پارچەبونی لە رادەبەدەر و دابڕانی نێوان هێزەكان

کەمال محەمەد - 3-03-2019 - 2609 جار خوێندراوەتەوە

پەسەندكردنی ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی ٩/٣٠ ئەو گرژییەی لە رۆژی ئەمڕۆماندا دروستكردوە، بەتایبەت لەنێوان دو سیستەمی هێزدا كە لە پای هەژمونگەراییدان، دو هێز بەدرێژایی مێژوو لە دوای راپەرینەوە دەسەڵاتی هەژمونگەرایی و جوگرافی و سیاسی خۆیان بەسەر هەرێمەكەدا سەپاندوە، ئەم دو هێزە هەمیشە وایان ویستوە كە لە رێگەی دانوستانەوە بێت یان شەڕ پێویستە هەرێمەكە لە بەرژەوەندی دەسەڵاتی سیاسی و ئابورییان ئەنجامگیر بكرێت، هۆكاری گەڕانەوەی بەردەوام بۆ ئەم پرەنسیبە خاوەندارێتیكردنی ئەم هێزانەیە لەلایەن وڵاتانی دراوسێوە، بۆیە لە راستیدا ئەم هێزانە خۆیان لە زهنییەتی هێزێكی دۆگماتیكی پۆزەتیڤیستی جیا نەكردۆتەوە و هەر ئەمەشە كە رێگای ئەڵتەرناتیڤی بۆ هێزێكی دیكە نەهێشتوەتەوە.

یەكەمین مەترسی لێكترازان كاتێ دروست بوو پارتی بە یارییەكی سیاسیانە توانی رێكەوتن لەگەڵ گۆڕان بكات و یاسای سەرۆكایەتی و چەند یاسایەكی دیكەی پێ هەموار بكاتەوە

 

كێشەكانی ئەمڕۆی هەرێم بە ئەندازەی دۆخە بنیادییەكەی ریشەی مێژوویی خۆی هەیە و هەر سەرهەڵدانێكی ئیرادەی سیاسی كە بۆ پاراستنی هەرێمەكە و نەتەوەیی پێویست بو بێت بە شێوەیەكی بێ بەزەییانە سەركوتی بەرژەوەندییەكانیان كراوە، ئەو دۆخەش كە لە ئێستادا دەگوزەرێ واقیعێك پیشان ئەدات كە زۆر لەو دیوی كێشەیە، یەكێتی وەك هێزێكی فەرمانڕەوای ناوچەكە پێیوایە ئەوەی ئێستا پارتی ئەیكات جۆرێكە لە بەربەستكردنی ئیرادەی سیاسی و دەسەڵاتدارێتیان و ناچاركردنیانە بۆ ملكەچكردن بەرامبەر بەو ئایدۆلۆژییە سیاسی و دەسەڵاتدارێتییەی پارتی كە ئەیەوێت لە كوردستان مەیسەری بكات  و مۆركی خۆی بەسەر هەر سێ سەرۆكایەتییەكە داوە بۆ ئەوەی ئەو دەسەڵات و یاسایانەی دراوە بەو سەرۆكایەتیانە بە گوێرەی بەرژەوەندی خۆی راڤەی بكات و پەسەندی بكات، بەم جۆرەش درێژە بە باڵا دەستی ئایدۆلۆژی و بنەماڵەیی خۆی بدات، بێگومان ئەمەش كارێكی ئاسان نابێت بۆ سەركردە گەنجەكانی ئێستای یەكێتی و نایانەوێت دەسەڵاتی خۆیان و جوگرافیاكەیان كە لە مێژە بەدەستیانەوەیە بكرێت بە قوربانی هاوسەنگی و تەبایی هێز لەنێوان مام و برازاو كوڕدا.

یەكەمین مەترسی لێكترازان كاتێ دروست بوو پارتی بە یارییەكی سیاسیانە توانی رێكەوتن لەگەڵ گۆڕان بكات و یاسای سەرۆكایەتی و چەند یاسایەكی دیكەی پێ هەموار بكاتەوە، ئاشكرایە كە ئەوانەش هەنگاو گەلێكی تەكتیكی سیاسی سەركەوتوی پارتی بو بۆ ئەم خولەی پەرلەمان بەو هیوایەی كە ئەم خولە قۆناغێكی نوێ وهیوابەخش بێت بۆ دەسەڵاتەكەی و ژمارەی كورسیەكانی زیاتر بكات، ئەمەش رێك وادەرچو بەهەر هۆكارێك بێت! لێرەدا پارتی ئەركی سەرەكی جێبەجێكردنی تەواو و راستی یارییە سیاسیەكەی ئەنجامدا بە هەردو كۆبونەوەی پەرلەمان ١٨ و ٢٦ مانگ  و بە بێ فراكسیۆنی یەكێتی  و بە بێ پشت بەستن بە هیچ رێكەوتنێك لەگەڵ یەكێتیدا.
پارتی تەنها بۆ پێشخستنی رێكەوتن و دۆستایەتی مانادار لێكنزیكبونەوەی لەگەڵ گۆڕاندا نەكردوە، بەڵكو بۆ پێشخستنی وەها دۆخێكە بەرەو سیاسەتێكی دۆستایەتی لەگەڵ گۆڕان جەمسەری دژە رێكەوتنی گۆڕان و یەكێتی ئاڕاستە بكات

 

لەو بڕوایەدام پارتی تەنها بۆ پێشخستنی رێكەوتن و دۆستایەتی مانادار لێكنزیكبونەوەی لەگەڵ گۆڕاندا نەكردوە، بەڵكو بۆ پێشخستنی وەها دۆخێكە بەرەو سیاسەتێكی دۆستایەتی لەگەڵ گۆڕان جەمسەری دژە رێكەوتنی گۆڕان و یەكێتی ئاراستە بكات، لەو سۆنگەیەوە هەرچەندە بە ئاشكرا نەبێت ئەوا بە ناراستەوخۆ بەگوێی یەكێتی داوە كە سیستەمی سیاسی و باڵادەستی بەو ئاڕاستەیە ناڕوات كە یەكێتی ئەیەوێت بە بێ حسابكردن بە ژمارەی كورسییەكانی پەرلەمان، یاخود رادەستكردنی رێكخستن و دابەشكردن دیسان لەگەڵیدا بەرەو هەمان ئەنجام بڕوات كە یەكێتی خوازیارێتی.

ئەوەی لێرەدا مایەی هەڵوەستە لەسەر كردنە ئەوەیە ئاخۆ یەكێتی بەرامبەر پارتی و هەڵوێستەكانی ئەم دواییەی دەستبەرداری هەندێك لە داخوازی و مەرجەكانی ئەبێت و سازش و رێكەوتن لەگەڵ پارتیدا ئەنجامدەدات یان رێگای بەسەربەخۆكردنی هەر پارێزگایەك و تەنانەت دو ئیدارەیی ئەكاتەوە بە ڕوی پارتیدا، ئەم دۆخەش هەرچەند بخایەنێت یان ئەوەتا قۆناغێك دەستپێدەكات كەهەردولایان سەبارەت بە مەرجەكانیان رێكدەكەون یان سەرەتای دابڕانی ئەم دو هێزە پارچەبونی هەرێمەكەی لێدەكەوێتەوە، بۆیە سەردانی وەفدی باڵای یەكێتی دوابەدوای كۆبونەوە پەرلەمانییەكەی ٢٦ ئەم مانگە و بێ منەتی پارتی لە یەكێتی ئەگەر وەك هەڕەشەو فشار خستنە سەر پارتی نەبێت بۆ جێبەجێكردنی داواكانی یەكێتی لەهەرێم و كەركوك و بەغداد ئەوا ئێستا گومانەكان زیاتر ئەڕەوێنەوە وەك بڵێی هەرێمەكە كێشە گەلێكن بە شێوەیەكی نەخشە بۆ كێشراو داڕێژراون و لەو حاڵەتەشدا یەكپارچەیی هەرێمی كوردستان بە قۆناغێكی قورسدا گوزەر ئەكات.

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP