حوكمڕانى كورد له‌ كوێى پێشكه‌وتنه‌كانى جیهاندایه‌؟

عومه‌ر عه‌لی محه‌مه‌د - 9-03-2019 - 1756 جار خوێندراوەتەوە

ئه‌مرۆ كه‌ جیهان له‌ده‌یه‌ى دوه‌می سه‌ده‌ى بیست‌ویه‌ك نزیك بوه‌ته‌وه‌ ،ووڵاتانى پێشكه‌وتوو نه‌ته‌وه‌ هۆشیارو گه‌شه‌ كردووه‌كان بۆ هه‌موو بواره‌كانى ژیانى سیاسى‌و ئابورى‌و كۆمه‌ڵایه‌تى ستراتیجیه‌ت‌و پرۆژه‌ى تایبه‌تى خۆى هه‌یه‌. له‌م رێگه‌یه‌شه‌وه‌ ده‌یانه‌وێت ڕه‌فاهیه‌تى زیاتر بۆ تاكه‌كانى كۆمه‌ڵگا فه‌راهه‌م بهێنن، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش رۆژ به‌رۆژ خه‌باتى خۆیان له‌بوارى شۆڕشى زانیاریدا په‌ره‌ پێده‌ده‌ن‌و هه‌ولأ ده‌ده‌ن كه‌ زانست‌و ته‌كنه‌لۆژیا‌و پێشكه‌وتنه‌ جیهانیه‌كانى بوارى په‌یوه‌ندیه‌كان، ببێته‌ به‌شێك له‌ پرۆژه‌ى په‌ره‌پێدانى مرۆیى‌و له‌م رێگه‌یه‌شه‌وه‌ ده‌یانه‌وێت ولاته‌كانیان له‌كێبركێى مه‌عریفه‌‌و زانستدا دوا نه‌كه‌وێت، لێره‌وه‌ مێژوویه‌كى تر ده‌ست پێده‌كات‌و سه‌روه‌ریه‌كانى مرۆڤ به‌ جۆرێكى تر وێنا ده‌كرێت.

واته‌ مرۆڤى ئه‌م سه‌رده‌مه‌ به‌ جۆرێكى تر مێژوو بنیات ده‌نێت كه‌ جیاوازه‌ له‌وه‌ى كه‌ له‌سه‌رده‌مه‌ كۆنه‌كاندا هه‌بووه‌، چونكه‌ ئێستا به‌ جیهانى بوون سنوره‌ جوگرافیه‌كانى تێپه‌ڕاندووه‌و له‌وێشه‌وه‌ عه‌قڵى مرۆڤى به‌جۆرێك فراوان كردوه‌ كه‌ كاریگه‌رى له‌سه‌ر گۆڕینى زۆر له‌زانسته‌ جۆربه‌جۆره‌كان دروست كردووه‌.

لێره‌وه‌ ده‌بێت ده‌سه‌ڵاتدارانى كوردیش هۆشیار بن‌و بزانن له‌چ زه‌مه‌نێكدا ده‌ژین ؟ له‌گه‌لأ چ ده‌وڵه‌ت‌و دام‌و ده‌زگایه‌كى نوێدا مامه‌ڵه‌ ده‌كه‌ن؟، كه‌ ئه‌مه‌ش پێویستى به‌خوێندنه‌وه‌ى نوێ هه‌یه‌ بۆ سیاسه‌ت‌و ئابورى‌و رۆشنبیرى‌و ئاین‌و هه‌موو شته‌كانى تر. واته‌ له‌گه‌لأ گۆڕانى زه‌مه‌ندا ده‌بێت كه‌ره‌سته‌كانى ژیانیش بگۆرێن.

زۆر ڕووداو هه‌ن كه‌ پێویسته‌ مرۆڤ له‌ئاستیاندا هه‌ڵوه‌سته‌ بكات‌و خوێندنه‌وه‌ى بۆ بكات‌و هه‌نگاوى نوێ هه‌ڵبگرێت، هه‌تا دوور بێت له‌دۆگما بوون‌و دواكه‌وتن‌و په‌راوێز بوون. ئێستا زه‌مه‌ن به‌رده‌وام له‌گۆڕان‌و به‌ره‌و پێش چوون دایه‌ ئه‌گه‌ر به‌ به‌رده‌وامى به‌دوادا چوونى بۆ نه‌كرێت‌و هۆشیارانه‌ له‌گه‌ڵیدا چاكسازى به‌رده‌وام نه‌كه‌یت، ئه‌وا ده‌بیته‌ كائینێكى نامۆ له‌زه‌مه‌نى ئێستادا، ئه‌مه‌ش كاتێك هه‌ستى پێده‌كه‌یت كه‌ ئه‌و دوو ئه‌زمونه‌ به‌یه‌ك ده‌گه‌ن‌و خوێندنه‌وه‌ بۆ یه‌كتر ده‌كه‌ن. ڕووخانى یه‌كیه‌تى سۆڤیه‌ت، زۆر هاوكێشه‌ى سیاسى هه‌ڵوه‌شانده‌وه‌و گۆڕانى به‌سه‌ردا هات. ئابوریش چووه‌ دۆخێكى ترو كه‌لتوریش له‌بوارى به‌جیهانى بووندا وێنه‌یه‌كى ترى وه‌رگرت، جیهانێكى تازه‌ دروست بوو كه‌ له‌م دنیا نوێیه‌دا مه‌عریفه‌و عه‌قلأ‌و زانست ته‌نانه‌ت چوونه‌ پێش ئابورى‌و سیاسه‌ته‌وه‌،بۆیه‌ ئه‌م سه‌ده‌یه‌ به‌ سه‌ده‌ى پلانى ستراتیجی ناو زه‌د ده‌كرێت و له‌ئه‌م ڕێگه‌یه‌وه‌ ته‌حه‌كومى ئه‌و دووانه‌ش كرا.

لێره‌وه‌ ده‌كرێت بپرسین، ئایا پاش تێپه‌ڕبوونى نزیكى (27) سالأ به‌سه‌ر ئه‌زمونى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستاندا، ئایا ده‌سه‌ڵاتى كوردى له‌كوێى گۆڕانه‌كانى ئێستاى جیهاندایه‌؟ ئه‌گه‌ر سه‌رنجێكى زانستى بده‌ین، ئایا به‌رنامه‌و پرۆژه‌كانى حكومه‌ت‌و حزبى كوردى چی بووه‌؟ ئایا بۆ بوارى سیاسى‌و ئابورى‌و كۆمه‌ڵایه‌تى‌و په‌روه‌رده‌و رۆشنبیرى....؟ توانیویه‌تى چى پێشكه‌ش به‌ گه‌لى كوردوستان بكات؟ ئایا په‌روه‌رده‌ له‌چ ئاستێكدایه‌و تا چه‌ند له‌ئاست پێشكه‌وتنه‌ زانستیه‌كاندایه‌و تا چه‌ند چه‌مكى په‌روه‌رده‌ى مه‌ده‌نى ڕه‌نگى داوه‌ته‌وه‌ له‌ناوه‌نده‌كانى خوێندندا؟.

له‌ده‌سه‌ڵاتى كوردیدا شتێك نیه‌ پێى بوترێـت ستراتیجیه‌ت‌و پلانى ساڵانه‌و مانگانه‌، شتێك نیه‌ پێى بوترێـت چاودێرى‌و سزادان‌و لێپچینه‌وه‌، شتێك نیه‌ بریتى بێت له‌مافه‌كانى هاوڵاتى‌و چه‌سپاندنى، ئه‌وه‌ش په‌یوه‌ندى ڕاسته‌وخۆى هه‌یه‌ به‌ تێڕوانینى ئه‌و حزبانه‌ى كه‌ له‌ده‌سه‌ڵاتدان. كه‌ ئایا چۆن بۆ دیموكراسى‌و ئازادى‌و گه‌شه‌ پێدان ده‌ڕوانن؟ ئه‌م عه‌قڵه‌ كه‌ تواناى گۆڕان‌و نوێبوونه‌وه‌ى نیه‌، له‌هه‌مان كاتدا هه‌ژموونى خۆى به‌سه‌ر هه‌موو ناوه‌نده‌كانى ژیانى كۆمه‌ڵگه‌ى كوردیدا سه‌پاندووه‌و ئاماده‌ى به‌جێ هێشتنى نیه‌؟ئێمه‌ ده‌بینین پاش 27 ساڵ حوكمڕانى كورد خراپترین جۆرى حكومه‌تى هه‌یه‌ و ئاستى گه‌نده‌لیش له‌ به‌رزترین ئاستدایه‌.

به‌ڵام ئه‌وه‌ى جێى سه‌رسورمانه‌ له‌ دوایین هه‌ڵبژاردندا پارتى سه‌رۆك وه‌زیران زۆر ترین ده‌نگ ده‌هێنێت؟ ئه‌م عه‌قڵه‌ درێژكراوه‌ى ئه‌زموون‌و خه‌باتێكى ده‌یان ساڵه‌یه‌، ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ سه‌ره‌تاى سه‌ر هه‌ڵدانى چه‌پ له‌م ناوچه‌یه‌داو پێگه‌یشتنى ڕه‌وته‌ له‌سه‌ر عه‌قڵیه‌تى تاكڕه‌وى‌و شۆڕشى پرۆِلیتارى‌و بڕوا هێنا به‌ حه‌تمیه‌تى دژایه‌تى چینه‌كان‌و كه‌وتنه‌ ژێر كاریگه‌رى رۆشنبیران‌و نوسه‌ران‌و فه‌یله‌سوفه‌كانى چه‌پ، كه‌ به‌درێژایى سه‌ده‌یه‌ك ڕه‌مزى‌و توندو تیژى‌و خوێن ڕشتن‌و كوده‌تا‌و شه‌ڕى ناوخۆ بوون له‌زۆر شوێنى جیاواز له‌دنیادا، هه‌رله‌ ئه‌مریكاى لاتینه‌وه‌ بیگره‌ هه‌تا ئه‌فریقیاو ئاسیاش، ئه‌م ته‌رزه‌ بیكردنه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌سه‌ر ئاستى جیهان شكستى خوارد، به‌ڵام له‌لاى ئێمه‌ هه‌تا ئێسته‌ سه‌ركرده‌كان زۆربه‌یان به‌و باكگراوه‌نده‌ فیكریه‌وه‌ مامه‌ڵه‌ ده‌كه‌ن‌و ئاماده‌ى گۆڕان‌و نوێ بوونه‌وه‌ نین‌و هه‌ریه‌كه‌ به‌جۆرێك له‌هه‌وڵى قایمكردنى پێگه‌كانى ده‌سه‌ڵاتى خۆیدایه‌و ئاماده‌یه‌ بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ ئه‌و په‌ڕى توندوتیژیش به‌كار بهێنێت،به‌ڵام له‌ ئێستادا ته‌نها مانه‌وه‌ له‌ ده‌سه‌ڵات مه‌به‌سته‌و له‌ دواى ئه‌وه‌وه‌ هه‌ست به‌ هیچ حوێندنه‌وه‌یه‌كى نوێ ناكه‌ین ، له‌به‌ر ئه‌وه‌ هه‌تا ئه‌م سه‌ركرده‌ ته‌قلیدیانه‌ ده‌سه‌ڵاتى كوردیان له‌ده‌ستدا بێت، نه‌ هیچ گۆڕانێك له‌ژیانى كۆمه‌ڵگاى كوردیدا ڕوو ده‌دات‌و نه‌ هیچ چاكسازییه‌ك ئه‌نجام ده‌رێت. چونكه‌ ئه‌وان له‌رێگه‌ى ئه‌و ده‌زگایانه‌ى كه‌ هه‌یانه‌ ناتوانن هۆشیارى‌و مه‌ده‌نیه‌ت‌و زانست به‌رهه‌م بهێنن، ناتوانن فه‌زایه‌كى ئازاد بۆ ژیان‌و بیركردنه‌وه‌و سیاسه‌ت كردن ئاماده‌ بكه‌ن، به‌ڵكو به‌رده‌وام تۆڕه‌كانى ترس فراوان ده‌كه‌ن‌و له‌م ڕێگه‌یشه‌وه‌ میدیاى ئازاد‌و دیموكراسى‌و مه‌ده‌نیه‌ت تووشى ئیفلیج بوون هاتووه‌.

كورد به‌هۆى ئه‌م باردۆخه‌ى كه‌ تێیكه‌وتووه‌، چۆته‌ بازنه‌یه‌كى داخراوو ناتوانێـت بچێته‌ بازنه‌ى ڕه‌ووته‌ جیهانیه‌ پێشكه‌وتووه‌كه‌وه‌، چونكه‌ ناتوانێ مه‌عریفه‌ به‌رهه‌م بهێنێت‌و عه‌قلأ په‌روه‌رده‌ بكات‌و دیموكراسى گه‌شه‌ پێبدات. له‌به‌ر ئه‌وه‌ كۆمه‌ڵگاى كوردى ئێستا له‌بازنه‌یه‌كى داخراودایه‌‌و ئه‌گه‌رى گه‌شه‌كردنى لاوازه‌و هه‌رێمه‌كه‌ش ناتوانێـت به‌رگه‌ى گۆڕانه‌ نوێیه‌كان بگرێت.

بۆ ده‌رچوون له‌ئه‌م بارودۆخه‌و دروستكردنى بوارێكى نوێ بۆ گه‌شه‌ پێدان پێویسته‌ حكومه‌تى داهاتوو  ئه‌م هه‌نگاوانه‌ بنێت:

1. گه‌شه‌دان به‌ دیموكراسى‌و دامه‌زراندنى دامه‌زراوه‌كانى له‌هه‌موو بواره‌كانى ڕاگه‌یاندن‌و ئابورى‌و سیاسى.
2. گرنگیدان به‌ بوارى په‌روه‌رده‌و ڕزگار كردنى په‌وروه‌رده‌ له‌هه‌ژمونى حیزبىو گۆڕانى بۆ دامه‌زراوه‌یه‌كى سه‌ربه‌خۆ.
3. سنوردانانێك بۆ بازارى ئازادو جڵه‌و كردنى بازرگانى پراگماتى‌و گێڕانه‌وه‌ى كه‌مێك له‌ده‌سه‌ڵاتى حكومه‌ت‌و به‌هێز كردنى ده‌زگاكانى چاودێرى.
4. گرنگى دان به‌ گفتوگۆى شارستانیه‌كان‌و جه‌خت كردنه‌وه‌ له‌سه‌ر شوناسى ئاینى و نیشتیمانى و نه‌ته‌وه‌یی گه‌لى كورد كه‌ سه‌رچاوه‌ى شارستانیه‌ت‌و كه‌ لتورى كوردیه‌.
5. به‌جێ هێشتنى پێگه‌كانى حیزب‌و ده‌سه‌ڵات بۆ نه‌وه‌ى نوێ، بۆ ئه‌وه‌ى به‌ عه‌قڵێكى نوێ وه‌ كارى حیزبى بكرێت‌و ده‌سه‌ڵاتیش ببێته‌ موڵكى هه‌موان..
6. بوونى پرۆژه‌و پلانى چه‌ند ساڵى بۆ پێش خستنى حكومه‌ت له‌هه‌موو بواره‌ جۆربه‌جۆره‌كاندا.
. به‌هێزكردنى ده‌زگاى دادوه‌رى‌و سه‌ربه‌خۆ بون‌و به‌ دادگایى گه‌یاندنى كه‌سانى گه‌نده‌ڵاو خراپه‌كار.       
    

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP