شۆی زەرد و شادەمارەکانی پارتی

سلێمان عەبدوڵا یونس - 18-02-2019 - 21368 جار خوێندراوەتەوە

 پارتی بڕوای وابو لەگەڵ مەرگی تاڵەبانی، ماڵئاوای یەکێتیش لەگۆڕەپابە سیاسیەکە حەتمیە و ئەو  حزبە ئیتر چیتر، وەک ھێزێکی ڕاستەقینەی خاوەن ناوەندی بڕیاڕ و کۆکەرەوە بونی نامێنێت. چونکە نە ماڵباتی تاڵەبانی ڕێگەی ڕێگە بەڕێبەرایەتیەکی نوێی دوای مامجەلال دەدەن و نە ستراکچەری ئەو حزبەش ڕێگە بە تاڵەبانیەکان دەدات ئەو حزبە بەخوێن و خزمایەتی بەڕێوەببەن. بەڵام بونی «بژاردەی سێھەم» ئەو خەیاڵەی لە پارتی تێکدا و لەوەش زیاتر شەمەندەفەرە سەوزەکە، لەوێستگەی بەغداوە، لەو جێگایەی بۆیەکەمجار بەھۆی نەخۆشی کاپتنەکەیەوە پەکی کەوت، بەگوڕتر، کەوتەوە کار .

لێرەوە کێشەی پارتی لەگەڵ یەکێتیەکی جیاواز، وەک ڕابردو دەسپێدەکاتەوە بەتایبەت لەگەڵ ئەو کاراکتەرانەی کە پشکی شێریان لەئاڕاستەکردنی ئەو یەکێتییە جیاوازەی بەردەکەوێت و توانیویانە پۆستی سەرۆککۆماری عێراق لەناو زۆرانبازیەکی ڕاستەقینەدا بۆ یەکێتی و کوردایەتی لیبڕاڵ دەستەبەر بکەن و پێداگریش دەکەن بۆ کەرکوک و ھاوسەنگێتی و ھاوبەشێتی ڕاستەقینە،  ئەوەش وەڵامی ئەو پرسیارە دەداتەوە کەبۆچی پارتی ھەتا ئاستی سوکایەتی کەسی و تێپەڕاندنی تخوبە ئەخلاقیەکان لەدژی دکتۆر بەرھەم و ھەندێک لەسەرکردە گەنجەکانی یەکێتی دەستی داگرتوە و خستونیەتە ڕیزی پێشەوەی دژایەتی و بەریەکەوتنە نەرێنیەکان، لەکاتێکدا ئەوانە بەشێک نەبون لە شەڕ و دابەشکارییە مێژوییەکان و نزیکایەتی ھەندێکیشیان لە بارزانی لەدوای نزیکایەتی لە ڕێبەری ڕەوانشاد مامجەلال ھاتوە.  

لەڕاستیدا پارتی بەچ ھۆکارێک دژایەتی یەکێتی و مامجەلالی کرد بەھەمان ھۆکار و بەڵام بەمیکانیزم و ئەندازەی جیاوازە دژایەتی ھەمو ئەوانە دەکات کە ڕۆڵیان دەبێت لە ئاڕاستەکردنی یەکێتیدا، ڕاستە دواجار پارتی لەگەڵ دیفاکتۆی کارێزمایی مامجەلال کەوتنە قۆناغی دانپیادانان و لەدوا دەیەی وێستگەکانی ژیانی ئەو زاتە مێژوییەدا، ھاوبەشێتی ئەویان پەسەندکرد، بەڵام لەوەش ڕاستتر ئەوەیە، ئەوان بەژیانئاوایی ئەو چاوەڕێی مانەوە و بوژانەوەی یەکێتی و دروستبونی مامجەلال-ێکی تر نەبون.

کۆبونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمان شۆێکی زەردی پارتی بەرامبەر بەو یەکێتییە جیاوازە، ھەروەک چۆن بۆ سەلماندنی ئەوەش بوو، کە پارتی ھەرکاتێک خواستی بو پەرلەمان دادەخات و ھەرکاتێکیش خواستی لەسەر بو دەیکاتەوە. لەم نمایشە زەردەدا، پارتی ترسێکی گەورەی لەو یەکێتیە جیاوازە نیشاندا، ترسێك كە بەرجەستەبونەوەی ئەو فاکتە بو کە پارتی سڕینەوەی یەکێتی لەناو شادەمارە مێژویەکانی دایە و وێڕای ساڵانێک لەھاوپەیمانێتی ستراتیژی دەسبەرداری خەون و خەیاڵی لەناوبردنی نەبوە.

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP