تێکەڵکردنی کارتەکان یان بیانو بۆ هێشتنەوەی کێشەکان!

کاوسێن بابەکر - 22-01-2019 - 1009 جار خوێندراوەتەوە

هەڵبژاردن خەریکە سێ مانگ و نیو تەواو دەکات و هێشتا کۆبونەوەکان جمەیان دێ و هیچ لایەکیش خۆی بەبەرپرسی دواکەوتنی پێکهێنانی حکومەت نازانێ بە پارتیشەوە!لەکاتێکدا پارتی مادام خۆی بەبراوەی هەڵبژاردن دەزانێ و لایەنەکانیش دوای بۆلەبۆڵێکی ناجدی ملیان بۆدا، دەبێت ئەو لایەنانە بەشدار پێبکاو هەرچی زووە کێکەکە پارچەبکا.

یەکێتی نەیشاردۆتەوە کە هەموو کێشەکان پێکەوە چارەسەر بکەن و ناکرێت هەندێک کێشە بە هەوڵواسراوی بمێننەوەو ببنە هۆکار بۆ مشتومڕو دۆکەڵاوی کردنی حوکمڕانیەکە، لەوانەشە ئەوکێشانە ئەگەر چارەنەکران و هەروا مانەوە ببنە هۆکاری سەرنەکەوتنی حکومەتەکەش، بۆیە خۆگێلکردن و خۆدزینەوە لە چارەسەر بۆ کێشەکان چ لە کوردستان بەتایبەت کێشەی دانانی پارێزگاری کەرکوک کەمافی یەکێتیە بەدانانیشی کێشەکانی خەڵکی کەرکوک کە خەریکە دووبارە تەعریب دەکرێنەوە بەرەو چارەسەر بڕۆن، کێشەی مافەکانی کورد لە بەغدا، ئیدی زەمینەی پێکەوە کارکردن لە حکومەتی نوێی کوردستاندا باشتر دەڕەخسێ و یەکڕیزی نێوماڵی کورد کە مەرجی لە ڕۆستهاتنی کێشەو ڕوداوەکانی ئایندەیە دەکرێت بێتەدی.

ناکرێت هەندێک کێشە بە هەڵواسراوی بمێننەوە
پارتی کە بەبردنەوەی هەڵبژاردنی د.بەرهەم قەڵس بوو بوو بێ ئەوەی پرس بەهیچ لایەنێک بکات مەسرور بارزانی بۆ سەرۆکی حکومەت کاندیدکرد و نێچیرڤان بارزانی کە بێ پۆست دەمایەوە بۆ سەرۆکی هەرێم کە هێشتا یاساکە هەڵپەسێراوەو دیاریش نییە پەرلەمان کەی و چۆن ئەم یاسایە دێنێتەوە گۆڕێ و تێیدەپەڕێنێت.

پارتی بە هەڵبژاردنی د. بەرهەم قەڵس بوو

ناشزانرێت کێ ئەومافەی بە پارتی داوە کە هەردو پۆستەکە بۆخۆی بەرێت؟ ئەگەر سەرۆکی حکومەت بەرئەنجامی هێنانی دەنگی زۆرینەبێ ئەی سەرۆکی هەرێم بۆ؟ ئەگەر بڵێ بەرانبەر بە پۆستی سەرۆک کۆمارە ئەدی هەر ئەوان نین قەڵسبوون لە وەرگرتنی ئەو پۆستە لەلایەن یەكێتیەوە هەرچەند بە هەڵبژاردنیش بوو! پاشان با ئەو پرسیارە بکەین بۆچی پارتی دەڵێت یەکێتی کارتەکان تێکەڵ دەکات؟ واتا نابێت کێشەکان هەموو بخەینە سەر مێزەکە ئێستا تەنها قسەلەپێکهێنانی حکومەت دەکەین و با کێشەکانی بەغداو کەرکوک بمێنن، وەک مینێک تا پێماندا دەتەقنەوە.

کێ ئەومافەی بە پارتی داوە کە هەردو پۆستی سەرۆکی هەرێم و حکومەت بۆخۆی بەرێت؟

یان ئەوە هەر بیانویەکە بۆ هێشتنەوەی کێشەکان بۆ یاریکردن بە چارەنوسی کورد بەگشتی و خەڵکی کەرکوک بەتایبەتی بەوهیوایەی یەکێتی لاوزبکەن و خۆیان بەرهەم بۆ حزبەکەیان کە هیچ پێگەیەکی گرنگی لەوشارە دا نییە بچننەوە.

هەموومان خێرایی روداوەکان دەبینین و داعش کۆتایی نەهاتووە و لە ئاسۆشدا هەوری شەڕێکی گەورە دەگرمێنێت و لە هەموکات زیاتر کورد پێویستی بە یەکڕیزی و یەکسەنگەری هەیە بۆیە دەبێت هەرچی زووتر کێشەکان چارەسەر بکەن و متمانە بۆ نێوخۆیان و خۆیان وخەڵک بگێڕنەوە دەنا کات بە بەریەوە نەماوە و هەمو کاتێکیش زەمەن دەرفەت ناڕەخسێنێ کە ئێستا تاڕادەیەک ڕەخساوە و ئەگەر لەدەست بچێ ئەوا بەپلەی یەکەم حزبەکانی سەر گۆڕەپانەکە بەر پرسیاردەبن.

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP