ئه‌رێ یه‌كێتى و گۆڕان بۆ واده‌كه‌ن؟

نەوزادی موهەندیس - 4-02-2019 - 7957 جار خوێندراوەتەوە

• ئه‌وه‌ى ئێستا ده‌گوزه‌رێت له‌ نێوان یه‌كێتى و گۆڕاندا كارێكى زۆر نائاساییه‌، له‌وه‌ى كه‌ ناتوانن به‌ربه‌ست و سه‌هۆڵبه‌ندانى نێوانیان بتوێننه‌وه‌ و له‌یه‌كدى نزیك ببنه‌وه‌ و دواتریش كۆببنه‌وه‌ و هه‌موو ڕاز و نیاز و گله‌یه‌كانى خۆیان له‌یه‌كترى بكه‌ن و په‌یوه‌ندیه‌كانیان ئاسایى بكه‌نه‌وه‌. ئاخر ناكرێت و كارێكى لۆژیكیش نیه‌ كه‌ دووهێزى گه‌وره‌ و خاوه‌ن جه‌ماوه‌ر و نفوز و پێگه‌ى سیاسى و له‌ناوچه‌ و جوغزى جوگرافیایه‌كى دیاریكراودا پێكه‌وه‌ كارنه‌كه‌ن و له‌یه‌كتر نزیك نه‌بن و ئاڵوگۆڕى بیروڕا له‌نێوانیاندا نه‌بێت و نه‌توانن پێكه‌وه‌ كاربكه‌ن و نه‌خشه‌ڕێگا بۆچاره‌سه‌رى كۆى كێشه‌ و ململانێ ناوخۆییه‌كانى خۆیان و كوردستان و ته‌نانه‌ت عێراقیش پێشكه‌ش نه‌كه‌ن.یه‌كێتى و گۆڕان زۆرجاران ده‌وترێت هه‌ردووكیان دوو لقى سه‌ره‌كى دره‌ختى هێزێكى ڕه‌سه‌نى كوردایه‌تین و هه‌ردووك پێكه‌وه‌ ده‌توانن شانبده‌نه‌ به‌ر زۆرێك له‌ كێشه‌ و ململانێكان و هه‌ردووكیش پێكه‌وه‌ ده‌توانن گه‌لێك كار و پڕۆژه‌ى گه‌وره‌ى ئاوه‌دانى و خزمه‌تگوزارى و ئه‌منیش پێشكه‌ش بكه‌ن لانى كه‌م بۆ ئه‌م ناوچه‌یه‌ى پێى ده‌وترێت ناوچه‌ى سه‌وز،چونكه‌ هه‌ردووكیان خاوه‌نى مێژوویه‌كى هاوبه‌شى 34 ساڵه‌ى خه‌باتى شاخ و شارن و هه‌ردووك پێكه‌وه‌ تاڵ و شیرینى زۆریان چه‌شتوه‌ و هه‌ردووكیان خاوه‌نى دوو سه‌ركرده‌ى كاریزما و مێژوو كردبوون ((مام جه‌لال و كاك نه‌وشیروان))و هه‌ردووكیان هه‌ڵگرى دروشمه‌كانى ئازادى و دیموكراسى و دادپه‌روه‌رى و گۆڕانكارى و چاكسازى و مافى چاره‌نوسى میله‌ته‌كه‌مانن به‌ ئێستاشه‌وه‌ بێت جه‌ماوه‌ره‌كه‌شیان تێكه‌ڵ و نزیكن له‌یه‌كترى و یه‌كێتى و گۆڕان وه‌ك گیانێكن له‌ دووجه‌سته‌دا.

ئه‌وه‌ى ئێستا ده‌گوزه‌رێت له‌ نێوان یه‌كێتى و گۆڕاندا كارێكى زۆر نائاساییه‌، ئەوان ناتوانن به‌ربه‌ست و سه‌هۆڵبه‌ندانى نێوانیان بتوێننه‌وه‌

• به‌داخیشه‌وه‌ له‌به‌رامبه‌ریشدا هه‌ردووكیشیان پێكه‌وه‌ خاوه‌نى هه‌ندێك سروشتى ناڕێك و ناته‌ندروستى حیزبایه‌تین كه‌ هۆكارى سه‌ره‌كین بۆ لاوازبونیان و خاوبونه‌وه‌ و  كه‌مبونه‌وه‌ى هێز و جه‌ماوه‌ر و توانایان بۆ یه‌كتر قبوڵكردن و ڕووبه‌ڕووبونه‌وه‌ى هێزه‌ به‌رامبه‌ره‌كانیان و هێواش هێواش به‌ره‌و قه‌تیس و بچوكبونه‌وه‌ى به‌رده‌وام هه‌نگاوده‌نێن به‌شێوه‌یه‌ك له‌هێزێكى گه‌وره‌ى نیشتیمانى و نه‌ته‌وه‌یى و ناوچه‌ییه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى ببنه‌ هێزێكى لۆكاڵى ناوچه‌یه‌كى بچوك و دیاریكراو. ئه‌وانیش بوونى ململانێیه‌كى ناڕه‌واى ناوخۆیى له‌ناو خودى هه‌ریه‌كه‌یاندا و باڵباڵێنى ناڕه‌وا و بیروڕاى دوور له‌یه‌كتر و هه‌وڵدان بۆ سه‌پاندنى هه‌ژموونى لایه‌ك و گروپێك به‌سه‌ر ئه‌ویتریاندا و دووركه‌وتنه‌وه‌یان له‌ دروشمه‌كانى دیموكراسى و ئازادى و ڕێزگرتن له‌ پڕه‌نسیپه‌ حیزبیه‌كان و دووركه‌وتنه‌وه‌ له‌ حیزبێكى یه‌ك و یه‌كگرتووى خاوه‌ن ناوه‌ندێتى بڕیار و دیموكراسیه‌تێكى مه‌ركه‌زى وه‌ك ڕچه‌یه‌كى خه‌بات و كاركردنى حیزبیانه‌ ونه‌به‌ستنى كۆنگره‌ و هه‌ندێك جاریش په‌نا بردنه‌ به‌ر هۆكار و میكانیزمى دوور له‌هه‌موو گیانێكى برایانه‌ و شۆڕشگێڕانه‌  كه‌ هه‌موو ئه‌م سیفات و هه‌ڵسوكه‌وت و بیركردنه‌وانه‌ وه‌كو میراتێكى مه‌ترسیدار له‌یه‌كێتیه‌وه‌ گوازراونه‌ته‌وه‌ بۆ ناو سه‌ركردایه‌تى و ئۆرگان و جه‌ماوه‌ره‌كه‌ى گۆڕانیش كه‌ له‌بنچینه‌دا هه‌موانیان هه‌ر له‌ كانیاوه‌كه‌ى یه‌كێتیه‌وه‌ ئاویان خواردۆته‌وه‌ و بۆیه‌ش به‌رده‌وامى هه‌یه‌.

یه‌كێتى و گۆڕان خاوه‌نى هه‌ندێك سروشتى ناڕێك و ناته‌ندروستى حیزبایه‌تین، كه‌ هۆكارى سه‌ره‌كین بۆ لاوازبونیان و خاوبونه‌وه‌ و  كه‌مبونه‌وه‌ى هێز و جه‌ماوه‌ر

• به‌داخه‌وه‌ هه‌ر ئه‌م ململانێ ناڕه‌واییانه‌ له‌ژێر په‌رده‌ى بونى دیموكراسیه‌ت و ئازادیه‌كان و فره‌یى بیروبۆچوون و هه‌مه‌ڕه‌نگى و هه‌مه‌ ده‌نگى جیاواز بونه‌ته‌ هۆكارى لێكهه‌ڵوه‌شان و جیابونه‌وه‌ به‌رده‌وامه‌كان له‌ناو ڕیزه‌كانى یه‌كێتى و له‌ ئێستاشدا له‌ناو ڕیزه‌كانى گۆڕانیشدا سه‌ریانهه‌ڵداوه‌، زۆربه‌شیان پاڵنه‌ر و هۆكاره‌كانیان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ هه‌ڵپه‌كردنى وه‌رگرتنى ده‌سه‌ڵات و پله‌ و پۆستى حیزبى و حكومى نه‌ك جیاوازى له‌ ئایدیاو ڕچه‌ وفكر و ڕێبازى خه‌بات وكاركردندا.

پاڵنه‌ر و هۆكاره‌كان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ هه‌ڵپه‌كردنى وه‌رگرتنى ده‌سه‌ڵات و پله‌ و پۆستى حیزبى و حكومى، نه‌ك جیاوازى له‌ ئایدیاو ڕچه‌ و فكر 

• له‌ دواى جیابونه‌وه‌ى گۆڕان له‌ یه‌كێتى و هه‌ردواى كه‌متر له‌ 5 ساڵ هه‌ستكرا به‌وه‌ى كه‌ پێویسته‌ ئه‌م دوو هێزه‌ له‌یه‌كتر نزیك ببنه‌وه‌ دواى پڕۆسه‌ى دوو هه‌ڵبژاردن  له‌هه‌رێمى كوردستان و له‌ به‌غدادیش له‌ساڵانى 2009 و 2010داو ده‌ركه‌وت كه‌ هێز و پێزى هه‌ردوولایان دابه‌شبوون و ناتوانن بارته‌قاى هێزى نه‌یاره‌ مێژووییه‌كه‌یان ببنه‌وه‌ نه‌ له‌كوردستان و نه‌ له‌ عێراقیشدا، بۆیه‌ گه‌یشتنه‌ ئه‌و بڕوایه‌ى كه‌ لێكتێگه‌یشتن و نزیكبونه‌وه‌ له‌نێوانیاندا ڕووبدات . ئه‌وه‌بوو له‌ ساڵى 2012دا ڕێكه‌وتنامه‌ى ده‌باشانى /1 و دواتریش ده‌باشانى/ 2 به‌ ئاماده‌بوونى هه‌ردوو ڕه‌وان شاد(( مام و كاك نه‌وشیروان)) واژۆكران و دواتریش له‌دواى هه‌ڵبژاردنه‌كانى 2013 و 2014ى هه‌رێم و عێراق جارێكى تر و له‌ ئه‌نجامى به‌ده‌ستهێنانى ئه‌نجامه‌ مه‌ترسیداره‌كانى هه‌ردوولا له‌به‌رامبه‌ر هێز و سه‌ركرده‌ى تردا  كه‌وتنه‌وه‌ خۆ بۆ زیاتر لێكنیزكبونه‌وه‌ و به‌تایبه‌تیش له‌سه‌ر ده‌مى نه‌خۆشكه‌وتنى هه‌ردوو ڕه‌وانشاده‌كاندا و ئه‌وه‌بوو له‌ 16/5/2016دا به‌ ئاماده‌بوونى هه‌ردوو سكرتێر و ڕێكخه‌رى گشتى یه‌كێتى و گۆڕان له‌ ده‌باشانى شارى سلێمانى ڕێكه‌وتنى سیاسى واژۆكرا و ئیدى بۆهه‌موان هه‌واڵێك و هه‌نگاوێكى دڵخۆشكه‌ربوو و ئومێدى زۆریشى له‌سه‌ر هه‌ڵچنرا.

 دواى جیابونه‌وه‌ى گۆڕان له‌ یه‌كێتى هه‌ستكرا به‌وه‌ى كه‌ پێویسته‌ ئه‌م دوو هێزه‌ له‌ یه‌كتر نزیك ببنه‌وه‌ 

• به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ بۆ جارێكى تریش ئه‌م ڕێكه‌وتنه‌ نه‌بوه‌ فریادڕه‌س و جێگه‌ى به‌ناكۆكى و ململانێكانى هه‌ردوولا هه‌ڵنه‌چنى و نه‌یتوانى ئاوێك بكاته‌ سه‌ر ئه‌و ئاگره‌ى كه‌له‌ناخى هه‌ندێك سه‌ركرده‌ و لایه‌نگرى هه‌ردوولادا دژ به‌یه‌ك هه‌ڵایسابوو و هه‌ریه‌كه‌شیان له‌ناو هه‌ردولاوه‌ له‌هه‌وڵى تێكشكاندن و سه‌رنه‌خستن و ڕێگرى دروستكردن بوون بۆ ڕێكه‌وتنه‌كه‌ و له‌ئه‌نجامیشدا ئه‌و دوو هێزه‌ شه‌ڕانى و نه‌گریسه‌ به‌ مه‌رامه‌كانیان گه‌یشتن و وته‌ به‌ناوبانگه‌كه‌ى ڕه‌وانشاد كاك نه‌وشیروان مسته‌فایان هێنایه‌ دى كه‌ وتى ((عیبره‌ت له‌ نوسیه‌وه‌دا نیه‌ و عیبره‌ت له‌ جێبه‌جێكردندایه‌)). هه‌رواش ده‌رچوو كه‌ نه‌هێڵرا جێبه‌جێ بكرێت،جا ئه‌و هێز و كه‌س و لایه‌ن و ده‌ستڕۆیشتوانه‌ كێبوون و كێن له‌ ئێستاشدا ،ئه‌وا ده‌بێت مێژوو ڕووى ڕه‌شیان هه‌ڵماڵێت چونكه‌ گه‌لێك ده‌سكه‌وتى گه‌وره‌ و گرنگیان له‌ده‌ست كوردستان و به‌تایبه‌تیش سلێمانى دا.

وته‌ به‌ناوبانگه‌كه‌ى ڕه‌وانشاد كاك نه‌وشیروان مسته‌فایان هێنایه‌ دى كه‌ وتى، عیبره‌ت له‌ نوسیه‌وه‌دا نیه‌ و عیبره‌ت له‌ جێبه‌جێكردندایه‌

• له‌ ئێستاشدا ماوه‌ى زیاتر له‌ 10 مانگه‌ یه‌ك كۆبونه‌وه‌ى دوو قۆڵى له‌نێوانیاندا سازنه‌كراوه‌ و هیچ هه‌وڵێكى جدیش نیه‌ بۆ پێكه‌وه‌ دانیشتن و كاركردن نه‌ به‌نهێنى و نه‌ به‌ئاشكرا،بۆیه‌ به‌ڕاستى ئه‌مه‌ كارى كرده‌ نیه‌ و بگره‌ كاره‌ساتیشه‌ چونكه‌ له‌سیاسه‌تدا هه‌موو كات به‌رژه‌وه‌ندیه‌كان پاڵنه‌ر و هۆكارى سه‌ره‌كین بۆ دروستكردن و ڕاگرتنى په‌یوه‌ندیه‌كان نه‌ك دوژمنایه‌تى و دۆستایه‌تى و سیاسه‌تیش به‌ ڕق و كینى كۆن ناكرێت و هیچ به‌رهه‌مێكیشى لێ شین نابێت، به‌هه‌مان شێوه‌ ناكرێت ئه‌م دۆخه‌ قه‌تیس و به‌سته‌ڵه‌كبوه‌ى نێوانیان تاسه‌ر درێژه‌ بكێشێت له‌ كاتێكدا هه‌ردوولایان زۆر پێویستیان به‌یه‌ك و به‌پێكه‌وه‌كاركردن هه‌یه‌ نه‌ك ته‌نها له‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندى حیزبایه‌تى خۆیاندا به‌ڵكو له‌ پێناو ئاینده‌ى هه‌رێمه‌كه‌ و میله‌ته‌كه‌شماندا، له‌كاتێكدا كه‌ هه‌رێم و عێراق و ناوچه‌كه‌ش له‌به‌رده‌م گۆڕانكارى گه‌وره‌ و كتوپڕدان و ده‌شێت له‌هه‌ر ئان وساتێكدا هه‌رێم ببێته‌ گۆڕه‌پانى ململانێ ناوچه‌یى و نێوده‌وڵه‌تى و تیرۆریسته‌كانیشدا.

ناكرێت ئه‌م دۆخه‌ قه‌تیس و به‌سته‌ڵه‌كبوه‌ى نێوانیان تاسه‌ر درێژه‌ بكێشێت له‌ كاتێكدا هه‌ردوولایان زۆر پێویستیان به‌یه‌ك و به‌پێكه‌وه‌كاركردن هه‌یه‌

• بۆیه‌ ئەگه‌ر ئه‌و پرسیاره‌ بكه‌ین و بڵێین، ئه‌رێ ئه‌و ناكۆكى و خاڵه‌ جیازایانه‌ چین له‌نێوان یه‌كێتى و گۆڕاندا كه‌ ڕێگرن ته‌نانه‌ت له‌به‌رده‌م كۆبونه‌وه‌یه‌كى دووقۆڵیتاندا ؟ ئایا ناكۆكى و خاڵه‌ جیاوازه‌كانتان له‌ جیاوازیتان له‌گه‌ڵ هێزه‌ نه‌یاره‌كه‌تاندا گه‌وره‌تره‌؟ ئایا لۆژیكه‌ پارتى له‌گه‌ڵ هه‌ردولاتاندا كۆببێته‌وه‌ به‌جیا كه‌نیه‌تێكى باشیشى نیه‌، به‌ڵام ئێوه‌ له‌شارێك و له‌ناوچه‌یه‌ك و نزیكترن له‌یه‌كتر كه‌چى كۆنابنه‌وه‌؟ئایا ئه‌مه‌ كارى سیاسى و حه‌كیم و خه‌مۆرانه‌یه‌ یان كارى ڕق و كین و سه‌نگه‌ر له‌یه‌كگرتنه‌؟.

ئایا ناكۆكى و خاڵه‌ جیاوازه‌كانتان له‌ جیاوازیتان له‌گه‌ڵ هێزه‌ نه‌یاره‌كه‌تاندا گه‌وره‌تره‌

به‌دڵنیایى ده‌ڵێم هیچكات ململانێ و ناكۆكیه‌كانى نێوان یه‌كێتى و گۆڕان به‌هێنده‌ى جیاوازى و ناكۆكیه‌كانى نێوان پارتى و هه‌ردوولاتاندا نیه‌، لانیكه‌م خوێن له‌ نێوان هه‌ردوولاتاندا نه‌ڕژاوه‌ و شه‌ڕى ناوخۆتان هه‌ڵنه‌یساندوه‌ و موڵك و ماڵى یه‌كترتان داگیر نه‌كردوه‌ و سه‌روه‌ت و سامانى میله‌تیشتان له‌ نێوخۆتاندا دابه‌ش نه‌كردوه‌،بۆیه‌ ده‌كرێت به‌ گیانێكى دڵسۆز و خه‌مخۆرانه‌ى زیاترو په‌رۆشانه‌ تر له‌یه‌كتر بێنه‌ پێشه‌وه‌ و هه‌نگاو به‌سه‌ر هه‌موو ناكۆكى و ململانێكاندا بنێن و لاپه‌ڕه‌یه‌كى نوێ هه‌ڵبده‌نه‌وه‌ و ده‌ستبده‌نه‌ كارى پێكه‌وه‌ی و ئه‌وه‌ى هه‌ردوو ڕه‌وانشاده‌كان ده‌ستیان پێكرد ئێوه‌ ته‌واویان بكه‌ن و له‌گه‌ڵ هێز و لایه‌نه‌كانى ترى ئه‌م ناوچه‌یه‌ و ته‌واوى كوردستاندا ده‌ستبده‌نه‌ ده‌ستى یه‌كتر و هاوكارى و لێكتێگه‌یشتن دروستبكه‌ن و هه‌موو كات ڕۆژانى سه‌ختى خه‌باتى پێكه‌وه‌یى شار و شاخ وه‌بیر یه‌كتر بهێنه‌وه‌ و ڕۆژانى ڕه‌شى شه‌ڕى ناوخۆى نه‌گریس و قێزه‌ون و ده‌ركردنى وه‌زیر و ڕێگه‌گرتن له‌سه‌رۆكى په‌ڕله‌مان و داخستنى ده‌رگاى په‌ڕله‌مان بهێنه‌وه‌ یادى خۆتان و ئه‌و ڕاستیه‌ش بزانن كه‌ به‌یه‌كه‌وه‌ و له‌گه‌ڵ یه‌كتر به‌هێز و زیاتر ڕێزلێگیراون نه‌ك وه‌ك ئێستا دوور له‌یه‌ك و دڕدۆنگ و ناحه‌ز و دووره‌ په‌رێز بن،چونكه‌ به‌ردوامبوونى ئه‌م ناكۆكیانه‌تان سه‌رده‌كێشێت بۆ زیاتر بچوكبونه‌وه‌ و بێهزیتان له‌به‌رامبه‌ر هێزه‌ نه‌یاره‌كه‌تاندا.

ده‌كرێت به‌زووترین كات یه‌كه‌م كۆبونه‌وه‌ى دوو قۆڵى ئه‌نجامبده‌ن و له‌سه‌ر یه‌ك نه‌خشه‌ڕێگاش بۆ چاره‌سه‌رى ته‌واوى كێشه‌كانى كوردستان و كه‌ركوك و عێراقیش ڕێكبكه‌ون

بۆیه‌ ده‌كرێت به‌زووترین كات یه‌كه‌م كۆبونه‌وه‌ى دوو قۆڵى ئه‌نجامبده‌ن و له‌سه‌ر یه‌ك نه‌خشه‌ڕێگاش بۆ چاره‌سه‌رى ته‌واوى كێشه‌كانى كوردستان و كه‌ركوك و عێراقیش ڕێكبكه‌ون و كارى جدى بكه‌ن بۆ پێكه‌وه‌نانى حكومه‌تى نوێى هه‌رێم و به‌گه‌رموگوڕى و به‌ده‌سه‌ڵاتیشه‌وه‌ تیایدا به‌شداربن وو ببنه‌ شه‌ریكێكى ڕاسته‌قینه‌ى خاوه‌ن بڕیار له‌ پێناو باشتر خزمه‌تكردنى كۆمه‌ڵانى خه‌ڵكدا و ڕێكه‌وتنه‌ سیاسیه‌كه‌ى 16/5/2016ش ببوژێنه‌وه‌،كه‌هه‌ر به‌م هه‌نگاوانه‌ ده‌توانن هه‌ردوولاتان ببنه‌وه‌ جێگه‌ متمانه‌ و ئومێد بۆ دۆست و لایه‌نگرانتان و بۆ ته‌واوى جه‌ماوه‌رى میله‌ته‌كه‌شمان و سه‌ركرده‌ و حیزبه‌ سیاسه‌كانى تریش چونكه‌ له‌ئه‌نجامى بێهێزى هه‌ردوولاتانه‌وه‌ ئه‌وانیش بچوك و بچوكتر بونه‌ته‌وه‌ و به‌ گه‌شانه‌وه‌ و به‌هێزبونه‌وه‌ى ئێوه‌ش گه‌شانه‌وه‌ى هه‌موان و ته‌واوى كوردستانیشى لێده‌كه‌وێته‌وه‌.


ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی و خەندان لێی بەرپرسیار نییە

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP