پارێزگارێکی پارتی بێلایەن؟!

سلێمان عەبدوڵا یونس - 1-01-2019 - 30086 جار خوێندراوەتەوە

لەسەرۆکی ھەرێمەوە ھەتا چایچیەک، لە سنوری زەرد پارتییە. کەچی ئەو حزبە لە کەرکوک، کە قودس و قەڵای یەکێتییە، داوای پارێزگارێکی بێلایەن دەکات!

لەڕاستیدا پارتی پێویستی بەوەیە، جارێکی تریش لە زۆرانبازی سیاسی وەرگرتنی پۆستەکاندا، وەک ئەوەی لە پۆستی سەرۆک کۆمار ڕویدا، لەلایەن یەکێتیەکی یەکگرتوی بەھێزەوە، بخرێتەوە بەزەویدا، جا پارتی چۆن دەکەوێت بەئەرزا و کوێی بریندار دەبێت، با یەکێتی بیری لێ نەکاتەوە!

پارتی ڕاستە ئێستا قەبە و قەڵەو دەرکەوتوە و لەڕابردوشدا دەرفەتی بووە لەسۆنگەی غافڵگیریەکانی پەرتەوازەیی ناو ماڵی ڕکابەرەکەیی و کێماسیەکانی پەنجا بە پەنجاوە، مستەکۆڵەی بەھێزی لە دەموچاوی یەکێتی بدات، بەڵام کاتێک خۆیان دەڵێن کۆتایی ئەو سەردەمەیە و یەکێتیش لەزۆرانبازی بەغدا، بەکردار دەریخست، توانای خستنی پارتی ھەیە، کەواتە ھەرچی زووە پێویستە گێمی دوەمی یاریەکە دەسپێبکاتەوە!

ئاخر یەکێتی غەدر لە کەرکوکیەکان و قوربانی و دەسکەوتە دیموکراسیە بەخوێن بەدیھاتوەکانی خۆیشی دەکات، چاوەڕێی ئۆکەی کوردایەتی زەردی پارتی بێت و سازش لەسەر قەڵا و قودسە سەوزەکەی مامجەلال  بکات و ڕێگەبدات لەیارییەکی کەشفدا، پارێزگارێکی بێلایەن بەڵام پارتی، بەسەردا بسەپێت. لەکاتێکدا  لەیەکەمین گێمەکانی یاریەکەدا، وەک ئەوەی لەبەغدا ڕویدا،لەم دەستبادانە حزبیەدا، یەکێتی سەرکەوتنێکی دیکەی مێژوویی مسۆگەرە!.

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP