هەواڵی ئەمڕۆ

ترامپ بە داعش دەیانترسێنێت

هیوا سەید سەلیم - 17-02-2019 - 2446 جار خوێندراوەتەوە

ڕوولە وڵاتانی ئەوروپا،  ترامپ، ووتی: (چەكدارە داعشەكانتان دەبەنەوە ئەگینا بەڕەڵایان دەكەین)،  ئەو لێدوانەی سەرۆكی ئەمەریكا لە كاتێك دایە كە قسەوباسەكان سەبارەت بە كۆتایهاتنی دەسەڵاتی داعش لە سوریا و رۆژئاوایی كوردستان لەسەر دەستی هێزەكانی سوریایی دیموكرات بە هاوكاری هێزەكانی هاوپەیمانان گەرم دەبن، هەروەها زانیاریەكان باس لە بوونی سەدان چەكداری ئەوروپی دەكەن كە ئێستا دیلی دەستی شەڕڤانانن.
ترامپ دەیەوێت كارتی داعشە ئەورپیەكان بۆ سەودایەكی سیاسی بەرامبەر ئەو وڵاتانە بەكار بێنێت

 

لەوساتەی كە ئەمەریكا بڕیاردەدات كە هێزەكانی لە سوریا بكێشێتەوە چ مەبەستێكی لە یەكلاكردنەوەی چارەنووسی ئەو چەكدارانە هەیە، ئایا گومان  هەیە هەسەدە نەتوانێت ئەو چەكدارانە بپارێزێت یان هۆكاری تر لە پشتی داواكەی ترامپ هەیە؟

ترامپ، لەو پەیامەیدا دەیەوێت كارتی داعشە ئەورپیەكان بۆ سەودایەكی سیاسی بەرامبەر ئەو وڵاتانە بەكار بێنێت، وە لە حاڵەتی ئامادەنەبوون و نەهاتنەپێشی ئەو وڵاتانە بۆ داواكەی ئەمەریكا،  ئەوا ڕووبەرووی كێشەیەكی ئەمنیان دەكاتەوە ئەوەیش لەسەردەستی ئەو داعشانەی كە هەڵگری رەگەزنامەی ئەو وڵاتانەن.

بەو هەرەشەیە مەبەستیەتى وڵاتانی بەریتانیا و فەڕەنسا و ئەڵمانیا ناچار بكات پشتیوانی دامەزراندنی ناوچەی ئارام بکەن

 

دوایین هەڕەشەی تڕامپ لە كاتێك دایە كە هێشتا یەكلانەبۆتەوە كە ئایا ناوچەی ئارام لە رۆژهەلاتی فوڕات دادەمەزرێت یان نا، وە ئەگەر ئەو ناوچەیە دامەزرا كێ بەرپرسیارەتی پاراستنی  لە ئەستۆدەگرێت؟

 نزیكیشە كە ترامپ مەبەستی بێت بەو هەرەشەیە وڵاتانی وەك بەریتانیا و فەڕەنسا و ئەڵمانیا ناچار بكات بێن پشتیوانی لەو پرۆژەیە بكەن بۆ دامەزراندنی ئەو ناوچە ئارامە.

لێرەدا دەتوانین بڵێین كە پەیامەكەی تڕامپ، فرە مەبەستە،  لە هەمووشی گرنگتر ئەوەیە كە ئەو وڵاتانە كە تا ئێستا لەگەڵ سیاسەتی ئەمەریكا بوونە و بە هاوپەیمانی سیاسی و سەربازی ئەمەریكا ناسراون بیر لە پرۆژەی تر نەكەنەوە، بە تایبەت ئەو پرۆژانەی بۆ دامەزراندنی سوپایەكی ئەورپی لێرەو لەوەێ قسەیان لەبارەیەوە دەكرێت.

سەرۆکى ئەمەریكا باش دەزانێت وڵاتانی ئەوروپا ناتوانن خۆیان بکەنە خاوەنى چەکدارانى داعش

 

سەرۆكی ئەمەریكا باش دەزانێت بۆ وڵاتانی ئەوروپا ئاسان نیە خۆ لەو چەكدارانە بە ساحێب بكەن، لە لایەك یاسای وڵاتەكانیان رێگا بە سزایەكی توندی ئەو چەكدارانە نادات،  وەهەروەها ڕای گشتی ولاتەكانیشیان قەبوولی وەرگرتنەوەیان ناكات.

لەو ساتەدا باشترین چارەسەر دامەزراندنی ناوچەی ئارامە،  لەژێر چەتری هاوپەیمانیەتی وڵاتانی رۆژئاوا، تا لە ئەو ناوچەیە چارەنووسی ئەو چەكدارانە یەكلابكرێتەوە، هەروەها تەواوی مەترسی داعش لەسەر دەستی هێزەكانی هەسەدە بە كۆتا بێت، خۆ ئەگەر ئەمە نەكرێت، ئەوا مەترسی سەرهەڵدانەوەی داعش و تەنانەت گەڕانەوەی ئەو چەكدارانەش كە بە ژمارە زۆرن دەبنە مەترسی بۆ هەموو لایەك.

ترامپ، لە خۆڕا نیە پەنای بۆ كارتی داعشە ئەورپیەكان بردووە، چونكە باش دەزانێت ئەورپیەكان چەندە حساب بۆ ئەو هەڕەشەیە دەكەن، كە ناحەقیان نیە ئاگرە سوورە لە ئەمەریكا دوورە و هەڕەشەكەش بۆ ئەورپا قوڕس دەبێت و باجەكەی زۆردەبێت.


ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP