هەواڵی ئەمڕۆ

چۆن بڕوانینە کابینەی نۆیەم؟

نەوزاد ساڵح - 11-02-2019 - 969 جار خوێندراوەتەوە


حکومەت لە کۆمەڵێک فەرمانگە و دامەزراوە پێکدێت بۆ رێکخستنی کارو ژیانی رۆژانەی هاوڵاتیان کە میتۆدی کارکردنی پەیوەستە بە تواناو سەلیقە و لێهاتوویی ئەو کارمەند و فەرمانبەرانەوە کە هەڵسوڕێنەر و جێبەجێکاری کار و بەرنامەی حکومەتن و لەگەڵ هاوڵاتیانیشدا پەیوەندیەکی راستەوخۆیان‌ هەیە.
ناکرێت خاڵەناکۆکەکانی پارتەکان بکرێنە هۆکاری چەقبەستویی ئەم دۆخە و هەوڵی تەواو نەدرێت بۆچارەسەری گرفتەکان

 

هەموو بەریەککەوتنێکی هاوڵاتیان و حکومەت بێمتمانەیی دروست دەکات، هەڵبژاردنی ٣٠/٩/٢٠١٨ پەرلەمانی کوردستان چوارمانگی تێپەڕاندووە، بەڵام هاوڵاتیان لە چاوەڕوانی پێکهێنانی کابینەی نۆیەمدان! خۆ ناکرێت خاڵەناکۆکەکانی پارتەکان بکرێنە هۆکاری چەقبەستویی ئەم دۆخە و هەوڵی تەواو نەدرێت بۆچارەسەری گرفتەکان و ڕێکخستنەوەی کابینەی نوێ، وێڕای تێبینی زۆر لەسەر پڕۆسەی هەڵبژاردنەکانی ٣٠ ی ئەیلول، بەڵام بۆ کارکردن بەدەرئەنجامی ئەو هەڵبژاردنە و بە دەست هێنانەوەی متمانەی هاوڵاتیان زەرورە هاوسەنگی کۆبوونەوەکان بپارێزرێت و دروستکردنی کابینەی نۆیەم پەلەی لێبکرێت بە بەشداری لایانە سیاسیەکان هەنگاوەکانی خێراتربکرێت، چونکە ماوەی یاسایی و ئاسایی تێپەڕاندوە..

بەهۆی کێشە کەڵەکەبوەکانی کابینەکانی پێشوەوە رەنگە ئاسان نەبێت خوێندنەوە بۆ پڕۆژە و کارنامەی ئەم کابینەیە بکەین، بەهۆی دواکەوتنی کۆبونەوەکانی تایبەت بەدروستکردنی حوکمەت و وتووێژ لەسەر ئەم پرسە گرنگە دەکرێت پەی بە هەندێک لە نهێنیەکانی ببەین کە دواجار نزیکمان دەکاتەوە لەو دەرئەنجامەی کە هەمو تاکێک لەم کۆمەڵگەیەدا دەیەوێت بێتەدی کە ئەویش حکومەت و ‌حوکمڕانیەکی دیموکرات ودادپەروەرو تەندروستە...
دەکرێت ئەم وەرزە بکرێتە وەرزی پیاچونەوە و تێهەڵچونەوەی جوڵە سیاسیەکان و چنینەوەی دەستکەوت و بە دەستهێنانی پشتیوانی ئامانجی گشتی

 

نامانەوێت بە قەرەباڵغی و هاتوچۆی دبلۆماس و کارئەکتەرە سیاسیەکان لە هەولێری پایتەخت لەم چەند هەفتانەی ڕابردودا ئیغرا ببین، یاخوود وتەی ئەندامێکی کۆنگرێس کە rەنگە جیاوازبێت لەستراتیجیەت و پلانی ئەمریکا تەنها بەیەک دیودا خوێندنەوە بۆ ئەو جوڵە سیاسیانە بکەین. دەکرێت ئەم وەرزە بکرێتە وەرزی پیاچونەوە و تێهەڵچونەوەی جوڵە سیاسیەکان و چنینەوەی دەستکەوت و بە دەست‌هێنانی پشتیوانی ئامانجی گشتی، چونکە ئێستا لەچەند مانگێک و ساڵێک پێش ئێستا دۆخی کورد باشترە و دەرگای وڵاتان واڵاترە بەڕووی هەرێمدا، هەمووشمان تێگەیشتوین لەوەی کەسیاسیەکانی کورد دەبێت خۆیان کێشەی ناوخۆیان چارەسەر بکەن، ئەگەر لۆژیکی دیالۆک بەکاربهێنن ڕەنگە پێویست بە دەستگرتنی بێگانە نەکات.
کورد نابێت بینەری روداوەکان بێت، پێویستە ڕۆڵی ئەکتەر بگێڕێت

 

ئەو ناکۆکیانەی کەلە ناوچەکەدا بەدی دەکرێت لەسەر بەرژەوەندی قەڵەمڕەوی دەسەڵات و شتگەلێکی ترە کە هەندێک لە دەوڵەتانیان سەرقاڵکردوە و لەدەرئەنجامی بەریەککەوتنی ئامانج و بەرژەوندی ئەم دەوڵەتانەش رەنگە پریشکی ئەو گەمە سیاسیانە بەر کوردیش بکەوێت، بۆیە کورد نابێت بینەری روداوەکان بێت، پێویستە ڕۆڵی ئەکتەر بگێڕێت، ئەگەر چی هەندێک لەو وڵاتانە وێنای هاوپەیمانیان بۆ دەکرێت و وا دەچوێنرێن بەڵام لە واقیعدا ڕەنگە ڕایەڵەو هێڵێکی لەوە لاوازتر لەگەڵیان کۆمانبکاتەوە و بەرژەوەندی ئەوان و تەماحی پاوەنخوازی ئەوان لەوە گەورە تر بێت.
دەبێت حکومەتی هاوڵاتیان بێت و لە روبەری بچووک و مۆنۆپۆلکراوی موتوربە بە ئایدۆلۆجیادا سیاسەت نەکات و کار بۆ ئامانج و کایەی گشتی بکات

 

بە خوێندنەوەمان بۆ سیاسەتی ناوچەکە کورد دەبوو زووتر ئەم کابینەیەی دروست بکردایە و بۆ بە‌هێزکردنی پێگە سیاسیەکەی و سەلماندنی بونی قەوارەیەکی کوردی لە چوارچێوەی (‌حکومەتی هەرێمی کوردستاندا) لە باشور، ڕەنگە هێزیکی زیاتر ببەخشێتە سیماو ڕواڵەتی ئەم حکومەتە تا باشتر بتوانێت کارەکانی لەگەڵ وڵاتانی پەیوەندیداردا ڕێکبخاتەوە، ئەوەندەی گرنگە ‌حکومەتەکە دروست بکرێت ڕەنگە ئەوەندە گرنگ نەبێت کە چەند حزب بەشدارن لە دروست کردنی حکومەتدا، چونکە دواجار خەڵک کاروکردەوەی لە حوکمەت دەوێت کە مافی خۆیەتی, چونکە دەنگی بەوپارتانە داوە کە بەشدارن لە حکومەتدا، دەبێت حکومەت حکومەتی هاوڵاتیان بێت و لە رووبەری بچووک و مۆنۆپۆلکراوی موتوربە بە ئایدۆلۆجیادا سیاسەت نەکات و کار بۆ ئامانج و کایەی گشتی بکات،،
  کابینەی نۆیەم دەبێت کار بۆ بێکاران بدۆزێتەوە و چارەسەری کێشەی نیشتەجێبون و کارەبا و رێگاوبان بەهەند وەربگرێت

 

رێزگرتن و بەتەنگەوەچونی ئیرادەی تاک بکاتە کارنامە و پێوەری خزمەتکردن بێ هیچ جیاوازیەک، زەرورە جیاوازی کابینەی نۆیەم دەرکەوتنێکی ئەوتۆی پێوە دیاربێت کە هاونیشتمانیان بە ئومێدەوە سەیری بکەن و لە کایە سیاسی و ئیداری دامەزراوەکانیدا هەست بە گۆڕانکاری و ئەو جیاوازیانە بکەن کە لەسەر ئاستی باشترکردنی خزمەتگوزاری بێت لەکەرتی تەندروستی پەروەردەو و نەهیشتنی گەندەڵی و کەمکردنەوەی ڕۆتینیات و بێکاری و هەڵاوسان، کار بۆ بێکاران بدۆزێتەوەو چارەسەری کیشەی نیشتەجێبون و کارەبا و رێگاوبان بەهەند وەربگرێت، کاربکات بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی داهاتی تاک و پێشخستنی رەوتی دیموکراتی و مەدەنی وسودوەرگرتن لەهێزی مرۆیی ناوخۆو سفرکردنەوەی کێشە ناوچەیی و لاوەکیەکان....هتد، 

ڕێکارو پڕنسیپەکانی گۆڕانکاری بە گرتنە ڕێگای چارەسەری دیموکراتیانە دەبێت و دەکرێت لەم بوارەشدا حکومەت دەست کراوە بێت تا لەم ڕێگایەنەوە ئاستی ‌هۆشیاری تاک بگاتە ئەو ئاستەی کە بیرکردنەوەیەکی فراوانی هەبێت بۆ ئایندەیەکی ڕوناکتری نەوەکانی...

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP