مەسرور بارزانی لەبەردەم چاڵێکی بە پوش سەرداپۆشراودا

سلێمان عەبدوڵا یونس - 9-03-2019 - 40441 جار خوێندراوەتەوە

بەپێچەوانەی لێدوان و لێکدانەوەی بەرپرسە باڵاکانی ھەرێم و پەرلەمانتارانی عێراق، سەرچاوەیەکی باڵای ئەنجومەنی وەزیران لە بەغداد، بەتایبەت بۆ ئەو ستونەی خەندان، پێی ڕاگەیاندم کە:"پابەندێتی بەغدا بەناردنی پشکە بودجە و پارەی تەواو بۆ ھەرێم، پەیوەستە بە پابەندێتی ھەرێم، بە ڕادەستکردنی 250 دوسەد و پەنجا ھەزار بەرمیل نەوتەکەوە". لەوەش زیاتر، ئەو سەرچاوە باڵایە، جەختی کردوە کە "لەحاڵەتی کەمڕادەستکردنی یەک تاکە بەرمیل، بەغدا پارەی ئەو تاکە بەرمیلە، لە بودجەی ھەرێم دەبڕێت".
 
لەچوارچێوەی ئەم زانیاریە پشڕاسکراوەی سەرەوە، بڕیارەکەی سەرۆکایەتی کابینەی ھەشتەم، چەندە مایەی دڵخۆشی و سەرکەوتنە، ئەوەندەش مایەی دڵەڕاوکێ و ترسە بۆ فەرمانبەران و سەرۆکایەتی کابینەی نۆیەم، چونکە ئەگەر کابینەی نوێ، یەک گرفتی بچوکی ھەبێت لە ناردنی نەوت و داھاتە گومرگیەکان بۆ حکومەتی فیدڕاڵی، ئەوا بەغدا، بێ دودڵی، شایی ھەواڵە خۆشەکەی کابینەی ھەشتەم، لەخەڵک و کابینەی نۆیەم، دەکاتەوە بەشین. 

شکست پێچەوانەی سەرکەوتن بێخاوەنە، بۆیە کەتنی پاشەکەوتی موچە کۆتایی ھات، کەچی کردگارانی ئەو کەتنە، ھەروەک "بکەری نادیار" مانەوە. ئاخر ھەتا لابردنی چارشێوی خەتاکەش، کەس عەبای ئەو عەیبەی بەشانی خۆیدا  نەدا، کەچی پاڵەوانەكانی لابردنی چارشێوی ئەو زوڵم و عەبای عەیبەیە، ھێندە زۆرن، چاو فریای ژماردنیان ناکەوێت. دوعای من ئەوەیە: خودایە خەڵک بپارێزە و ئەگەر مەسرور بارزانی خواستی خزمەتی خەڵکی ھەیە، سەریبخە، چونکە من دەبینم ئەو بەخەڵک و کابینەکەیەوە، لەبەردەم چاڵێکی گەورەی سەربەپوش داپۆشراودایە.

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP