سپیکردنەوەی پارەی ڕەش

گوڵاڵە صدیق - 15-01-2019 - 6142 جار خوێندراوەتەوە

سپیکردنەوەی پارەی ڕەش Money launderingبەکرداری ئاڵوگۆڕکردنی بڕە پارەی گەورە کە بە شیوازی نایاسایی پەیداکراوە، وە گۆڕینەوە یان تێکەڵکردنی لەگەڵ پارەیەک کە بەشێوازی یاسایی پەیداکرابێت کە بگونجێت بۆ ئاڵوگۆڕکردن و بەکارهێنانی لە چالاکییە بازرگانییە یاساییەکاندا دەگوترێت سپی کردنەوەی پارە.
وە هەروەها بە ناردنە دەرەوەی پارە بۆ دەرەوەی وڵات بەبێ هاتنە ناوەوەی شتومەک و کاڵا بەقەدەر بڕی پارە نێردراوەکە بۆ ناوەوەی وڵات و وەگەڕخستنی پارەکە بۆ سودی تاکە کەسی لەدەرەوەی وڵات دیسان دەچێتە قاڵبی سپیکردنەوەی پارە.
یـــان شاردنەوە و داپۆشینی ئەو سەرچاوانەی کە بڕەپارەیەکی گەورەی تێدا بەدەست هاتوە لە ڕێگا و سەرچاوەی نایاساییەوە، وە خستنەگەڕی ئەم پارە سەرچاوە نادیارە لە چالاکییە بازرگانییە یاسایەکاندا.

سپیکردنەوەی پارە بەیەکێک لە تاوانە گەورەکان دادەنرێت، کە سزای یاسایی قورسی هەیە، چونکە کاریگەری نەرێنی هەیە لەسەر ئابوری وڵات. بەتایبەت لەو وڵاتانەی کە ئەو کەسانەی هەڵدەستن بە سپیکردنەوەی پارە، توانا و دەسەڵاتی لە ڕادەبەدەریان هەیه بە مامەڵەکردن بەم پارە سپیکراوانەوەو، وە توانایان هەیە زۆر بە ئاسانی ئەم پارانە لە پڕۆژە گشتییەکاندا لە سودی خۆیان بخەنە گەڕ و زۆر بەئاسانی سەرچاوەکەی دەشارنەوە.
وە هەروەها ئەم دەسەڵاتەی کە هەیانە یارمەتیدەر دەبێت بۆ فراوانکردنی کارە نایاساییەکانیان و پەیداکردنی ئەم پارە نایاساییانە و بەکارهێنانی لە پڕۆژە و چالاکی بازرگانی یاسایی!

بــۆ سپیکردنەوەی پارەی نایاسایی هۆکاری جۆراوجۆر زۆرن، بەڵام باوترین هۆکار بۆ شاردنەوەی سەرچاوەی پارە نایاساییەکەو گۆڕینی بۆ پارەی یاسایی چەند ڕێگایەک هەن لەوانە:

١ـ بازرگانییە نایاساییەکان: کە بەبەناوبانگترین و کۆنترین سەرچاوەی نایاسایی دادەنرێت، وەک بازرگانی کردن بە مادەی هۆشبەر، فرۆشتنی چەکی بێ مۆڵەت، دەرمانی کواڵیتی خراپ، بازرگانی نایاسایی بەنەوت.

٢ـ بانک و دامودەزگا داراییەکان: هەندێک لە دامودەزگا داراییەکان پشکی شێریان بەردەکەوێت لە ئاسانکاری بۆ سپیکردنەوەی پارە، ئەویش بە پێدانی شێوازی یاسایی یان چەتری یاسایی بەپارە نایاساییەکە و گۆڕینی بۆ یاسایی یان ناردنەدەرەوەی پارە نایاساییەکە.
( هەرلەبەر ئەم هۆکارەیە پێویستە لە هەمو بانکێک بەشی امتثال هەبێت، بەڵام ئەگەر بڕیار بێت بانکێک پارە سپی بکاتەوە ئەوا لە دەسەڵاتی فەرمانبەری امتثال نیە، بەڵکو پەیوەندی بە ڕێکەوتنی بەڕێوەبەری لق و مودیر مفەوز و سەرۆکی ئەنجومەنی بەڕێوەبردن هەیە، ئەمە جگە دەسەڵاتێکی گەورەی دەوڵەت لە پشت ئەم سپیکردنەوەوە دەبێت).

٣ـ پڕۆژەی وەبەرهێنانی خانوبەرە: زۆر جار بۆ سپیکردنەوەی پارەی نایاسایی ئەم پڕۆژانە بونیاد دەنرێن، کە یەکەی نیشتەجێ بون بەم سەرمایە نایاساییانە دروست دەکرێن، وە دواتر دەفرۆشرێنەوە یان دەدرێن بەکرێ، بەمەش پارە نایاساییەکە دەگۆڕردرێتەوە بە پارەی یاسایی.

٤. قەرز: بە فراوانترین هۆکاری سپیکردنەوەی پارە هەژماردەکرێت، ئەویش بە قەرزدانی پارە نایاساییەکە بەرامبەر بە سویەک، پاش ماوەیەک (کورت یان درێژ) پارەکە و سودەکەی دەست دەکەوێتەوە.

٥ـ تەکنەلۆژیا و ئینتەرنێت: بەتازەترین هۆکاری سپیکردنەوەی پارە دادەنرێت، کە پشت دەبەستێت بە ناردنە دەرەوەی پارە نایاساییەکە بە شێوازی پشک یان سەنەدات لەڕێگەی بەکارهێنانی پێگە ئەلکترونییەکانەوە. 

لێرەدا پێویستە ئاماژە بەوە بکەین، کە هەر ڕێگایەک بەکاربهێنرێت بۆ سپیکردنەوەی پارە، هاوڵاتی ئاسایی ناتوانێت بیکات، بەڵکو لەڕێگای گروپی مافیاییەوە دەبێت کە لەهەمان کاتدا دەسەڵاتێکی گەورە لەپشت ئەو گروپەوەیە.

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP