ئەو شەوەی دکتۆر بەرھەم بوو بە سەرۆککۆمار کەسە نزیکەکانی بارزانی چیانکرد؟

سلێمان عەبدوڵا یونس - 6-01-2019 - 236533 جار خوێندراوەتەوە

ئەو شەوەی کاندیدەکەی بارزانی لە ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق سەرکەوتنی بەدەسنەھێنا، ٤ چوار کەس، لەنزیکترین کەسایەتیە دیارەکانی ناو پارتی و پابەند بە ماڵباتی بارزانی، پێکی سەرکەوتنی دکتۆر  بەرھەم ساڵح ھەڵدەدەن، ئەو ٤ چوار کەسایەتیە، لەو مەلاییانەن، بۆ چرکەیەک، پشتیان لە بارزانی نەکردوە . بەڵام ئەگەر لێرەدا پرسیارەکە ئەوە بێت، ئەی کەواتە بۆچی بەشکستی کاندیدەکەی بارزانی خۆشحاڵ بوون و بەسەرکەوتنی دکتۆر بەرھەم، پێکی سەرکەوتنیان نۆشی؟ وەڵامە ئەوەیە، چونکە ئەوان دەیانزانی، بارزانی لەم کەیسەدا بژاردە و بڕیاڕی ھەڵەیە و خەمی تێوەگلانی ئەویان بوو لەململانێ حزبیەکان!

ئێستا دوای ئەم سەردانە سەرکەوتوانەی دکتۆر بەرھەم وەک سەرۆک کۆمار و ئەو پێشوازیە فەڕمی و گەرم و گەورانەی لێی دەکرێت، نیشانەی ئەوەیە ئەو ٤ چوار سەرکردە دیارەی پارتی بەڕاستی وریا و وردبین بوون. چونکە ھەرزو بێگومان بون کە لەسەر ئاستی عێراق و ناوچەکە، سەردەمی سەرۆکایەتی دکتۆر بەرھەم ئیتر دیفاکتۆیە و پارتی لەھەولێرەوە و بەحزبۆکڕاتیەتێکی زەردەوە، کە ڕیفراندۆم و کورتبینی سیاسی بڕشتی لێ بڕیوە، ناتوانێت پێشی پێ بگیرێت.

 لەڕاستیدا دڵسۆزی بۆ بارزانی، دابڕاندیەتی لە ململانێ کەسی و حزبیەکان، نەک تێوەگلاندنی وەک ئەوەی ئێستا لەئارایە و بازنەیەکی بچوکە حزبی بەرژەوەندخواز، ڕۆژانە بەخەتێکی ناقۆڵای زەرد وێنای سیاسەتی بۆ دەکەن وەک ئەوەی بەدەر لەناوبانگی خۆی لەدواھەمین سەردانەکەی بەغدای ماڵ بە ماڵی سەرکردە عێراقیەکان گێڕایان. ئاخر ھەر نەبێت لەبەر خاتری بارزانی ھەقە سەرکردە و کادرە دیارەکانی پارتی دلێرانە دەنگ ھەڵبڕن و ھەنگاوی ژیرانە بھاون و وەک ئەوەی ھەیە تابلۆی سەرکەوتن و دەرکەوتنی بەرھەم ساڵح وەک سەرۆکی ئەلتەرناتیڤ بۆ بنیاتناوەی سەردەمی زێڕینی تاڵەبانی نیشانی بارزانی بدەن. چونکە ئەوە بارزانی دەباتەوە ناو چوارچێوەی ئەو دۆخە کارێزماییەی جاران کە سەردەمانێک، سەرکردە عێراقیەکان ڕیزیان دەبەست بۆ سەردانیکردنی.

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP