بەپەلە

ساڵى 2018ساڵێكى گه‌رمى ململانێ و
ساڵێكى سارد و نه‌هاتى ئاشتى و ئارامى...

نەوزادی موهەندیس - 28-12-2018 - 1994 جار خوێندراوەتەوە


•مایه‌ى نیگه‌رانیمانه‌ وه‌ك نه‌ته‌وه‌ى كورد كه‌ كه‌مترین ساڵ له‌مێژووماندا جێگه‌ى ئاوات و خه‌وبینینه‌وه‌یه‌ وجێگه‌ى ئاخ و حه‌سره‌ت بۆ هه‌ڵكێشانه‌ و به‌چه‌نجه‌ى ده‌سته‌كان ده‌ژمێردرێن،له‌به‌رامبه‌ریشدا مێژووه‌ ڕه‌ش و پڕ كوێره‌وه‌رى و كاره‌سات و ڕووداو و شكست و ناسۆره‌كان هێنده‌ زۆرن كه‌ له‌ ژماره‌ نایه‌ن، مایه‌ى به‌دبه‌ختیه‌ كه‌ كورد هیچ ده‌یه‌ ساڵێكى پڕ له‌ ئارامى و خۆشگوزه‌رانى و ئاوه‌دانى به‌خۆوه‌ نه‌بینیوه‌ ،به‌ڵكو هه‌موانى به‌ شه‌ڕ و جه‌نگ و كاولكارى و كوشتن و بڕین و برسێتى و ناسۆره‌وه‌ چه‌شتوه‌.گه‌ر له‌گه‌ڵ دوژمنكانیشدا نه‌بوبێت ئه‌وا له‌نێو ماڵى خۆى كورداندا ده‌ستیان داوه‌ته‌ خۆخۆرى و خۆكوژى و ڕووخاندنى ئه‌و بنمیچه‌ له‌رزۆكه‌ى كه‌ هه‌شیانبوه‌.

•ساڵه‌ ناخۆشه‌كان زۆرن و ناسۆره‌كان قوڵن و كاره‌ساته‌كان پڕ قه‌تماغه‌ وبرینه‌كان ته‌ڕوبڕن و تائێستاش خوێنیان لێده‌چۆڕێت و هه‌موانیش ته‌نها سه‌یركه‌رن و هه‌ریه‌كه‌ش له‌ هه‌وڵى ڕزگاركردنى كه‌وڵ و به‌رژه‌وه‌ندى و سه‌ر سه‌لامه‌تى خۆیاندان نه‌ك نه‌ته‌وه‌ و نیشتیمان.هه‌موو ساڵێك كه‌ تێپه‌ڕده‌بێت و خۆرى ته‌مه‌نى به‌ره‌و ئاوابوون ده‌چێت ،هه‌موان سه‌دان به‌ردى به‌دواداهه‌ڵده‌ده‌ین و به‌ده‌نگى به‌رز و به‌بێزراوى ماڵئاوایى لێده‌كه‌ین و پێى ده‌ڵێین خودایه‌ هیچ كات وه‌ك ئه‌مساڵمان به‌سه‌ر نه‌یه‌نیته‌وه‌ و ئۆغرت خێر نه‌بێت،و له‌كۆتایى چركه‌كانیشدا ئاوات ده‌خوازین كه‌ساڵى ئاینده‌مان گه‌شتر و خۆشتر و ئارامتر و پڕ ده‌سكه‌وت تربێت،به‌ڵام هه‌مدیسان وه‌ك ساڵانى پێشخۆى نمایشى شانۆگه‌ریه‌ پڕ تراجیدیایه‌كه‌ى كورد هه‌ر به‌رده‌وام ده‌بێت و ئیدى كورد و مێژوو و ئاواته‌كانى له‌ بازنه‌یه‌كى بۆشى نائومێدیدا ده‌سوڕێنه‌وه‌و به‌رده‌وامیان ده‌بێت و هه‌موانیش له‌ چاوه‌ڕوانى گۆدۆدا بڕستمان لێده‌بڕێت و گۆدۆش هه‌ر ده‌رناكه‌وێت.

•ساڵى 2018ش له‌ئێساتادا له‌ سه‌ره‌مه‌رگى ته‌مه‌نیدایه‌ وكه‌متر له‌ 100 كاتژمێرى ماوه‌ و هێواش هێواش به‌ره‌و كۆتایى و خۆر ئاوابوونى خۆى ده‌چێت،ئه‌مساڵه‌ش وه‌ك هه‌موان و زۆر له‌ساڵه‌كانى ترى پێش خۆى ده‌چێت و پڕاوپڕ بوو له‌ ململانێى گه‌رمى حیزبایه‌تى و كاره‌سات و ناسۆر و برسێتى و نائۆمێدى ،ئه‌وه‌تا :

ساڵى 2018 ساڵى تۆخكردنه‌وه‌ى ململانێ ناڕه‌وا حیزبیه‌كان و كاڵبونه‌وه‌ى برایه‌تى و ته‌بایى نێوانیان بوو. 
•ساڵى هه‌ڵبژاردنه‌ پڕ ساخته‌كارى و فرت و فێڵه‌كان بوو.
•ساڵى دڕدۆنگى و لێكترازانى ڕیزه‌كانى گه‌له‌كه‌مان و پارت و سه‌ركرده‌ سیاسیه‌كان بوو.
•ساڵى درێژه‌ پێده‌رى قه‌یرانى دارایى و برسێتى و بێكارى و تاوانه‌كان بوو.
•ساڵى شكستى حكومه‌تى هه‌رێم بوو له‌ چاره‌سه‌رنه‌كردنى گرفتى مووچه‌ و بودجه‌ و پاشه‌كه‌وته‌ ناڕه‌وا سه‌پێنراوه‌كان بوو.
•ساڵى سووربوون بوو له‌سه‌ر هه‌ڵه‌ و كه‌موكوڕى له‌ سیاسه‌ت و ئیداره‌ و ئابورى و ...هتد.و ساڵى چێنه‌كردنى چاكسازى و ڕێفۆرمه‌كان بوو.
•ساڵى پاشه‌كشه‌ى زیاترى كورد بوو له‌ سه‌ر ئاستى سیاسى و ئابورى و ئه‌منى له‌ ناوخۆ و له‌ عێراق و له‌ناوچه‌كه‌شدا له‌سه‌ر ئاستى هه‌ر چوار به‌شه‌كه‌ى كوردستان.
•ساڵى به‌رده‌وامبوون بوو له‌ تیرۆ و تۆقاندن.
•ساڵى دورینه‌وه‌ى گیانى چه‌ندین كه‌سایه‌تى نه‌ته‌وه‌یى و ڕۆشنبیر و ڕۆژنامه‌نوس و سیاسى و هونه‌رمه‌ند و چیرۆكنوسى گه‌له‌كه‌مان بوو.

بۆیه‌ ئه‌م ساڵى 2018 یه‌ش چۆته‌ ڕیزى ئه‌و ده‌یان و سه‌دان ساڵه‌ى مێژووى كورده‌وه‌ كه‌ هیچ كات خواست و ئاواتى بۆ ناخوازین و ناڵێین خۆزگه‌مان به‌ساڵى 2018. بۆیه‌ ڕه‌نگه‌ ئه‌م ساڵى 2018یه‌ش به‌هۆى ڕه‌شى و شوومى و پڕ له‌كاره‌سات و نسكۆكانیه‌وه‌ ساڵى ئاینده‌ى 2019شمان لێ تاڵ و پڕ له‌ناسۆر بكات و چرۆى ئومێد و ئاواته‌كانمان ڕه‌ش و تار وتاریك بكات،به‌هۆى له‌لایه‌ك یه‌كنه‌بوون و یه‌كڕیز نه‌بونى نێوماڵى كورد و كێشه‌ و گرفت و پێشهاته‌ ناوچه‌یى و نێوده‌وڵه‌تیه‌كان و هه‌ڵوێستیان له‌به‌رامبه‌ر مه‌سه‌له‌ى كورد له‌ كوردستانى گه‌وره‌دا و پاشه‌كشه‌كردنیان له‌ پشتیوانى كورد و له‌به‌ڵَێنه‌ فریوده‌ره‌كانیان بۆ كورد و له‌بیرچونه‌وه‌ى هه‌موو قوربانى و گیانفیداییه‌كانى كورد دژ به‌ داعش و تیرۆریستان له‌ باشور و ڕۆژئاواى كوردستان و هه‌وڵدانى زلهێزه‌ دونیایى و ناوچه‌ییه‌كانیش بۆ ڕێكخستنه‌وه‌ى په‌یوه‌ندى و به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانیان و له‌بیركردنى كورد و چاره‌نوسه‌كه‌ى و سپاردنى به‌قه‌ده‌رێكى نادیارى تر و دووباره‌كردنه‌وه‌ى كاره‌سات و مێژوه‌ پڕ له‌ناسۆره‌كانى ڕابووردووى.
 

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP