سەرکردایەتیکردن چۆن دەکرێت

سالار مه‌حمود - 30-01-2017 - 3012 جار خوێندراوەتەوە

سالار مەحمود

سەرکرداتیکردن هونەرو ئاکارە، هونەری ئیدارەدانی باش و بڕیاری دروست. ئاکارە بەمانای ئەمیین و چاکەو خەمی گشتی لە پێش خۆیەوە دابنێت. سیفەتەکانی کەسی سەرکردە جیاکارو تایبەتمەندێتی لە کەسی ئاسایی جیای دەکاتەوە. لەدنیادا نمونەی گەورە لە دەرس وەرگرتن لە چۆنێتی سەرکردایەتیکردن هەیە، بۆ هەموو قۆناغەکانی خەبات و سەرکردایەتیکردن. قوتابخانەی فیکری زۆر هەن بۆ تێگەیشتن و پەیڕەو کردن، لەوانەش گرنگتر هەڵسوکەوت و کرداری دوێنێ و ئەمڕۆ باشترین ئارگۆمێنتی دەرخەری پێدراوی دروست یان ناقابیلی هەر کەسێکن پێی بوترێت سەرکردە.

سەرکردە کەسێکە تواناو  لێهاتوویی خۆی بەکاردێنێت بۆ کاریگەری دروستکردن لەسەر ئەوانی تر لە پێناو کۆکردنەوەیان و ئاراستەکردنیان بەرەو ئامانجێکی دیاریکراو. (سەرکردە) وشەیەکی لێکدراوی کوردی پەتی و پڕ مانایە، سەرێکی کردەو خاوەن بڕیارو کار، ئەو سەرەی لە دۆخە سەختەکاندا رێگای دەرباز دەکاتەوە، رێوشوێنی گونجاو بۆ گەیشتن بە ئامانج دەدۆزێتەوە..

کوردستان بەهەڵکشان وداکشانەکانی مێژوویەوە نازناوی سەرکردەی دایە پاڵ هەندێک ناو بەڵام ئاکام حەتمیەتی رۆژگار دەریخست نەک شایستەیی ئەوەی نەبووە ئەو ناوو پێگەی پێبدرێ، بەڵکو نەیتوانیوە وەک کەسێکی ئاسایی بێ ئۆباڵ خۆی بپارێزێت لە لێخنی و کێماسیەکان. سیفەتەکانی کەسایەتی سەرکردە هەندێکیان بەفیترەت لە مرۆڤدا هەن، هەندێکیش رووداوو هەڵوێست بەرامبەر رووداوەکان سەرکردە دروست دەکەن. هەشە بارودۆخێکی تایبەت پێگەیەکی سەرکردایەتی دەبەخشێتە کەسانێک بەدەر لە پرەنسیپی بە سەرکردایەتی بوون. 

بارودۆخی حزبی کوردیی پڕە لە نمونەی بەناو سەرکردایەتی و داماڵراو لەبەهاو سیفەتەکانی سەکردایەتیکردن. لەبەر ئەوەشە لەهەموو قۆناغێکی رابردوو زیاتر ئەم ساتەوەختە پڕ قەیراناویترین ساتەوەختەکانی حزبایەتیکردنە لە کوردستاندا. بابەتی شەرعیەتیش یەکێکی ترە لەو پرسانەی لە پرۆسەی سەرکردایەتی لە حزبدا جێگای ئاوڕدانەوەیە لە باسێکی وادا، لەگەڵ میکانیزمەکانی زەمەن بۆ سەرکردە ( هەڵبژاردن و دانان) رەفتارو هەڵسوکەوتەکان لێکەوتەکانی هەر بڕیارێکی هەڵە کە دەدرێت هەموو ئەمانە گەر وەک پێوەرێکی ئۆرگانی بەهەند وەربگیرێت کە پێویستە وا بێت. ئەوا دەردەکەوێت بەشێک لە بێبەهابوونی ئەم مۆدێلە لە حزبایەتی و باربوونی حزبایەتی ئەمڕۆ بەسەر ژیانی کۆمەڵی کوردەواریەوە لە چییەوە سەرچاوە دەگرێت. 

لەیادی کاک ئارامی سەرکردەوە بۆ یادو یادەوەریی دەیان سەرکردەی شه هیدی یەکێتی کە ژمارەیان لە ژمارەی سەرکردە زیندوەکانی زۆرترن بەپێویستم زانی ئەم پرسە بهێنمە بەر باس. بەتایبەتیش کە لە ئێستادا پرسیار لەبەردەم شەرعیەتی سەرکردایەتی ئێستادا هەیەو، بەدەنگ و بڕیاری خۆشیان ماوە درێژ کردنەوەش رێ پێنەدراوە. 

ئەم حزبە لە خوێن هەڵژنراوەی کوردستان بەهۆی بێ مەرجەعیەتی بڕیارو گوتاری سەرکردایەتیەکەیەوە، وای کردوە بێ دیدگا لەمەیدانە پڕ قەیرانەکەی کوردستان و عیراقدا دەربکەوێت، ئەمەش بەر لەهەر لایەکی تر دڵسۆزو بنکە جەماوەریەکەی لێی نیگەران بن. کەواتە دەبێت بیری جدی لە چارەسەرێکی خێرا بۆ دەربازکردنی یەکێتی لەو دۆخە بکرێتەوە، چونکە بەم مۆدێلە لەکارکردن و سەرکردایەتیکردنەوە هەموو هەوڵ و ماندوبوونەکان  بێئاکام دەمێننەوە..پێویستە بەخێرایی یەکێتی  لەنێوان بەرژەوەندی گشتی و تایبەتدا دەبێ یەکەمیان، لەنێوان خەمی گشتی و خەمی گروپدا دەبێ یەکەمیان، لە نێوان سیاسەتی نیشتمانی و ناوچەییدا دەبێ یەکەمیان، لەنێوان گوتاری روون و گوتاری خۆڵەمێشیدا دەبێ یەکەمیان، لەنێوان بڕیار وەرگرتن و خۆ سڕکردندا دەبێ یەکەمیان هەڵبژێرێ حزبی شەهیدان..

(ئه‌م وتاره‌ گوزارشت له‌ بیروڕای‌ نوسه‌ره‌كه‌ی‌ ده‌كات و خه‌ندان لێی‌ به‌رپرس نییه‌)


 

 

 

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP