كشانه‌وه‌كانى تره‌مپ له‌ ڕێككه‌وتنامه‌و په‌یماننامه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان

بورهان شێخ ڕه‌ئوف - 11-02-2019 - 942 جار خوێندراوەتەوە

سه‌ره‌تاى ساڵى 2016 كاتێك دۆناڵد تره‌مپ بوو به‌ سه‌رۆكى ئه‌مریكا پێچه‌وانه‌ى هه‌موو پێشهات و ئه‌گه‌رو لێكدانه‌وه‌كانى شاره‌زایانى هه‌ڵبژاردن  بوو ئه‌و كات وتارێكم نووسى به‌ناونیشانى بوومه‌له‌رزه‌ى تره‌مپ دواى ده‌ركه‌وت تره‌مپ نه‌ك یه‌ك بوومه‌له‌رزه‌ به‌ڵكو بوومه‌له‌رزه‌ى زۆر له‌ گه‌ڵ خۆیدا هێناوه‌و هه‌رجاره‌ى له‌لایه‌كه‌وه‌ جیهان ده‌هه‌ژێنێت .

تره‌مپ ئه‌وه‌ى كه‌  هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاى هه‌ڵمه‌ته‌كانى بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردنیه‌وه‌ نه‌یشاردۆته‌وه‌ ئه‌وه‌ بوو كه‌ ئه‌و دژایه‌تى خۆى بۆ زۆر په‌یماننامه‌و ڕێكه‌وتننامه‌ى گرنگ ڕاگه‌یاند بوو كه‌ سه‌رۆكه‌كانى پێش خۆى واژۆیان كردبوو له‌ هه‌ردوو حزبى دیموكراتى و كۆماریش  به‌ بیانوو و پاساوى ئه‌وه‌ى ئه‌مانه‌ ڕێگرن له‌ جووڵه‌ى ولایه‌ته‌یه‌كگرتووه‌كانى ئه‌مریكا له‌ ڕووى نێو ده‌وڵه‌تیه‌وه‌ هه‌روه‌ها زیانى گه‌وره‌ به‌ ئه‌مریكا ده‌گه‌یه‌نێت له‌ڕووى ئابوورییه‌وه‌

سه‌رۆكى پێشوو ئۆباما لە ڕێككه‌وتننامه‌ى هاوبه‌شى ئیستراتیجى ئابوورى كشایه‌وه‌

1.بۆیه‌ هه‌رله‌ یه‌كه‌م ساڵى حوكمڕانى و جێنیشینى له‌ كۆشكى سپى له‌ په‌یماننامه‌ى پاریس كشایه‌وه‌ تایبه‌ت به‌ كه‌ش و هه‌وا كه‌ ساڵى 2015 ئه‌مریكا له‌ سه‌رده‌مى سه‌رۆكى پێشوو ئۆباما واژۆییان كردبوو به‌ بیانووى ئه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ به‌رژه‌وه‌ندى ئه‌مریكادا یه‌كناگرێته‌وه‌,
2.هه‌روه‌ها له‌  ڕێككه‌وتننامه‌ى  هاوبه‌شى ئیستراتیجى ئابوورى له‌ گه‌ڵ وڵاتانى پشت ئۆقیانووسى ئارام كه‌ له‌ ته‌ك دوازده‌ وڵات  سه‌رۆكى پێشوو ئۆباما له‌ ساڵى 2015  واژۆى كردبوو كشایه‌وه‌ .

3.هاوشان له‌ گه‌ڵ دروشمى ئه‌مریكا یه‌كه‌مه‌و پێش هه‌موو شتێكه‌ كه‌ سه‌رۆك تره‌مپ به‌رزى كردۆته‌وه‌ هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ , ولایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانى ئه‌مریكا له‌ زۆر ڕێكخراوى نێوده‌وڵه‌تى گرنگ كشایه‌وه‌ به‌ پاساوى تره‌مپ  گوایه‌ له‌ گه‌ڵ به‌رژه‌وه‌ندى باڵاى ئه‌مریكادا نایه‌ته‌وه‌ هه‌ر له‌و چوارچێوه‌دا ڕه‌خنه‌ى زۆرى له‌ ڕێكخراوه‌كانى نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان ده‌گرت كه‌ دژ به‌ سیاسه‌تى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مریكا كارده‌كه‌ن له‌وانه‌ له‌ ڕێكخراوى یونسكۆ( ڕێكخراوى نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ په‌روه‌رده‌و ڕۆشنبیرى و زانست ), هه‌روه‌ها ده‌ستبه‌ردارى ئه‌ندامێتى ئه‌مریكا بوو له‌ ئه‌نجوومه‌نى مافى مرۆڤى نێو ده‌وڵه‌تى سه‌ربه‌نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بوو له‌ به‌رئه‌وه‌ى ئه‌مریكا سیاسه‌ته‌كه‌یانى به‌دڵ نه‌بوو ده‌رهه‌ق به‌ ئیسرائیل , بڕین و وه‌ستاندنى كۆمه‌ك و هاوكارییه‌كانى بۆ ئاژانسى به‌هاناوه‌چوون و به‌كارخستنى  ئاواره‌ فه‌له‌ستینیه‌كالنى سه‌ربه‌نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان ( ئۆنروا ) .

تره‌مپ  یه‌ك لایه‌نه‌ له‌ ڕێككه‌وتننامه‌ى ( 5+1) تایبه‌ت به‌ چه‌كه‌ ئه‌تۆمییه‌كانى ئێران كشایه‌وه‌

4. تایبه‌ت به‌ كێشه‌ى فه‌له‌ستینیش دواى ئه‌وه‌ى فه‌له‌ستینیه‌كان داواكارییه‌كیان به‌رز كرده‌وه‌ له‌ دادگاى دادى نێوده‌وڵه‌تى دژ به‌ بڕیارى گواستنه‌وه‌ى باڵوێزخانه‌كه‌یان له‌ ئۆرشه‌لیمه‌وه‌ بۆ قودس له‌ 6 دیسه‌مبه‌رى 2017 جۆن پۆڵتۆنى ڕاوێژكارى ئاسایشى نه‌ته‌وه‌یى ئه‌مریكا ڕایگه‌یاند كه‌ وڵاته‌كه‌ى له‌ پاشكۆى پرۆتۆكۆلى ڤیه‌نا بۆ چاره‌سه‌رى كێشه‌و ململانێكان به‌ ڕێگاى ئاشتى كشایه‌وه‌.

5- 8ئایارى 2018 سه‌رۆك تره‌مپ  یه‌ك لایه‌نه‌ له‌ ڕێككه‌وتننامه‌ى ( 5+1) تایبه‌ت به‌ چه‌كه‌ ئه‌تۆمییه‌كانى ئێران كشایه‌وه‌ و به‌ خراپترینو كاره‌ساتبارترین  ڕێككه‌وتننامه‌ له‌ مێژووى ئه‌مریكادا ناوى برد , هه‌رله‌ دواى پاشه‌كشه‌كه‌شى هه‌موو سزاكانى جارانى به‌ زیاتره‌وه‌ به‌ سه‌ر ئێراندا سه‌پانده‌وه‌ به‌و نیازه‌ى نه‌ك هه‌ر  به‌رنامه‌ ئه‌تۆمییه‌كى بووه‌ستێنێت به‌ڵكو سنوورێك دابنرێت بۆ ڕه‌فتارو ده‌ستوه‌ردانه‌كانى له‌ ناوچه‌كه‌دا كه‌ هه‌ڕه‌شه‌ له‌  ئارامى و سه‌قامگیرى ناوچه‌كه‌ ده‌كات.

6.له‌ دوا هه‌وڵى دا تره‌مپ بۆ كشانه‌وه‌و بادانه‌وه‌ له‌ ڕێككه‌وتننامه‌و به‌ڵێننامه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كان كه‌ له‌ هه‌موویان  مه‌ترسیدارتره‌و گه‌ڕانه‌وه‌یه‌  بۆ ڕۆژانى شه‌ڕى سارد و ململانێ ى خۆپڕچه‌ككردنى نێوان هه‌ردوو بلۆكى ڕۆژهه‌ڵات به‌ سه‌ركردایه‌تى یه‌كێتى سۆڤیه‌تى جاران و ڕۆژئاوا به‌ سه‌ركردایه‌تى ئه‌مریكا ئه‌ویش  خواست و نیازى كشانه‌وه‌یه‌ له‌ په‌یماننامه‌ى ڕۆكێته‌ مامناوه‌ند مه‌داكانه‌ له‌ گه‌ڵ ڕوسیا كه‌ ساڵى 1987 واژۆ كراوه‌  كه‌ ئه‌مه‌ش ئاماژه‌یه‌كى سامناكى گه‌ڕانه‌وه‌ى پێشبڕكێ ى خۆ پڕچه‌ككردنه‌ له‌ نێوان واشنتۆن و مۆسكۆ .

ئیداره‌ى تره‌مپ له‌م بڕیارى كشانه‌وه‌و بادانه‌وانه‌ هیچ ڕاوێژێك به‌ هاوپه‌یمان و دۆسته‌كانى ناكات ده‌خوازێت به‌ شێوازێكى نوێ دایان بڕێژێته‌وه‌ ئه‌و ڕێكه‌وتنانه‌ كه‌ له‌ به‌رژه‌وندى خۆیدا بێت هه‌رچه‌نده‌ تائێستا هیچ ئه‌ڵته‌رنه‌تیفێكى نه‌خستۆته‌ ڕوو.

له‌ كۆتاییدا ده‌كرێت بپرسین ئایا ئه‌مریكا به‌ كشانه‌وه‌ى له‌ زۆرێك له‌و په‌یماننامه‌ گرنگانه‌ زیان به‌ پێگه‌و هه‌یبه‌تى نێوده‌وڵه‌تى ناگات له‌ كاتێكدا سه‌رۆكایه‌تى نه‌زم و سیستمى جیهانى ده‌كات ئایا كاریگه‌رى ڕۆڵى ئه‌مریكا له‌ سه‌ر ڕووداوه‌كان كه‌م ناكاته‌وه‌؟ ئایا بوار بۆ وڵاتانى تر ناڕه‌خسێنێت شوێنو پێگه‌ى ئه‌مریكا بگرنه‌وه‌ به‌تایبه‌تى چین ؟


ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP