به‌ڵام ئه‌و كه‌سه‌ كێیه‌؟!

سلێمان عەبدوڵا یونس - 22-08-2016 - 10430 جار خوێندراوەتەوە

سلێمان عه‌بدوڵڵا یونس


چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌كی باڵای دارایی‌و ده‌رامه‌ت له‌حكومه‌ت زانیاری ئه‌وه‌یان پێدام، ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ی، حكومه‌ت به‌پێی یاسای پاشه‌كه‌وتكردن پێویستیه‌تی بۆ موچه‌، بریتییه‌ له‌ 450$ ملیۆن دۆلار. له‌به‌رامبه‌ردا، داهاتی حكومه‌ت، له‌ناوخۆ بریتییه‌ له‌ 150$ ملیۆن‌و هی فرۆشتنی نه‌وتیش، مانگانه‌ له‌ده‌وروبه‌ری 650$ ملیۆن دۆلاره‌و به‌هه‌ردوو داهاته‌كه‌ش ده‌كاته‌ 800$ ملیۆن دۆلار.

به‌سه‌رنجدان له‌و ژمارانه‌ی سه‌ره‌وه‌، ئه‌گه‌ر حكومه‌ت وه‌كو سه‌عات‌و مانگانه‌و به‌بێ دواكه‌وتن موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران بدات، ئه‌وا ئه‌و پاره‌یه‌ی مانگانه‌ دوای پێدانی موچه‌، بۆ حكومه‌ت ده‌مێنێته‌وه‌، زیاتره‌ له‌ 350$ ملیۆن دۆلاره‌، كه‌چی هێشتا حكومه‌ت گرفتی پێدانی چاره‌گه‌ مووچه‌شی هه‌یه‌!

سه‌ره‌ڕای ئه‌و 350$ ملیۆن دۆلاره‌ی له‌دوای موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران زیاد ده‌بێت، له‌مانگی ئابی ئه‌مساڵیشه‌وه‌، ئه‌مریكا موچه‌ی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ دابین ده‌كات، به‌مه‌ش بڕێكی به‌رچاو له‌داهاتی ته‌رخانكراو بۆ موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران له‌كۆڵ داهاتی هه‌رێم ده‌بێته‌وه‌، به‌ڵام وێڕای ئه‌وه‌ش خه‌ڵك هیوایان نیه‌ ئه‌و گۆڕانه‌ ئه‌رێنیه‌ له‌واقعی دارایی حكومه‌ت هیچ له‌ژیانی نه‌رێنی ئه‌وان بگۆڕێت!

نائومێدی خه‌ڵك له‌حزبه‌كان‌و حكومه‌ت گه‌یشته‌ ئه‌وپه‌ڕی‌و له‌وه‌ش بێزاربوون چیتر به‌دیار ده‌نگی به‌رزو گڕی میدیاوه‌ دابنیشن‌و گوێبیستی ئه‌وه‌بن ئه‌و پاره‌یه‌ چی لێدێت؟ بۆیه‌ به‌ده‌ر له‌ململانێ سیاسیه‌كان، خه‌ڵك به‌دوای كه‌سێكدا ده‌گه‌ڕێن چاره‌یان بداتێ‌و خۆی له‌به‌رپرسیارێتی نه‌دزێته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌وكه‌سه‌ كێیه‌؟


ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP