ئامانجی هونەر هوشیاركردنەوەی مرۆڤە*
(گەعدە) جنسێكی غەریب لەناو هونەردا

نەبەز گۆران - 9-01-2019 - 2911 جار خوێندراوەتەوە


  _1_

هونەر چییە؟ ئەركی هونەر چییە؟ ئەو رووبەرەی هونەر كاریتێدا دەكات، چ رووبەرێكە؟ ئایا ئیشی هونەر خزمەتكردنە بە دیدگا چەقبەستووەكە،  یان بەرهەمهێنانەوەی روانینی نوێیە؟ ئایا هونەر دەردە دڵە، ستایشكردنی ئەویتری دەرەوەی خۆتە، یان پانتاییەكە تا لەوێوە دەسكاری دونیا بكەیت؟ ئەو زمانە شەعبییەی لەیەككاتدا، بە (عەباسی كەمەندی) دەڵێت: هونەرمەند و بە (گەعدەچی)یەكیش دەڵێت: هونەرمەند، چۆن سەیری هونەر دەكات؟ میدیای بەكاڵاكردنی هونەر و شیعر، بۆچی پشت لە هونەر دەكات و خەریكی بازاڕی (گەعدە)یە؟ ئەی ئەوانە كێن بە (گەعدە) دەڵێن: هونەری میللی؟ جیاوازییە گەورەكانی هونەری میللی و (گەعدە) چین؟ ئەو دۆخە سایكۆلۆژییەی دەرك بە خۆونبوون دەكات، بۆچی تەماهی لەگەڵ (گەعدە) دەكات و پشت لە هونەر دەكات؟ سایكۆلۆژیای شێواو بەدوای چ چێژێكدا دەگەڕێت؟ بۆ ئەوەی هونەری میللی بناسین دەبێت لە كوێدا بۆی بگەڕێین؟ هەر كارەكتەرێك دەنگی خۆشبوو هونەرمەندە؟ گەر دەنگخۆشی هونەربێت، ئەی هونەر خۆی چییە و ناهونەربوون چییە؟

لەم وتارەدا تەنها ئیش لەسەر هونەری گۆرانی و هونەری شیعر دەكەم. دەمەوێت بە پشت بەستن بە كۆمەڵێك تێزی فەیلەسوفان بۆ وەڵامی پرسیارەكان بگەڕێم و، پاشان لەسەر ئەو دۆخە سایكۆلۆژییە شێواوە بوەستم، كە هونەری گۆرانی و هونەری شیعر ناناسێت و لە لاوازی هوشیارییەوە سەرقاڵی وێرانكردنی ئەو دوو هونەرەیە. لەتەنیشت ئەم دۆخەوە قسە لەسەر ئەو میدیا نمایشكار و بەكاڵاكردنە دەكەم، لەرێگای ئاستە لاوازەكەی خۆیەوە دوای وێرانكردنی هونەری گۆرانی، ئێستا سەرقاڵی وێرانكردنی هونەری شیعرە و، لە رێگەی (گەعدەی شیعری)ییەوە، ئاستی شیعر و ئاستی زمانی دابەزاندوەتە شوێنێك، تەنها دەكرێت ئەو ئاستە  لەچوارچێوەی (گەعدەدا) ناوی بهێنین. لەتەنیشت ئەمەوە لەناو هونەری گۆرانی كورییدا، لە (سەید عەلی ئەسغەر)ەوە، تا ئێستا بەدوای هونەر دەكەوین و دەپرسین لەكام وێستگەی هونەردا، بە هونەری میللییشەوە، (بەند و گەعدە) بوونی هەبووە؟ ئەم مۆدێلە چیبوو هات و لەناو كام چیندا گرنگی پێدەرێت؟ ئەو چینە لەرووی سایكۆلۆژییەوە خوێندنەوەیان بۆ بكرێت، یان لەرووی هونەرییەوە؟  چێژ و سەلیقەی ئەو چیینە چۆنە؟  ئەم جنسە غەریبە لەناو هونەردا بۆ رێیدەبێتەوە و، ئەو زمانە شەعبیە بۆ ریزكردنی وشە بۆ ناوینراوە شیعر؟

"هونەر بریتییە لە دیتنی راستییەكان، یان بیرێك لە فۆڕمی دیمەنی فەنتازیا. هیگڵ." ئەو راستییانەی لەناو ژیانی واقیعیدا هەن، دەبنە دینەمۆیەك بۆ بینینێكی جیاواز لای هونەر. هونەر لەگەڵ راستییەكاندا دەرگیردەبێت، سەرلەنوێ‌ خوێندنەوەیان بۆ دەكات و، ئەم خوێندەوەیە گومان و پرسیار لەسەر خودی راستییە بینراوەكان دروستدەكات، گومان و پرسیارەكان لای هونەر دەبنە دروستكردنی جۆرێكی دیكە لە راستی، كە ئەو راستییە نییە دەبینرێت و راستییەكە هونەر خۆی دەیخولقێنێت. بە دیوێكی تردا، خولقاندنەوەی راستیییەكی نوێ‌یە پێچەوانەی راستییە بینراو نەریتییەكە. ئەگەر هونەر ئاوەژوكەرەوەی راستی نەریتی و بینراو نەبێت بۆ خولقاندنی راستییەكی نوێ‌، دەبێتە كۆپی كەرێكی ئەو راستییە و، كۆپیكردنەوەی راستی هەرچییەك بێت هونەر نییە. بە دەر لە راستی بوونەكە، بیرێكە لە ناو هەرێمی خەیاڵدا. هێزێكی گەورە لەناو هونەردایە هێزی خەیاڵە، ئەم هێزە بەردەوام سنوورەكان تێدەپەڕێنێت و لەرێگەی خەیاڵەوە جیهانێكی دیكە دروستدەكات، ئەم جیهانە زۆر جار لەسەرووی جوانی جیهانە واقیعیەكەوەیە. " كەسیەتی هونەرمەند، كەسێكە پەی بە نهێنییەكانی سروشت دەبات. بلینسكی." پەیبردن بە نهێنییەكان، پەیبردنێكی ئاسایی نییە، لەناو سروشتدا كۆمەڵێك نهێنی بوونی هەیە، ئەم نهێنیانە كەسی ئاسایی پەیان پێنابات، تەنها هونەرمەند پەی بەم نهێنیانە دەبات، چونكە كەسیەتی هونەرمەند سەروكاری لەگەڵ ئەندێشەدایە، ئەندێشە وەك مەكینەیەكی بەرهەمهێنان بۆ هونەرمەند، دەبێتە چەقێك تا پەی بەو نهێنیانە ببات ئەویتری ئاسایی دەركی ناكات. هەر ئەم پەیبردنە لەرێگەی ئەندێشەوە كەسێك لە كەسێكی ئاسییەوە دەكات بە هونەرمەن. گەر هونەرمەند وەك ئەوانیتر سروشت ببینێت، وەك ئەوانی تر وێنای دەرەوەی خۆی بكات، وەك ئەوانی تر لەگەڵ دۆخەباوەكاندا بیگوزەرێنێت، ئیدی نەهونەرمەندە و نە هونەرێك لە ئەودا بوونی هەیە. جیاكردنەوەی هونەرمەند و ناهونەرمەند راستەوخۆ پەیوەندی بە ئەندێشەوە هەیە. ئێمە بۆ ئەوەی هونەرمەندێك بناسین، سەیری بەرهەمەكەی دەكەین و لەرێگەی بەرهەمەكەیەوە ئەندێشەی دەناسین، ئەو كەسەی بەرهەمەكە بڵاو دەكاتەوە ئەندێشەیەك لەبەرهەمەكەیدا نەبێت پەی بە نەبینراوێك  نەبردبێت، بێگومان ئەو كەسە بەرهەمێكی پیشاننەداوین ناوی هونەری لێبنرێت، لەبری ئەوە لەناو دونیا بینراوە ئاساییەكەدا بە بێ‌ پەیبردن بە نەبینراوەكان، لاسایكردنەوەیەكی خستوەتە بەردەستمان و ئەم لاسایكردنەوەیە بە هونەر وێنادەكات، لەكاتێكدا تەنها لاسایكردنەوەیەكە، بەبێ‌ پەیبردنبێك بە نهێنییەك و بەبێ‌ هونەرێك سەروكاری لەتەك ئەندێشە هەبێت. لەناو جەوهەری هەر بەرهەمێكی هونەریدا ئەندێشەیەك بوونی نەبێت، وەزەیەك بخاتە ناو بەرهەمەكەوە ئەو وزەیە خولقاندنێكی نوێ‌ بخاتە روو، ئەو بەرهەمە و خاوەن بەرهەمەكە نەیانتوانیووە كارێكی هونەری بكەن، تەنها لەژێر ناوی هونەردا، بەرهەمێكی ناهونەریان خستوەتە سەركۆی ئەو بەرهەمانەی دیكە هونەرێكیان تێدا نییە.

"هونەر تەنها كاتێك بە مەبەستی خۆی دەگات، لە دیاردە تایبەتەكاندا، پرسی گشتی و پێویستی عەقڵانی ئاشكرابكات و گشتییەتی نادیاری دیاردەكان، لەگەڵ گشتییەتی بەرهەستی ئەواندا دەربخات. هیگڵ." ئەو دیاردە تایبەتیانەی لەناو فەزای تایبەتدا ماونەتەوە، ئەركی هونەرە لە رێگەی عەقڵگەڕاییەوە ئەم پرسە نادیارانە سەرلەنوێ‌ شەنبكاتەوە و بیانكاتە پرسێكی گشتی و دیار. پرسە نادیارەكان پرسگەلێكن لە رووبەری تایبەتی خۆیاندا كار لەسەر مانەوەی تاك و كۆمەڵگە دەكەن لەشوێنێكی چەقبەستوودا، هونەر دەرك بەم نادیاری و چەقبەستوویەدەكات، دەرك بەم تایبەتی بوون و وەستانە دەكات، لە رێگەی هونەری ئەندێشەوە ئەم نادیاریانە كەشفدەكات و لە تایبەتی بوون دایاندەماڵێت و دەیانكاتە پرسی گشتی و دیار. كاتێك دەبنە پرسی گشتی و دیار، دەبنە شوێنی گفتوگۆكردن و خوێندنەوە، شوێنی بینین و بیرلێكردنەوە، شوێنی سەرلەنوێ‌ دارشتنەوە و مانادانێكی نوێ پێیان. هونەر لەم دیاردە تایبەتیانەدا دەورێكی گرنگ دەبینێت و، تەنها ئەوی هونەرە دەتوانێت لە رێگەی هونەری بیركردنەوە و خەیاڵكردن جارێكی دیكە ئەم نادیاریانە بدۆزێتەوە و، پرسەكە بكاتە پرسی گشتی. هەردیاردەیەكی تایبەت ویستی فەزاكەی خۆی فراوانبكات و لە وەستاندا بەردەوام بێت، لەو ساتەدا ئەركی هونەر دێتە پێش بۆ هەڵتەكاندنەوەی ئەو فەزا وەستاوە و گۆڕینی بۆ پرسێكی گشتی. "هەرگیز هونەر بە مانای لاسایكردنەوە نایەت. هیگڵ." هونەر كاتێك دەبێتە هونەر لاسایی كەرەوە نەبێت، ئەو لاسایكردنەوە چ بۆ لاسایكردنەوەی سروشت بێت، یان خودی ژیانی گشتی، یان دووبارەكردنەوەی رابردوو، ئیشی ئەوانی دی. ئەگەر هونەر لە چوارچێوەی لاسایدا مایەوە، لە مانا راستەقینەكەی خۆی دادەماڵدرێت و دەبێتە ناهونەر. هونەربوون لەو چركەساتەوە دەستپێدەكات، دووبارەكردنەوە و لاسایكردنەوە تێدەپەڕینێت و بە جۆرێكی دیكە وێنای سروشت و ژیان و دیاردە و نەبینراوەكان دەكات، بیركردنەوە و دونیابینیەكی نوێ‌ بەرهەمبهێنن.  یانی: (هیگڵ) وتەنی: " هونەر راستییەكان دەخولقێنێتەوە، كۆپییان ناكات."

هیچ كام لە فەیلەسوفان، لەسەر هونەر و جوانی ناسین لە هونەردا، هونەر ناكەنە دەرەوەی ئەندێشە. بەردەوام ئەندێشە لە هونەردا رووبەرێكی فراوان داگیردەكات و، هونەر راستەوخۆ كاتێك دەبێتە هونەر، ئەندێشەیەكی تێدابێت لەناو پانتایی ئەندێشەدا بەشوێن ماناكاندا بگەڕێت. ئەندێشەش تەنها پەیبردن نییە بە نەبینراوەكان، ئەندێشە سەرلەوێ‌ خوڵقاندنەوەیە. بەڵام هونەر و هونەرمەند دانابڕدرێن لە فەزا كۆمەڵایەتییەكە. ئەو فەزایەی هەیە، وەك (ئانتۆنی گرامشی)  كاتێك نائومێد دەبێت لە فۆرمێكی باوی هونەر، دەڵێت: "دەبێت باس لە خەبات بۆ فەرهەنگی نوێ‌ بكەین، یانی خەبات بۆ ژیارێكی ئەخلاقی نوێ‌ و روانینێكی نوێ‌. روانگەیەك كە دەبێت بە شێوەیەكی نوێ‌ راستییەكان ببینین، تا لەسەرئەنجامدا جیهانێك بخولقێنین لەگەڵ هونەرمەندی شیاو، بەرهەمی هونەری شیاو بێتە ئاراوە." ئەم دیگایە دەمانبات بۆ پرسیاركردن لەسەر فەرهەنگی نوێ‌. بە بروای ئەم فەیلەسوفە ناتوانین هونەر داببرین لەو فەرهەنگەی لەناو كۆمەڵگەدا هەیە و داوای لێبكەین پەرجومان پیشانبدات بۆ ئەوەی فەرهەنگەكەمان گۆڕانكاری بەسەردابێت. پێش ئەوەی خەباتبكەین بۆ بەرهەمهێنانی هونەرێكی بەرز، پێویستە خەبات بۆ گڕینی فەرهەنگ بكەین. گۆڕینی فەرهەنگ لەگەڵ خۆیدا گۆڕینی هونەریش دەهێنێت. بەبێ‌ دەسكاریكردنی فەرهەنگی كۆمەڵگە، هونەر بەتەنیا ناتوانێت دەستكاری خۆی و فەرهەنگیش بكات. ئەشێت ئەم دیدە پشت بەوە ببەستێت، ئەوەی ناوی لێنراوە هونەر و هونەر نییە، بەرهەمی فەرهەنگی كۆمەڵگەیە. بۆ ئەوەی هونەر مانا راستەقینەكەی خۆی بۆبگەڕێتەوە، پێویستە دەسكاری فەرهەنگەكە بكەین. ئەما كاتێك هونەر خۆی بووییە خزمەتكاری ئەم فەرهەنگە نەریتییە وەستاوە، ئەوكات چی دەبێت؟ لێرەدا پێچەوانەی ئەو بروایەوە، ئەكرێت باس لەوە بكەین، هونەر یەكێك لە ئەركەكانی گۆڕینی فەرهەنگی كۆمەڵگەیە. گەر هونەرخۆی فەرهەنگی كۆمەڵگە لە شەعبی بووندا بیخاتە ژێر سێبەری خۆی، لەم دۆخەدا ئیدی هونەرێك نەبووە و تەنها لاسایكەرەوەیەك بووە ویستوویەتی لەناو ئەو فەرهەنگە شەعبییەدا شوێنی خۆی بكاتەوە و خزمەت بەو تێگەیشتنە باوانەبكات فەرهەنگەكە وزەی لێوەردەگرێت. پێچەوانەی دیدگاكەی (گرامشی) بۆ ئەوەی فەرهەنگ بگۆڕێت بەر لەهەمووشتێك پێویستە هونەر خۆی جیابكاتەوە لە ناهونەر بوون، یان هونەر خۆی بگۆڕێت. پاش خۆ جیاكردنەوەی لەناهونەربوون و رۆیشتنەوە شوێنەكەی خۆی، ئەركێكی هونەر دەستكاریكردنی فەرهەنگە. " یەكێك لە باڵاترین ئامانجەكانی هونەر ئەوەیە دەبێت گەشە بە هوشیاری مرۆڤ بدات. چرنیشۆفسكی."  بەم لۆژیكە هونەر دینەمۆیەكە بۆ گەشەكردنی هوشیاری، لە رێگەی ئەم گەشە هوشیارییەوە فەرهەنگیش ئاڵوگۆڕی بەسەردادێت. پیچەوانەی (گرامشی)  دەبێت هونەر خۆی  پایەیەكبێت بۆ گۆڕینی فەرهەنگەكە، نەك لە چوارچێوەی فەرهەنگدا بیر لە گۆڕینی هونەربكرێتەوە. ئەگەرچی (گرامشی) پێی وایە: هونەر خەباتە بۆ ژیانێكی نوێ‌." بەڵام كاتێك دێتە سەر گۆڕینی فەرهەنگ، كەمتر ئەركێك دەخاتە سەر هونەر لەم گۆڕینە و، لەچوارچێوەی گۆڕینی فەرهەنگدا بیرلە گۆڕینی هونەر دەكاتەوە. بە پێچەوانەی تێزەكەی ئەویشەوە، (چرنیشۆفیسكی) ئەركە باڵاكەی هونەر كاتێك دەبینێت، بتوانێت هوشیاری نوێ‌ بخاتە شوێنی ناهوشیاری، یان هوشیاری باو. گۆڕینی ناهوشیاری بۆ هوشیاری نوێ‌، لە تەنیشتیدا گۆڕینی فەرهەنگی كۆمەڵگەشە، لە فەرهەنگێكی وەستاوە بۆ فەرهەنگێكی نوێ‌.ئەركی هونەر لێرەدا ئەركێكی گەورەترە، ئەركێكە دوای شوێنگرتنی خۆی وەك پاییەكی كلتووری، دەبێت دەست بۆ دونیاو هوشیاری مرۆڤەكان ببات و ئاڵوگۆڕی دونیابینی دورستبكات. تەنها لەم چوارچێوەیەشدا ناوەستێت و یەكێكی دیكەی ئەركەكانی، بەرنگارییە دژی سیستەمی دەسەڵات. هونەری راستەقینە هەرگیز رووبەری خۆی ناخاتە خزمەتی سیستەمی دەسەڵاتە و، لە رووبەرەكەی خۆیدا دژی سیستەم دەوەستێتەوە بۆ ئەوەی كردەیەكی بەرگریكارانە ئەنجام بدات، لە پێناو ژیانی گشتی و فراوانكردنی مەودای ئازادی.

پرسێكی دیكەی هونەر، جوانی بینە، جوانی ناسینە، وێناكردنەوەی جوانی و دروستكردنەوەی جوانییەكی نوێیە. ئەم پرسە گفتوگۆی زۆری لەسەرەو هەریەك لە فەیلەسوفان بەجۆرێك لەسەر پرسی جوانی لە هونەردا قسەی خۆیدەكات. لە هەموویان زیاتر(هیگڵ) كە جوانی هونەر باڵاتر دەكات لە جوانی سروشت. باوەڕی وایە ئەو جوانییەی هونەر دەیخولقێنێت جوانییەكی مانەوەیە، جوانییەكە لەو جوانییەی سروشت باڵاترە. دیدی ئەم فەیلەسوفە بۆ جوانی هونەر بە جۆرێك تیۆریزە دەكات، جوانی سروشتی بە جوانی كاتی دەبینێت. دیمەنەكان لەبەرچاو دەرۆِن و كۆتاییان دێت، بەڵام هونەر جۆرێك لە جوانی دەخولقێنێت دەمێنێتەوە، ئەمە چ لە هونەری شیعربێت، یان هونەری نیگاركێشان، یان هونەری ئاواز...هتد ، لەم جوانییەدا هونەر كۆپی ناكاتەوە، خۆی جوانییەك دەخولقێنێت جوانییەكە جیاوازییەكی جەوهەری هەیە لەگەڵ جوانی سروشتدا. بەڵام (هۆگۆ) دەڵێت: " هونەر بۆ هونەر رەنگە جوانبێت، بەڵام هونەر بە پێشكەوتن جوانترە." ئەو تێزەی هونەر لەناو هونەردا بۆی بگەڕێین، تێزی بەشێك لە بیریارانبوو، تا لەهونەردا وێنای هونەربكەنەوە. ئەم تێزە هونەری دادەماڵی و دەیخستە ناو رووبەرێكی تایبەتەوە كە زیاتر وێنای خۆی لە خۆیدا ببینێت، كاتێك (هۆگۆ) دێت، هونەر دەبەستێتەوە بە پێشكەوتنەوە، پێشكەوتن بەو واتایەی، جۆرێكی نوێ‌ لە بیركردنەوە، جۆرێكی نوێ‌ لە وێناكردن، جۆرێكی نوێ‌ لەخوڵقاندنی هوشیاریی و چێژ، جۆرێكی نوێ لەبەرنگاری و كردەی شۆرشگێرانە لەرێگەی ئەندێشەی هونەرییەوە. مەبەستییەتی رووبەری هونەر بهێنێتەوە شوێنە راستەقینەكەی و دای نەبڕێت لە رووبەری كۆمەڵایەتی. جوانی ناسینەكەش لەوەدا نابینێت وێنەیەكی نوێبێت لە دەرەوەی جوانی سروشت، لەوەدا دەیبنێت پێشكەوتن لەگەڵ خۆی بهێنێت و هەموو پێشكەوتنێكیش وێناكردنێكی جیاوازە لەوەی پێش خۆی. بەم واتایە، رووبەری هونەر بینینێكە بۆ سەرجەم رووبەرەكانی دیكە، ئەندێشەیەكە لەو رووبەرەوە بەردەوام چاودێری رووبەرەكانی دیكە دەكرێت، تا وزەی نوێیان پێبدات و روانینی نوێ‌ بخاتە ناویانەوە. 

" لەناو هونەردا هوشیاری پێشخانی بەرهەم، جێی لێوردبوونەوەیە، ئەو هوشیارییە راستەقینەیە یان درۆینە. گەر هوشیاریەكە راستەقینە نەبوو ناتوانین ئەو بەرهەمە بایەخی هونەری پێدەبین. چرنیشۆفسكی." لەناو بەرهەمی هونەریدا پاشخانێكی هوشیاری بوونی هەیە، ئەم پاشخانە لەسەر بنەمای بینینی راستی دروستدەبێت. گەر لە ناو بەرهەمدا پاشخانێكی هوشیاری بوونی نەبێت، بناغەیەكی بیركردنەوە بوونی نەبێت، ئەو بەرهەمە بەرهەمێك نابێت لە چوارچێوەی هونەردا سەیربكرێت. بەرهەم كاتێك دەبێتە بەرهەمی هونەری پاشخانێكی هوشیاری لەسەر بنەمای راستی تێدا بەدیبكرێت. " بەرهەمی هونەری بێجگە لە پیشاندانی راستییەكان، ئاسۆی راستییەكان دادەرێژێت و ئاراستەیاندەكات و بنەمای فاكتەكان _وەستان و گۆڕان_ پیشاندەدات. جۆرج لۆكاچ." بەرهەمی هونەری لە دیدی (لۆكاچ) تەنها راستییەكان پیشان نادات، بەڵكو ئاسۆی راستییەكان فراواندەكات و سەرلەنوێ‌ دایاندەرێژێتەوە. تەنانەت بەجۆرێك كار لەسەر ئاسۆكان دەكات، فاكتە وەستاوەكان دەگۆڕێت و فاكتی گۆڕاو دەخاتە شوێنیان. ئەم جوڵەیەش كاتێك دەكرێت هونەر رۆحی سەردەمەكەی خۆی بناسێت. ئەو سەردەمەی هونەر لەگەڵی دەرگیردەبێت، ئەركی هونەرە لەگەڵ ناسینی سەردەمەكەدا، دەرگیربوونەكەی بكاتە وێستگەیەك بۆ بەرهەمهێنانی دونیایەكی نوێ و راستییەكی نوێ‌ بخاتە شوێنی راستییە نەریتییەكە. هەڵبەت ئەو راستییەی هونەر بەیانیدەكات، گەر راستییەكی دەمامكداربێت، یان تەنها لە چوارچێوەی فۆڕم و رەواڵەتدا بێت، زوو كەشفدەبێت و كەشفبوونەكەی هونەرەكە لە هونەر دەخات. ئیشی هونەر نییە بەشوێن رەواڵەت و راستی ناراستییدا بگەڕێت، ئیشی هونەرە لەسەر راستییەك بوەستێت جەوهەرەكەی مانایەكی جیاواز بە دونیابدات‌. ئیشی هونەر نییە خۆی دابەزێنێت بۆ ئاستێكی بێمانا، ئیشی هونەرە كۆمەڵگە و فەرهەنگەكەی لە ئاستی نزم یان ناوەندەوە بەرزكاتەوە بۆ ئاستێكی بەرز.

بەپێی ئەم كۆمەڵە روانینەی فەیلەسوفانبێت. تێدەگەین رووبەری هونەر رووبەرێكە پەیوەندی بە ئەندێشەوە هەیە. ئەم رووبەرە رێگانادات لەشوێنێكی نەریتی و چەقبەستودا بمێنێتەوە و، بەردەوام لە دەسكاریكردنی دونیاكەی خۆی و دەرەوەی خۆی ناوەستێت. رووبەرێكە هوشیاری تێیدا باڵادەستەوە و، ئەم هوشیارییە دەرك بە نەبینراوەكان دەكات و دەرك بەو دیاردانە دەكات لە سەردەمەكەی خۆیدا روودەدەن، لەرێگەی دەرككردنەكەوە كەسی هونەرمەند جارێكی دیكە بە پشتبەستن بە هوشیاری دەرككراوی خۆیەوە، وێنەی نوێ‌ و دونیابینی نوێ‌ دەخولقینێت. رووبەرێكە وزەیەكی گەورەی خەیاڵ و ئەندێشەی تێدایە، وزەكە بەردەوام لە جوڵەدایە تا شتەكان لە بێمانایی رزگاربكات و مانایەكی تازەیان بكات بەبەردا. هونەركاتێك دەبێتە هونەر لەسەر ئەم بنەمایانە سەیری خۆی و دونیای دەرەوەی خۆی بكات. بەم پێیە ئێمە لێرەدا دەپرسین: (گەعدە) چ هیی گۆرانی، چ هیی شیعری شاشەیی، هیچكام لەم خەمانەی هەڵگرتووە؟ ئایا كەسی گوێگر، یان خوێنەری ئەو مۆدێلە  هوشیارییان لەرێگەی (گەعدە)ی گۆرانی و شیعری شاشەییەوە گۆڕانێكی بەسەردا هاتووە دەركبكەن ئەم گۆڕانە لە رێگەی (گەعدە)وە بەرهەمهاتبێت؟ ئایا ئەم جنسە غەریبەیە توانای ئەوەی هەیە ئەم بەپرسیاریییەتە هەڵبگرێت و حەقی ئەوەی هەیە وەك هونەر سەیربكرێت؟ هەردوو تایپەكەی بەند و گۆرانی، شیعری شاشەیی ناو بەرنامە تافیهەكان هیچ لەم جەوهەرەیان تێدایە ئێمە لێرەدا بەشێكی كەممان خستە ڕوو؟

     _2_

بەر لەهەمووشتێك بروای تەواوم بەوە هەیە، لەناو (گەعدە)ی گۆرانی و شیعری شاشەیدا، هیچ هوشیارییەكی نوێ‌ بوونی نییە، ئەو هوشیارییەی هەیە(گەرناوی هوشیاری بێت) نەریتییە و بە زمانێكی شەعبی دور لە زمانی نووسین و بیركردنەوە خەریكی فراوانكردنی فەزایەكی ناجۆرە، لەهەردووكیاندا چ گۆرانییەكان چ شیعرەكان تروسكایەك نابینرێت تا دەركبكەیت لە رێگەی ئەم مۆدێلە كرچوكاڵەوە دونیابینی بەرهەمبێت. بۆنمونە:  ئیشی (گەعەدە)ی گۆرانی لەگەڵ هوشیاریدا نییە، لەگەڵ دەركەهەستەكییەكاندا نییە، لەگەڵ گۆڕینی دونیابینیدا نییە،  لەگەڵ شانوملدایە. هەرچۆن شانومل تەشەنوج دەكات و سەنتەری_مەساجەكان_  ئەم شانوملە نەرمدەكەنەوە، لە ئێستادا ئیشی (گەعدە) شوێنی ئەو سەنتەری_ مەساجانەی_ گرتووەتەوە. ئەو دۆخەی (گەعدە) دورستیدەكات دۆخێكە شانومل دەهێنێتە جوڵە و لە تەشەنوج بوون رزگاری دەكات. بەهەمان شێوە دۆخێكە لەناو خۆلەبیركردنێكی كاتی، مرۆڤ پێویستی بەوەیە ریتمێك هەبێت بیجوڵێنێت، ئەو ریتمە كەمتر لەناو هونەرێكدا بارگاوی بە ئەندێشە بوونی هەیە و هونەر نایەوێت مامەڵە لەگەڵ بەجوڵەخستنی شانوملدا بكات، بە پێچەوانەوە هونەر گوێگر ناچاردەكات بیربكاتەوە، ناچاریدەكات جۆرێكی دیكە ژیان و بوونی ببینێت و، دەسكاری دونیابینیەكەی دەكات نەك شانوملی. هەندێكجار هونەر رابردوو دەگەیەنێت بە ئێستا و ئێستا دەكاتە شوێنێك بۆ بیركردنەوە لە ئایندە. (گەعدە) كێشەی لەگەڵ ئەم جۆرە لە بیركردنەوە نییە و، خۆشی سەرقاڵناكات بە گەڕان بەشوێن پرسیارەكان و بەرهەمهێنانی دیگای نوێ‌، هیچ كات پێویستی بە بیركردنەوە نییە. ئەو وەك ریتمێكی خێرا دەیەوێت لە دۆخێكی شاددا، گوێگرەكان والێبكات زۆرترین شانوملیان بجوڵێنن. بەڵام ئەم ریتمە لە بنەمادا بەرهەمی (گەعدە)نییە، و ریتمەكان لەناو هونەری میللیدا هەن و (گەعدەچی) دێت خۆی دەكات بەخاوەنییان و لەرێگەی شیعری لاوازەوە، چ ریتمەكە دەشێوێنێت، چ هونەرە میللیەكە. دونیای (گەعدە) دونیایەكە خاڵی لەبیركردنەوە و خاڵی لە خەمی گەورە، دونیایەكە لە ناو بازنەی شادییدا ئەركی بە جوڵەخستنە، نەك هیچ كردەیەكی دیكە.

" هونەرمەندانی رابردوو، لەبواری روانگە و جیهانبینی، ئاراستەو بەیانكردندا، لەژێركاریگەری كۆمەڵێكدابوون. جۆرج لۆكاچ." ئەم دیدە بۆ هونەری میللی زۆر دورستە. هونەری میللی لەچوارچێوەیەكی دیاریكراودا خولدەخواتەوە. ئەم چوارچێوە دیایكراوە تەنها وێنای ئەو دیاردە و كردە كۆمەڵایەتییانە دەكات، كە هونەرمەندی میللی توانای بینینیانی هەیە، لە دەرەوەی بینینە گشتی و ئاساییەكە، هونەرمەندی میللی بینینی دیكەمان ناخاتە بەرچاو. گەرچی زۆرجار هونەرمەندی میللی لەگەڵ شیعری راستەقینە و شیعری ئاست بەرزدا مامەڵەدەكات، بەڵام بینینەكەی خۆی و هوشیارییەكەی خۆی هەر لە دۆخە میللییەكەدایە. بۆ نمونە: (سەید محەمەدی سەفایی، یان میدیا حسێن و بەشێك لەكارەكانی عەینەدین... هتد" بە گوێگرتن لە بەرهەمەكانیان، ئەو میللی بوونە دەدۆزینەوە لەناو هونەرەكەدا خۆی نما دەكات. ئێمە دەتوانین بەم جۆرە لە هونەرمەند بڵێین: هونەرمەندی میللی، كە خەمەكانی زۆر خەمی دیارن، دیدگاكانی بۆ جیهان زۆر سنووردارن، نایەوێت لە گۆشەی ماڵێك، یان دانیشتنێك پرسیاری زۆر قورس لە بوون و لە دونیا بكات و، جیهانبینیەكی نوێ‌ بەیانبكات بۆ شوێنی جیهانە كۆنەكە، لەبری ئەمە لە رێگەی ئاواز و شیعری كلاسیك و فۆلكلۆرەوە، سەرقاڵی جۆرێك لە هونەرە، ئەم هونەرە زیاتر لە دانیشتنە تایبەتی و خێزانییەكان دێتە دەرەوە و، خەمەكانی و پرسیارەكانیش لەو چوارچێوەیەدان. بەڵام لەناو ئەم هونەری میللیەدا شیعر قورسایی خۆی هەیە، ئاواز قورسایی خۆی هەیە، مامەڵەكردن لەگەڵ گۆرانییدا، تەنها مامەڵەیەكی ئاسایی نییە و، مامەڵەیەك نییە نەتوانین وەك هونەری میللی لێی بڕوانین، دەرككردن بە چێژی گوێگر لەم هونەرەدا شوێنی خۆی هەیە، پاشان خاڵی نییە لە جوانیناسی. هەرگیز داواش لەم جۆرە لە هونەرناكەین بێت دونیامان بۆبگۆڕێت، ناوەكەی خۆی_میللی_بوونەكە، ناوێكە لە شوێنێكی دیاریكراودا دەتوانێت تەماهی لەگەڵ گوێگری خۆی بكات و ئەو بەپرسیارییەتییە گەورەی دەخرێتە سەر هونەری راستەقینە، ناخرێتە سەر هونەری میللی. گەرچی لە چەندین وێستگەی هونەری میللی ئێمەدا، چ لەرووی ئاوازە، چ لەرووی شیعرەوە، توانیویەتی كۆمەڵێك كۆتوبەند بشكێنێت و تەنانەت چێژ و بینینی سنوورداری نوێش بەرهەمبهێنێت، بەڵام چونكە روئیاییەكی نوێی بۆ خۆی و دونیا نییە، لەشوێنەكەی خۆی ماوەتەوە و تەجاوزی شوێنەكەی خۆی نەكردوە. ئەمە تایپە ناكرێتە دەرەوەی هونەر و هونەرێكە لە میللی بووندا خۆی دووبارە دەكاتەوە.

بەڵام ناهوشیاری ئەوەیە، بە (گەعدە) بڵێیت: هونەری میللی. لەكاتێكدا ئەم ناهونەرە، سەرقاڵی پیاهەڵدانە. پیاهەڵدان بە خۆی، بە ئەویتری میوان، بە سیستەمی دەسەڵات و كەسە باڵادەستەكاندا، پیاهەڵدان بە گرێكانی پیاوسالاری، پیاهەڵدان بە هەرشتێكدا یارمەتییەكی (گەعدەچی) بدات. ئاستی نزمی بەند و شیعر، لە شوێنێكدایە هەرگیز شیعری فۆلكلۆر و میللی ئامادەنییە لەو ئاستە نزمەدا خۆی دەرخات. ئەوە تەنها (گەعدە)یە لەو ئاستە نزمەیشیعردا بەند ریزدەكات و هەندێكجار دەچێتە دۆخی سوكایەتی و جنێودان بەیەكتری. كە بۆخۆی ئەم ئاستەی بەند ئاماژەیەكی گرنگە بۆ ناسینی ئاستی فەزاكە، كە فەزایەكی شێواوی سایكۆلۆژییە. بەشێكی زۆری ئاوازەكانیش، ئەو ئاوازانەن لای هونەرمەندانی میللی وتراون، ئەمان ئەمرۆ بە ئامێری مۆدێرن كەمێك دەسكاریاندەكەن و تێكەڵ بە بەند و شیعری ئاست نزم دەیانڵێنەوە، جیهانێك دەخولقێنن جیهانەكە تەنها لە هونەردا بوونی نییە و ناشكرێت هەرگیز ئەمە وەك هونەر ناوبهێنێت، بە پێچەوانەوە هیچ كات لە مێژووی كورددا هێندەی ئەم چەند ساڵە لەرێگەی (گەعدە)ی گۆڕان و شیعری شاشەییەوە، بێحورمەتی بە هونەر نەكراوە، ئیتر هونەری گۆرانی بێت یان شیعر. " گەر هونەر نەتوانێت وەڵامی پرسی مانای خۆی و دۆخەكە بداتەوە، هی كەسانێكە ئاستی سەلیقە و هوشیاریان نزمە .گەر هونەر تەنها خەریكی پیاهەڵدان و فریودانبێت،  هی كەسانێكە توانای ئەندێشەیان داڕزاوە. چرنیشۆفسكی." ئەم دیدگایە بكەینە دەروازەیەك، لەناو ئەم دیدگایەدا ئەو ناهونەرە دەبینین ئەمڕۆ لەژێر دەمامكی میللی بووندا خەریكی ئەو تێگەیشتنەیە (چرنیشۆفسكی) باسیدەكات. لەناو (گەعدە) دا بۆ هونەر ناگەڕێم، بۆ نا سەلیقەی و ناهوشیاری دەرهەق بە هونەر دەگەڕێم، بۆ وێناكردنی دونیایەكی نوێ‌ ناگەڕێم، بۆدۆخە سایكۆلۆژیە دەگەرێم دونیای لێبووە بە خۆ راوەشاندن و دونیای لێبوە بە پیاهەڵدان. بۆ بەرگری و بەرهەمهێنانی كارەكتەری بەرگریكار ناگەڕێم، بۆ خەمی گشتی ناگەڕێم، تەنها بۆ ئەو ئاستە شەعبییەی زمان دەگەڕێم ئەم فەزا سایكۆلۆژییەی پێ هونەرە! بەهەمان شێوەش لە (گەعدەی) شیعری شاشەیدا، بۆ زمانی نوێ‌، بۆ وێناكردنی نوێ‌، بۆ ئەو رووبەرە فراوانە ناگەڕێم شیعرتێیدا نیشتەجێیە و كێشەی لەگەڵ سیستەمدا هەیە و، كێشەی لەگەڵ زمانی شەعبی هەیە و، كێشەی لەگەڵ دونیای كۆن هەیە و خۆی بە خەمە گەورەكانەوە سەرقاڵدەكات. لەهەردوو (گەعدە)كەدا گەڕانەكەی من بۆ ئەو دیوە دارزییەوەی نەبوونی هوشیاری و نەبوونی هونەرە. بۆ ئەو تێگەیشتنە باوەیە كە هێشتا ئەركی هونەر و رووبەری هونەر ناناسێت، بۆ ئەو زمانە شەعبییەیە هەر لەخۆیەوە ناو لە شتەكان دەنێت. بۆ ئەو ئاستە دابەزیوەی شیعرە، كۆمەڵێك بێئاگا لە شیعر، تەنها لەبەر ئەوەی بچنە بەرنامەیەك و پێشكەشكارەكە وەك بوكەڵە هەڵیانسورێنێت و غرورێك لە شاعیربووندا نەهێڵێت، لەرێگەی كۆمەڵێك وشەی نەریتییەوە، لەرێگەی دونیابینیە سنووردارەكەی خۆیانەوە، لەرێگەی بێئاگاییان بۆ دەق و شیعر و تێگەیشتن لە رووبەری شیعر، خەریكی بچوككردنەوە و لاوازكردنی خۆیان و شیعرن. خەریكی خزمەتكردن بەو نەریتە باوانەی شیعر كێشەی گەورەی لەگەڵیان هەیە. خەریكی بە كاڵاكردنی خۆیان و شیعر و هونەرن، كە شیعر هەرگیز لەگەڵ بەكاڵابووندا یەكناگرێتەوە. هەرچۆن سیستەمی سەرمایەداری ئارەزوییەتی هەمووشتێك بكات بەكاڵا، ئەمرۆ لەناو كۆمەڵگەكەی ئێمە لەرێگەی كۆمەڵێك رۆحی دارزیوی ناهوشیارەوە، هونەر و شیعر، پێكەوە بوون بە كاڵایەك لەناو شاشەكانەوە وەك نمایشكارێكی بەتاڵ خۆیان نامایشدەكەن. هەر دەركەوتنێكی ئەم ناهوشیارییە گورزێكی كوشندەیە لە هونەری گۆرانی و هونەری شیعر.

ئەم خۆنمایشكردنە بۆ لاواز پیشاندانی خۆت، بۆ ستایشكردنی ئەویتر، بۆ خۆ بەسۆزدار پیشاندان، بۆ بە بەندكردنی شیعر، ئیشی ئەوانەیە نە رووبەری شیعر دەناسن، نە رووبەری هونەر، ئیشی ئەوانەیە تەنانەت خۆشیان ناناسن و لەرێگەی لاوازو بچوك پیشاندانی خۆیان بۆ ئەوی_كچ_  یان ئەوی_پیاو_ بێحورمەتی بە شیعر و هونەرەوە دەكەن. میدیای لاواز و بەكاڵاكردنی ماناكانیش، فەزای (گەعدەیی) بۆ هەردووكیان رێكدەخات و، لەو فەزایەدا پێكەوە لە جیهانێكی نمایشی زۆر كۆمیدیی و بێمانادا،(كەهەموویان لەیەك ئاستی ناهوشیاریدان) هەم شیعر وێراندەكرێت و لە ئەركە راستەقینەكەی خۆی دوردەخرێتەوە، هەم هونەر وێراندەكرێت و دەكرێت بە بەند و پیاهەڵدان. (جۆرج لۆكاچ) دەڵێت: " ئەم بازارە بۆ چێژ دەگەڕێت." بێگومان بازاری چێژەكانە، شاشەكان و میدیای بەكاڵابوو، نایەوێت بۆ دەقی زیندو هونەر بگەڕێت، چونكە دەقی زیندوی شیعر كێشەی لەگەڵ ئەو بەبازاركردنی چێژانەدا هەیە، كێشەی لەگەڵ خودی سیستەمەكە و میدیاكە هەیە، كێشەی لەگەڵ بەكاڵاكردندا هەیە، لە شوێنی ئەمە میدیای بەبازاركەر،دەگەڕێت لەناو رووبەرە گەورەكەی ئەدەب و هونەردا كەسێكی پێرازی نابێت بیخاتە بازارەكەی خۆیەوە، لە دەرەوەی ئەمە كۆمەڵێك پەراوێزخراو هەن، ئاستی تێگەیشتنیان بۆ هونەر و بۆ شیعر، هێشتا لە ئاستی هەست و نەستدایە و، هێشتا لە ئاستی خۆش و ناخۆشیدایە وەك ئاستی كەسێكی دور لە هونەر و دەقە، وەك ئاستی كەسێك هێشتا دەق بەچێژ و بێسەلیقەیی خۆی هەڵسەنگێنێت، ئەوانە دەهێنێتە سەر شاشە و ناویی شاعیر و هونەرمەندیان لێدەنێت و بازارەكەی خۆی گەرمدەكات و، لەرێگەی دارزینی شیعر و هونەرەوە، كۆمەڵێك چێژی كاتی دروستدەكات ئەم چێژەكاتیانە هەم شانومل دەجوڵێنن، هەم دونیای شیعر كورتدەكەنەوە بۆ هەست و نەستی نێوان دوو كەس، كە ئەمەش دەردە دڵە نەك شیعر. لەپاڵ ئەمەدا ئیدی رووبەری شیعر بە پێی ئاستی ئەم میدیا بەكاڵاكەرە دەگۆڕێت بۆ رووبەری خۆشی و چێژ و زمانێكی شەعبی كە بەرهەمەكەی تەنها ئەمەیە: بیرنەكردنەوە.

لێردا بە شێوەیەكی كورت جیاوازییەكانی  نێوان:  شیعر و شیعری گەعدەی شاشە، هونەر و هونەری میللی و گەعدە دەخەینە روو.

یەكەم: رووبەری شیعر رووبەرێكی رامنەكراوە، رووبەرێكە جیاواز لە رووبەری دەسەڵات و نەریت و دیدگا باوەكان. رووبەرێكە جگەلەوەی كێشەی لەگەڵ كۆی شتەكانی دەرەوەی خۆی هەیە و، ئیشدەكات بۆ سەرلەنوێ‌ مانادان و بەرهەمهێنانەوەی دونیای نوێ‌ و مانای نوێ‌، كێشەشی لەگەڵ خودی خۆیدا هەیە. كێشەی لەگەڵ ناو لێنانە نەریتییەكانە، كێشەی لەگەڵ حەقیقەتی باودایە و لەناو هیچ رووبەرێكی كۆنترۆڵكراودا شوێنی نابێتەوە و هەرێمی سەربەخۆی ئازادی خۆی هەیە. ئەم رووبەرە بە زمانی شەعبی و نەریتی ناتوانێت تەئویلی خۆی بكات و لە دۆخی بەرگریكرداندا بێت. رووبەری شیعر رووبەرێك نییە بتوانێت لەگەڵ سیستەمدا تێكەڵبكرێت و رووبەرێكی شۆرشگێرانەی بەرگریكارانەیە. نایەوێت بەوجۆرە دونیا بیینی، ئەوانی تر دەیبینن، نایەوێت بەو جۆرە وێنابكات ئەویتر وێنادەكات، ناشیەوێت ئەو زمانە بكاتە دەربڕی خۆی، وزەیەكی تێدانییە بۆ بەرهەمهێنان. لە هەموو حاڵەتێكدا رووبەری شیعر، هێندە فرە رەهەند و ئاڵۆزە هەرگیز لەو ئاستەدا نییە، لەرێگەی كۆمەڵێك نائاگاوە لە شاشەكانەوە دەكرێت بە كۆمیدیا و شادی و خۆ زەلیلكردن لەبەر بەزەیی پێهاتنەوە. هەرگیز ئەو غرورەی لە شاعیردا هەیە، لەو ئاستە لاوازەدا نییە، هەوڵدات خۆی بچوك بكاتەوە تا ئەویتری بینەر و بیسەر لەرێگەی بەزەییەوە لەدەوری كۆببنەوە. غروری شاعیر غرورێكە كێشەی لەگەڵ هەموو خۆ بچوككردنەوە و خۆلاوازكردنێكە، غرورێكە وەك _مەحوی_ دەڵێت: " لەگەڵ دەستی مەلا، رێناكەوێت زوناری زوڵفی یار." بێگومان هەرگیز ئەو غرورەی شیعر لەگەڵ ئەم دونیا نمایشی و خۆ زەلیلپیشاندانەدا رێناكەوێت، هەرچۆن حەڵقەی زوڵفی یار دژی نەریتەكانە و لەگەڵ مەلادا رێناكەوێت، شیعریش هەمان ئەركی دەكەوێتە سەرشان و لەگەڵ ئەم مۆدێلە بەتاڵە رێناكەوێت.

دووهەم: شیعری گەعدەیی ناو شاشەكان، شیعر نییە، بەندە لە فۆرمێكی تردا. زمانەكەی شەعبی و ساكارە، قوڵبوونەوەیەك تێیدا بوونی نییە. ئەوەی خۆی تێدا دەبینێتەوە بێگومان نازانێت رووبەری شیعر چییە. كێشەی لەگەڵ ئەو شتانەدا نییە نەبینراون، تەنها كێشەی لەگەڵ دڵی خۆی و ئەوی بەرامبەری هەیە. هەموو دەردەدڵێكی لێدەبێتە شیعر، بەردەوام خەریكی خۆبچوككردنەوە و نەمانی غرورییەتی، رێك پێچەوانەی شاعیری راستەقینە. دەچێتە هەموو شوێنێك بۆ ئەوەی وەك كاڵایەكی دارزیوی جێی بەزەیی خۆی پیشانبدات. نە زمان بەرهەمدەهێنێت، نە روانینی نوێ‌، ئیشی ئەو ئەوەیە خۆی ناسك بكاتەوە، بۆ ئەوەی دڵی كەسێك لەخۆی رازی بكات، بەشێكی زۆریشیان گرێی ئەویتر ناسینیان هەیە و دەیانەوێت لە رێگەی بەكاڵاكردنی خۆیان و شیعرەوە، ئەو گرێیە پڕبكەنەوە.

سێهەم: هونەری میللی، لەناو خۆیدا كۆمەڵێك پرسیاری دیاریكراو هەڵدەگرێت. ئەم هونەرە مامەڵە لەگەڵ شیعری كلاسیك و فۆلكلۆر دەكات، هەردوو تایپەكەی شیعر ئاستێكی بەرزیان هەیە، بەتایبەت شیعری كلاسیك. هونەرەكە خەمی گۆڕینی دونیای تێدانییە، بەڵكو لەناو خەمە سنووردارەكانی خۆیدا، خۆی دووبارە دەكاتەوە و تەنها دەست بۆ ئەو رووبەرە دەبات رووبەری خۆیەتی. هونەرێكە لە دوو شوێندا ئیشدەكات، بەشێكی برینی كۆمەڵایەتیی و بەچیرۆككردنی بیرنەكانە، بەشێكی شادی بەرهەمهێنانە. لەهەردوو بەشەكەدا ئامادەنییە ئاستی ئاواز و ئاستی شیعر دابەزێنێت و بەتاڵی بكاتەوە لە مانا.

چوارەم: (گەعدە) هونەر نییە، جنسێكی غەریبی سەردەمی دۆخی سایكۆلۆژییە خۆی خزاندوتە ناو رووبەری هونەر. مۆدێلێكە لەكاتی بەرخۆریدا دروستبووە. ئەو چینەی پەرەیان بەم مۆدێلەدا، چینێكی تازە پیاهەڵكەوتووبوون، هەستیان بە ونبوون دەكرد و كێشەكەیان زیاتر سایكۆلۆژییە نەك خەمی هونەریی. ئەم چینە پێویستیان بەشوێنێك بوو ناویان بهێنێت، ستایشیان بكات، پیایاندا هەڵبدات، لەناو هونەر و شیعر و مۆسیقا و وێنەكێشاندا، نەیانتوانی ئەو درزە بدۆزنەوە ئەم دۆخە سایكلۆژییەیان بۆ پڕبكاتەوە. بۆیە(گەعدەچی)یان لە دەوری خۆیان كۆكردەوە و لەرێگەی ئەمانەوە درزە سایكۆلۆژییەكەی خۆیان پڕكردەوە. تەنها ناسینی دۆخی سایكۆلۆژی تاك و چینێك دەتوانێت بە تەواوەتی ئەم (گەعدە)یە بناسێت. نە پرسیارێك نەگومانێك نە شیعرێك لەناو (گەعدە)دا بوونی نییە، ئەوەی هەیە هێنانی ئاوازی میللی و ئاوازی رەسمییە، بۆ ناو دونیایەكی سایكۆلۆژی. (گەعدەچی) لە چركەیەكدا ستایشی دەسەڵات، ستایشی بكوژ، ستایشی هونەرمەندی راستەقینە، ستایش خۆی، ستایشی یار، ... هتد دەكات. ئەو هونەر ناكات تا لەخۆی بپرسێت هونەر چییە و ئەركی چییە. ئەو ریتمێكی وەرگیراو بە بەندی ستایشكەرەوە دەڵێت وحەقی ئەو فەوزایەی دروستیكردوە وەردەگرێت. ستایشكردن یەكێكە لە ئەركە گەورەكانی (گەعدە) ستایشیش لەناو فەزایەكدا دروستدەبێت لەروی سایكلۆژییەوە شێواوە و پێویستی بە چارەسەرە. ئەشێت دۆخێك بێتە پێشەوە ئەو دۆخە سایكۆلۆژییە بە (گەعدە)ش چارە نەبێت و بەشوێن بازارێكی دیكە و فەزایەكی دیكەدا بگەڕێت. (گەعدە) چی هیچكات ئیشی بەبیركردنەوە نییە لەناو رووبەری هونەردا، ئیشی تەنها بەوەیە لەو فەزا سایكۆلۆژییەدا لە پیاهەڵدانەكانی نەكەوێت و لەرێگەی ئەم فەزایەوە، بەشێك لە بوونی خۆی بدۆزێتەوە كە ئەو پێی وایە ئەوە بوونە.

پێنجەم: هونەری ئێمە، لە سەرتاوە تاكو ئێستا. لە بەستە، هۆرە، سیاچەمانە، دەرەیی، لاوك، حەیران، قەتار و ئەڵاوەیستی، سەفەر... هتد. لەناو ئەم هونەرەدا شوێنێك، ناوێك بوونی نییە، ناوی (گەعدە)بێت. ئەم ناوە نامۆیە بەرهەمی سەردەمی بەرخۆریی و شێواوی سایكلۆژییە. ئەم ناوە دەبێت لە دەرەوەی هونەر وەك خۆی(گەعدە) لێی بڕوانین و، لە چوارچێوەی خۆیدا بیبینن هەرگیز لەناو هونەردا بۆی نەگەڕێین. هەموو ئەوانەشی دەبنە گوێگری ئەم دۆخە سایكۆلۆژییە، لەشوێنێكدا هوشیاریان بەرزبێتەوە و ئاستی بینینیان كامڵدبێت، لەم فەزا ناجۆرە دوردەكەونەوە و دەگەڕێنەوە بۆ هونەر. هەوڵدان بۆ خوێندنەوەی (گەعدە) لەناو رووبەری هونەر، جۆرێكە لە نەناسینی هونەر و ئەركی هونەر. بۆیە هیچ كات هەڵەی واناكەین لە چوارچێوەی هونەردا سەیری ئەم جنسە غەریبە بكەین و، مێژووی هونەری ئێمەش دیارە و ناوەكان و شوێنەكان و تەنانەت ریتم و ئاوازەكانیش دیارن.

لە تەنیشت ئەم فەزا ناجۆرەی سایكۆلۆژییدا میدیای بە كاڵاكەر، میدیایەك نییە لەسەر بنەمای _پەروەردە، كلتوور، هوشیاری نوێ‌_ پایەكانی خۆی داكوتیبێت. میدیاییەكی نمایشكاری رەواڵەتییە، بینینی بۆ دونیا بینینەكی ساكارە، بینینێك نییە بەشوێن چەمكەكاندا بگەڕێت و پرسیار و گومانی لا دروستبێت. زمانیشی لەو ئاستەدا نییە بتوانێ تەئویلی هونەر و مۆسیقا و شیعری پێبكات، زمانی لە ئاستە شەعبییەكەدایە و پێویستی بەوەیە هاوئاستی خۆی بدۆزێتەوە، هاوئاستەكانیشی بێگومان ئەو نووسەر و شاعیر و هونەرەمەندانە نین، لەپشت بەرهەمەكانییانەوە دونیایەكی دیكە ئامادەیی هەیە، ئەو (گەعدەچی)یانەی گۆرانی و بەند و شیعری لاوازن، دەیانهێنێت لەبازارەكەی خۆیدا لەژێر ناوی ترەوە نمایشێكی كاتییان پێدەكات و دەیكانكاتە كەرەستەی چێژێكی كاتی و چونكە غرورێك لە هیچكامیاندا بوونی نییە، میدیای بەكاڵاكەر وەك بوكەڵە هەڵیاندەسوڕێنێت و تا دەگاتە ئەوەی نمایشی كۆمیدیشان پێدەكات بۆ ئەوەی بینەرێك بهێننە پێكەنین. گەر لەراستیدا ئەمانە هونەرمەند و شاعیربن بە واتا راستەقینەكەی، هەرگیز ئەو بێ غرورییە لەناو شاشەدا قبوڵناكەن و نابنە كەرستەی خۆبەكۆمیدیكردن لە پێناو زەردەخەنەی بینەرێك. بەڵام چونكە هونەرێك لە ئەواندا نییە، ئیدی فەزاكەی خۆیان دۆزیوەتەوە و پێكەوە دەبنە سێركچی سەرشاشە.

"هونەر بەرەنگارییە، بەرەنگارییە بەرووی كۆیلایەتی، بەرووی مەرگ، بەرووی دزێوی و لەنگیدا. ژیل دۆڵۆز" لەم رۆحە داڕزیو خۆ بە لاواز دانەرەدا، لەناو (گەعدە) و شیعری گەعدەی شاشەدا، هیچ بەرگرییەك لەو تایپە پەرگریانەی (دۆڵۆز) دەیخاتە بەردەم هونەر بەدیناكرێت. بە پێچەوانەی ئەم بەرگریانەوە تەسلیم بوون، بە سیستەم، بە ئەویتر، بە نەریت، بە شێوەژیانی باو، بە خۆ زەلیل پیشاندان، بە خۆ كردن بە كۆمیدیا و بوكەڵەیی، ئەركی ئەوانە و هەریەك لەم ئەركانەش، پێچەوانەی ئەركی هونەر و شیعرن. هەر لەبەر ئەم تێگەیشتانەیە ئێمە (گەعدە) بە جنسێكی غەریب دەزانین لەناو هونەرداو هەرگیز جەسارەتی ئەوە ناكەین ناوی بنێین هونەر، پاشان بەندبێژی شاشەیش لە ژێر ناوی شیعردا، بە بیئاگا دەزانین لەناو دونیای شیعر و ئەدەبدا و، وەك دیاردەیەك دێن و دەچن و كۆتایی بە نمایشەكەیان دێت، چونكە هیچ كامیان هونەر ناكەن تا بمێننەوە.

                                                                                       
پەراوێز و سەرچاوەكان:

_* ناونیشانی ئەم وتارە، ناونیشانی وتارێكی(جۆرج لۆكاچ)ە.

_بۆ زیاتر لە بارەی هونەرەوە، بگەڕێوە بۆ:

جوانیناسی و هونەر، لای هیگڵ/  بلینسكی و جوانیناسی و كاریگەری هیگڵ، گی پلانتی بونژور

ریالیزمی جوانیناسیانە، چرنیشوفسكی و هیگڵ، گی پلانتی بونژور

هونەری سەربەست یان رێنوێنیكراو، جۆرج لۆكاچ

ئامانجی هونەر هوشیاركردنەوەی  مرۆڤە. جۆرج لۆكاچ

پرسەكانی رەخنەی ئەدەبی، ئانتۆنیۆ گرامشی، كتێبی كۆمەڵناسی و ئەدەب، وەرگێڕانی، هادی محەمەدی

 مراقبت و شدن/ ژیل دلوز در گفتوگو با انتۆنی نگری.

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP