە دۆخێکی نەخوازراو و مایەکەی کەمی کردبوو.

هێشتاش هەن وا مەزندە دەکەن، بەهەشتە کوردیەکە کاتێک دەگەڕێتەوە، کەپارتی و یەکێتی ڕێکەوتنی ستراتیجیان بوژاندەوە، لەکاتێکدا کۆی کێشەکانی ئەم وڵاتە، زادەی ئەو ڕێکەوتنە و لێکەوتەو دەرکەوتەکانی بوون. چونکە ئەگەر لەشوێنێکدا ئەو ڕێکەوتنە دەوا بووبیت ئەوا لەدە شوێندا بوو بەدەرد.

 لەم ڕوانگەیەوە بۆ هەموان چارەسەر ئاوڕدانەوەی سۆزدارانە نیە بۆ ڕابردوو بەڵکو ڕوانینی عەقڵانیە بۆ ئێستا و بۆ داهاتوو. خۆئەوەش مانای ئەوە نیە باڵەکان مافی یەکگرتنەوە و حزبەکان مافی بەیەکەوە ڕێکەوتنیان نیە، بەئەندازەی ئەوەی جەختکردنەوەیە لەوەی، بەپارچە قوماشی کۆن، کراسی نوێ دروست نابێت.

(ئه‌م وتاره‌ گوزارشت له‌ بیروڕای‌ نوسه‌ره‌كه‌ی‌ ده‌كات و خه‌ندان لێی‌ به‌رپرس نییه‌)


 


ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP