جگە لە شەراكەت رێگەی تر نییە

سەرتیپ جەوهەر - 4-02-2019 - 1438 جار خوێندراوەتەوە

سبەی دوبارە كۆبونەوەی وەفدی دانوستانكردنی یەكێتی نیشتیمانیی و پارتی دیموكراتی كوردستانە، تائێستا هیچ پێشنییارێكی نوێ‌ یان پرۆژەیەكی نوێ‌ لەلایەن هیچ كام لەو دولایەنەوە باسنەكراوە، بەڵام پێدەچێت لەم كۆبونەوەیە دوبارە یەكێتی نیشتیمانی كوردستان پرۆژەی پێشوی كە پێشكەشی پارتی كردووە بە "نوسراو" دوپات بكاتەوەو بەپێی زانیارییەكان یەكێتی ئامادەنییە ئەزمونی 2014 لەپرسی پێكهێنانی حكومەت دوبارە بكاتەوە، هەروەك ئەگەرەكان لەبەردەم خۆی و پارتی و لایەنەكانیش واڵا بكات.

تائێستا یەكێتی، لەكۆبونەوەكانیدا لەگەڵ پارتیدا، باسی لەدابەشكردنی پۆستەكاندا نەكردووە، چونكە پرسی دابەشكردنی پۆست لەگەڵ پارتی ئەولەویەتی گرفتەكانی كوردستان و حوكمڕانیی نییە، بەڵكو هەژمونی تاك حزبیی و میزاجی شەخسی و حزبیی بەسەر بڕیاردان و پەیوەندییەكانی و كۆنترۆڵكردنی سامانی سروشتیی و دارایی هەرێم، باسی گەرمی هەردولا بووە.

یەكێتی دەیەوێت ببێتە شەریكی راستەقینە لەبڕیاردان و داڕشتنی سیاسەتی هەرێم بەرامبەر وڵاتانی دەوروبەرو بەغدا، ببێتە شەریك لەداڕشتنی سیاسەتی دارایی و ئیدارەدان لەهەرێم، هەروەك بەبێ‌ گرێ ئاگاداری وردەكاری فرۆشتنی نەوت و گێڕانەوەی ئەو پارانە بۆ كوردستان و چۆنییەتی خەرجكردنی بێت، لەوەزارەتی پێشمەرگە و ناوخۆ شەریكی راستەقینە بێت، نەك وەك ئەوەی ئێستا دەبینرێت كە هیچ شتێك لەدەست كەس نەماوە! دوایین نمونە لەهەفتەی رابردوو نەخۆشخانەیەكی گەورەی سەربازیی كە لەلایەن ئەڵمانەكانەوە بۆ پێشمەرگە دروستكراو پێداویستییەكانی بۆ دابینكرا، كەچی پارتی لەدەرەوەی هەموو قانونێك بەبێ‌ ئاگاداری وەزارەتی تەندروستیی و پێشمەرگە لەئەنجومەنی وەزیرانەوە ستافێكی تەواو حزبیی بۆ دامەزراندوەو هەرایەكی گەوەرەی بەدوایخۆیدا هێناوە، ئێستا ئەڵمانەكان دەڵێن ئەگەر ئەو كارە راست نەكەنەوە، تەواوی هاوكارییەكانیان بۆ پێشمەرگە رادەگرن! ئەوەی باسی دەكەم نمونەیەكی زیندووە كە پارتی دەیەوێت تەواوی حوكمڕانیی لەكوردستان بە پارتی بكات، بۆیە هیچ دەرفەتێك لەبەردەم یەكێتی و لایەنەكانی دیكە نەماوە جگە لەراگرتنی ئەو سیاسەتەی ئیدارەی كوردستان بەرەو تاك حزبیی دەبات!

پارتی دەیەوێت خێرا حكومەت دروستبكرێت و پۆستی سەرۆكی حكومەت و هەرێم یەكلایی بكرێتەوە، بۆئەوەی هەم كێشەكانی ناوخۆی لەنێوان هەردو باڵدا دامركێنێتەوەو هەمیش قۆناغێكی نوێ لەناو پارتی دەستپێبكات، بەڵام یەكێتی تائێستا نەهاتۆتە ژێرباری دانانی سەرۆكی هەرێم، بەوپێیەی پێویست و زەرورەتی نەماوە.

ئەوەی زانراوە یەكێتی سورە لەسەر دەستنیشانكردنی پارێزگاری كەركوك پێش پێكهێنانی حكومەتی هەرێم، هەروەك سورە لەسەر شەراكەتی راستەقینەو گۆڕان لەسیاسەت و ئیدارەدانی حكومەت و پەرلەمان و دامەزراوەی دادوەریی، لەپاڵ ئەوەشدا دابەشكردنی پۆست و دەسەڵاتەكان لەئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتەكان باڵانس بكرێت.

بەدڵنیاییەوە رەنگە بەشێك لەسەركردایەتی پارتی تێگەیشتنیان بۆ شەراكەت لەگەڵ یەكێتیدا هەبێت، بەڵام پێدەچێت مەیلێكیش لەناو ئەو حزبەدا هەبێت بیەوێت پێكهێنانی حكومەت دوابخات، ئەگینا چۆن دەكرێت ئیعلامی باڵێكی ناو پارتی لەناكاو راپۆرتێكی (نەرێنی) بێ موناسەبە لەسەر سەرۆكی وەفدی دانوستانكاری یەكێتی بڵاوبكاتەوە، ئەمەش ئەو گومانە دووپات دەكاتەوە خەڵكانێكی دیاریكراو هەن مەیلیان ئەوەیە دانوستانەكان نەچنە پێش، هەربۆیە رۆژی دواتر رۆژنامەی خەبات رونكردنەوەیەكی بڵاوكردەوە كە ئەوەی بڵاوكراوەتەوە پەیوەندی بەپارتییەوە نییە!

لەكۆتاییدا ئەوەی گرنگە هەردولا لەوە دڵنیان بەبێ‌ (یەكێتی و پارتی) حوكمڕانی ئەم وڵاتە سەقامگیر نابێت، بۆئەوەی كۆبونەوەكانیش پێشكەوتن بەخۆیەوە ببینێت، بنیاتنانەوەی متمانەو زەمینەی گفتوگۆ پێویستە، نەك هەر باڵەو بەپێی بەرژەوەندیی خۆی میدیای خۆی گەرم بكات و سەرەنجام گفتوگۆكان رابگرێت.

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی و خەندان لێی بەرپرسیار نییە

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP