دەوڵەتی قەومی سەربەخۆیی نیە

سلێمان عەبدوڵا یونس - 10-02-2019 - 6703 جار خوێندراوەتەوە

بیرۆکەی دەوڵەتی قەومی، لە خۆرئاواوە سەریھەڵدا و ھەر لەوێشدا لەبەردەم پڕۆژەی دەوڵەتی ھاوڵاتیبون و یاسادا، بەتەواوی پاشەکشەی کرد، بەتایبەت کاتێک  مێژویەک لەخوێنڕشتن و فاشیەت و نازیەتی بەرھەمھێنا.

دەوڵەتی نەتەوەیی لای عەرەب، بەرھەمەکەی لە عێراق سەدام و بەعس بوو، لە میسر موبارەک و لە لیبیا قەزافی و لەئێران ڕەزاشا و لای تورکیش ئەتاتورک و نمونەی زەقتریش حاڵی ئێستای فەڵەستینەکانە. بەرھەمی  ھەموشیان، ناوچەیەکی ناسەقامگیر،جەنگ و ماڵوێرانی، برسیەتی و پاشاگەردانی، بەرکەوتەی پێکھاتەکانی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستە.

بزوتنەوەی کوردایەتیش، ئەگەر ترۆپکی بەرھەمەکەی لەکوردستانی عێراق، قەوارەی فیدڕاڵی ھەرێم بێت، کەچی وێڕای شۆڕشی خوێناوی و ئاشبەتاڵی نائومێدکەر، ھەڵەبجە و ئەنفال، شنگال و جینۆساید، ھێشتا زیاتر لەنیوەی خاکی کوردستان لەناو چارەنوسێکی نادیارە. لە ئێران، بزوتنەوەی کوردایەتی بەھەموو پارتە کوردیەکانیەوە، بەئەندازەی ئەندام پەرلەمانێکی کوردی پەرلەمانی ئێران، کاریگەری دانەناوە،لە تورکیاش، ئەگەر پەکەکە، نمونە جەربەزەکەی قەومیەت بێت و بەراوردی بکەین بەھەدەپە، جیاوازی و دەسکەوتەکانی بەراورد ناکرێ. لەکاتێکدا ھەدەپە، ئەگەر قوربانی پەکەکە نەبوایە، کوردستانی باکوری بە فۆڕمێکی گەورەتر لە کوردایەتی، کۆنتڕۆل کردبو. خۆ شەڕڤانەکانیش، لەدەرەوەی چوارچێوە تەقلیدیەکەی بزوتنەوەی کوردایەتی، نمونەی لەوەش زیندوترن لەڕۆژئاڤا.

دەوڵەتی قەومی، بەخوێن بەرھەم دێت، ھەربۆیە مانەوەشی بەردەوام پێویستی بەخوێنڕێژیە، بەڵام دەوڵەتی ھاوڵاتیبون بەبیری ھاونیشتیمانیبون دروست دەبێت و مانەوەشی پێویستی بە خۆشگوزەرانی و دادپەروەری و نیشتیمانسازیە، کە بەیاسا چەمکەکانی دەوڵەت رێکدەخات و ڕەوایەتی دەپارێزێت. ئەوەش جەوھەری جیاوازی بەھەشتی دەوڵەتی ھاوڵاتی خۆرئاوا و دۆزەخی دەوڵەتی قەومی خۆرھەڵاتە. لەڕاستیدا، بۆ ھاوڵاتی کەخۆشگوزەرانی ئەوەلیاتە، دەوڵەتی قەومی، سەربەخۆیی نیە.

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP