شەراکەتی سیاسی لە جوڵانەوەی چەکداریەوە بۆ حوکمڕانی

جەلال جەوهەر - 6-02-2019 - 2903 جار خوێندراوەتەوە

1- شەراکەتی سیاسی لە جوڵانەوەی چەکداریدا
لەناو شۆڕشی چەکداریدا لە کوردستان شتێک نەبوە بەناوی شەراکەتی سیاسی راستەقینە، لەبەر هۆکاری خۆیی و ناوخۆی جوڵانەکەوە، و جیاوازی زۆر و بێ بڕوایی لایەنەکان بەکاری پێکەوەیی و هاوبەشی سیاسی و لە بەر کاریگەری فاکتەری دەرەکی و بابەتی بەسەر کورد و جوڵانەوەکە.

راستە جوڵانەوەی چەکداری لە کوردستاندا داواکانیان، داوای دیموکراسی بوون، بەڵام لەنێوخۆیاندا هەرگیز بڕوایان بەکاری پێکەوەیی و هاوبەشی و دیموکراسی نەبوو، هەر لەبەر ئەم هۆکارانە بوو جوڵانەوەی چەکداری لە کوردستان و بەهۆیەوە میللەتی کوردیش تووشی دو شکستی مێژوویی بوون لە ساڵی (1975و 1988).

دوای شکستەکان و لە کاتی بەسەرچودا، بیرۆکەی هاوبەشی هاتە پێشەوە، لایەنەکان بە ناچاری پەسەندیانکرد و بەرەی کوردستانی پێکهات.

ئەزمونی پێکەویی و هاوبەشی لەو قۆناغەدا، راپەرین و هەڵبژاردنەکان(بە کەم و کوڕی زۆرەوە) و دروستکردنی دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستانی لێکەوتەوە. بەڵام تەمەنی ئەم پێکەویی و هاوبەشیە زۆر کورت بوو. لەبەر دەمارگری حیزبی و دەرهاویشتە و لێکەوتەکانی ئەم دەمارگیریە.

هەر بۆیە شەڕ و ململانێی توندی حیزبایەتی لە کوردستان رێگەی نەدا شەراکەتی سیاسی بە شێوازێکی تەندروست لەدایک بێت و دەرگای هاوبەشی سیاسی بەڕوی هاوڵاتیان و لایەنە سیاسییەکاندا بکرێتەوە.

2-شەراکەتی سیاسی لە سەردەمی حوکمرانیدا
شەراکەتی سیاسی بەشێوەیەکی گشتی شێوازێکە لە کاری پێکەوەیی و هاوپەیمانی لە نێوان چەند لایەنێک بۆ ماوەیەکی دیاریکراو، لەپێناو بەجێ گەیاندنی ئامانج و بەرژەوەندی (نیشتیمانی، سیاسی، رۆشنبیری و کۆمەڵایەتی، مرۆیی، خزمەت گوزاری، چاکسازی و گۆڕانکاری) ئەو چەند لایەنە، بەجۆرێک هەر لایەک بە ئەندازەی سەنگی خۆی شوێنی دیاریکراو خۆی هەبێ لەو هاوپەیمانیە و ئەو لایەنانە پاندبن بە ناوەڕۆکی ئەو هاوپەیمانیەوە و هەمو لایەنەکان بەیەکەوە بڕیار لە پرسی سیاسی و ئابوری و دارایی و کارگێریەکان بدەن و بەیەکەوە روبەڕوی ئاڵنگاریەکان ببنەوە و تەحەمولی مەسئولیەت بکەن.

دیارە لێرەدا باسی ئەو شێوازە لە شەراکەت دەکەین کە پێکدێت و دروستکردنی بۆ پێکهێنانی حکومەت و دەسەڵاتەکانی تر، بە مەبەستی بەڕێوەبردنی دەوڵەت و هەرێم و ئیدارات.

شەراکەتی یەکەمی سیاسی لەسەردەمی خەباتی مەدەنیدا
شەراکەتی یەکەمی سیاسی لەنێوان هاوڵاتیان(دەنگدەران) و لایەنە سیاسیەکانەوە دەست پێ دەکات بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان بە پێی ئەو گرێبەستەی هەیە (دەستور) بۆ پێکهێنانی دەسەڵاتەکان.

بەپێی ئەزمونی(27) ساڵی رابردوو، لە پرۆسەی سیاسی و هەڵبژاردنەکانی هەرێم و عێراق، هێز و لایەن دەسەڵاتداراەکانی هەرێم نەک هەر پابەندنەبوون بە جێبەجێکردنی ئەو گرێبەستە و شەراکەتەوە بەڵکو وێنەیەکی زۆر ناشیرین و خراپیان نمایشکرد لە شەڕ و تەزویر و ساختە و پێشێل کردنی شەراکەت لە هەڵبژاردنەکان و پڕۆسەی سیاسی لە هەرێمی کوردستان.

دۆخی شەراکەتی سیاسی یەکەم لە عێراقیش هەر جێگەی شەرمەزاریە، بەهۆی نەبونی سەربەخۆیی لە هەڵبژاردنەکان و بەهۆی ئەو هەموو ساختە و تەزویرە بێ سنورە و دەستکاری کردنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان لە لایەن دەسەڵاتداران لە عێراق.

پێشێلکردن و ئەتکردنی ئەو گرێبەستە(دەستور) لە نێوان هاوڵاتیان و دەسەڵاتداران بوو بە دایک و سەرجەم گەندەڵیەکان لە عێراق و هەرێمی کوردستان، سەرئەنجام بەهۆی ساختە و تەزویر و دەستکاریکردنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان زۆربەی هەرە زۆری هاوڵاتیان و دەنگدەرانی عێراق و هەرێمی کوردستان نائومێد و بێ بڕوا کرد بە پڕۆسەی سیاسی و هەڵبژاردنەکان و بەهێز و لایەنە سیاسیەکان و سەرکردەکانیان، چاکتر و نزیکترین بەڵگەش بەشداری نەکردنی (75%)ی دەنگدەرانە، لە دوای هەڵبژاردنەکانی عێراق(12/5/2018) و هەرێمی کوردستان (30/9/2018).

هەڵبەت شەراکەتی سیاسی لە سایەی سیستمی دیموکراسی لە دایک دەبێ، نەبونی شەراکەتی راستەقینەی سیاسی لە هەرێمی کوردستان و عێراق، ئەویش بۆ خۆی دەلیلێکی ترە کە لە هەرێمی کوردستان و عێراق شتێک نیە بە ناوی پڕۆسەی سیاسی تەندروست و دیموکراسیەت، ئەوەی لە هەرێم و عێراق هەیە تەنیا پیادەکردنی بەشێکی زۆر کەمە لە بنەماکانی دیموکراسیەت بە عەیب و عار و کەمو کوڕیەکی زۆرەوە، ئەمیش تاقیکردنەوەیەکی تری هێز و لایەنە سەرەکیەکانە لە پرسی بڕوابون بە کاری هاوبەش و پێکەویی و دیموکراسیەت.

لە دوای (58)ساڵ لە جوڵانەوەی چەکداری و (27)ساڵ لە حکومڕانی چەکداری ، پرسی شەراکەتی سیاسی نەک هەر نەچەسپاوە لە کوردستانی عێراق، بەڵکو بێ بڕوایی و بێ ئومێدی بە پرسی کورد و جوڵانەوەی کورد جێگای گرتەوە.

دوای ئەو هەمو کارەسات و ماڵوێرانیە، لە قوربانی گیانی و لەدەستدانی نیوەی خاکی کوردستان، ئێستا پرسیارەکە ئەوەیە، پارتی و یەکێتی کامیان هەڵدەبژێرن؟ پڕۆسەیەکی سیاسی و تەندروست و بێ غەل و غەش و شەراکەتێکی راستەقینەی سیاسی، یان کارەسات و ماڵوێرانی و هەرەسێکی تر.
 

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP