پارتى بۆ له‌ ڕێكه‌وتنه‌ سیاسیه‌كه‌ى له‌گه‌ڵ یه‌كێتی په‌شیمانبوەوه‌؟

نەوزادی موهەندیس - 23-02-2019 - 34253 جار خوێندراوەتەوە

• ئاشكرایه‌ یه‌كێتى و پارتى دوو حیزبى سیاسى گه‌وره‌ و كاریگه‌رن له‌سه‌ر گۆڕه‌پانى سیاسى و ئابورى و ئه‌منى و كۆمه‌ڵایه‌تى كوردستان و عێراق وناوچه‌كه‌ و له‌لایه‌ن گه‌لێك له‌ وڵاتانى زلهێزیشه‌وه‌ پشتیوانى و دۆستایه‌تیان هه‌یه‌ و ناسراون و مامه‌ڵه‌ى ئه‌مرى واقعیان له‌گه‌ڵ ده‌كرێت. ئه‌م دوو حیزبه‌ خاوه‌نى ڕچه‌ و ڕێباز و ئایدیاى سیاسى خۆیانن و هیچ كامیان ئه‌ویتریان ته‌واو ناكات، به‌ڵكو هه‌میشه‌ و له‌ ساڵانى ناوه‌ڕاستى شه‌سته‌كانى سه‌ده‌ى ڕابوردوه‌وه‌ له‌ململانێیه‌كى توندى سه‌ربازى و چه‌كدارى و دواتریش سیاسیدان و گه‌لێك لاپه‌ڕه‌ى ڕه‌ش و سوور و خوێناویان له‌نێواندایه‌، له‌به‌رامبه‌ریشدا گه‌ر بۆ تاكتیكیش بوبێت ئاشتبونه‌ته‌وه‌ و پڕۆسه‌ى ئاشته‌واییان له‌نێوانیاندا چێكردوه‌ خۆبه‌خۆ یان به‌ فشارى ده‌ره‌كى بوبێت، هه‌ربۆیه‌ مێژوویه‌كى دوورودرێژی دژایه‌تى و پێكه‌وه‌ییان هه‌یه‌ و وه‌ك ده‌ڵێن ((پێكه‌وه‌ هه‌ڵناكه‌ن و بێ یه‌كتریش پێیان ناكرێت)).
یه‌كێتى و پارتى له‌ ناوه‌ڕاستى شه‌سته‌كانى سه‌ده‌ى ڕابرودوه‌وه‌ له‌ململانێیه‌كى توندى سه‌ربازى و چه‌كدارى و دواتریش سیاسیدان

• له‌دواى ڕاپه‌ڕینى به‌هارى ساڵى 1991یشه‌وه‌ ئه‌م دوو حیزبه‌ و له‌دواى قۆناغى شاخ، به‌هه‌مانشێوه‌ى ڕابووردوو لاپه‌ڕه‌ ڕه‌ش و تاریكى براكوژیه‌كان و دواتریش ئاشتبونه‌وه‌یان تاقیكرده‌وه‌، به‌ڵام ئه‌مجاره‌یان به‌تامى شار و جه‌ماوه‌ر و ده‌سه‌ڵات و هه‌بوونى هێزى سه‌ربازى و ئابورى و سه‌روه‌ت و سامانى كه‌ڵه‌كه‌بوو و زۆر و زه‌وه‌ندى ئه‌م میله‌ته‌. ئه‌زموونى 27 ساڵى ڕابووردووى ده‌سه‌ڵات له‌م هه‌رێمه‌دا و له‌نێوان ئه‌م دوو حیزبه‌دا ده‌یان هه‌ڵبه‌ز و دابه‌زى به‌خۆوه‌ بینیوه‌ و هه‌ریه‌كه‌یان له‌هه‌لێك ده‌گه‌ڕێن بۆ بچوك كردنه‌وه‌ و له‌ناوبردن و كه‌نارخستنى ئه‌وى تریان له‌ده‌سه‌ڵات و خۆشى و ئیمتیازاته‌كانى ئه‌م حوكمڕانیه‌ و هه‌ربۆیه‌ به‌هۆى نه‌مانى نیه‌تێكى ڕاستگۆ و ڕاسته‌قینه‌وه‌ و نه‌مانى متمانه‌ به‌یه‌كترى،هه‌میشه‌ ئاڵۆزى و ململانێكان له‌كورتترین كات و به‌توندترین شێواز خۆیان دووباره‌ده‌كه‌نه‌وه‌و ئاماده‌گیان هه‌یه‌.
ئه‌زموونى 27 ساڵى ڕابردوى ده‌سه‌ڵات له‌م هه‌رێمه‌دا و له‌ نێوان ئه‌م دوو حیزبه‌دا ده‌یان هه‌ڵبه‌ز و دابه‌زى به‌خۆوه‌ بینیوه‌ 

• ئه‌وه‌تا له‌سه‌روبه‌ندى گفتوگۆكانى پێكهێنانى كابینه‌ى نوێى حكومه‌تى هه‌رێمدا و له‌دواى هه‌ڵبژاردنى 30/9ى په‌رله‌مانى كوردستانه‌وه‌، ئه‌م دوو هێزه‌ له‌گه‌مه‌یه‌كى ڕاكێشانى حه‌بلدان هه‌ریه‌كه‌ به‌لاى خۆیدا و بۆ كۆكردنه‌وه‌ى زۆرترین ده‌سكه‌وت و پله‌و پۆست و به‌هێزكردنى پێگه‌ى خۆى له‌ هه‌رێم و به‌غدادیشدا، بۆیه‌ تائێستا و له‌ماوه‌ى 145 ڕۆژى ڕابووردوودا نه‌یانتوانیوه‌ بگه‌نه‌ ڕێكه‌وتنێكى كۆنكرێتى لانى كه‌م بۆماوه‌ى 4 ساڵى ئاینده‌، هه‌مووشى ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌و پاشخانه‌ تاریكه‌ى كه‌ له‌نێوانیاندایه‌. به‌ڵام به‌هه‌ق ئه‌مجاره‌یان ڕه‌نگه‌ جارانى تریش هه‌ر پارتى هۆكارى دواكه‌وتن و نه‌هاتنه‌ پێش و واژۆنه‌كردنى ڕێكه‌وتنێكى سیاسى گشتگیر بوبێت كه‌ له‌لایه‌ن یه‌كێتیه‌وه‌ نوسراوه‌ته‌وه‌ و پێشكه‌شكراو و ئاماده‌كراوه‌ بۆ سه‌رجه‌م سێكته‌ر و بواره‌كانى ژیانى كۆمه‌ڵگاى كورده‌وارى بۆ 4 ساڵى ئاینده‌ له‌پێناو پاراستنى ئه‌منیه‌ت و ئاسایش و به‌رده‌وامبوونى خۆشگوزه‌رانى و ئاوه‌دانى كوردستان و بۆ ئه‌وه‌ى حكومه‌ت و حوكمڕانیه‌كى ڕه‌شید و ساغڵه‌م و به‌هێزمان هه‌بێت له‌كوردستاندا و هه‌ر به‌و به‌هێزیه‌شه‌وه‌ ڕووبه‌ڕووى به‌غداد ببینه‌وه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنى داواكارى و مافه‌ ڕه‌واكانى كورد له‌ كه‌ركوك و خانه‌قین و وتووزخورماتوو و شه‌نگال و خازه‌ر و مه‌خمور و ...هتد. و دواتریش به‌و به‌هێزیه‌وه‌ بچینه‌ به‌غداد و سه‌رجه‌م كێشه‌ كه‌ڵه‌كه‌بوه‌كانى له‌گه‌ڵدا چاره‌سه‌ر بكه‌ین و مافه‌ڕه‌واكانى كوردیان لێبسێنین.
رێکنەکەوتنی پارتی و یەکێتی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌و پاشخانه‌ تاریكه‌ى كه‌ له‌نێوانیاندایه‌

•گه‌لۆ ئایا ده‌زانن له‌و ڕێكه‌وتنه‌ سیاسیه‌ پێشنیازكراوه‌دا یه‌كێتى داواى چى كردوه‌؟

یه‌كێتى به‌گیانێكى په‌رۆش و خه‌مخۆرانه‌ى كوردایه‌تیه‌وه‌ كه‌ ڕچه‌ و ڕێبازى مامى كۆچكردوو بوه‌، داواكارى و پێشنیازى ئه‌م خاڵانه‌ى لاى خواره‌وه‌ كردوه‌ كه‌هه‌موانیان ده‌چنه‌ چوارچێوه‌ى به‌رژه‌وه‌ندى نه‌ته‌وه‌ و نیشتیمان و گه‌له‌كه‌مانه‌وه‌  و تاك به‌تاكى هاوڵاتیان و خێزانه‌كان له‌ هه‌رێم و كه‌ركوك و به‌غدادیش و هیچكامیان بۆ به‌رژه‌وه‌نى ته‌سكى حیزبایه‌تى و یه‌كێتى نه‌بوه‌ ،كه‌ بریتین له‌:

1.ده‌سپێكردنى پڕۆسه‌یه‌كى چاكسازى له‌سه‌رجه‌م ئۆرگانه‌كانى حوكمڕانى هه‌رێمى كوردستاندا.

2. بۆ ئه‌وه‌ى هاوڵاتیان و ناوچه‌كان ئینتیماى نه‌ته‌وایه‌تى و نیشتیمانیان لا تۆخببێته‌وه‌،ده‌بێت ده‌سته‌به‌رى عه‌داله‌تى كۆمه‌ڵایه‌تى بكرێت و به‌بێ جیاوازى له‌نێوان ناوچه‌ و پارێزگا و هاوڵاتیاندا خزمه‌تگوزاریه‌كان پێشكه‌ش بكرێن.

3. دابه‌شكردنى عادیلانه‌ى سه‌روه‌ت و سامانى هه‌رێم، به‌وه‌ى كه‌ هه‌رچى داهاته‌كان هه‌یه‌ به‌نه‌وت و غازى سروشتى و ئه‌وانى تریشه‌وه‌ هه‌موانیان به‌پێى یاسا كۆبكرێنه‌وه‌ و بخرێنه‌ صندوقى داهاته‌ نه‌وتیه‌كان و و به‌ئاشكرا و شه‌فافانه‌ مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا بكرێت دواتریش به‌یه‌كسانى دابه‌شبكرێنه‌وه‌ به‌سه‌ر هاوڵاتیاندا له‌ڕێگه‌ى دابینكردنى مووچه‌ى مانگانه‌ و خزمه‌تگوزاریه‌كان و بوژاندنه‌وه‌ى بازاڕ و ئابورى و ئاوه‌دانى وڵات و خۆشگوزه‌رانكردنى ژیان و گوزه‌رانیانه‌وه‌.

4.داهاتووى ئه‌م حوكمڕانیه‌ حوكمڕانیه‌كى ڕه‌شید بێت، به‌وه‌ى دژى گه‌نده‌ڵى و خاوه‌ن بڕیارى ڕاست و دروست و نماینده‌ى ڕاسته‌قینه‌ى هاوڵاتیان بێت و هێنده‌ى پلانى بۆ ئاینده‌ و تۆكمه‌كردنى ده‌سه‌ڵات و ئۆرگانه‌كانى حكومه‌ت بێت نیوهێنده‌ پلانى بۆ به‌هه‌ده‌ردان و پاوانخوازى و خۆسه‌پێنى و قۆرخكارى له‌ ده‌سه‌ڵات نه‌بێت و داهاته‌كانیش به‌شاراوه‌یه‌ نه‌هێڵێته‌وه‌.

5.هه‌موو هێزه‌ چه‌كداره‌كانى پێشمه‌رگه‌ و ئاسایش و پۆلیسى ناوخۆ و ئه‌وانیتریش ،بكرێنه‌ هێزى دامه‌زراوه‌یى و نیشتیمانى.

6.په‌یوه‌ندیه‌ دیپلۆماسیه‌كانى حكومه‌ت بكرێنه‌ په‌یوه‌ندى كوردستانى نه‌ك حیزبى بۆئه‌وه‌ى هێز و سه‌نگینى ئه‌م حوكمڕانیه‌ بپارێزین و هه‌نگاوى گه‌وره‌تر بنێین بۆ دووركه‌وتنه‌وه‌ له‌ گیانى ته‌سكى حیزبایه‌تى.

7.جۆرى حوكمڕانیه‌كه‌ بگۆڕدرێت بۆ حوكمڕانیه‌كى هاوڵاتى و دووربكه‌وێته‌وه‌ له‌و ڕه‌نگ و بۆیه‌ى كه‌ 27 ساڵه‌ ده‌قى پێوه‌گیراوه‌ و شكستیشى هێناوه‌ و مۆدێلى به‌سه‌رچوه‌.

8.هه‌وڵبدرێت ده‌ستورێكى نیشتیمانى  هاوچه‌رخ بنوسرێته‌وه‌ به‌ سازان و پێكه‌وه‌بوونى هه‌موان نه‌ك به‌مه‌رامى سیاسى و حیزبى ئه‌ملایه‌ن یان ئه‌ولایه‌ن،چونكه‌ ده‌ستور په‌یوه‌ندى هه‌یه‌ به‌ ئاینده‌ى تاك به‌تاك و جۆرى حوكمڕانى و ده‌رودراسێكان و ئێستاو ئاینده‌مان دیاریده‌كات.

9.ڕێز له‌بنه‌ماكانى دیموكراسى و ئاڵوگۆڕى ئاشتیانه‌ى ده‌سه‌ڵات و ئازادیه‌كان بگیرێت،كه‌ یه‌كێتى له‌ماوه‌ى خه‌باتى 42 ساڵه‌ى خۆیدا زۆر گرنگى پێداون و له‌و پێناوه‌شدا گه‌لێك زیانى پێگه‌یشتوه‌،به‌ڵام ده‌ستگرتن به‌م بنه‌مایانه‌وه‌ ئاینده‌مان مسۆگه‌رتر ده‌كات.

10.ده‌ركردنى یاسا نیشتیمانى و نه‌ته‌وایه‌تیه‌كان به‌سازان و لێكتێگه‌یشتنى هه‌موان بێت نه‌ك به‌ سه‌پاندن و قۆرخكارى.

11. له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ى كه‌ركوك و هه‌موو جێگه‌ جێ ناكۆكه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى هه‌رێمى كوردستانیش، یه‌كێتى پێى وایه‌ كه‌ مه‌سه‌له‌ى گرنگ و میحوه‌رى كوردایه‌تین و ده‌بێت هه‌موان و پێكه‌وه‌ هه‌وڵى چاره‌سه‌ركردنیان بدرێت و به‌ تایبه‌تیش بۆ كه‌ركوك ده‌بێت به‌زووترین كات پارێزگارێكى كوردى یه‌كێتى هه‌ڵببژێرێت له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى كه‌ركوكه‌وه‌.

12. له‌به‌غداد و بۆ پۆست و كێشه‌ كه‌ڵه‌كه‌بوه‌كانیش پێویسته‌ به‌حكومه‌ت و ده‌سه‌ڵاتێكى به‌هێزى هه‌رێمه‌وه‌ ڕووبه‌ڕووى به‌غداد ببینه‌وه‌ و ماف و ئیستیحقاقى كورد و كوردستان  وه‌ربگرینه‌وه‌ و ململانێى ته‌سكى حیزبایه‌تى دووباره‌ نه‌كه‌ینه‌وه‌ و هه‌وڵبدرێت به‌ لێكتێگه‌یشتن و نه‌رمونیانى له‌گه‌ڵ به‌غدادا پێكبێینه‌وه‌ له‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندى هاوڵاتیانى كوردستاندا.
پێویسته‌ به‌ حكومه‌ت و ده‌سه‌ڵاتێكى به‌هێزى هه‌رێمه‌وه‌ ڕوبه‌ڕوى به‌غداد ببینه‌وه‌

13. دوا خاڵ كه‌ به‌لاى یه‌كێتیه‌وه‌ گرنگى هه‌بێت بریتیه‌ له‌ دیاریكردن و دابه‌شكردنى پۆست و پله‌ و ئیمتیازاته‌كان كه‌ به‌ ئیستیحقاقى هه‌ڵبژاردن و به‌شێوه‌یه‌كى وه‌كیه‌كى و ڕێزگرتن له‌ ڕابووردوو و سه‌نگ و قورسایى و خوێندنه‌وه‌ى مه‌ترسى و ئاڵنگاریه‌كانى ده‌وروبه‌ر و دونیاش،هه‌ریه‌كه‌ له‌ پارتى و یه‌كێتى پشكى خۆیان وه‌ربگرن.كه‌ ئه‌م خاڵه‌ له‌دواى كۆكبوون و ڕێكه‌وتن له‌سه‌ر ته‌واوى بڕگه‌ و بابه‌ته‌كانى پێشووتر ئه‌وكات باسبكرێت و نه‌كرێته‌ مه‌رجى پێشوه‌خته‌.
دوا خاڵ كه‌ به‌لاى یه‌كێتیه‌وه‌ گرنگى هه‌بێت بریتیه‌ له‌ دیاریكردن و دابه‌شكردنى پۆست

• به‌م شێوه‌یه‌، یه‌كێتى داواكارى و پێشنیاز و نه‌خشه‌ ڕێگایه‌كى گشتگیرو له‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندى باڵاى هاوڵاتیاندا پێشكه‌شكردوه‌ به‌ پارتى، به‌ڵام پارتى ئه‌م یه‌ك پاكێجیه‌ى ((هه‌ولێر و كه‌ركوك و به‌غداد)) و نه‌خشه‌ ڕێگاى بۆ 4 ساڵى ئاینده‌ له‌ یه‌كێتى قبوڵ نه‌كردوه‌ و ویستویه‌تى به‌ مه‌رامى حیزبى خۆى مه‌رجه‌كانى له‌سه‌ر پۆست و كاندید و كادره‌كانى یه‌كێتى بسه‌پێنێت و هه‌موان بكه‌ونه‌ ژێر هه‌ژموونى پارتیه‌وه‌،هه‌ربۆیه‌ كه‌ زانى له‌گه‌ڵ یه‌كێتى و سووربوون و ڕاستگۆیى یه‌كێتیدا هیچى پێناكرێت،به‌ نهێنى و شاره‌وایى و به‌په‌له‌ پڕوزكێ وه‌ك تاكتیك و كارتێكى فشار به‌رامبه‌ر یه‌كێتى و هه‌وڵدان به‌ عه‌قڵى خۆى بۆ دۆزینه‌وه‌ى به‌دیلى یه‌كێتى ،په‌ناى بۆ بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان بردوو و له‌ماوه‌ى كه‌متر له‌ 72 كاتژمێردا له‌سه‌ر ئه‌و خاڵ و به‌رنامه‌ كرچوكاڵه‌ ڕێكه‌وتن كه‌ تائێستاش بڵاونه‌كراوه‌ته‌وه‌ و كه‌م كه‌س هه‌یه‌ بزانێت ناوه‌ڕۆكه‌ ڕاسته‌قینه‌كه‌ى چیه‌.واى ده‌زانى یه‌كێتیش وه‌كو هێز و سه‌ركرده‌كانى تر له‌سه‌ر چۆك  و به‌ناچارى به‌ره‌و سه‌رى ڕه‌ش هه‌ڵده‌زنێت بۆ پۆست و پله‌.
یه‌كێتى نه‌خشه‌ ڕێگایه‌كى گشتگیری له‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندى باڵاى هاوڵاتیاندا پێشكه‌ش به‌ پارتى كردوه‌ 

• گه‌لۆ ئێستا ده‌ركه‌وت كه‌ بۆچى پارتى كشایه‌وه‌ له‌ڕێكه‌وتنى سیاسى له‌گه‌ڵ یه‌كێتیدا؟

چونكه‌ باش ده‌زانێت ناتوانێت له‌گه‌ڵ یه‌كێتیدا تاسه‌ر ڕه‌ق و بیكێڵێت و مه‌رجه‌كانى خۆى وه‌كو پێشتر بسه‌پێنێت، باش ده‌زانێت له‌گه‌ڵ ناوه‌ندى بڕیارى به‌هێز و یه‌كگرتوویى ئێستا و عه‌قڵ و كارامه‌یى گه‌نجه‌كانى یه‌كێتیدا بۆى ناكرێت و پێى ناكرێت چونكه‌ پارتى بۆخۆى حیزبێكى كۆنه‌پارێز و كلاسیكى و خاوه‌نى ڕچه‌ى پیرۆزكردنى سه‌ركرده‌ و بنه‌ماڵه‌یه‌ و له‌گه‌ڵ گۆڕانكارى و نوێگه‌راییدا كه‌مترین په‌یوه‌ندى هه‌یه‌.
ده‌زانێت، ناتوانێت له‌گه‌ڵ یه‌كێتیدا تاسه‌ر مه‌رجه‌كانى خۆى وه‌كو پێشتر بسه‌پێنێت

هه‌ربۆیه‌ پارتى به‌ عه‌قڵیه‌تى خۆى به‌دیلى یه‌كێتیه‌كى به‌هێزى له‌گۆڕانێكى بێهێزدا بینیه‌وه‌ كه‌ ته‌نها هه‌ڵپه‌ى كۆكردنه‌وه‌ى ده‌ستخستنى پله‌و پۆست و ئیمتیازاته‌.به‌هه‌مانشێوه‌ ده‌شزانێت ئه‌م ڕێكه‌وتنه‌یان تاسه‌ر نابێت و به‌بێ یه‌كێتى كه‌ كۆڵه‌كه‌ و پایه‌یه‌كى به‌هێزى حكومه‌ت و حوكمكڕانى بوه‌ له‌م هه‌رێمه‌دا به‌رده‌وامى نابێت و پێویسته‌ به‌هه‌ر شێوه‌یه‌ك بێت یه‌كێتى به‌شدارى ئه‌م حكومه‌ته‌ ببێت به‌ به‌هێزى و به‌م گه‌مه‌ و هه‌نگاوه‌یان له‌لایه‌ك ملانێكان و داواكاریه‌كانى نێوان پارتى و یه‌كێتى ئاڵۆزتر بوون و له‌لایه‌كى تریشه‌وه‌ گۆڕانیش بچوكتر و بێزراوتر بوو له‌لایه‌ن ئه‌ندامان و لایه‌نگرانى خۆیه‌وه‌ پێش كه‌سانى تر.
هه‌ربۆیه‌ پارتى به‌ به‌دیلى یه‌كێتیه‌كى به‌هێزى له‌ گۆڕانێكى بێهێزدا بینیه‌وه‌ 

جا ئه‌مه‌ ڕاستى ئه‌و هۆكارانه‌یه‌ كه‌پارتى بۆچى له‌ ساته‌وه‌ختى كۆتایدا كشایه‌وه‌ له‌ ڕێكه‌وتنه‌ سیاسیه‌كه‌ى له‌گه‌ڵ یه‌كێتى نیشتیمانى كوردستاندا.كه‌ ته‌نها خێر و به‌رژه‌وه‌ندى هاوڵاتیان و هه‌رێمه‌كه‌مانى تیادا بوو نه‌ك به‌ته‌نها یه‌كێتى و حیزبایه‌تى ته‌سك.


ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP