ڕێكخراوى ئۆپێك له‌به‌رده‌م هه‌ڕه‌شه‌ى هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌دایه‌..
نمونه‌ش كشانه‌وه‌ى قه‌ته‌ره‌..

نەوزادی موهەندیس - 15-01-2019 - 1833 جار خوێندراوەتەوە

• ئه‌وه‌ى ئاشكرایه‌ ڕێكخراوى ((هه‌نارده‌كارانى نه‌وت))ناسراو به‌ئۆپیك،ڕێكخراوێكى كاریگه‌ر و گرنگه‌ له‌سه‌ر ئاستى جیهان له‌بوارى به‌رهه‌م و هه‌نارده‌كردنى نه‌وت و ڕاگرتنى به‌ڵانسى بازاڕه‌كانى نه‌وتى جیهان له‌ ڕووى بڕى به‌رهه‌م و نرخه‌كانیانه‌وه‌, ئاشكراشه‌ له‌سه‌رده‌مى ئێستاى جیهانى پێشكه‌وتن و داهێنان و پیشه‌سازیه‌ گرنگه‌كاندا نه‌وت  وغازى سروشتى دوو سه‌رچاوه‌ى گرنگى وزه‌ى جیهانن  و زۆر پێویستن بۆ گه‌شه‌ و پێشكه‌وتنى جیهانى و به‌تایبه‌تیش بۆ وڵاته‌ زلهێزه‌كان.هه‌ر به‌هۆى بوونى نه‌وتێكى زۆریشه‌وه‌ له‌ ناوچه‌ى ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاستدا و له‌لاى ئه‌و 12 وڵاته‌ى كه‌ ئه‌ندامى ئه‌م ڕێكخراوه‌ن له‌لایه‌ك ناوچه‌كه‌ بۆته‌ جێگه‌ى ته‌ماع و چاوتێبڕینى وڵاته‌ زلهێزه‌كان و هه‌میشه‌ له‌هه‌وڵى داگیر و دابه‌شكرندنیاندا بوون به‌ڕاسته‌وخۆ یان ناڕاسته‌وخۆ به‌شێوه‌ى بوون و به‌رده‌وامیدانیان به‌شێوه‌ى سه‌ربازى و سیاسى و ئابورى له‌ ڕێگه‌ى به‌ستن و واژۆكردنى هاوپه‌یمانى سیاسى و سه‌ربازى و ئاماده‌بون و شه‌ریكایه‌تى له‌گه‌ڵ كۆمپانیا ئابوریه‌ زه‌به‌لاحه‌كاندا و ده‌ستگرتنیان به‌سه‌ر كه‌ره‌سه‌ى خاو و بازاڕ و ده‌ستى كار ناوچه‌كه‌شدا،له‌لایه‌كى تریشه‌وه‌ ئه‌م وڵاتانه‌ و له‌چوارچێوه‌ى ڕێكخراوى ئۆپیكدا بونه‌ته‌ لایه‌نێكى گرنگ و كاریگه‌ر و خاوه‌ن بڕیار له‌ بوارى نه‌وت و بازاڕه‌كانى نه‌وتى جیهانیدا.

• ئه‌م ڕێكخراوه‌ له‌ساڵى 1960 له‌ شارى به‌غداد له‌لایه‌ن پێنج وڵاتى دامه‌زرێنه‌ره‌وه‌ دامه‌زراوه‌ كه‌ بریتین له‌ وڵاتانى ((سعودیه‌ و ئێران و عێراق و كوێت وفه‌نزه‌وێلا  ))و دواتریش 10 وڵاتى تر هاتونه‌ته‌ ڕیزى ڕێكخراوه‌كه‌وه‌ له‌ماوه‌ى نێوان ساڵانى 1960-2018و بونه‌ته‌ 15 وڵاتى خاوه‌ن نه‌وت و غازى سروشتى زۆر و زه‌وه‌ند كه‌ بریتین له‌ وڵاتانى (( قه‌ته‌ر وئه‌ندونوسیا ولیبیا وئیمارات وجه‌زائیر ونه‌یجیریا و ئیكوادۆر وئه‌نگۆلا و گابۆن و غینیاى ئیستوائى و كۆتا وڵاتیش بریتى بوو له‌ كۆنگۆساڵى 2018)) ، 5 ساڵى یه‌كه‌م باره‌گاكه‌ى له‌ شارى جنێڤى سویسرا بوو تا ساڵى 1965 گوزارایه‌وه‌ بۆ شارى ڤییه‌نا له‌نه‌مسا.دواتر دوو وڵاتیان به‌هۆى تایبه‌ت به‌خۆیانه‌وه‌ كشاونه‌ته‌وه‌ له‌ ڕێكخراوه‌كه‌ كه‌بریتین له‌ وڵاتانى ((ئه‌نده‌نوسیاله‌2008 و گابۆن له‌ 1994)).

• بوونى ئه‌م ڕێكخراوه‌ وه‌ك له‌ ئامانجه‌كانیدا ئاشكرابوه‌،توانیویه‌تى كه‌ ببێته‌ هێزێك و ناوه‌ندێكى گرنگ له‌بوارى نه‌وت و خاوه‌ن بڕیار و به‌رنامه‌ى خۆى بێت له‌به‌رامبه‌ر زلهێزه‌كان وه‌ك ئه‌مریكا((45ر11 ملیۆن به‌رمیل نه‌وت/ڕۆژانه‌)) و ڕووسیا((16ر11ملیۆن به‌رمیل/ڕۆژانه‌))  كه‌ دوو وڵاتى گه‌وره‌ن له‌ڕووى به‌رهه‌مهێنانى نه‌وت و هه‌نارده‌كردنیشه‌وه‌ و خاوه‌ن چه‌ندین كۆمپانیاى نه‌وتى گه‌وره‌ى جیهانین كه‌ ئه‌مانیش بونه‌ته‌ لایه‌نێكى گرنگى داڕێژره‌ر و به‌ڕێوه‌به‌رى كه‌رتى نه‌وت و وزه‌ى جیهان و كاریگه‌ریان له‌سه‌ر به‌رهه‌م و نرخه‌كانیش داناوه‌،جا ئۆپێكیش وه‌ك ڕێكخراوێكى به‌هێز كه‌ 73% یه‌ده‌گى نه‌وتى هه‌موو جیهانى تیادایه‌ و له‌و ڕێژه‌یه‌ش 48% ئه‌و یه‌ده‌گه‌ نه‌وتیه‌ كه‌وتۆته‌ 6 وڵاته‌كه‌ى ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاسته‌وه‌ ،هاتۆته‌ مه‌یدانه‌كه‌ و له‌ماوه‌ى 58 ساڵى ته‌مه‌نیدا توانیویه‌تى كه‌ له‌وێسگه‌ و قۆناغه‌ جیاوازه‌كان و ڕووداوه‌ سیاسى و سه‌ربازى و جه‌نگه‌كاندا ڕۆڵ و كاریگه‌رى خۆى ده‌ربخات، هه‌روه‌هاش به‌یه‌كگرتوویى توانیویه‌تى كه‌ به‌رژه‌وه‌ندى وڵاتانى ئه‌ندامى بپارێزێت و هه‌ریه‌كه‌یان پشكى خۆى له‌به‌رهه‌م و هه‌نارده‌كردندا دیاریبكات و تاڕاده‌یكى باش هاوسه‌نگى بازاڕه‌كانى ڕاگرتوه‌.

هه‌ربۆیه‌ ئه‌م هه‌ڵوێست و یه‌كگرتوویه‌ى له‌ بڕیاره‌كانیدا كه‌ زۆر جاران به‌ قازانجى وڵاتانى زلهێزى پیشه‌سازى نه‌بوه‌ و به‌تایبه‌تیش ئه‌مریكا،بۆیه‌ هه‌میشه‌ ئه‌مریكا له‌ڕێگه‌ى فشاره‌ سیاسى و سه‌ربازى و ئابوریه‌كانیه‌وه‌ ویستویه‌تى ئه‌م ڕێكخراوه‌ بچوك وبێكاریگه‌ر بكات و بیخاته‌ ژێر ڕكێفى خۆیه‌وه‌ و له‌به‌رژه‌وه‌ندى ئابورى خۆى به‌كاریان بهێنێت،كه‌ زۆر جاران توانیویه‌تى ئه‌و كاره‌بكات،له‌لایه‌ك له‌به‌ر پێویستى ئه‌م وڵاتانه‌ به‌ ته‌كنه‌لۆجیاى پێشكه‌وتوو بۆ گه‌شه‌و پێشخستنى وڵاته‌كانیان و بوژاندنه‌وه‌ى ژێر خانى ئابوریه‌كه‌یان و پێویستیان به‌ چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نى سه‌ربازى بۆ خۆپارێزى و له‌لایه‌كى تریشه‌وه‌ پێشبڕكێ ناڕه‌واكانى وڵاتانى ئه‌ندام له‌ كۆن و ئێستادا و به‌تایبه‌تیش سعودیه‌ و ئێران كه‌ دوو وڵاتى مه‌زهه‌بین،هه‌میشه‌ ئه‌مریكا توانیویه‌تى ئه‌و ململانێیانه‌ له‌به‌رژه‌وه‌ندى خۆى بشكێنێته‌وه‌ و نرخ و بازاڕه‌كانى نه‌وت به‌قازانجى خۆى و كۆمپانیاكانى بپارێزێت.بۆیه‌ له‌ ئێستاشدا له‌هه‌وڵى هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى ئه‌و ڕێكخراوه‌دایه‌ بۆئه‌وه‌ى نرخى نه‌وتى جیهانى هه‌ر به‌ نزمى بمێنێته‌وه‌،چونكه‌ ئه‌مریكا وه‌ك یه‌كه‌م به‌رهه‌مێن و یه‌كه‌م وڵاتى هه‌نارده‌كار و یه‌كه‌م وڵاتى به‌رهه‌مهێنى نه‌وتى به‌ردینى بۆ یه‌كه‌م جار پێویستى به‌وه‌یه‌ كه‌ نرخه‌كانى نه‌وت له‌ خوار یان 50 دۆلاره‌وه‌ بێت و به‌رزنه‌بێته‌وه‌،به‌ڵام له‌به‌رامبه‌ردا وڵاتانى ئۆپێك و ده‌ره‌وه‌ى ئۆپێك پێیان باشه‌ نرخه‌كان له‌ نێوان 70-80 دۆلاردا بێت.

• له‌م دیدگاو ڕوانگه‌یه‌ى ئه‌مریكاوه‌ ،قه‌ته‌ر وه‌ك وڵاتێكى ئه‌ندامى ئه‌م ڕێكخراوه‌ له‌ ڕێكه‌وتى 3/12/2018 بڕیارى كشانه‌وه‌ى له‌ ئۆپێك ڕاگه‌یاند له‌لایه‌ن وه‌زیرى وزه‌ى قه‌ته‌ره‌وه‌  ئه‌ندازیار سعد شریده‌ الكعبى و ئه‌م بڕیاره‌ش له‌1/ 1/2019وه‌ ده‌كه‌وێته‌ بوارى جێبه‌جێكردنه‌وه‌.و به‌مه‌ش له‌لایه‌ك خزمه‌تى به‌ مه‌به‌ست و به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانى ئه‌مریكا  كرد و له‌لایه‌كیش بوه‌ هاوكار و پشتیوانى هه‌ڵوێسته‌كانى ئێرانى شیعه‌ مه‌زهه‌ب و كێبڕكێكه‌رى سه‌ره‌كى سعودیه‌ى هاو خوێن و هاو نه‌ته‌وه‌ و هاو مه‌زهه‌بى سونه‌ به‌هۆى ئه‌و گه‌مارۆ سیاسى و ئابوریه‌ى كه‌ له‌لایه‌ن سعودیه‌ و ئیمارات و به‌حره‌ین و میسره‌وه‌ ماوه‌ى نزیكه‌ى 2 ساڵه‌  له‌ حوزه‌یرانى 2017وه‌ به‌سه‌ر قه‌ته‌ریاندا سه‌پاندوه‌.

• پرسیار لێره‌دا ئه‌وه‌یه‌ ،ئایا لێكه‌وته‌ و كاریگه‌رى كشانه‌وه‌ى قه‌ته‌ر له‌ ڕێكخراوى ئۆپیك چیه‌ وچۆن ده‌بێت؟

قه‌ته‌ر له‌ڕووى پانتایى خاك((521ر11 كیلۆمه‌تر چوارگۆشه‌)) و كه‌مى دانیشتوان((به‌پێى ئامارى ساڵى 2015، 2404776 كه‌سه‌)) و بچوكى بازاڕه‌كانیه‌وه‌ ئه‌وه‌نده‌ گرنگى نیه‌ له‌ سیاسه‌ت و ئابورى جیهاندا،به‌ڵام به‌هۆى بوونى بڕێكى زۆرى نه‌وت(( 15ملیار به‌رمیل یه‌ده‌گ)) و غازى سروشتى(( 250 تریلیۆن پێ رسێجا كه‌ 13% هه‌موو یه‌ده‌گى جیهان و سێیه‌م یه‌ده‌گى گه‌وره‌ى جیهانه‌))  له‌ خاكه‌كه‌یدا و ده‌وڵه‌مه‌ندیه‌كه‌یه‌وه‌ و ده‌ستخستنه‌ ناوكاروبارى وڵاتان و كێشه‌ ناوچه‌ییه‌كانه‌وه‌ وه‌ك (( لیبیا و سوریا و یه‌مه‌ن وفه‌له‌ستین و لوبنان و ...هتد)) تاڕاده‌یه‌ك بۆته‌ یاریزانێكى سه‌ر گۆڕه‌پانى سیاسه‌ت و ئابورى ناوچه‌كه‌ و نێوده‌وڵه‌تیش. هه‌ربۆیه‌ گه‌ر بیه‌وێت به‌ باش یان خراپ ده‌توانێت كاریگه‌رى گه‌وره‌ى هه‌بێت له‌سه‌ر نه‌وت و كه‌رتى وزه‌ و نرخه‌كانیان له‌بازاڕه‌كانى جیهاندا.

قه‌ته‌ر ڕۆژانه‌ بڕى 63900 به‌رمیل نه‌وتى خاو و هه‌وڵده‌دات بڕى 110 ملیۆن ته‌ن/ساڵانه‌ غازى سروشتى به‌رهه‌م ده‌هێنێت و هه‌نارده‌ ده‌كات كه‌ سه‌رمایه‌ و داهاتى ساڵانه‌ى بریتیه‌ له‌ ((243152 ملیار دۆلار)) به‌مه‌ش قه‌ته‌ر چوارهه‌م وڵاته‌ له‌سه‌ر ئاستى جیهان له‌به‌رزى داهاته‌كانیدا و قه‌ته‌ر یه‌كێكه‌ له‌و وڵاته‌ عه‌ره‌بیانه‌ى كه‌ به‌رزترین ئاستى داهات و ژیانى بۆ تاكه‌كانى دابین كردوه‌ له‌سه‌ر ئاستى جیهانیش كه‌ ده‌كاته‌ ((113038 دۆلار ساڵانه‌)) و له‌ساڵى 2012دا به‌پێى ئامارێك قه‌ته‌ر بۆ سێیه‌م جار بوه‌ده‌وڵه‌مه‌نترین وڵاتى هه‌موو جیهان.
بۆیه‌ كشان
ه‌وه‌ى قه‌ته‌ر له‌ ئۆپێك به‌ دڵنیایى كاریگه‌رى ده‌بێت له‌سه‌ر نرخه‌كان و به‌دڵنیایتریش هه‌میشه‌ له‌ قازانجى به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانى ئه‌مریكا ده‌بێت و ده‌بێته‌ هۆكارێكیش بۆ نزمبونه‌وه‌ى نرخه‌كان له‌بازاڕى نه‌وتى جیهانیدا و ئه‌مه‌ش دژى به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانى سعودیه‌ ده‌بێت كه‌ گه‌وره‌ترین و یه‌كه‌م وڵاتى به‌رهه‌مهێن و هه‌نارده‌كارى ڕێكخراوه‌كه‌یه‌ . وه‌ك قه‌ته‌ریش ڕایگه‌یاند كه‌ ڕێكخراوه‌كه‌ به‌ سیاسه‌ت و بۆچوونى سعودیه‌ ده‌برێت به‌ڕێوه‌ هه‌ربۆیه‌ وه‌ك دژه‌ كردارێك دژى سعودیه‌ له‌ ڕێكخراوه‌كه‌ هاتۆته‌ ده‌ره‌وه‌ و چیدى پابه‌ند نابێت به‌ پشكى به‌رهه‌م و هه‌نارده‌كردنى نه‌وته‌وه‌.به‌مه‌ش گورزێك درا له‌ یه‌كویه‌كگرتوویى ڕیز و بڕیار و به‌نامه‌كانى ڕكخراوى ئۆپیك و دواى قه‌ته‌ریش ئێران وه‌ك به‌رهه‌مهێنه‌رێكى ترى گه‌وره‌ى ترى ڕێكخراوه‌كه‌ دواى سه‌پاندنى گه‌مارۆ ئابوریه‌كانى ئه‌مریكا له‌سه‌رى به‌نیازى كشانه‌وه‌یه‌ و به‌مه‌ش هێنده‌ى تر ڕێكخراوه‌كه‌ لاواز و بێده‌سه‌ڵات ده‌بێت،له‌ ئاینده‌ى نزیكیشدا عێراقیش وه‌ك وڵاتێكى نزیك له‌ سیاسه‌ته‌كانى ئێرانه‌وه‌ ڕه‌نگه‌ هه‌مان هه‌ڵوێست وه‌ربگرێت چونكه‌ به‌ده‌رچونیان ئازاد ده‌بن له‌ بڕى به‌رهه‌م و نرخى فرۆشتندا كه‌ ئه‌مه‌ش له‌ كۆتایدا به‌قازانجى سیاسه‌ت و به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانى ئه‌مریكا ده‌شكێته‌وه‌ و چیدى ئه‌و وڵاتانه‌ى كه‌ماونه‌ته‌وه‌ ناتوانن وه‌ك پێشتر كاریگه‌رى و قورساییان بمێنێت.

• بۆیه‌ نه‌مان و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى ئه‌م ڕێكخراوه‌ جیهان و كه‌رتى وزه‌ ده‌خاته‌ به‌رده‌م قۆناغێكى نوێوه‌ كه‌ جیهان به‌ره‌و ئاڕاسته‌یه‌كى زۆر جیاواز ده‌بات كه‌ تائێستا نه‌بینراوه‌،چونكه‌ ئه‌مریكا جیهانێكى په‌رت و بڵاوى گه‌ره‌كه‌ نه‌ك یه‌ك ویه‌كگرتوو و به‌هێز كه‌ بتوانێت ڕووبه‌ڕووى به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانى ببنه‌وه‌ و مه‌ترسى دروستبكه‌ن له‌سه‌ر هاوپه‌یمان و به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی ئه‌مریكا.هه‌ربۆیه‌ش له‌ ئێستاوه‌ گه‌ره‌كێتى جیهانێكى نوێ به‌دیدگاوبه‌رژه‌وه‌ندى خۆى نه‌خش بكێشێت و ڕێكبخاته‌وه‌ و كه‌وتۆته‌ سه‌پاندنى هه‌ڕه‌شه‌ و گه‌مارۆكانى بۆسه‌ر ئێران و توركیا و ڕوسیا و ..هتد.له‌ ئێستادا جیهان و سه‌رۆك ترامپیش باشترین نماینده‌ى ئه‌و ئاڕاسته‌ سیاسیه‌یه‌ كه‌ گه‌ره‌كێتى ته‌نها به‌چاوى هه‌ڵسه‌نگاندنى ئابورى و بازرگانى و وه‌ك سه‌رمایه‌دارێك نه‌ك سیاسیه‌ك بڕوانێته‌ جیهان و كێشه‌ و ململانێكانیشى یه‌كلا بكاته‌وه‌ ،هه‌ربۆیه‌ نه‌دۆست ده‌ناسێێت و نه‌دوژمنیش به‌ڵكو ته‌نها به‌دواى پاراستنى به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانى خۆیه‌تى و گه‌ره‌كێتى زۆرترین ده‌سكه‌وتى مادى وه‌ده‌ستبێنێت.جاله‌سایه‌ى ئه‌م سیاسه‌ته‌ى ئه‌مریكاو ماوه‌ى سه‌رۆكایه‌تى سه‌رۆك ترامپدا پێناچێت جیهانێكى هێمن و ئارام به‌خۆوه‌ ببینین.

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP