سیاسه‌تى ئه‌مریكا له‌ ڕۆژهه‌ڵاتى ناوین ده‌گۆڕێت؟

بورهان شێخ ڕه‌ئوف - 15-01-2019 - 3183 جار خوێندراوەتەوە

ئه‌گه‌رچى سیاسه‌تى ئه‌مریكا له‌ ناوچه‌ى ڕۆژهه‌ڵاتى ناوین تا ڕاده‌یه‌كى زۆر جێگیره‌و له‌ سه‌ر چوار ئامانجى سه‌ره‌كى بنیات نراوه‌ ئیتر هه‌ر سه‌رۆكێك له‌ كۆشكى سپى نیشته‌جێ  بێت پابه‌نده‌ به‌و ئامانجانه‌وه‌ جا ئیتر له‌ پارتى كۆمارى بێت یان دیموكراتى ئامانجه‌كانیش ئه‌مانه‌ن:-
1. ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى دیارده‌ى توندڕه‌وى.
2. به‌رگرتن به‌ هه‌ژموونى ئێران له‌ناوچه‌كه‌دا.
3. كاركردن بۆ به‌رزنه‌بوونه‌وه‌ى نرخى نه‌وتى خاو.
4. به‌رگرى و پاراستنى  ده‌وڵه‌تى ئیسرائیل.  

له‌ دواى بڕیاره‌كه‌ى یان ڕاستتر تویته‌كه‌ى سه‌رۆكى ئه‌مریكا دۆناڵد تره‌مپ له‌ 19/12/2018 به‌ كشانه‌وه‌ى هێزه‌كانى ئه‌مریكا له‌ سوریا شه‌پۆلێكى زۆر ى نیگه‌رانى و ناڕه‌زایه‌تى لێكه‌وه‌ته‌وه‌ كه‌ وه‌كو گێژه‌ڵوكه‌یه‌ك  وابوو  یارو نه‌یاره‌كانى ئه‌مریكاى گرته‌وه‌ چ به‌ ده‌ست له‌كار كێشانه‌وه‌ى وه‌زیرى به‌رگرى ئه‌مریكا(جیمس ماتیس ) و هه‌روه‌ها ژه‌نراڵى خانه‌نشین جون كیلى سه‌رۆكى فه‌رمانبه‌رانى كۆشكى سپى و برێت مه‌كگۆرك نوێنه‌رى تایبه‌تى سه‌رۆكى ئه‌مریكا بۆ هاوپه‌یمانى نێوده‌وڵه‌تى دژ به‌ داعش ئه‌مه‌ له‌لایه‌كه‌وه‌.

له‌لایه‌كى تره‌وه‌باس له‌وه‌ ده‌كرێت كه‌ سه‌رۆك تره‌مپ نیازى كێشانه‌وه‌ى هه‌زاران سه‌ربازى ئه‌مریكاى هه‌یه‌  له‌ ئه‌فغانستان هه‌روه‌ها پێشنیارى ئه‌وه‌ى كردووه‌ كه‌ توركیا سه‌ركردایه‌تى شه‌ڕى له‌ ناوبردنى داعش بكات ( ئه‌مه‌ به‌ڕاستى جێگه‌ى پێكه‌نین و لاقرتیه‌ كه‌ میدیاكانى  توركیا خۆیان به‌ گومان بوون له‌ په‌یوه‌ندى توركیا و ئه‌و گروپانه‌) هه‌روه‌ها  تره‌مپ وتوویه‌تى ده‌كرێت ڕۆڵێكیش به‌ ڕوسیاو هندستان و پاكستان بسپێرێت له‌و شه‌ڕه‌دا.

له‌ئاوا بارودۆخێكدا ترس و نیگه‌رانى دۆست و هاوپه‌یمانه‌كانى ئه‌مریكا ى له‌ ناوچه‌كه‌  تووشى شۆكێكى گه‌وره‌ كردووه‌ كه‌ كێ ئه‌و بۆشاییه‌ گه‌وره‌ پڕ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ كشانه‌وه‌ى ئه‌مریكیه‌كان له‌ ناوچه‌كه‌ به‌ جێ ى  ده‌هێڵێت ؟ هه‌رچه‌نده‌ تا ئێستا ئه‌مریكا به‌فه‌رمى ده‌ستى نه‌كردووه‌ به‌ كێشانه‌وه‌ى هێزه‌كانى له‌ سوریا.

بێگومان هه‌ر ئێرانییه‌كان ده‌بن له‌ ئاوا بارودۆخێكدا كه‌ ئه‌و توانایان هه‌بێت به‌و ئاماده‌گى و په‌یوه‌ندییه‌ ئقلیمیه‌ى كه‌ له‌ناوچه‌كه‌دا هه‌یانه‌  بتوانن له‌ كورتترین ماوه‌دا ده‌ست به‌ سه‌ر بارودۆخه‌كه‌دا له‌ به‌رژه‌وه‌ندى خۆیان بگرن.

بۆیه‌ له‌ ئێستاداو له‌ 8/1/2019 ه‌وه‌   وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مریكا مایك بۆمبیۆ  گه‌شتێكى سیاسى و دیبلۆماسى و ئیستراتیجى  بۆ هه‌شت وڵاتى گرنگى ناوچه‌كه‌ ده‌ست پێكردووه‌ به‌ مه‌به‌ستى ڕه‌وانه‌وه‌ى ترس و نیگه‌رانییه‌كانیان و وردتر وڕاشكاوانه‌تر بۆ گه‌یاندنى دوومه‌به‌ست ئه‌وانیش:-
1. ئه‌مریكاناوچه‌ى ڕۆژهه‌ڵاتى ناوین چۆڵناكات و به‌جێ ى ناهێڵێت 
2. هه‌ژموونى ئێران مه‌ترسیه‌كى گه‌وره‌یه‌ بۆ سه‌رناوچه‌كه‌ و له‌گه‌ڵ وڵاتانى ناوچه‌كه‌ هه‌وڵى به‌رگرتنى ده‌ده‌ین .
ئه‌وه‌ى جێ ى تێڕامان و هه‌ڵوێسته‌ له‌سه‌ركردنه‌ هه‌موو  ئه‌و هه‌شت وڵاته‌شى كه‌ بۆمبیۆ سه‌ردانى یان  ده‌كات هاوهه‌ڵوێست و ته‌با نین له‌سه‌ر هه‌موو قه‌یران و ئاریشه‌و كه‌یسه‌كانى ناوچه‌كه‌ هه‌ریه‌كه‌ى له‌ ئاوازێك ده‌خوێنن , بۆ نموونه‌ شانشینى ئوردون زیاتر كێشه‌ى فه‌له‌ستین و مه‌سه‌له‌ى ئاشتى عه‌ره‌ب و ئیسرائیل و په‌ناهه‌نده‌ فه‌له‌ستینیه‌كان مه‌به‌ست و خه‌میه‌تى,عه‌ره‌بستانى سعودیه‌ كێشه‌و ململانێكانى له‌گه‌ڵ ئێران وشه‌ڕى یه‌مه‌ن و ده‌ستوه‌ردانه‌كانى ئێران له‌وێنده‌ر ده‌خاته‌به‌رباس و مه‌سه‌له‌ى تیرۆرى خاشقچیش نیگه‌رانى ده‌كات له‌ باسكردنى ,سوڵتانشینى عومانیش باسى هه‌وڵه‌كانى خۆى بۆ ئاشتى فه‌له‌ستینیه‌كان و ئیسرائیل و هه‌روه‌ها ڕۆڵى ناوه‌ندگیرى خۆى بۆ ئاشتى له‌یه‌مه‌ن ده‌كات ,له‌ هه‌مانكاتدا به‌حرین باسى كێشه‌كانى خۆى و ئێران ده‌كات كه‌ وڵاتێكى ڕووبه‌ڕووبونه‌وه‌یه‌ له‌گه‌ڵ ئێران .
قه‌ته‌ریش باسى ئابڵووقه‌ى عه‌ره‌به‌ستان و گه‌مارۆكانى سه‌رى ده‌كات , میسریه‌كان باسى كێشه‌ى تیرۆر و مه‌سه‌له‌ى هاندانى پرۆسه‌ى ئاشتى عه‌ره‌ب و  ئیسرائیل ده‌كه‌ن.

جۆن پۆڵتن ڕاوێژكارى ئاسایشى نیشتمانى ئه‌مریكا سه‌ردانى ئیسرائیل و توركیاى كرد و له‌ توركیا ئه‌ردۆگانى نه‌یبینى بۆ باس كردنى بارودۆخى سوریا .

له‌ كۆتاییدا ده‌كرێت بڵێین كارێكى لۆجیكى نی یه‌ ئه‌مریكا گۆڕانكارى خێرا له‌ هه‌ڵوێست و سیاسه‌ته‌كانى له‌ ناوچه‌ى ڕۆژهه‌ڵاتى ناوین بكات به‌ڵكو گۆڕانكارى پێویستى به‌ كات و زه‌مینه‌سازى هه‌یه‌ بۆ پێكهێنانى هاوپه‌یمانى نوێ ى ئیقلیمى و نێوده‌وڵه‌تى و له‌ كاتێكدا توركیا خۆى سازو ئاماده‌ كردووه‌ له‌ كاتى كشانه‌وه‌ى هێزه‌كانى ئه‌مریكا له‌ سوریا خه‌ونى كورد بۆ به‌دیهێنانى مافه‌كانى زینده‌به‌چاڵ بكات.

به‌هه‌رحاڵ له‌كاتى كشانه‌وه‌ى ئه‌مریكا هه‌رله‌ ئیستاوه‌ كورده‌كانى سوریا له‌ هه‌وڵى دانو سان دان  له‌ گه‌ڵ ڕژێمى ئه‌سه‌د ودووریش نیه‌ هاوپه‌یمانێتێكى به‌هێز له‌ نێوان ڕوسیاو توركیا و ئێراندا پێك بێت كه‌ هه‌موو ئامانجانه‌و سیاسه‌تانه‌ى ئه‌مریكا ساڵانێكه‌ له‌ ناوچه‌كه‌دا كارى بۆده‌كات ببن به‌ بڵقى سه‌رئاو.

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی و خەندان لێی بەرپرسیار نییە

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP