پارتی ماسک و بۆتۆکسی کاتی!

سلێمان عەبدوڵا یونس - 17-12-2018 - 16095 جار خوێندراوەتەوە

ھەموو ئاماژەکانی بەردەست، دەرخەری ئەوەن، کە پارتی کتومت توشی دەردەکانی یەکێتی بووبێت، بەڵام بەچەند جیاوازیەکی نێگەتیڤترەوە. 

بەنەخۆشکەوتنی مامجەلال، یەکێتی نەخۆشیە ترسناکەکە، بەجەستە سیاسیە شەکەتەیەوە، بەڕونی دەرکەوت. بەڵام ھەر زوو، مامجەلال، لەگەڵ چارەسەری خۆیدا، کەوتە نەشتەرگەری حزبەکەشی. بۆ پارتی، چارەسەرەکە لە نائامادەگی بارزانی، سەختر دەبێت لەوەی یەکێتی بەھۆی نەخۆشکەوتنی مامجەلال توشی بوو، بەتایبەت؛ سروشتی نەخۆشیەکەی یەکێتی وابو، کەھیچ کاریگەریەکی جێنەتیکی و کۆمەڵایەتی بەسەرەوە نەبوو، بۆ پارتی، بەپێچەوانەوەیە، چونکە وەک لە ئاماژە  بەراییەکانی پێکھێنانی کابینەی ٩ جارێکی دەرکەوتۆتەوە ، لەقوڵایی ململانێکانی ئەو حزبەدا، پاڵنەرێکی نەرێنی بۆماوەیی و خانەوادەیی لەئەسڵدا ماکی نەخۆشیەکەن!

لەڕاستیدا، درێژەکێشانی نەخۆشی مامجەلال، یارمەتیدەر بوو، بۆ پێدانی چارەی درێژخایەن و ھێواش بەحزبەکە و دواجاریش یەکێتی خۆشبەخت بوو، کاتێک وێڕای ھەموو  ئاستەنگەکان، بەڵام جەستە سەوزەکەی «کەزیاتر لەسەرێکی ھەبوو» وەڵامدانەوەی پۆزەتیڤی ھەبوو، لەگەڵ چارەسەرکان. بۆ پارتی جارێ مەترسیەکە ئەوەیە نەخۆشیەکە شاراوەتەوە و ڕۆژێک کتوپڕ دەردەکە، جەستە قەبەکەی پەژموردە دەکات ئەوکاتەش ڕەنگە قورس بێت بۆ بارزانی لەنێوان « کوڕ و برازا» بڕیاڕی جێگرەوە بدات.ڕیسکی لەوەش زیاتر ئەوەیە، جەستە زەردە دوو سەرەکەی پارتی، وەک جەستە سەوزە فرەسەرەکەی یەکێتی وەڵامی ئەرێنی بۆ چارەسەرەکە نەداتەوە.

بۆ پارتی بژاردەکە ئەوەیە، لەگەڵ خۆیدا ڕاشکاو بێت و لەئامادەگی بارزانی بیر لەتیماری خۆی بکاتەوە و بە پڕوپاگەندەی کوردستانێکی بەھێز و بەئاکامی سەرکەوتنی ھەڵبژادنێکی ناواقعی، فریوی خۆی نەدات و لاوازی و چرچولۆچیەکانی سەروخسار و جەستە حەفتا ساڵیەکەی، بەماسک و بۆتۆکسی کاتی نەشارێتەوە!


ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP