مەترسیە گەورەکە

ئیسماعیل نامیق - 20-02-2019 - 8565 جار خوێندراوەتەوە

پارتی دیموکراتی کوردستان سەرۆکایەتی حکومەت و سەرۆکایەتی هەرێم و سەرۆکایەتی ئەنجومەنی دادوەری کۆنتڕۆڵکردوەو بەویستی خۆی هەڵیسوڕاندون و هەڵیاندەسوڕێنێ، سەرۆکایەتی پەرلەمان تاکە سەرۆکایەتی بو کە نەکەوتبوە ژێر کۆنترۆڵی پارتیەوە، لایەنەکانی تر دەیانتوانی جار جار وەکو کڵاو رۆژنەیەک بەکاری بهێنن ولەرێگەیەوە هەناسەیەک بدەن وتاڕادەیەکیش روبەڕوی پرۆژەکانی پارتی رابوەستن و تەسلیمی هەموو ویستەکانی نەبن، بەڵام لەکۆبونەوەی 18/ 2/ 2019 پارتی دەستی بەسەر ئەو کڵاو رۆژنەیەشدا گرت و هەموو لایەنەکانی تری ئاخنیە سوچێکی تاریک وچراکەشی بەدەستی خۆیەوە گرت، تا هەموومان ناچار بین لەدوایەوە بڕۆین وبڵێین لەکوردستان تۆمان هەبی بەسمانی، بۆ پێشەوە پێشمان کەوە بارزانی!!!.

ئەزانن پارتی چۆن ئەوەی کرد؟ بەجوڵەیەکی زۆر سادە کردی ئەویش بەدانانی مونا قەهوەچی بە سکرتێری پەرلەمان وەکو نوێنەری پێکهاتەی تورکمان. ئیتر حەز ئەکەن کێ ئەکەن بە سەرۆکی پەرلەمان بیکەن، ئەملای هەورامی و ئەولای قەهوەچی، پێم بڵێن چی پێ ئەکرێ چی؟.
کێ ئەکەن بە سەرۆکی پەرلەمان بیکەن، ئەملای هەورامی و ئەولای قەهوەچی، پێم بڵێن چی پێ ئەکرێت؟

ترسە گەروەکە بریتیە لەوەی پارتی پێدانی سکرتێری پەرلەمان بکات بەبنەمایەکی یاسایی پیرۆز، یان عورفێکی پەرلەمانی پیرۆز کەس جورئەت نەکات باسی دەستکاریکردن و هەموارکردنی بکات، وەکو ئەوەی بۆ کۆتای پێکهاتەکان کردوێتی.

من لەگەڵ پێکەوە ژیانم، لەگەڵ ئەوەم پێکهاتەکان زیاد لەمافی خۆیان پێبدرێت، چونکە ئەم وڵاتە هی هەموانە و مافی هەموومانە بەیەکسانی تیایدا بژین. بەڵام راستیەک هەیە نابێت لەبەرچاو نەگیرێت، ئەویش پەیوەندی بەکورسی کۆتاکانەوەیە. لەساڵی 1992 بەرەی کوردستانی بڕیاری دا پێنج کورسی کۆتا بدرێت بەپێکهاتەی کریستیانەکان و یەک کورسی کۆتاش بدرێت بەپێکهاتەی ئەرمەن، ئەم بڕیارە کرا بەیاسا ولە یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا جێگیرکرا، پاشان لە ساڵی 2009 لەژێر فشاری پارتیدا یەکێتی رازیبوو پێنج کورسی کۆتا بدرێت بەپێکهاتەی تورکمان، ئەمەش کرا بەیاسا. مەبەست لە پێدانی کورسی کۆتا بەپێکهاتەکان بەتایبەتی بەپێکهاتەی کریستیان وئەرمەن تەنها بۆ پاراستنی مافەکانیان بوو، بۆ ئەوەی ئەمانیش بونیان لەپەرلەماندا هەبێت وگوزارشت لەوویستی خۆیان بکەن وبەرگری لەمافەکانیان بکەن، بەڵام بەداخەوە ئەم کورسیانە لە ململانێی نێو پەرلەماندا لەلایەن پارتیەوە بەکارهێنراون، هەردەم کەباسی ژمارەی کورسیەکانی پارتی کراوە، کورسی کۆتای پێکهاتەکانیشی لەگەڵدا ئەژمار کراوە. 
کورسی کۆتاکان لە ململانێی نێو پەرلەماندا لەلایەن پارتیەوە بەکارهێنراون

ئێمە لە بزوتنەوەی گۆڕان پێشتر کە بەدوای فۆرمێکدا دەگەڕاین بۆ مامەڵە کردن لەتەک کورسیە کۆتاکاندا، مەبەستمان بوو وەڵامی سێ پرسیارمان دەست بکەوێت:

1) کورسی کۆتاکان لەسەر چ بنەمایەک دیاریکراون و دابەشکراون، ئایا لەسەر بنەمای سەرژمێری یان بنەمایەکی تر؟

2) کێ بۆی هەبێت ئەو کەسانە هەڵبژێرێت کە ئەم کورسیانە پڕ دەکەنەوە؟.
3) ئەم کورسیانە بۆ چی مەبەستێک بەکاربهێنرێن؟.

ئامانجمان لەو پرسیارانە ئەوە بوو، لەدیاریکردن و دابەشکردنی کورسی کۆتاکاندا رەچاوی دادپەروەری بکرێت، هەروەها ئەم کۆتایانە بۆ مەبەستی خۆیان بەکاربهێنرێن، نەک بۆ ململانێی نێوان لایەنە سیاسیەکان، بەڵام هەرکاتێک ئێمە ئەو باسەمان دەوروژاند پارتی پێکهاتەکانی لێ هاندەداین و چەندانی وەکو قەهوەچی دەهێنایە سەر کەناڵەکانی راگەیاندن و گۆڕانیان بە دژایەتیکردنی پێکهاتەکان تۆمەتبار ئەکرد، ئەو بابەتە بووە بە پیرۆزی و هێڵی سور کەس ناتوانێت باسی بکات.
ئامانجمان لەو پرسیارانە ئەوە بوو، لە دیاریکردنی کورسی کۆتاکاندا رەچاوی دادپەروەری بکرێت

بەدانانی قەهوەچی هەموو شت کۆتایی پێهات و پارتی هەموو سەرۆکایەتیەکانی کۆنتڕۆڵکرد، من خەمی ئەم خولەم نیە، چونکە لەم خولەدا پارتی زۆرینەیە و چی بوێت لە پەرلەماندا دەتوانێت بیکات، جا سەرۆکایەتی لای ئەو بێت یان نا، من خەمی ئەوەمە لە خولەکانی تردا، پێدانی سکرتێر بە پێکهاتەکان دەبێتە بنەمایەکی یاسایی پیرۆز یان عورفێکی پەرلەمانی پیرۆز کەس ناتوانێت باسی گۆڕینی بکات. بەڕای من بەدەر لەوەی کێ ئێستا ئۆپۆزسیۆنە، یان کێ لە داهاتوودا دەبێتە ئۆپۆزسیۆن، پێویستە بە بنەمایەکی یاسایی لە هەموو خولێکدا پۆستی سکرتێری پەرلەمان بدرێت بە ئۆپەزسێون، ئەوەش لەپێناو بەدیهێنانی جۆرێک لەهاوسەنگی و دادپەروەری لە سەرۆکایەتی پەرلەماندا، چونکە پەرلەمان نوێنەرایەتی هەمووان دەکات، نەک تەنها حکومەت، هەروەها ئەمە هاندەریش دەبێت بۆ ئۆپۆزسیۆنبون و کاری ئۆپۆزسیۆنیش باشتر رێکدەخرێت و پەیوەندی نێوان ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵات جۆرێک لە نەرمی و لێکتێگەیشتنی تێدا دروست دەبێت. لە جیاتی پۆستی سکرتێری پەرلەمان پۆستێکی دیکە بدرێت بە پێکهاتەکان.


ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP