خەڵک چۆن یەکێتی دەبینن؟

سلێمان عەبدوڵا یونس - 3-02-2019 - 9168 جار خوێندراوەتەوە

ئۆپۆزسیۆنبون بۆ یەکێتی بژاردەیەکی واقعی نیە، بەڵام ئەگەر بابەتەکە ھاتەسەر ئەوەی یەکێتی بەدەر لەقوربانی و پێگەی مێژویی و چاوەڕوانی بنکە جەماوەریەکەی بەشداری پێ بکرێت و نەتوانێت ھاوبەشی ڕاستەقینە و ھاوسەنگی داواکراو بپارێزێت، ئەوا ھیچ گومانی تیانیە، ھەر بژاردەیەکی تر بۆ ئەو حزبە،وەک ستراتیژ، باشترە لەبەشداری.

ھەرکاتێک یەکێتی لەدەرەوەی حوکمڕانی کوردستان بێت، جەستە و جوڵەی ئەو حوکمڕانیە جەستە و جوڵەیەکی نیوە مردو بێت، ئەو ھێزە بەھەر ھۆکارێک بکەوێتە دەرەوەی حوکمڕانیەوە، لە ناوەوەی قەڵەمڕەوەکەیدا، بەستەڵەکی ئیداری ڕودەدات و لەدەرەوەی قەڵەمڕەوەکەشی جوڵەکانی بەڕێوەبردنی وڵات بۆ جوڵەی نیوەمردو دادەبەزن. ئەوەش بەتەنیشت یەکێتیەوە بۆ پارتی باش نیە چونکە وادەکات مەسرور بارزانی بەقەیران دەرگای ئەزمونە دەسپێکیەکەی بکاتەوە، لەکاتێکدا ئەو خۆی بۆئەوەدێت دەرگای قەیرانەکانی ڕابردو دابخات!

یەکێتی ئەگەر ببێتە ئۆپۆزسیۆن دەتوانێت فۆڕمێکی نوێ، بھێنێتە کایەوە و بژاردەی حکومەتی سێبەر بکات بەوێستگەی سەردەمێکی دیکەی بنیاتنانەوەی جیاوازی خۆی، وێستگەیەک ڕەنگە بەشێک لەسەرکردایەتیەکەی بەحوکمی بەرژەوەندیە تایبەتیەکان توشی دڵەڕاوکێ بکات، بەڵام لەئاستی کادر و  بنکە جەماوەیەکەی توشی خرۆشانەوە و جۆشدانەوە و بنیاتنانەوەی ئیرادە دێت.

خەڵک یەکێتی دەوێت بۆئەوەی وەک  ھاوتای پارتی و حزبی مامجەلال دەربکەوێت و حوکمڕانیەکی دیمکرات و دادپەروەر سەرکردایەتی بکات و لەکایەکەدا وەک داڕێژە و بڕیادەر لەئاڕاستەکردنی گۆڕانکاریەکاندا بمێنێتەوە. چونکە لەبنەڕەتەوە خەڵک وا یەکێتی دەبینن کە ھێزێکە بەرپرسیار، حزبێکە بۆ پاشکۆبون نیە.

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP