هەواڵی ئەمڕۆ

پارتی لە موسڵیش دەکەوێت

سلێمان عەبدوڵا یونس - 13-01-2019 - 55178 جار خوێندراوەتەوە

پارتی لەکۆنتڕۆڵکردنی ھەولێر و ھەرێمەوە خەیاڵی باڵادەسبون لەکەرکوکیش گرتویەتی، خەیاڵێک؛ کەبوە بە یەک لە ھۆکارەکانی، کەتن و کەوتنە بەئازارەکانی، نێو مێژوی نوێی کوردایەتی!

ئەو حزبە چونکە بەزوویی بەرھەمی ٣١ ی ئابی چنیەوە و باجی ھێنانی سوپای سەدامی نەدا، بۆیە کاتێک دژەتیرۆری یەکێتی، لەدوای ڕزگاری عێراق کۆنتڕۆڵی کەرکوکی کرد، خێرا بارزانی خۆی ھاتەسەرخەت و ھەڕەشەی ھێنانی تورکیای لەیەکێتی کرد، بەمەش یەکێتی ھەژاند و لەناو قودسەکەی مامجەلال، ئەمن و ھێز و کانتۆنێکی زەردی سەپاند!

 کاتێک گۆڕان، یەکێتی لەسلێمانی دولەتکرد و پارچە گەورەکەشی برد، پارتی واتێگەیشت،لەواقعی دولەتی  یەکێتی و دورکەوتنەوەی مامجەلال بەھۆی بەغدا و نەخۆشیەوە، زەمینەکە بەتەواوەتی لەباربوە، بۆئەوەی سیناریۆی دوای ٣١ ئاب و ستایڵی ڕێکەوتنی ستراتیژی، بەڤێرژنێکی نوێوە، بەسەر کەرکوکیشدا بکات بە ئەمری واقع، بەڵام وەک ئەوەی ڕویدا لە ١٦ ئۆکتۆبەر، ریسی دوو دەیەی، لە دوو سەعاتدا،لە پارتی کردەوە بەخوری!

لە پەرچەکرداری ئەم دۆخەدا، پارتی تاکتیکی لێستاندنی سەرۆک کۆماری، بۆ دوبارە کەرتکردنی کەرکوک لەیەکێتی ھێنایە پێشەوە، بەڵام لێرەشدا، لەبەردەم کاندیدێکی بەھێز و یەکێتیەکی گۆڕاودا، توشی شۆک و شکست ھات.ئەوەش لەسادەترین لێکدانەوەدا، مانای ئەوەیە پەرچەکردار، ئەو حزبە بەرەو سەرکەوتن نابات.لەڕاستیدا پارتی بۆئەوەی بتوانێ زەمینە بۆ کاراکردنەوەی سەرۆکایەتی ھەرێم و  حکومەتێکی نوێی بەھێز بەقازانجی خۆی و کوردایەتی بەسەرکەوتویی بڕەخسێنێ، گرنگە خۆی لەشۆکێکی دیکەی ھاوشێوەی ١٦ ئۆکتۆبەر بپارێزێت و ڕوو لە کردەی سازانی ڕاستەقینە بکات و خەیاڵی تێکدانی ھاوسەنگی لەکوردستان و پەراوێزخستنی سەرۆککۆمار و لێستاندنی کەرکوک لەھاوپەیمانە کوردیەکەی بەری بدات، چونکە لەمساتەدا کەئەو سواری شەپۆلی سەرابی ئەو خولیا وەھمیانە بووە، لەلایەک یەکێتی ھەڵساوەتەوە و لەلایەکی تریشەوە لەسەر دەستی ھاوپەیمانە سوننەکانی لەبەردەم کەوتنێکی مەترسیداردایە لەموسڵ!

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP