پەیامە پێشنیارێک
بۆ لیژنەی ئامادەکاری رێککەوتننامەی یەکێتی و پارتی

لەتیف نێروەیی - 6-02-2019 - 2956 جار خوێندراوەتەوە

بۆ ئەوەی هەڵەی جێبەجێکردنی رێککەوتننامەی ستراتیژی لەنێوان یەکێتی و پارتی دووبارە نەبێتەوە، رێککەوتنەکە تەنها لەسەرەوە قەتیس نەبێت، بەڵکو لەسەرەوە بۆ خوارەوە شۆڕبێتەوەو لەخواریشەوە بۆ سەرەوە پشتگیری لەسەر خستن و جێبەجێکردنی بکرێت. گرنگە راو پێشنیاری ئۆرگان و کادیرانی یەکێتی دەڤەری زەردو ئۆرگان و کادیرانی پارتی لەدەڤەری سەوز وەربگیرێت، چونکە ئەوان زامنی سەرخستن و سەنەخستنی رێککەوتنەکەن.

بۆ ئەوەی هەڵەی جێبەجێکردنی رێککەوتننامەی ستراتیژی لەنێوان یەکێتی و پارتی دووبارە نەبێتەوە، رێککەوتنەکە تەنها لەسەرەوە قەتیس نەبێت

 

هەروەها هۆکاری شۆڕنەبوونەوەی رێککەوتننامەی ستراتیژی بۆ خوارەوە دەست نیشان بکرێت، بۆ ئەوەی لەم رێککەوتننامەیەدا میکانیزمێک بدۆزنەوە کەببێتە هەوێنی ئاشتەواییەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی سەرتاسەری.
هۆکاری شۆڕنەبونەوەی رێککەوتننامەی ستراتیژی بۆ خوارەوە دەست نیشان بکرێت
یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی شۆڕنەبوونەوەی رێککەوتننامەی ستراتیژی بۆ خوارەوەو پابەند نەبوونی کادیرو ئەندامانی هەردوولا بەو رێککەوتننامەیە دەگەڕێتەوە بۆ هەڵەیەکی ستراتیژی ئەو دوو حزبە، ئەویش رێککنەکەوتنیان لەسەر بەشداریکردنی پارتی لەئیدارە خۆجێییەکانی سنوری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجەو بەشداریکردنی یەکێتی لەئیدارە خۆجێییەکانی هەولێرو دهۆک.

لەئەنجامی بەشدارینەکردنی پارتی لە ئیدارە خۆجێییەکانی دەڤەری سەوز بەجۆرێک لەجۆرەکان پارتییەکانی دەڤەری سەوز لەماوەی چەند خولێکی حکومەتی هەرێمدا بونەتە ئۆپۆزسیۆنی ئەو حکومەتەی کە سەرۆک وەزیرانەکەی بەرپرسێکی باڵای پارتەکەیانە، بەهەمان شێوە یەکێتییەکانی دەڤەری زەردیش کاتێ بێبەشبوون لە بەڕێوەبردنی ئیدارە خۆجێییەکانی دەڤەری زەرد ئەوانیش بونەتە ئۆپۆزسیۆنی ئەو حکومەتەی کە جێگری سەرۆک وەزیرانەکەی کوڕی سکرتێری گشتی حزبەکەیانە.
بەشدارینەکردنی پارتی لە ئیدارە خۆجێییەکانی دەڤەری سەوز بەجۆرێک لە جۆرەکان پارتییەکانی دەڤەری سەوز لە ماوەی چەند خولێکی حکومەتی هەرێمدا بونەتە ئۆپۆزسیۆن
هەروەها میدیای پارتی لەسنوری دەڤەری سەوز شانبەشانی میدیای ئۆپۆزسیۆن درێغی ناکات لەگوشار خستنە سەر دامەزراوە حکومییەکان و رۆڵی میدیایەکی سەرسەختی ئۆپۆزسیۆن دەبینێت، لەبەرامبەردا میدیای یەکێتیش بەهەمان شێوە لەدەڤەری زەرد بەپێی توانای خۆی رۆڵی ئۆپۆزسیۆن دەبینێت.
پارتی لە سنوری دەڤەری سەوز شانبەشانی میدیای ئۆپۆزسیۆن درێغی ناکات

 

لەکاتی خۆپیشاندەکانی سنوری دەڤەری سەوز بەشێک لەکادیرو ئەندامانی پارتی شانبەشانی کادیرو ئەندامانی لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن بەشداری لە خۆپیشاندانەکاندا دەکەن و گوشار لەسەر دامەزراوە حکومییەکانی ئەو دەڤەرە دروست دەکەن و هەندێک جار بەهۆی بەردەوامبوونی خۆپیشاندانەکان ناسەقامگیری ئیداری دروست دەبێت، حکومەت ناتوانێت بەرنامەی خۆی جێبەجێبکات. لەبەرامبەردا بەهەمان شێوە بەشێک لەکادیرو ئەندامانی یەکێتی لەسنوری دەڤەری زەرد بەشداری لە خۆپیشاندانەکاندا دەکەن. بەڵگەی ئەو راستییەیە ئەگەر ئەم دوو لایەنە لەسەر ئیدارە خۆجێییەکانی سەرجەم شارو شآرۆچکەکانی هەرێم رێکنەکەون، هیچ رێککەوتنێکی سیاسی لەسەرەوە بۆ خوارەوە بەشێوەیەکی سەرکەوتوانە جێبەجێ ناکرێت و تەنها لەسەرەوە قەتیس دەبێت.
بەشێک لە کادیر و ئەندامانی یەکێتی لە سنوری دەڤەری زەرد بەشداری لە خۆپیشاندانەکاندا دەکەن
لەلایەکی دیکەوە بە بەردەوامی بەشێک لە پارتی و بەشێکیش لە یەکێتی رۆڵی ئۆپۆزسیۆن دەبینن و حکومەتێکی یەککگرتووی سەرتاسەری فەراهەم نابێت، لەو کاتەدا ناتوانین رەخنە لەلایەنەکانی دیکەی کوردستان بگرین و پێشیان بڵێین قاچێکتان لەناو دەسەڵاتەو قاچەکەی دیکە لەناو ئۆپۆزسیۆن. کەواتە بەشداریکردنی ئەو دوو لایەنە لەناو ئیدارە خۆجێییەکانی دەڤەری سەوز و زەرددا زامنی سەرخستنی رێککەوتننامە سیاسییەکە دەبێت و بەمەش جەماوەرو میدیای هەردوولا پشتگیری لە رێککەوتننامەکەو سەرخستنی بەرنامەو ئەرکەکانی حکومەتی هەرێم دەکەن.
بە بەردەوامی بەشێک لە پارتی و بەشێکیش لە یەکێتی رۆڵی ئۆپۆزسیۆن دەبینن 

 

بۆیە زۆر گرنگە لە رێککەوتنی ئەم جارە برگەیەکی تایبەت هەبێت بەپرسی ئیدارە خۆجێیەکان.

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی و خەندان لێی بەرپرسیار نییە

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP