رۆژنامه‌ی واشنتن پۆست، فه‌یك ده‌رچوو

لوقمان غه‌فوور - 17-01-2019 - 1487 جار خوێندراوەتەوە

مسته‌ر ئێلكس، ئه‌م نیوه‌ڕۆیه‌ به‌رۆژنامه‌یه‌كی واشنگتن پۆست-ه‌وه‌ خۆی كرد به‌ پۆلدا، دوای خوێندنه‌وه‌ی ناوی ئاماده‌بووان، رۆژنامه‌یه‌كی گرت به‌ده‌سته‌وه‌ و وتی:"ئه‌مه‌ رۆژنامه‌ی ئه‌مڕۆی زه‌ واشنگتن پۆست-ه‌"، ئه‌م ناونیشانه‌تان پێ چۆنه‌؟
مانشێتی سه‌ره‌كی رۆژنامه‌كه‌ی واشنگتن پۆست به‌ گه‌وره‌ی نووسرابوو "UNPRESIDENTED"، به‌دوایدا مانشێت فه‌رعییه‌ك نوسراوه‌ "تره‌مپ به‌په‌له‌ كۆشكی سپی جێهێشت، قه‌یران كۆتایی هات"، له‌گه‌ڵ بینینی مانشێته‌كه‌ هه‌موو تووشی ئه‌ستۆنش (حه‌په‌سان) بووین. هه‌ریه‌ك له‌به‌رخۆیه‌وه‌ قسه‌یه‌كی ده‌رپه‌ڕاند، به‌شێكیشیان وه‌ك كاردانه‌وه‌ی هه‌میشه‌یی ئه‌مریكییانه‌، وتیان:"WOW THAT IS GREAT"، له‌ولاوه‌ وتیان: "NO.. CRAZY".
دواتر ئێلێكس وتی، پێتان سه‌یره‌ واشنگتن پۆست ئه‌مه‌ مانشێتی بێت؟ ئایا له‌و باوه‌ڕه‌دان ئه‌م ده‌ستپێشخه‌ربێت بۆ هه‌واڵێكی له‌و جۆره‌؟ گفتۆگۆ له‌و باره‌یه‌وه‌ زۆر كرا، هه‌ندێك له‌و باوه‌ڕه‌دان له‌ئه‌مریكا ئه‌وه‌ روونادات بێئه‌وه‌ی پێشوه‌خت زه‌مینه‌ی بۆ نه‌ڕه‌خسێت واته‌ رۆژنامه‌ی كاغه‌ز فریای ئه‌وه‌ ناكه‌وێت كه‌ به‌شێكی كه‌می كۆمه‌ڵگه‌ لێی بێئاگا بێت، هه‌ندێكی تر له‌و باوه‌ڕه‌دابوون كه‌ واشنگتن پۆست، رۆژنامه‌یه‌كی به‌هێزه‌ و جورئه‌تی له‌وه‌ زیاتریشی هه‌یه‌ كه‌ ئه‌و هه‌واڵه‌ی چنگ كه‌وێت.
دواتر دای به‌ پرۆجێكته‌ره‌وه‌كه‌ و وتی: سه‌یرێكی رۆژی ده‌رچوونی بكه‌ن، نووسرابوو "1ی مه‌ی 2019 واته‌ 1-5-2019"، هه‌موو دامانه‌ قاقای پێكه‌نین، چیرۆكی ده‌رچوونی واشنگتن پۆست-ی فه‌یك-ی ئه‌مڕۆ ته‌واوی میدیای ئه‌مریكی هه‌ژاند، كه‌ ئه‌ویش ژماره‌یه‌كی چالاكوانی مه‌ده‌نی له‌ژێر ناوی "MoveOn "كه‌ گروپێكه‌ وه‌ك ئه‌نتی- تره‌مپ كارده‌كه‌ن، زیاتر له‌ 10 هه‌زار ژماره‌ی فه‌یك-یان له‌واشنگتن پۆست چاپكرد، به‌هه‌مان جۆری وه‌ره‌ق و قه‌باره‌و شێوه‌ و دیزانی ژماره‌ی ئۆرجناڵ-ی ئه‌مڕۆ، مانشێتی سه‌ره‌كی و هه‌واڵی سه‌ره‌كی و ته‌واوی بایه‌ته‌كان هه‌واڵ و چیرۆك بوو دژی سه‌رۆك تره‌مپ.
دیالۆگ له‌سه‌ر بابه‌ته‌ گه‌رمبوو، به‌ده‌ر له‌تێكه‌ڵبوونی بیری لایه‌نگری بۆ دیموكراتخواز و كۆمارییه‌كان، بابه‌ته‌ له‌سه‌ر دوو شت گیرسایه‌وه‌ و مه‌به‌سیش هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌وه‌ بوو، یه‌كه‌میان كاریگه‌ری رۆژنامه‌گه‌ریی فه‌یك له‌سه‌ر كۆمه‌ڵگه‌ی ئه‌مریكی و كاردانه‌وه‌یان بۆی؟ دووه‌میان فلاشباكی كۆمه‌ڵگه‌ی ئه‌مریكی بۆ هه‌واڵێكی له‌وجۆره‌ ئه‌بێت چی بێت؟ له‌رووی سیۆسیۆلۆجیشه‌وه‌ ئایا ئه‌مه‌ رێگه‌یه‌كی شیاوه‌ بۆ ناڕه‌زایی ده‌ربڕین.
هه‌موو ئه‌مانه‌ زۆربه‌مانی كۆكرده‌وه‌ كه‌ ئه‌مه‌ جۆرێكی گونجاوه‌ له‌ ناڕه‌زایی ده‌ربڕین به‌رامبه‌ر سه‌رۆك تره‌مپ و داوای ده‌ستبه‌رداربوونی پۆسته‌كه‌ی له‌لایه‌ن گروپێكی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی، له‌هه‌مانكاتدا وه‌ك ده‌ربڕینێك بۆ پێشبینی له‌داهاتوو كه‌ ده‌شێت له‌مانگی ئایار-ی 2019 رووبدات.
ئه‌م گروپه‌ خۆبه‌خشه‌ له‌كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی بیست ساڵ زیاتره‌ ئه‌م جۆره‌ كاره‌ ده‌كه‌ن، هه‌ر سه‌رۆكێك له‌ئه‌مریكا فۆكسێكی خراپ و ره‌خنه‌یی له‌سه‌ر بێت له‌ساتێك له‌ساته‌كانی سه‌رۆكایه‌تیدا ئه‌مان جگه‌ له‌چالاكییه‌كانی دیكه‌ رۆژنامه‌یه‌كی به‌ناوبانگ هه‌ڵده‌بژێرن و ده‌یكه‌ن به‌ سوپرایز، ساڵی 2008 ش رۆژنامه‌ی نیوۆرك تایمز-یان هه‌ڵبژارد.
گروپێك له‌خوێندكاره‌كان پێیان وابوو ئه‌مه‌ سه‌رخستنی دیموكراسییه‌ له‌ئه‌مریكا كه‌ گروپه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی ته‌نیا زیانیان نه‌بێت بۆ سه‌ر ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌وا هه‌موو چالاكییه‌كیان له‌به‌رده‌مدا كراوه‌یه‌ و ئه‌بێت ئه‌م گیانه‌ زیندووه‌ بپارێزرێت.
به‌ڵام گروپێكی تر پێیانوابوو جگه‌ له‌هه‌واڵێكی فه‌یك هیچی تر نییه‌ و له‌م سه‌رده‌مه‌شدا كه‌ پێگه‌ی فه‌یك لێشاوێك هه‌واڵی درۆ بڵاوده‌كاته‌وه‌ كاریگه‌ری نابێت، به‌ڵام گروپێكی له‌به‌رامبه‌ردا وتیان، بۆ رۆژنامه‌یه‌كی وه‌ك واشنتۆن پۆست كه‌ هێزێكی مه‌عنه‌وی هه‌یه‌ و توانای جوڵاندنی كۆمه‌ڵگه‌ی هه‌یه‌، كاریگه‌ری گه‌وره‌ی ده‌بێت.
مسته‌ر ئێلكس وتی، ئه‌ی بۆ وا بیر نه‌كه‌ینه‌وه‌ ئه‌م گروپه‌ به‌م كاره‌یان پێمان بڵێن رۆژانه‌ به‌هه‌زاران هه‌واڵی فه‌یك ئه‌ته‌قێته‌وه‌ به‌ڕووماندا و ده‌یكێشێ به‌ده‌وروبه‌رماندا و پێویسته‌ میدیا ورد مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ هه‌واڵدا بكات؟، یاخود بۆچی واینه‌بینین، كه‌ ئه‌م رێكخراوه‌ پێمان بڵێت پێویسته‌ رۆژمانه‌و گۆڤاره‌كان فشاری زیاتر بكه‌ن له‌سه‌ر سه‌رۆك تره‌مپ بۆ ده‌ستبه‌رداربوونی پۆسته‌كه‌ی.
به‌شێكمان رامان وابوو كه‌ زه‌ واشنتۆن پۆست خۆی هانده‌ر بێت بۆ ئه‌وه‌ی بره‌و بدات به‌ ڕۆژنامه‌كه‌ی، به‌ڵام مسته‌ر ئێلیكس له‌گه‌ڵ ئه‌م بۆچوونه‌دا نه‌بوو، چونكه‌ پێیوابوو هه‌ر دوابه‌دوای بڵاوبوونه‌وه‌ی هه‌واڵه‌كه‌ "زه‌ واشنگتن پۆست" روونكردنه‌وه‌یه‌كی بڵاوكرده‌وه‌، وتیشی:"رۆژنامه‌یه‌كی وه‌ك واشنگتن پۆست پێویستی به‌وه‌ نییه‌ ره‌واج بۆ رۆژنامه‌كه‌ی په‌یدا بكات".
دوا قسه‌ی من ئه‌وه‌بوو كه‌ هه‌موو ئه‌مانه‌ ده‌ریده‌خات كه‌ میدیا و گروپه‌كانی كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی له‌ئه‌مریكا هێنده‌ ئازادییان بۆ ره‌خسیوه‌ له‌توانایاندایه‌ داهێنان له‌هه‌موو ناڕه‌زایه‌تییه‌كدا بكه‌ن، هه‌موو ئامانجه‌كه‌ش له‌پێناو سه‌رخستنی پرۆسه‌یه‌كه‌ ئه‌ویش دیموكراسییه‌ له‌ئه‌مریكا.

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP