كۆنفرانسى دابڕان و ڕاستكردنه‌وه‌ى هه‌ڵه‌ فیكرییه‌كان

فارس نەوڕۆڵی - 24-02-2019 - 5016 جار خوێندراوەتەوە

یه‌كێك له‌ هۆكاره‌كانى بڕیارى دروست و ئه‌قلانى له‌ ڕێگاى سه‌نته‌ره‌كانى لێكۆڵینه‌وه‌ و ناوه‌نده‌ ڕوناكبیرییه‌كانن له‌م باره‌یه‌وه‌ ئه‌گه‌ر زیاده‌ڕۆیم نه‌كردبێت كورد هه‌ژارترین نه‌ته‌وه‌یه‌ به‌ڵام له‌ دواى ڕووخانى به‌عس له‌ كوردستان ژماره‌یه‌كى زۆر سه‌نته‌رى توێژینه‌وه‌ و ناوه‌ندى ڕۆشنبیرى كرانه‌وه‌ ئه‌گه‌ر چى زۆرێكیان كرچ و كاڵ بوون و هیچیان به‌رهه‌م نه‌هێنا بۆیه‌ هێندێكى خۆى نه‌گرتوو ژماره‌یه‌كى هه‌رمان و خۆیان ڕا گرت به‌ پێى توانا خۆیان له‌ بوارى خۆیان خزمه‌ت ده‌كه‌ن نمونه‌یه‌كى دیارى ئه‌و ناوه‌نده‌ (خانه‌ى حیكمه‌ت) كه‌ له‌ چالاكییه‌ ڕۆشنبیریه‌كانى گه‌شه‌ پێدانى فیكر و فه‌لسه‌فه‌ كارێكى (متواچعانه ى) جوان ده‌كات سه‌ره‌ڕاى نه‌بوونى پشتگیرى دارایی جگه‌ له‌وه‌ى لێره‌ و له‌وێ به‌ ناوى سه‌نته‌رى جیاوه‌ كۆنفرانسى جۆراو جۆر به‌ ڕێوه‌ ده‌چێت، ئه‌وه‌ى ژماره‌یه‌كى دیاره‌و به‌ به‌رده‌وامى ساڵانه‌ كۆنفرانسى تایبه‌تى بوارى فیكرى به‌ڕێوه‌ ده‌بات (پلاتفۆرمى دابڕانه‌) ئه‌مساڵ چواره‌مین كۆنفرانسی (ئاین بۆ تاك و دیموكراسى بۆ هه‌مووان) به‌ڕێوه‌ برد ، لێره‌دا قسه‌مان له‌سه‌ر ئاڕاسته‌ى سیاسى به‌ڕێوه‌ به‌رانى (پلاتفۆرمه‌كه‌) نیه‌ ئه‌وه‌نه‌ى قسه‌مان له‌سه‌ر لایه‌نه‌ ئه‌رێنى و نه‌رێنیه‌كانێتى .
بابه‌ته‌كانى له‌سه‌ر فیمینیزم لاواز بوون و هه‌ندێك زیاده‌ڕه‌ویشى تێدا بو

 

(پلاتفۆرمى دابڕان) له‌و كاته‌وه‌ى خۆى ڕاگه‌یاندوه‌ قسه‌ى جیاواز جیاوازى له‌سه‌ر كراوه‌ چ به‌ ئه‌رێنى چ به‌ نه‌رێنى، به‌ڵام ئه‌بێت ئه‌وه‌ بزانرێت هه‌موو كارێك یان دیارده‌یه‌ك دووانه‌یه‌ ده‌بێت هه‌ر واش وه‌رى بگرین، چۆن سارد و گه‌رم تاریك و ڕوون هه‌یه‌ بۆ هه‌موو بابه‌ته‌كانى دیكه‌ش ده‌بێت هه‌ر وا سه‌یرى بكه‌ین ئه‌گه‌ر چى به‌ لاى منه‌وه‌ ئه‌م جۆره‌ جوڵانه‌ بۆ ئه‌مڕۆى كوردستان زۆر پێویسته‌ بۆیه‌ ئه‌گه‌ر ڕه‌خنه‌ش هه‌بێت باشتر وایه‌ ڕه‌خنه‌ى بونیاتنه‌رانه‌ بێت ئیتر ئه‌و ڕه‌خنانه‌ له‌ لایه‌ن ڕۆشنبیرانه‌وه‌ بێت یان له‌ لایه‌ن هه‌ر ناوه‌ندێكى تره‌وه‌ بێت پێویسته‌ پره‌نسیبى لێك گه‌یشتن ڕه‌چاو بكرێت بۆ گفتوگۆیه‌كى لۆژیكى، ده‌مه‌وێت ئه‌وه‌ بڵێم ئه‌مساڵیش ئێمه‌ حزورمان هه‌بوو له‌ هه‌ردوو ڕۆژى كۆنفرانسه‌كه‌ له‌ هەمان كاتدا كارنامه‌ى (پلاتفۆرمه‌كه‌) و تایبه‌تمه‌ندیه‌كانى (پلاتفۆرمى دابڕان)م خوێنده‌وه‌ كه‌ به‌رنامه‌كانى له‌سه‌ر ئاستى تیۆرى جوان و گرنگن ئومێده‌وارم دواجار سه‌رى له‌ حزبه‌وه‌ ده‌ر نه‌چێت یان نه‌كرێته‌ ئاو بۆ ئاشى هیچ حزبێك جگه‌ له‌وه‌ى خزمه‌ت به‌ ئامانجه‌ ڕۆشنبیر و فكریه‌كانى كوردستان بكات.

 

من ده‌مه‌وێت بڵێم كۆنفرانسى دابڕان چى پێ وتین هه‌رچه‌نده‌ ژماره‌یه‌ك پانێڵى له‌ خۆ گرتبوو لێره‌دا ناكرێت قسه‌ له‌سه‌ر هه‌مووى بكه‌ین، به‌ڵام له‌ ڕاستیدا بابه‌ته‌كانى له‌سه‌ر فیمینیزم لاواز بوون و هه‌ندێك زیاده‌ ڕه‌ویشى تێدا بوو ئه‌وه‌ى گرنگ و پێویسته‌ هه‌ڵوێسته‌ى له‌سه‌ر بكه‌ین بابه‌ته‌كه‌ى  (د . كارزان) بوو به‌ ناوى (داروین و خودا) كه‌ ده‌كرێت لێره‌وه‌ زۆر هه‌ڵه‌ى دیكه‌ى مێژووى ڕاست بكه‌ینه‌وه‌ به‌ كورتى (د.كارزان) وتى بۆ ماوه‌ى شه‌ش ساڵ خوێندن له‌ (به‌ریتانیا) و گه‌ڕان به‌ دواى سه‌رچاوه‌كاندا و خوێندنه‌وه‌ى ڕه‌چه‌ڵه‌ك و جۆره‌كانى داروین هیچى ناڵێت مرۆڤ له‌ مه‌یمونه‌وه‌ گه‌شه‌ى كردبێت كه‌واته‌ هه‌موو ئه‌و كتێبانه‌ و هه‌موو ئه‌و وتارانه‌ى له‌ مزگه‌وته‌كان و له‌ كۆڕه‌ ڕۆشنبیریه‌كان و گفتوگۆى واعیزه‌كان و سه‌باره‌ت به‌ داروین هه‌مووى هه‌ڵه‌ بوو ده‌یان ساڵه‌ مێشكى خه‌ڵكى پێ ده‌شێوێنن كه‌ داروین وتوێتى مرۆڤ له‌ مه‌یمونه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرێت واته‌ پێشتر مرۆڤ مه‌یمون بووه‌ و له‌ ئه‌نجامى په‌ره‌سه‌ندنه‌وه‌ بووه‌ به‌ مرۆڤ.

له‌ هه‌موو كایه‌كاندا به‌ هه‌ڵه‌ گه‌یاندن هه‌یه‌ هه‌ر بۆیه‌ ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست ئارامى به‌ خۆیه‌وه‌ نابینێت 

 

لێره‌دا له‌ (پلاتفۆرمى دابڕان)  د . كارزان وتى (هه‌موو ئه‌و سه‌رچاوه‌ ئینگلیزیانه‌ به‌ كتێبه‌كه‌ى داروینیشه‌وه‌ ناڵێن مرۆڤ مه‌یمون بووه‌ به‌ڵكوو ده‌ڵێن چۆن دره‌خت ڕه‌گ و ڕیشه‌ى هه‌یه‌ په‌ل و پۆى هه‌یه‌ دروست كراوه‌كان واته‌ مه‌خلوقه‌كان هه‌مووى په‌ل و پۆ و گه‌ڵاى دره‌ختێكن یه‌ك ڕه‌گ و ڕیشه‌یان هه‌یه‌ ) دواتر (فوئاد مه‌جید میصرى) بۆ پشتگیرى ئه‌م بۆچوونه‌ ئاماژه‌ى به‌ یه‌كه‌م نوسین كرد له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌ كه‌ (جمال الدینى ئه‌فغانى) بووه‌ كه‌ به‌ بێ خوێندنه‌وه‌ى واقیع و قوڵ له‌سه‌ر بنه‌ماى بیستن یه‌كه‌م كتێبى له‌سه‌ر نوسیوه‌  كه‌واته‌ كۆى یان زۆربه‌ى ئه‌و بابه‌تانه‌ى كه‌ له‌ زمانه‌كانى ده‌وروبه‌ره‌وه‌ كراون به‌ كوردى یان وه‌رمانگرتوون ده‌بێت پێداچوونه‌وه‌یه‌كى جدى پێدا بكه‌ین ئه‌گه‌ر سه‌یرى زانستى پزیشكى بكه‌ین كاتێك نه‌خۆشێك ئه‌چێت بۆ ئه‌وروپا عه‌لاگه‌یه‌ك عیلاج لێره‌وه‌ له‌گه‌ڵ خۆى بردووه‌ دكتۆره‌كان پێى ده‌ڵێن ئه‌م عیلاجه‌ په‌یوه‌ندى به‌م نه‌خۆشیه‌ى تۆوه‌ نیه‌، ئه‌ى ئه‌گه‌ر بابه‌تێكى فیكرى یان زانستى له‌ لایه‌ن ڕۆشنبیران و واعیز و خه‌ڵكانى گه‌لانى ئه‌م ناوچه‌یه‌ قسه‌ى له‌سه‌ر كرابێت ده‌بێت به‌ هه‌مویدا بچینه‌وه‌، چونكه‌ ئه‌مانه‌ به‌ ویستى سیاسى ئاینى كۆمه‌ڵایه‌تى خۆیان بابه‌ته‌كانیان وه‌رگێڕاوه‌ته‌ سه‌ر زمانى خۆیان یان به‌ بێ ئه‌وه‌ى خوێندنه‌وه‌یه‌كى فه‌لسه‌فى بۆ بكه‌ن هاتوون كردویانه‌ به‌ كوفر بۆ ئه‌وه‌ى كه‌س به‌ لایدا نه‌چێت كه‌واته‌ كۆنفرانسى دابڕان  پێى وتین له‌ هه‌موو كایه‌كاندا به‌ هه‌ڵه‌ گه‌یاندن هه‌یه‌ هه‌ر  بۆیه‌ ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست ئارامى به‌ خۆیه‌وه‌ نابینێت، چونكه‌ له‌ ئه‌قڵه‌وه‌ ده‌ست بۆ كایه‌كان نابه‌ن و فه‌لسه‌فیانه‌ نایخوێننه‌وه‌ بۆیه‌ تا ئێستا له‌سه‌ر ناوى جیاواز و مه‌زهه‌ب و ڕایى جیاواز  قه‌تڵ و عام ده‌كرێن و تیرۆر ده‌كرێن كه‌واته‌ ئێمه‌ وه‌ك كورد چى بكه‌ین ؟

پێویسته‌ لایه‌نى په‌یوه‌ندیدار له‌ حكومه‌ت گفتوگۆیه‌ك له‌گه‌ڵ ئه‌و سه‌نته‌ر و ناوه‌ند و ماڵ و خانە و ئه‌وانه‌ى سه‌روكاریان له‌گه‌ڵ كایه‌ فیكرییه‌كاندا هه‌یه‌ بخاته‌ سه‌ر ڕێ

 

له‌ ئه‌نجامى تێگه‌یشتن له‌ پانێڵه‌كانى (پلاتفۆرڕمه‌كه‌) به‌ تایبه‌تى پانێڵه‌كانى ڕۆژى دووه‌م ده‌بێت ڕوناكبیرانى كورد له‌ ده‌ره‌وه‌ى جیهانبینى عه‌ره‌ب و فارس و تورك خوێندنه‌وه‌یه‌كى نوێ و ئه‌قڵانى بۆ هه‌موو كایه‌كانى زانست و فه‌لسه‌فه‌ و ئاین و په‌روه‌رده‌ بكه‌ینه‌وه‌ وه‌ك خۆى كایه‌كان له‌ ڕێگه‌ى كتێبه‌كان و كۆنفرانسه‌كان بگه‌یه‌نینه‌ كۆمه‌ڵگاى كوردستان و له‌ ده‌ستى یه‌كه‌مه‌ و كتێبه‌كان بكه‌ینه‌ كوردى و فه‌یله‌سوفه‌كانى جیهان و ناوه‌نده‌ ڕۆشنبیریه‌كانى جیهان كه‌ له‌ ئاستى باڵادان به‌ كوردیان بناسێنین و كوردیش به‌وان بناسێنین ئه‌مه‌ش ئه‌ركى (پلاتفۆرمى دابڕان) و ناوه‌نده‌كانى دیكه‌ى ڕۆشنبیرییه‌ له‌گه‌ڵ هاوكارى دارایی حكومه‌ت و سه‌رمایه‌داره‌كان بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ پێویسته‌ لایه‌نى په‌یوه‌ندیدار له‌ حكومه‌ت گفتوگۆیه‌ك له‌گه‌ڵ ئه‌و سه‌نته‌ر و ناوه‌ند و ماڵ و خانه‌ و ئه‌وانه‌ى سه‌روكاریان له‌گه‌ڵ كایه‌ فیكرییه‌كاندا هه‌یه‌ بخاته‌ سه‌ر ڕێ.


ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP