دینداری و ڕقداری

پەیکار عوسمان - 15-12-2018 - 2456 جار خوێندراوەتەوە

تا شەیتان هەبێ شەیتاندنیش ئەبێت، شەیتاندنیش شادەماری ڕقە، ئا لێرەوەیە کە عارفەکان کاتیان نیە بۆ ڕقلێبوونەوەی شەیتان و تەنیا خەریکی خۆشەویستی خودان!
 
چونکە ئەوان نایانەوێ دەماری ڕقیان هەبێت، ئاخر دەماری ڕق هەر ئەونەی کە بە پاساوی شتێك هەبوو، ئیتر سەرئەکێشی بۆ هەموو  شتەکانی تریش! لە نەتیجەشدا ڕق باڵادەست ئەبێ و خۆشەوسیتی پاشەکشێ ئەکات، ئیتر دین و دنیاش بە شێوەیەك تێك ئەچن، کە نە یەکەمیان بۆنی خوداو نە دووەمیان بۆنی ژیانی لێبێت.

یەعنی ڕق و خۆشەویستی پێکەوە کۆناکرێنەوە، تۆ ناکرێ خودات خۆشبوێ و ڕقیشت لە شەیتان بێت، چونکە ئەو ڕقە، دواتر بۆ ڕقگەلێکت کێش ئەکات، کە ئیتر کاتت نەمێنێ بۆ خۆشەویستی خودا!

وەك ئەو سونەیەی کە ڕقی لە هەموو شتێکە بە خودی خۆشیەوە، چونکە ئەو کە خۆی بە شتەکاندا ئەتەقێنێتەوە، لەڕاستییا پێش هەرشتێ خۆی بە خۆیدا تەقاندۆتەوە!

وەك ئەو شیعەیەی کە ڕق لە نەیارەکانی عەلی و حسێن درێژئەکاتەوە بۆ ڕقلێبوونەوە لە هەموو شتێك و دواجار لە خودی خۆشی، سەیرکە ئەو باڵاترین وێنەی خۆی لە گریان و لەخۆداندا ئەبینێتەوە!

یەعنی کە سەرەتا ڕێگەت دا ڕق هەبێت، ئیتر لەوسەرەوە لە ڕێگای ڕقەوە ئەچیت بۆ لای خودا، لەکاتێکا ڕێگای خودا خۆشەویستییە! 
جا ئەو ڕقە کە دواتر کەڵەکەو ئەستور ئەبێت سەرەتایەکی هەیە، باسەکەی منیش لەسەر ئەو سەرەتایەیە کە پێویست ناکا هەبێت. 

بۆ ئەوەی بگەین بە خۆشەویستی ئەبی ڕق تێپەڕێنین. بۆ ئەوەی ڕق تێپەڕێنین ئەبێ شەیتاندن تێپەڕێنین. بۆ ئەوەی شەیتاندن تێپەڕێنین ئەبێ شەیتان خۆی تێپەڕێنین. بۆ ئەوەی شەیتان تێپەڕێنین ئەبێ کاهین تێپەڕێنین!

بەڵام بۆچی وتوومە کاهین و نەموتووە دین، لەکاتێکا شەیتان چەمکێکی دینییەوە لە دینەوە هاتووە؟ چونکە ئەوەی کە فیکرەی شەیتان ئیستغلال ئەکات بۆ پرۆسەی "شەیتاندن" کاهینە نەك دین. 
کاهینیش تەنیا هی دین نیە، بەڵکو تەواوی ئایدۆلۆژیاکان کاهینیان هەیەو هەموو ئایدۆلۆژیاکانیش جیا لە کەهەنە، بوونیان پێویستەو کێشە نین، چونکە جیاوازی و ڕەنگاوڕەنگیی ئەخولقێنن، بەڵام هەموویان لە فۆڕمی کەهەنەدا کێشەن، چونکە جیاوازی ئەسڕنەوە.

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP