هێشتا سه‌رۆك تره‌مپ له‌سه‌ر حوكمه‌؟!

لوقمان غه‌فوور - 6-01-2019 - 1411 جار خوێندراوەتەوە

زۆر قسه‌ له‌سه‌ر ده‌ستبه‌رداركردنی سه‌رۆك تره‌مپ ده‌كرێت له‌سه‌ر پۆسته‌كه‌ی، به‌ڵام رۆژانه‌ ئه‌م تێڕوانینه‌ له‌ئه‌مریكا هه‌ڵكشان و داكشانی خێرا به‌خۆیه‌وه‌ ده‌بینێت.

به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ كێرڤی سه‌رۆك تره‌مپ-ی به‌رزكرده‌وه‌ و میدیای ئه‌مریكی سه‌رقاڵ كرد ئه‌و ئاماره‌ سه‌رسوڕهێنه‌ره‌ بوو له‌ گەشەکردنی هه‌لی كار و هێزی كار له‌سه‌رده‌می سه‌رۆك تره‌مپ-دا. ئاماری وه‌زاره‌تی كار-ی ئه‌مریكی له‌سه‌ر زیادبوونی رێژه‌ی كار له‌مانگی دیسێمبه‌ری 2018 و كه‌مبوونی رێژه‌ی بێكاری به‌ رێژه‌یه‌كی به‌رچاو میدیاكانی ئه‌مریكای هه‌ژاند.

زیادبوونی 312 هه‌زار هه‌لی كار له‌مانگی دیسێمبه‌ری ساڵی 2018 ئاماژه‌یه‌ بۆ سه‌ركه‌وتنی تره‌مپ له‌گه‌شه‌ی ئابوری ئه‌مریكا، بۆ ئه‌مه‌ش شیكه‌ره‌وانی ئابوری له‌ كۆمپانیای زه‌ وۆل ستریت، ئه‌وه‌ ئه‌سه‌لمێنن به‌به‌راورد به‌ مانگه‌كانی پێشتر 180 هه‌زار هه‌لی كار زیادیكردووه‌ و رێژه‌یه‌كی سه‌رسوڕهێنه‌ریشیان بۆ تێكڕای هه‌لی كار بۆ مانگی ئۆكتۆبه‌ر و نۆڤێمبه‌ر و دیسێمبه‌ر خستۆته‌ به‌رده‌ست خه‌ڵكی ئه‌مریكا كه‌ تێكڕا له‌و سێ مانگه‌دا 254 هه‌زار هه‌لی كار زیادیكردووه‌.

شاره‌زایانی بواری ئابووری ناتوانن نكۆڵی له‌وه‌ بكه‌ن كه‌ رێژه‌ی بێكاری له‌وكاته‌ی كه‌ سه‌رۆك تره‌مپ، سه‌رۆكه‌، به‌رێژه‌یه‌كی سه‌رسوڕهێنه‌ر دابه‌زیوه‌، به‌شێوه‌یه‌ك له‌ 5.7% دابه‌زیووه‌ بۆ 3.9% و پێشبینی ئه‌كه‌ن ئه‌گه‌ر سه‌رۆك تره‌مپ له‌سه‌رۆكایه‌تیدا بمێنێ ئه‌م رێژه‌یه‌ بگاته‌ خوار 3% كه‌ ئه‌مه‌ش وه‌رچه‌رخانێكی گه‌وره‌یه‌.

من نامه‌وێت وردتر رۆچمه‌ ناو ئه‌و ئامارانه‌ و به‌راوردی بكه‌م به‌ساڵانی پێشوو، به‌ڵام ده‌توانم بڵێم ئه‌مه‌ یه‌كێكه‌ له‌و هۆكاره‌ی كه‌ تره‌مپ-ی راگرتووه‌، هه‌ربۆیه‌ ئه‌وانه‌ی تائێستا ره‌خنه‌یان له‌سه‌رۆك تره‌مپ گرتووه‌، بۆ دیوێكی تری سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مریكا ده‌ڕوانن كه‌ دیوی سیاسی و دیموكراسییه‌ كه‌ سه‌رۆك تره‌مپ-ی له‌ژێر مایكرۆسكۆپی میدیادا داناوه‌ و بچوكترین هه‌ڵه‌ی سیاسی لێگه‌وه‌رده‌كه‌ن.

ره‌نگه‌ زۆریش له‌وانه‌ی له‌ئه‌مریكا نیشته‌جێن درك به‌و راستییه‌ی "دیڤێد برۆكس" ستوونووسی رۆژنامه‌ی "زه‌ نیۆرك تایمز" بكه‌ن كه‌ له‌دوارۆژی ساڵی 2018 له‌وتارێكدا له‌ژێر ناوی "2019- ساڵی گورگه‌كان" كه‌ جگه‌ له‌ره‌خنه‌ تونده‌كانی له‌سه‌ر تره‌مپ، نایشارێته‌وه‌ به‌ هه‌موو پێوانه‌یه‌ك 40%ی خه‌ڵكی ئه‌مریكا له‌گه‌ڵ بۆچوونی تره‌مپ-دان. سیاسه‌تكردنی خواروخێچی تره‌مپ لای ئه‌ندامێكی ئه‌نجومه‌نی پیران-ی وه‌ك "میت رۆمنی"، كه‌ سه‌ر به‌كۆمارییه‌كانیشه‌، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ تره‌مپ بریاری داوه‌ له‌ئه‌فغانستان و سوریا، سوپا بكێشێته‌وه‌. لای كه‌سێكی سه‌رمایه‌داری وه‌ك میت رۆمنی، كه‌مبوونه‌وه‌ی رێژه‌ی بیكاری گرێ گه‌وره‌كه‌ نییه‌، بۆ نووسه‌رێكی وه‌ك جۆن وێرنه‌ر، كه‌ رۆژی 3ی جێنیوه‌ری2019 له‌ رۆژنامه‌ی "لۆس ئه‌نجلس تایمز" پێیوایه‌ كه‌وتنی دیموكراسی له‌ئه‌مریكا واته‌ كه‌وتنی دیموكراتی له‌دنیا، بۆیه‌ ئه‌و به‌لایه‌وه‌ ئه‌سته‌مه‌ سه‌رۆكه‌كان له‌گه‌ڵ میدیا له‌جه‌نگدا بن، ئه‌و پێی باش نییه‌ ئه‌و كه‌لچه‌ره‌ی ئه‌مریكای له‌سه‌ر بنیاتنراوه‌ كه‌ په‌نابه‌ر ئه‌مریكای دروستكردووه‌، تێكبشكێت، ئه‌و ده‌یه‌وێت ئه‌مریكا كه‌لچه‌ره‌ جیاوازه‌كان به‌رده‌وام بن له‌بنیاتنانی، کە ئەمە بۆچوونی سیاسییە کۆمارییەکانی ئەمریکایە، به‌ڵام به‌پێچه‌وانه‌وه‌ خه‌ڵكه‌ ساده‌كه‌ دیوێكی تری دیمه‌نه‌كه‌ ئه‌بینێت كه‌ په‌نابه‌ر بووه‌ به‌ بار به‌سه‌ر ئه‌مریكییه‌ سپی پێسته‌كانه‌وه‌.

دوا بۆچوون ئه‌وه‌یه‌ كه‌ تاكه‌ شتێك تره‌مپی راگرتووه‌ و ده‌شێت هه‌واداری گشتی نێو خه‌ڵكی بۆ زیاد بكات ئه‌و گه‌شه‌ ئابورییه‌یه‌ كه‌ له‌ناوخۆی ئه‌مریكادا گه‌شه‌ی پێداوه‌، بۆ خه‌ڵك گرنگ نییه‌ ره‌شیده‌ ته‌لیب-ی به‌ره‌گه‌ز فه‌له‌ستینی و ئیهان عومه‌ر-ی به‌ره‌گه‌ز سۆماڵی ببن به‌ ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌ن و ئه‌مریكا مێژوویه‌كی نوێ له‌دیموكراتییه‌ك تۆمار بكات یان نا، ئەوە دەستەبژێرێکی سیاسی و ڕۆشنبیرە، ئەوەیان بەلاوە گرنگە، ئه‌وه‌ی لای خه‌ڵكی گشتی ئه‌مریكا گرنگه‌ زیادبوونی هه‌لی كار و رێگرتنه‌ له‌په‌نابه‌ر كه‌ سه‌رۆك تره‌مپ تا ئه‌م ساته‌ كار له‌سه‌ر ئه‌م دوو جومگه‌یه‌ ده‌كات.

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP