گەندەڵی چییە ؟

توانا ئەحمەد خەیات - 18-12-2018 - 3629 جار خوێندراوەتەوە

گەندەڵی چییە ؟ 

گەندەڵی  کە لە زمانی ئینگلیزیدا پێی دەوترێت ( Corruption) بە شێوەیەکی گشتی  بریتییە لە هەڵسوکەوتێکی  ناڕاستگۆیانە  یاخود چالاکییەکی  تاوانکارییانە، لەلایەن ئەو کەس و دەزگاو دامەزراوانەوە ئەنجام ئەدرێت  کە متامانەیان پێدراوە و دەسەڵات و پلەو پۆستیان هەیە .

هەروەها لەلایەن ڕێکخراوی  شەفافییەتی نێودەوڵەتییەوە  بە شێوازێکی سادەتر پێناسەی گەندەڵی کراوە کە بریتییە لە خراپ بەکارهێنانی دەسەڵاتی متمانە پێدراو لە پێناو بەدەست هێنانی  دەسکەوتی کەسی ....

گەندەڵی  چەندین چالاکی جۆراو جۆر ئەگرێتەوە  لەوانە( بەرتیل ، دزی کردن لە ماڵی گشتی ) ،بە پێێ بڕی ئەو پارەیەی کە دەزرێت یاخود  بە پێی ئەو سێکتەرەی کە تێیدا ڕوودەدات  گەندەڵی پۆلێن ئەکرێت بۆ : 
# گەندەڵی گەورە  ( Grand Corruption  ) ،
 # گەندەڵی بچووک (Corruption Petty ) 
# گەندەڵی سیاسی (  Political Corruption ) .

بابزانین گەندەڵی گەوەرە مانای چییە  : گەندەڵی گەورە  بریتییە لە خراپ بەکارهێنانی دەسەڵاتی باڵا( واتە لەئاستێکی بەرزی بەرپرسیارێتیدا)  بۆ بەدەستخستنی  دەسکەوت بۆ   کەمینەیەک  لە سەر حسابی زۆرینە ، ئەم جۆرە لە گەندەڵی بەشێوەیەکی بەربڵاو زیان بە  تاکەکان و بە کۆمەڵگەش ئەگەیەنێت .

گەندەڵی بچوک :  بریتییە لە  خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات لەلایەن فەرمانبەرانی حکومییەوە بەشێوەیەکی ڕۆژانە لە کاتی بەریەککەوتنیان لەگەڵ هاووڵاتی ئاسایی ، بۆ بەدەست هێنانی  خزمەتگوزارییە  گشتییەکان ی وەک تەندروستی و  خوێندن و ئاو وکارەبا لەگەڵ بەدەستهێنانی پێداویستتیە سەرەکییەکانی ژیان . 

گەندەڵی سیاسی : بریتییە لە دەستکاریکردن و یاریکردن بە ڕێنمای و یاسا و دامەزراوە دەستورییەکان   لە لایەن ئەو بڕیار بەدەستە سیاسیانەی کە  بە خراپی سود لە پێگەی خۆیان وەرئەگرن   ،بۆ پاراستن و هێشتنەوەی  دەسەڵات و سەروەت وسامانیان .
کارێکی زۆر سروشتییە کە بیر لە هەڵبژاردن بکرێتەوە کاتێک باس لە گەندەڵی سیاسی ئەکەین  .  بەمەبەستی ئاڵ و گۆڕ کردنی دەسەڵاتداران لە پێگەو پۆستەکانیان ، وەک ڕێکارێک بۆ بەرەنگاربونەوەی گەندەڵی سیاسی .

بەڵام لە و ووڵاتانەی کە خاوەن دامەزراوەو دەزگای یاسایی و دیموکراتی نین دەرکەوتووە کە ئەنجامدانی هەڵبژاردن هیچ کاریگەرییەکی ئەوتۆ ناکاتە سەر کەمکردنەوەی ئاستی گەندەڵی تێیدا .

بەداخەوە  لە هەرێمی کوردستان و لە ووڵاتی عێڕاقیشدا  هەرسێ جۆرە گەندەڵییەکە بونی هەیەو  چەندان شێوازی تریش هەن کە هەوڵ دان بۆ بنبڕکردنیان کارێکی ئەستەمە  . ئەمساڵیش  لە ڕێزبەندی ووڵاتە گەندەڵەکان لەسەر ئاستی جیهان  عێراق لە پلەی حەوتەمدایە لە دوای هەر یەک لە ووڵاتەکانی  سۆماڵ ، باشوری سودان، سوریا ، ئەفغانستان ، یەمەن ، کۆریای باکور  ..... 

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP