بەپەلە

جینۆسایدێكى خۆماڵى

عومەر عەلی محەمەد - 4-03-2019 - 1265 جار خوێندراوەتەوە

                                          
حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ئه‌وه‌ى كه‌ زۆر شانازى پێوه‌ ده‌كات بریتیه‌ له‌ پاراستنى هه‌رێمى كوردستان له‌ ئیرهاب و ته‌قینه‌وه‌ و توندوتیژیه‌كان و له‌ناوبردنى گروپه‌ توندڕه‌وه‌كان، به‌مه‌ش ته‌نها جه‌ختى كردۆته‌وه‌ له‌سه‌ر پاراستنى ئاسایشى سیاسى و ئه‌مه‌شى به‌ تاكه‌ ڕێگه‌ی زانیوه‌ بۆ پاراستنى گیانى هاوڵاتیانى هه‌رێمى كوردستان، ڕاسته‌ ئه‌مه‌ كارێكى ئیجابیه‌ و ده‌ستكه‌وتێكى باش بووه‌ بۆ هاوڵاتیان له‌ هه‌رێمى كوردستاندا، به‌ڵام له‌ لایه‌كى تریشه‌وه‌ چه‌ند لایه‌نێكى ترى ئاسایش هه‌یه‌ كه‌ تا ئێستا حكومه‌ت به‌ گرنگیه‌وه‌ سه‌یرى نه‌كردوه‌ و پلانى دانه‌ناوه‌ بۆ پاراستنى له‌ كاتێكدا كه‌ ئه‌و لایه‌نانه‌ش هیچى كه‌مترنیه‌ له‌ ئاسایشى سیاسى، له‌وانه‌ش ئاسایشى خۆراك و گه‌شت و گوزار و ته‌ندروستى. 

مردنى كاره‌ تیرۆریستیه‌كان و ته‌قینه‌وه‌كان یه‌كسه‌ر و خێران، به‌ڵام مردنى ئه‌وانى تر له‌ ڕێگه‌ى نه‌خۆشیه‌كانه‌وه‌ له‌سه‌رخۆ و درێژ خایه‌نه‌ و ئه‌م جۆره‌ مردنه‌یان به‌ ئازارتره‌

 

ئه‌مانه‌ هه‌مویان كۆمه‌ڵێك ئه‌ڵقه‌ى پێكه‌وه‌ به‌ستراون و لێكجیاناكرێنه‌وه‌، چونكه‌ له‌ كاتێكدا كه‌ حكومه‌ت به‌ته‌نگ پاراستنى گیانى هاوڵاتیانه‌وه‌یه‌ له‌ پاراستنیان له‌ ته‌قینه‌وه‌ و كاره‌ ئیرهابیه‌كان، ده‌بێت له‌ هه‌مان كاتدا به‌ته‌نگ ئه‌وه‌شه‌وه‌ بێت كه‌ گیانى هاوڵاتیان بپارێزێت له‌ نه‌خۆشیه‌ درم و ترسناكه‌كانى وه‌ك شێرپه‌نجه‌ و ئایدز و ...هتد، چونكه‌ له‌ هه‌موو بواره‌كاندا مرۆڤ ڕوبه‌ڕوى مردن ده‌بێته‌وه‌، مردنى كاره‌ تیرۆریستیه‌كان و ته‌قینه‌وه‌كان یه‌كسه‌ر و خێران به‌ڵام مردنى ئه‌وانى تر له‌ ڕێگه‌ى نه‌خۆشیه‌كانه‌وه‌ له‌سه‌رخۆ و درێژ خایه‌نه‌ و ئه‌م جۆره‌ مردنه‌یان به‌ ئازارتره‌، ئێمه‌ ڕۆژانه‌ له‌ هه‌رێمى كوردستاندا گوێبیستى ئه‌وه‌ ده‌بین كه‌ ژماره‌ى سه‌رمایه‌داره‌كان له‌ هه‌ڵكشاندایه‌ و له‌ ئێستاشدا 30 ملیاردێر و زیاتر له‌ 10هه‌زار ملیۆنێر هه‌یه‌، ئه‌مه‌ش له‌ كاتێكدایه‌ كه‌ له‌زۆربه‌ى ووڵاته‌ ده‌وڵه‌مه‌نده‌كانیشدا ئه‌م ڕێژه‌یه‌ له‌ سه‌رمایه‌دار بوونى نییه‌، لێره‌وه‌ پرسیارێك ڕوبه‌ڕوى حكومه‌ت ده‌بێته‌وه‌ كه‌ ئایا ئه‌م ده‌وڵه‌مه‌ندبوونه‌ خێرایه‌ له‌ چیه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ى گرتوه‌؟، ئایا حكومه‌ت به‌ئه‌ركى خۆى هه‌ستاوه‌ به‌ دیاریكردنى مه‌رجى تایبه‌ت بۆ بازرگانه‌كان له‌ كاره‌كانیاندا یان دانانى لیژنه‌ى پشكنینى كارا به‌ ته‌كنه‌لۆژیاى نوێ بۆ پشكنینى هه‌موو جۆره‌كانى شمه‌كه‌ بازرگانیه‌كان له‌ خاڵه‌كانى سه‌ر سنور به‌ تایبه‌تیش بۆ خۆراك و ده‌رمان، چونكه‌ له‌ به‌رامبه‌ر زیادبوونى سه‌رمایه‌ى سه‌رمایه‌داره‌كان ده‌بینین ژماره‌ى قوربانیان و نه‌خۆشیه‌ ترسناكه‌كان زۆر ده‌بن كه‌ دوایه‌مین ڕوداویش ئه‌و كوێربوونه‌ به‌ كۆمه‌ڵه‌بوو كه‌ 3 ساڵ له‌مه‌و به‌ر تیایدا 30 هاوڵاتى له‌ شارى هه‌ولێر به‌ هۆى لێدانى جۆره‌ ده‌رزیه‌كى ماوه‌ به‌سه‌رچوه‌وه‌ ڕویدا، ڕۆژانه‌ نه‌خۆشیه‌كانى شێرپه‌نجه‌ و كۆلیسترۆڵ و شه‌كره‌ و ئایدز و چه‌ندان نه‌خۆشى ترسناكى تر، له‌سه‌ر مناڵان و كۆرپه‌له‌كان له‌ زیادبووندان، به‌شێك له‌ بازرگانه‌كانى كوردستان ئێستا سه‌رقاڵى ئه‌م جۆره‌ بازرگانیانه‌ن كه‌ ئه‌وانیش ده‌ستیان تێكه‌ڵاو كردوه‌ له‌گه‌ڵ مافیاكانى جیهانى، چونكه‌ له‌ئه‌م ڕێگه‌یه‌وه‌ ده‌توانن له‌ ماوه‌یه‌كى كه‌مدا قازانجێكى زۆر بكه‌ن ، شایه‌نى باسه‌ ساڵى پار گه‌وره‌ترین مامه‌ڵه‌ى بازرگانى له‌سه‌ر ئاستى جیهانى بۆ ده‌رمانى ماوه‌ به‌سه‌رچو ئاشكرابوو كه‌ نرخه‌كه‌ى 450 ملیۆن دۆلاربوو كه‌ 80 جۆر ده‌رمانى له‌خۆگرتبوو ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدایه‌ كه‌ له‌ ووڵاتانى ڕۆژئاوادا توندترین چاودێرى و پشكنین هه‌یه‌ و سزاى توندیش دانراوه‌ بۆ ئه‌وانه‌ى ئه‌م كاره‌ بكه‌ن، به‌ڵام نابێت ئه‌وه‌ش له‌یاد بكه‌ین كه‌ ڕۆژئاوایه‌كانیش ته‌نها به‌ده‌نگ پاراستنى گیانى هاوڵاتیانى خۆیانه‌وه‌ن و ئه‌گه‌ر بزانن ئه‌و ده‌رمان و خۆراكانه‌ به‌ره‌و ووڵاتانى تر له‌ ئاسیا و ئه‌فریقا و ئه‌مریكاى لاتین و ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست ده‌چێت ئه‌و گرنگیه‌ى پێناده‌ن.

سه‌رژمێریه‌ جیهانیه‌كان باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ بازرگانى جیهانى له‌ بوارى ده‌رماندا ساڵانه‌ 275 ملیار دۆلاره‌ و له‌م ڕێژه‌یه‌ش 85 بۆ 92 ملیار دۆلارى له‌سه‌ر ده‌رمانى ماوه‌ به‌سه‌رچوه‌ بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش كۆمپانیاكان به‌ هاوكارى له‌گه‌ڵ بانده‌ مافیاكان هه‌ڵده‌ستن به‌ گۆڕینى به‌روارى به‌سه‌رچونى ئه‌م ده‌رمانانه‌و گرنگى ناده‌ن به‌ تێكچونى پێكهاته‌ى ده‌رمانه‌كان، ته‌نانه‌ت ئه‌م ده‌رمانانه‌ كوتانى مناڵانیش ده‌گرێته‌وه‌، به‌پێى سه‌رژمێریه‌ جیهانیه‌كان ساڵانه‌ 8 ملیۆم مناڵ و به‌ساڵاچو ده‌بنه‌ قوربانى ئه‌م جۆره‌ ده‌رمانانه‌.

ئه‌و جینۆسایده‌ى كه‌ ئێستا به‌ ڕێگاوه‌یه‌ هیچى كه‌مترنیه‌ له‌ كیماباران و ئه‌نفال، چونكه‌ ئه‌وه‌ى له‌ ئێستادا به‌ڕێوه‌ ده‌چێت به‌هه‌مان شێوه‌ ژه‌هراویكردنى مرۆڤى كورده‌ به‌ڵام ئه‌م جاره‌یان له‌ ڕێگه‌ى ده‌رمان و خۆراكى ماوه‌ به‌سه‌رچوو ژینگه‌یه‌كى پیس و به‌كارهێنانى كه‌لوپه‌لى ناته‌ندروست و نا زانستیه‌

 

ئه‌گه‌ر بێت و سه‌رژمێریه‌ك له‌ نه‌خۆشخانه‌كانى كوردستان وه‌ربگرین ئه‌م ڕاستیه‌مان بۆ ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ ئێستا هه‌رێمى كوردستان له‌به‌رده‌م مه‌ترسى جینۆسایدێكى نوێدایه‌، چونكه‌ ڕۆژانه‌ ڕێژه‌ى نه‌خۆشیه‌ ترسناكه‌كان له‌زیادبوندان و له‌مه‌ش به‌شێكى زۆر له‌ منداڵان ده‌گرێته‌وه‌ گه‌نجانیش به‌ ڕێژه‌یه‌كى زۆر ڕوو له‌ به‌كارهێنانى ماده‌ هۆشبه‌ره‌كان و خواردنه‌وه‌ ده‌كه‌ن، ئه‌و جینۆسایده‌ى كه‌ ئێستا به‌ ڕێگاوه‌یه‌ هیچى كه‌مترنیه‌ له‌ كیماباران و ئه‌نفال، چونكه‌ ئه‌وه‌ى له‌ ئێستادا به‌ڕێوه‌ ده‌چێت به‌هه‌مان شێوه‌ ژه‌هراوى كردنى مرۆڤى كورده‌ به‌ڵام ئه‌م جاره‌یان له‌ ڕێگه‌ى ده‌رمان و خۆراكى ماوه‌ به‌سه‌رچوو ژینگه‌یه‌كى پیس و به‌كارهێنانى كه‌لوپه‌لى ناته‌ندروست و نا زانستیه‌ له‌ ڕوى پێكهاتنیانه‌وه‌، به‌مه‌ش نه‌وه‌ى نوێ به‌ره‌و مه‌رگێكى له‌سه‌رخۆ ده‌چێت ، له‌م بواره‌دا هه‌ست ده‌كرێت تۆڕێكى مافیایى به‌هێز كۆنترۆڵى ئه‌م بواره‌ بازرگانیه‌ى كردوه‌ ، ته‌نانه‌ت حكومه‌تیش ناتوانێت ڕێگه‌یان پێبگرێت و بیانباته‌ به‌رده‌م دادگا، چونكه‌ ئه‌م تۆڕه‌ خاوه‌نى ده‌سه‌ڵات و سه‌رمایه‌یه‌كى گه‌وره‌ن و هیچ دادگا و ده‌زگایه‌كى ئه‌منیش ناتوانێت ده‌ستگیریان بكات یان لێپرسینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵدا بكات، له‌م ڕوه‌وه‌ ده‌توانین بڵێین ئه‌مانه‌ ئه‌رگه‌نه‌ كۆنى كوردستانن و ده‌ستبردن بۆیان زۆر مه‌ترسیداره‌ ،چونكه‌ خۆیان خاوه‌ن ده‌سه‌ڵاتێكى سێبه‌رن ئه‌م بانده‌ كه‌ له‌ لایه‌ك به‌رپرسیاریه‌تى سیاسیان هه‌یه‌، له‌هه‌مان كاتدا ده‌ستیان گرتوه‌ به‌سه‌ر بازرگانى هه‌رێمدا و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش په‌یوه‌ندیان هه‌یه‌ به‌ تۆڕێكى بازرگانى هه‌رێمایه‌تى له‌ ووڵاتانى دراوسێ و ته‌نانه‌ت له‌گه‌ڵ كۆمپانیا و بازرگانه‌كانى ڕوسیا و چین و ئه‌وروپا و ئه‌مریكاش، ئه‌مانه‌ ته‌نها بیر له‌ قازانج ئه‌كه‌نه‌وه‌ و ئه‌وه‌ى به‌لایانه‌وه‌ هیچ نه‌بێت هه‌ستكردنه‌ به‌ به‌رپرسیاریه‌تى به‌رامبه‌ر به‌ گوزه‌ران و ته‌ندروستى و ژیانى  هاوڵاتیان. لێره‌وه‌ ده‌توانین وه‌ڵامى ئه‌و پرسیاره‌مان ده‌ستبكه‌وێت كه‌ ئایا بۆچى له‌ ماوه‌یه‌كى كورتدا ئه‌و هه‌موو سه‌رمایه‌داره‌ گه‌وره‌ له‌ كوردستاندا ده‌ركه‌وتن به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌و سه‌رمایه‌ زۆره‌شیاندا ئاماده‌نین له‌ كوردستاندا وه‌به‌رهێنان ئه‌نجام بده‌ن ،به‌ڵكو له‌ ئه‌و جۆره‌ بازرگانیانه‌دا به‌كارى ده‌هێنن كه‌ ده‌توانن زۆرترین قازانج بكه‌ن له‌ كورتترین ماوه‌دا، ئه‌ویش له‌سه‌ر خوێن و ژیان و ته‌ندروستى هاوڵاتیان ،له‌به‌ر ئه‌وه‌ ئێمه‌ ده‌بێت ئه‌و ڕاستیه‌ بزانین كه‌ دوژمنه‌كانمان به‌ شێوه‌ ته‌قلیدیه‌كانى جاران هه‌وڵى جینۆسایدى نه‌ته‌وه‌ى كورد ناده‌ن، به‌ڵكو ئالیه‌تى ئه‌و جینۆسایده‌ له‌ ئێستادا گۆرٍِاوه‌و به‌ هاوكارى له‌گه‌ڵ تۆڕێكى مافیا له‌ سیاسى و بازرگان و به‌رپرسى ناوخۆ ئه‌نجام ده‌درێت و له‌چه‌ند ساڵًى ئاینده‌دا ده‌بینین كه‌ قوربانیانى ده‌ستى ئه‌مانه‌ ده‌یان هه‌زار كه‌س تێده‌په‌ڕێنێت ،چونكه‌ كاریگه‌رى مادده‌ كیمیاییه‌كان له‌ خواردن و ده‌رمانى ماوه‌ به‌سه‌رچوو كه‌لوپه‌لى ناته‌ندوست وكوالێتى نزم، به‌ شێوه‌یه‌كى سه‌ربه‌خۆیه‌ و كار له‌سه‌ر جیناتى كرۆمۆسۆمه‌كان ده‌كات و دواى چه‌ند ساڵێك له‌ كه‌ڵه‌كه‌بوون كار له‌ ته‌ندرستى ئه‌ندامه‌كان ده‌كات و له‌ شێوه‌ى نه‌خۆشى ترسناكدا ده‌رده‌كه‌ون و سه‌ره‌نجام توشبوه‌كه‌ ڕووبه‌ڕووى مه‌ترسى مه‌رگ ده‌كاته‌وه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ له‌م كاته‌دا به‌رپرسیاریه‌تێكى گه‌وره‌ روو ده‌كاته‌ حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستانی ئاینده‌ له‌ كابینه‌ى هه‌شت ، كه‌ به‌رنامه‌یه‌ك دابڕێژێت بۆ ڕوبه‌ڕوبونه‌وه‌ى ئه‌م باندانه‌ و به‌هه‌مان شێوه‌ى گروپه‌ تیرۆریستیه‌كان هه‌وڵى ریشه‌ كێشكردنیان بدات و بیاندات به‌ دادگا، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش پێویسته‌ ئه‌م هه‌نگاوانه‌ بگرێته‌ به‌ر: 

یه‌كه‌م: دۆزینه‌وه‌ى ئه‌و به‌رپرسه‌ گه‌ورانه‌ى كه‌ له‌پشتى ئه‌م جۆره‌ بازرگانیه‌وه‌ن و په‌لكێشى به‌رده‌م دادگایان بكات و كه‌س له‌ سه‌رو یاساوه‌ نه‌بێت.
دووه‌م: هه‌موو هۆكارێكى ته‌كنه‌لۆژى نوێ به‌كاربهێنێت و بیداته‌ ده‌ست لیژنه‌كانى پشكنین و چاودێرى له‌ ناوخۆى شاره‌كان و خاڵه‌ سنوریه‌كان.
سێهه‌م: له‌ ڕێگه‌ى ده‌زگاكانى ڕاگه‌یاندنه‌وه‌ هه‌ڵمه‌تێكى وشیار كردنه‌وه‌ى هاوڵاتیان ده‌ستپێبكرێت و چۆنیه‌تى مامه‌ڵه‌كردن و به‌كارهێنانى مادده‌ خۆراكى و ده‌رمانیه‌كان خۆیان ببن به‌ چاودێر به‌سه‌ر دوكان و بازاڕ و ده‌رمانخانه‌كان.
چواره‌م: وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى بكرێته‌ وه‌زاره‌تێكى خاوه‌ن توانا و سه‌ربه‌خۆ و دور له‌هه‌ر چاودێریه‌كى به‌رپرسه‌ حیزبیه‌كان و به‌ ئازادانه‌ بتوانێت له‌پێناو پاراستنى گیانى هاوڵاتیاندا كاربكات.


ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP