تره‌مپ: بای، بای، هیچ شتێك كه‌ڵكی نییه‌!

لوقمان غه‌فوور - 10-01-2019 - 3666 جار خوێندراوەتەوە

شه‌تداونی حكومه‌تی ئه‌مریكی پێیده‌نێته‌ رۆژی 19 هه‌مین و تا ئه‌مساته‌ رێگه‌چاره‌یه‌ك نییه‌ له‌به‌رده‌م كۆنگرێس بیگرێته‌به‌ر بۆ كردنه‌وه‌ی حكومه‌ت.
دوای ئه‌وه‌ی دوانیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 9ی جێنیوه‌ری تره‌مپ سه‌ردانی به‌رپرسانی دیموكراته‌كانی كرد بۆ گفتۆگۆكردن له‌سه‌ر دروستكردنی دیواری سنووری باشوور، به‌ڵام به‌هۆی (نه‌خێر) ێكی نانسی پێلوسی له‌دوای پێنج ده‌قیقه‌ سه‌رۆك تره‌مپ-ی والێكرد به‌مێزه‌كه‌ی به‌رده‌میدا بكێشێت و هه‌ستێته‌ سه‌رپێ و كۆبوونه‌وه‌كه‌ی جێهێڵێت.
نانسی پێلوسی سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران و تشاك شومه‌ر له‌پرێس كۆنفرانسێكدا ئه‌وه‌یان نه‌شارده‌وه‌، له‌دوای كۆبوونه‌وه‌ شكستخواردووه‌كه‌یان تره‌مپ به‌تووڕه‌ییه‌وه‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ی به‌جێهێشتووه‌.
سه‌رۆك تره‌مپ هه‌ر چه‌ند ده‌قیقه‌یه‌ك دوای كۆبوونه‌وه‌كه‌ له‌تویتێكدا نوسیووی: "ته‌نیا به‌فیرۆدانی كات بوو كه‌ چووم بۆ كۆبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ نانسی و تشاك، پرسیارم كرد چی ده‌بێت 30 رۆژی دیكه‌ ئه‌گه‌ر من به‌خێرایی شته‌كان بكه‌مه‌وه‌، ئایا ئێوه‌ رازین به‌ ئیشكردن له‌سه‌ر ئاسایشی سنووره‌كان كه‌ دیواره‌كه‌ به‌شێكه‌ لێی؟ نانسی وتی: نه‌خێر، منیش وتم: بای بای، هیچ شتێك كه‌ڵكی نییه‌!"
بۆچوونم وایه‌ مه‌سه‌له‌ی شه‌تداونی حكومه‌ت چۆته‌ قۆناغێكی خراپه‌وه‌، جگه‌ له‌وه‌ی به‌هۆی شه‌تداونی حكومه‌ت، زیاتر له‌ 800 هه‌زار فه‌رمانبه‌ر بۆ 21 رۆژ ئه‌چێت (paycheck) یان وه‌رنه‌گرتووه‌، له‌هه‌مانكاتدا ترسێكی تری هه‌یه‌ كه‌ دیموكراته‌كان ببنه‌ هۆی پشێوی و له‌گه‌ڵ میدیادا شه‌قامی ئه‌مریكی پێ بجولێنن، چونكه‌ هه‌ر دوێنی له‌دوای كۆبوونه‌وه‌كه‌ له‌چه‌ند شوێنێك دیموكراته‌كان كه‌وتنه‌ جوڵه‌ و خۆپیشاندان.
هه‌رچه‌نده‌ تا ئه‌مساته‌ شه‌تداونی حكومه‌ت به‌كۆمه‌ڵگه‌ی ئه‌مریكییه‌وه‌ دیار نییه‌، هۆكاره‌كه‌شی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ سیستمی وڵاتی ئه‌مریكا زۆری كاره‌كانی له‌ده‌ستی سه‌رۆكی ویلایه‌ته‌كاندا كۆكردۆته‌وه‌ و زۆری كار و مووچه‌ش له‌ژێر چنگی كه‌رتی تایبه‌تدایه‌، گه‌وره‌ترین دوو كه‌رتی وڵاتی ئه‌مریكا كه‌ په‌روه‌رده‌ و ته‌ندروستییه‌، له‌ژێر كۆنترۆڵی ویلایه‌ته‌كان خۆیان و كه‌رتی تایبه‌تدایه‌، چه‌ند ده‌مارێكی كه‌می ده‌وڵه‌ت له‌ژێر دارایی حكومه‌تی فیدراڵدایه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی كه‌ ترسی له‌سه‌ره‌ و له‌میدیای ئه‌مریكیدا باسی لێده‌كرێت ئه‌گه‌ر شه‌تداون درێژه‌ بكێشێت ئه‌وه‌ ده‌بێت هۆی راگرتنی هاوكاری خۆراكی 38 ملیۆن خێزانی ئه‌مریكی كه‌ بودجه‌ی ساڵانه‌یان نزمه‌ و له‌سه‌ر به‌رنامه‌یSNAP ن و به‌سیستمی كارتی (Food stamp) كه‌ له‌شێوه‌ی كارتی بانكیدایه‌، مانگانه‌ به‌پێی سیستمی ویلایه‌ته‌كان و ژماره‌ی سه‌رخێزان پاره‌ ده‌چێته‌ سه‌ر ئه‌و كارته‌ و ته‌نیا بۆ كڕینی خۆراك به‌كاردێت، تێكڕای ئه‌و پاره‌یه‌ش مانگانه‌ كه‌ حكومه‌ت بۆ ئه‌و بواره‌ی ته‌رخانكردووه‌ له‌سه‌روو 40 ملیار دۆلاره‌وه‌یه‌.
هه‌روه‌ها ترسێكی تر كه‌ میدیای ئه‌مریكی باسی ده‌كات ئه‌گه‌ر شه‌تداون بگاته‌ مانگی فێبریوه‌ری، ده‌بێته‌ هۆی دواكه‌وتنی گه‌رانه‌وه‌ی باج (tax) كه‌ خۆی له‌سه‌روو 48 ملیۆن كه‌سه‌وه‌ ده‌دات.
گه‌ڕانه‌وه‌ی باج هاوكارییه‌كی باشه‌ بۆ ئه‌و خێزانانه‌ی كه‌ كه‌مده‌رامه‌تن، سیستمی ئه‌مریكی وایه‌ ئه‌و فه‌رمانبه‌ره‌ی له‌كه‌رتی تایبه‌ت و حكومی بێت بڕیك چه‌ند (باج) ێكی لێده‌بڕدرێت، له‌به‌رامبه‌ر ئه‌وانه‌ی خاوه‌نی منداڵن و كه‌مده‌رامه‌تن برێكی زۆر له‌م (باج)ه‌یان بۆ ده‌گه‌رێته‌وه‌ كه‌ هه‌ندێك جار ده‌كاته‌ 8 هه‌زار دۆلار بۆ خێزانێك.
كاریگه‌رییه‌كانی شه‌تداون به‌سه‌ر فه‌رمانبه‌رانی فرۆكه‌خانه‌كانه‌وه‌ دیاره‌ به‌تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی له‌به‌شی سه‌لامه‌تی كارده‌كه‌ن له‌گه‌ڵ پاسپۆرت و باخچه‌ گشتییه‌كان، به‌سه‌ر هه‌ندێك جومگه‌ی تره‌وه‌ دیاره‌ به‌شێوه‌یه‌ك كه‌ توێژێك مووچه‌كه‌ی له‌ژێر كۆنترۆڵی فیدراڵدا بێت ئه‌وا شه‌تداون كاریگه‌ری له‌سه‌ر ده‌بێت.
شه‌تداونی حكومه‌ت له‌مێژووی حكومه‌ته‌ یه‌كله‌دوای یه‌كه‌كانی ئه‌مریكتدا زۆر روویانداوه‌، كاتێكیش شه‌تداون رووده‌دات كه‌ كۆنگرێس رێكنه‌كه‌ون له‌سه‌ر په‌سه‌ندكردنی میزانیه‌ی پرۆگرامی حكومه‌ت له‌و ساڵه‌دا.

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP