کلتوری یەکترشکاندن؛ پارتی چی لە د.بەرهەم ساڵح دەوێت؟

دانەر ڕەشید - 8-01-2019 - 7547 جار خوێندراوەتەوە

ڕەنگە ئێمەی کورد تاکە میللەتی دونیا بین کە تەنها لە یەک شتدا کۆک و سەرکەوتوبین، ئەویش دژایەتی و شکاندنی شکۆی یەکترە. هەموو پسپۆڕین لە پاشقولگرتن و ملشکاندنی یەکتر وەلێ فێرنەبوین کە چۆن پێکەوە دەست لەناو دەست بۆ یەک ئامانجی دیاریکراو کاربکەین. لە کایەی سیاسەتیشدا، سەرکردەی پارتە سیاسیەکانمان ئامادەن هەموو سازشێک بۆ بێگانە بکەن، بەڵام دانویان پێکەوە ناکوڵێ و تا پێیان بکرێت ئێسکی یەکتر ئەشکێنین. 

بەپێی سەرچاوە مێژوییەکان هۆکاری سەرەکی ڕۆخانی دەوڵەتی ماد (کە کورد بە ڕەچەڵەکی خۆی دەزانێت) شەڕی خۆخۆری نێوان تیرەو هۆزەکان و یەکترشکاندنی سەرکردەکان بووە. شکست و ڕوخانی میرنشینە کوردیەکان، هەروەها پەرتەوازەبوونی حکومەتەکەی شێخ مەحمودی حەفید و دەستگیرکردنی لەلایەن ئینگلیزەکانەوە بەهۆی هەمان فاکتەرەوە بووە. ئیدی نازانم بڵێم ئەم کلتوری یەکترشکاندنەی نێوان سەرکردەکانمان نەریتێکی ئەزەلیە کە بۆ کورد ماوەتەوە یاخود خۆمان ناتوانین تەبابین و کار بۆ ئامانجێکی نەتەوەیی هاوبەش بکەین؟︎!

ئێستاش کلتوری یەکترشکاندن باڵی بەسەر سیاسەتی ناوخۆدا کێشاوە بەتایبەت پاش هەڵبژاردنی د.بەرهەم ساڵح بە سەرۆک کۆماری عێراق سەردانە یەک لەدوا یەکەکانی بۆ وڵاتانی ئیقلیمی ناوچەکە، پارتی دیموکراتی کوردستان لەڕێی میدیا زەبەلاحەکانی و سۆشیال میدیاوە کەوتونەتە هەوڵدان بۆ شکاندنی شکۆ و بێ بایەخکردنی چالاکیەکانی سەرۆک کۆمار. ئەوەی ئێستا پارتی دەیکات درێژەدانە بە هەمان ئەو کلتوری یەکترشکاندنەی کە بووەتە مۆتەکەی کورد بەدرێژایی مێژوو.

کەس تێناگات پارتی بۆ وا دەکات و چی لە بەرهەم ساڵح دەوێت؟ چ لۆژیکی تێدایە پارتێک کە بانگەشەی نەتەوەیی بوون دەکات دژی سەرکردەیەکی کورد بوەستێتەوە و سەنگەری لێبگرێ؟! بۆ ناکرێت ئەگەر بۆجارێکیش بێت ئێمە بەچاوی ڕێزەوە سەیری سەرکردەیەکمان بکەین کە نوێنەرایەتی کورد ئەکات لە پۆستێکی وەک سەرۆک کۆمار و شانازی پێوە بکەین؟︎︎!

سەرکردایەتی پارتی دەبێت ئەو حەقیقەتە قبوڵکەن کە تازە بیانەوێ و نەیانەوێ د.بەرهەم ساڵح سەرۆکی هەڵبژێردراوی کۆماری عێراقە و ناتوانن لە شکۆی کەمبکەنەوە، بۆیە لەبری ئەوەی دژایەتی بکەن، پێویستە پاڵپشتی بن بۆ ئەوەی نوێنەرانی کورد لە بەغدا بە یەک تیم کار بۆ بەدەستهێنانی مافەکانی کورد و باشکردنی گوزەرانی خەڵک بکەن.

لەم سۆنگەیەوە پارتی دەبێت لەوە تێبگات ئەگەر بەڕاستی نوێنەرایەتی پرسی نەتەوەیی دەکەن دەبێت وازبێنن لە سیاسەتی "یان لەگەڵمی یان دوژمنمی"و ئەوەی لەژێر چەتری ئەواندا نەبێت ڕەفز بکەن. هەموو حیزبە کوردستانیەکان بە پارتیشەوە دەبێت بگەنە ئەو ڕاستیەی کە کلتوری یەکترشکاندن هیچی لێ سەوز نابێ و میللەیش چیتر بەرگەی ئەو شەڕە لابەلایەی ئەوان ناگرێ.

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP