کەتنی گەورە!

دەشتی ئەنوەر - 16-12-2018 - 2974 جار خوێندراوەتەوە

هەڤاڵ قوباد تاڵەبانی لە تویتەردا جریوەیەکی کردووەو دەڵێ ئەگەر کەتنێکی گەورە نەکرێ و لەگەڵ بەغدا ڕێک بکەوین و نەوتیش نرخی دانەبەزێ لەم ئاستەدا ئەوا کێشەی مووچە چارەسەر دەبێ.

ئەمە جریوەیەکی دڵخۆشکەرە، چونکە چوار ساڵ بە دەست کەتنی گەورەی وەک ڕێک نەکەوتن لەگەڵ بەغدا و کەتنی ئابووری سەربەخۆ و کەتنی فرۆشتنی نەوت میللەتێکی توشی قەیرانێکی قوڵ و داخێکی سەختی کردین.

لەم چوار ساڵەدا بە هۆی قەیرانی داراییەوە تراژیدیا ترین هەواڵم ئامادە کرد، کاتێک گەنجێکی فەرمانبەر لەبەر دواکەوتنی مووچەکەی پەنای بردە بەر ئاسنگەری و دواجار لە کاتی کارکردندا دەمی کۆسرەی ئاسن بڕەکە دەردەچێ و دەدات لە ملی گەنجە فەرمانبەرەکە یەکسەر دەیبڕێت و لە لەشی جیای دەکاتەوە و دەبێتە قوربانی دەستی ئابووری بەناو سەربەخۆ.

لە دوای ئەم جریوەی هەڤاڵ قوباد تاڵەبانی هەندێک جڕ و جانەوەر کەوتنە هێرش کردن، هێرش کردنێک زەردەواڵە ئاسا ئەڵێی هەنگوینیان لە کونی دیواردا دۆزیوەتەوە، لە کاتێکدا ئەو جڕو جانەوەرانە لەسەر پارەی میللەت نوکی قەڵەمەکانیان تیژکردووە.

ئەم جریوەی تویتەرە بە ناوی کەتنی گەورە مانایەکی گەورەی هەیە و پێمان دەڵێ ئومێدی گەڕانەوە بۆ ژیان لەم هەرێمەدا هەیە و پێوەی ماندوو بووینە بەڵام هێشتا هەن ئەیانەوێ دۆخەکە خراپتر بکەن، وەک چۆن دز بازاڕی شێواوی دەوێ، ئەوانیش کەتنی گەورەیان دەوێ تا میللەت زەلیل بکەن و خۆیان لەسەر تەختی حکومڕانی بمێننەوە.

جا جڕ و جانەوەرەکان تێناگەن، هەر لە هەفتەی ڕابردووش هاوڕێم سلێمان عبداللە یونس وتارێکی نوسی لە شێوەی پەیام کە کورد کێشەی مەرجەعێتی هەیە و بارزانی دەرفەتی لە پێش بووەو دەیتوانی ببایە بە مەرجەعێت بەڵام نەیکرد. کەچی هەندێک کۆلکە نوسەر هاتوون هێرشێکی ناڕەوا و پڕ لە قینیان دەست پێکردووە.

ئەڵبەت لەم هەرێمەدا کێشەی غیابی عەقڵ و خوێندنەوە و بیرکردنەوە هەیە، ئەگەر نا، بیرکردنەوە  لە ڕێگری لە کەتنی گەورە و بیرکردنەوە لە مەرجەعیەت دوو ئاماژەن بۆ یەکڕیزی و یەک دەنگی و باش بوونی  ژیانی خەڵک و دۆخی کوردیش، بەڵام چونکی کێشەی عەقڵ و خوێندنەوەو وەرگرتن لای هەندێک مرۆڤ هەیە، بۆیە هەر ئەوە دەخوێنیتەوە کە نوسیویانەو لەوە زیاتر هیچی ترت پێشکەش ناکەن.
 

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی و خەندان لێی بەرپرسیار نییە

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP