كه‌ركوك و مامه‌ڵه‌ی پارتی و یه‌كێتی

دانا مەنمی - 28-02-2019 - 3085 جار خوێندراوەتەوە

بارودۆخی كه‌ركوك بووته‌ كارتی فشار له‌ نێوان پارتی و یه‌كێتی دا ، هه‌رلایه‌ك له‌ گفتوگۆكانی نێوانیان له‌ ڕێگه‌ی كه‌ركوكه‌وه‌ فشار له‌سه‌ر یه‌كدی ده‌كه‌ن ، پارتی ئاسایكردنه‌وه‌ی دۆخی كه‌ركوك وه‌كو كارتیكی سیاسی دژ به‌ یه‌كێتی به‌كارده‌هێنێت، ڕوداوه‌كانی 16ـی ئۆكتۆبه‌ر لای پارتی خیانه‌ته‌و كەركوك بە "خیانەت"ی گروپێكی ناو یەكێتی له‌قه‌ڵه‌م ده‌دات ، لای پارتی هێشتا نه‌جمه‌دین كه‌ریم پارێزگای شه‌رعی كه‌ركوكه‌و شاره‌كه‌ له‌ژێر حوكمی میلیشیای چه‌كداریدایه‌ بۆ ئاسایكردنه‌وه‌ی شاری كه‌ركوك داوای گەڕانەوەی دۆخی شارەكە بۆ ساڵی 2014 ده‌كات ، هه‌رچی یه‌كێتی نیشتیمانیشه‌ پێیوایه‌ ڕوداوه‌كانی 16ـی ئۆكتۆبه‌ر ده‌رئه‌نجامی پرۆسه‌ی ئه‌نجامدانی ڕێفرامدۆم بوو له‌ 25ـی ئه‌یلولی 2017، یه‌كێتی پێیوایه‌ شكستی ریفراندۆم بارگرانیه‌كه‌ی كه‌وته‌ سه‌ر شاری كه‌ركوك .
كه‌ركوك بووه‌ته‌ قوربانی دروشمی بریقەداری حزبیی له‌ نێوان پارتی و یه‌كێتی

 

دواجار ڕیفراندۆم یه‌كه‌م نسكۆو شكست نییه‌ كه‌ له‌ میژوودا توشی كورد بوبێت ، ئه‌وه‌ی له‌ كه‌ركوك ڕویدا شه‌رم و شه‌رمه‌زاری بوو بۆ سه‌ركردایه‌تی كورد كه‌ هۆكاری شكسته‌كانیش به‌رله‌وه‌ی لوتبه‌رزی و غروری به‌غدا بیێت ، به‌رله‌وه‌ی پلانی ئه‌مریكا وئه‌وروپا بیت ،به‌رله‌وه‌ی فێڵی ئێران و توركیا بێت ، خودی خۆمانین ! شكست و نسكۆی 16ی ئۆكتۆبه‌ر كاره‌ساتێكی بە سوێ و برینێكی قوڵ و پڕ لە نەهامەتی و شوێنه‌واری خراپی له‌سه‌ر ده‌رونی تاكی كورد و نه‌وه‌ی نوێ به‌جێهێشت ، شكستی 16ـی ئۆكتۆبه‌ر پاش 27 ساڵ له‌ ته‌مه‌نی حوكمڕانی كوردی كه‌ خاوه‌نی سەرچاوەكانی هێز لە بواری ئابوری و سیاسی و مەعریفی و سەرچاوەكانی دارایی بەهێز وەك نەوت و گاز و گومرگ و داهاتە ناوخۆییەكان، خاوه‌نی پشتیوانی نێودەوڵەتی و هاوكاری بەردەوام له‌ ڕووی سه‌ربازی و سیاسییه‌وه‌ بووه‌ كه‌ ده‌یتوانی لە هەموو ئەو بوارانەدا ببێتە نموونەی بنیاتنانی حوكمڕانیەكی سەركەوتوو ، به‌ڵام نه‌بوو ، ئێستاش كه‌ركوك بووه‌ته‌ قوربانی دروشمی بریقەداری حزبیی له‌ نێوان پارتی و یه‌كێتی دا !

پارتی له‌ لایه‌ك داوای ئاساییكردنه‌وه‌ی دۆخی كه‌ركوك و لابردنی حوكمی سه‌ربازی ده‌كات ،له‌لایه‌كی تر به‌ لۆژیكی هێز مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ دۆخه‌كه‌دا ده‌كات

 

كه‌ركوك بۆ پارتی شارێكه‌ پڕله‌ شكست ونائومێدی ،پارتی له‌ لایه‌ك داوای ئاساییكردنه‌وه‌ی دۆخی كه‌ركوك و لابردنی حوكمی سه‌ربازی ده‌كات ،له‌لایه‌كی تر به‌ لۆژیكی هێز مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ دۆخه‌كه‌دا ده‌كات و هه‌موو كات هێزێكی مه‌شقپێكراوی پڕچه‌ك پێكده‌هێنێت و بۆ كاتی گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ كه‌ركوك ،ئه‌مه‌ش ئاماژه‌یه‌كه‌ بۆ خۆسه‌پاندن  وخواستی لۆژیكی هێز لای پارتی ڕه‌وایه‌ نه‌ك هێزی لۆژیك ، ئاسایكردنه‌وه‌ی ئه‌و بارودۆخه‌یش پێویستی به‌ هێزی لۆژیكه‌ نه‌ك لۆژیكی هێزو خۆسه‌پاندن ، یه‌كێتی و پارتی دوای ساڵێك له‌ شكستی 16ـی ئۆكتۆبه‌ر ، به “‌زمانێكی زبر و بازاڕی”، ده‌چنه‌ شه‌ڕێكی توندی میدیاییه‌وه‌و یه‌كتر به‌ “قومارچی، پیلانگێڕ، خیانه‌تكار و خه‌نجه‌رلێدان”، دژ به‌ گه‌لی كوردستان تۆمه‌تبارده‌كه‌ن ، هه‌ردوو حیزب بۆ دۆخی كه‌ركوك كار له‌سه‌ر فه‌لسه‌فه‌ی پۆزه‌تیڤ نرخاندنی توندوتیژی ده‌كه‌ن وه‌كو فۆڕمێكی ڕه‌مزی كه‌ هه‌م خۆیان و هه‌میش خاك و خه‌ڵكیان له‌و شاره‌دا بێ ئه‌رزشكردووه‌.

سێ ئەندامى یەکێتى لە ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک دەستیانلەکارکێشایەوە و سێ ئەندامى پارتى لە شوێنیان دانران

 

پارتی له‌ ئێستادا زۆرینه‌ی كورسییه‌كانی لیستی برایه‌تی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوكی به‌ ده‌سته‌وه‌یه‌ ،ئه‌م زۆرینه‌یه‌ی پارتی له‌ ناو لیستی برایه‌تیدا هۆكاری ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌و به‌جێهێشتنی به‌شێك له‌ ئه‌ندامانی یه‌كێتی له‌ لیستی برایه‌تی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك وایكردووه‌ كه‌ ئه‌ندامانی پارتی جێگایان بگرنه‌وه‌ له‌ ساڵانی ڕابردوودا و ببنه‌ زۆرینه‌ ،پارتی سودی له‌ پڕكردنه‌وه‌ی شوێنی حزبی شیوعی و یه‌كێتی بینیوه‌ و به‌ چۆڵ بوونى شوێنى هه‌ر ئه‌ندامێكى ئه‌نجوومه‌ن پاڵێوراوێكی پارتی جێگه‌ی گرتووه‌ته‌وه‌ ،له ‌دوای ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی عه‌بدولڕه‌حمان مسته‌فا و ڕزگار عه‌لی و له‌یلا حه‌سه‌ن كه‌ له ‌پشكی یه‌كێتیی بوون، سێ ناوی دیكه‌ی پارتی له‌ ڕیزبه‌ندی ناوه‌كاندا له ‌شوێنه‌كانیان دانران كه‌ سه‌رجه‌میان له‌ پشكی پارتی بوون.

بۆچونێكی نوێ له‌ ناو یه‌كێتی دروست بووه‌ كە دۆسیەی كەركوك وەكخۆی بهێڵدرێتەوە تا هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان

 

دوای ئه‌وه‌ی پارتی و یه‌كێتی نه‌گه‌یشتنه‌ رێكه‌وتن له‌سه‌ر پرسی كه‌ركوك و یه‌كێتی به‌شداری كۆبونه‌وه‌كانی 18ـی شوباتی په‌رله‌مانی كوردستان بۆ هه‌ڵبژاردنی ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانی نه‌كرد ،هاوكات به‌شداری كۆبونه‌وه‌ی رۆژی سێشه‌ممه‌ 26ـی شوباتیشی نه‌كرد كه‌ لیژنەی یاسایی هه‌ڵبژێردرا ، بۆچونێكی نوێ له‌ ناو یه‌كێتی دروست بووه‌ ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ كە دۆسیەی كەركوك وەكخۆی بهێڵدرێتەوە تا هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان كە كۆتایی ئەمساڵ دەكرێت.

 

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP