سودمه‌ند نه‌بوونى كورد له‌ دۆخى نوێى شه‌رى دژ به‌ تیرۆر

عومه‌ر عه‌لی محه‌مه‌د - 15-12-2018 - 1330 جار خوێندراوەتەوە

ئه‌و بارودۆخه‌ سیاسیه‌ی ئێستا له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا دروست بووه‌ كاریگه‌ری ڕاسته‌وخۆی هه‌یه‌ له‌سه‌ر دۆزی كورد له‌ ناو ئه‌و چوار ده‌وڵه‌ته‌ی كه‌ كوردستانیان به‌سه‌ردا دابه‌ش كراوه‌، به‌تایبه‌تیش له‌ كوردستانی باكور له‌ توركیادا، چونكه‌ مامه‌ڵه‌ كردنی سیاسه‌تی نێوده‌وڵه‌تی و هه‌رێمایه‌تی له‌م ناوچه‌یه‌دا ڕاسته‌وخۆ په‌یوه‌ندی هه‌یه‌ به‌ دۆخی كورده‌وه‌، ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌ ده‌سه‌لمێنێت كه‌ ئێستا دۆزی كورد بۆته‌ ته‌وه‌ره‌یه‌كی سه‌ره‌كی له‌ ناكۆكی و ئاڵۆزی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و هیچ كام له‌ ووڵاتانی زل هێزو ناوچه‌كه‌ش ناتوانن خۆیانی لێ بێ ئاگا بكه‌ن و به‌بێ باسكردنی كێشه‌ی كورد درێژه‌ به‌ سیاسه‌ته‌كانیان بده‌ن .

هه‌ریه‌ك له‌و ووڵاتانه‌ كاتێك كه‌ هه‌نگاوێكی نوێ ده‌نێن یان هاوپه‌یمانیه‌تێكی سیاسی دروست ده‌كه‌ن یان پلانی داڕشتنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندیه‌كانیان داده‌نێن، له‌ هه‌موویدا ڕه‌چاوی به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان ده‌كه‌ن، به‌تایبه‌تیش ئه‌و سیاسه‌تانه‌ی كه‌ پیاده‌ی ده‌كه‌ن له‌ دوای ڕاپه‌ڕینه‌كانی به‌هاری عه‌ره‌بیه‌وه‌ گۆڕانكاری به‌سه‌ردا هاتووه‌و بابه‌ته‌ گرنگه‌كانی وه‌ك دیموكراسی و ماف و گه‌لان و پاراستنی مافه‌كانی هاوڵاتی له‌ ئێستادا جێگه‌ی سه‌رنج و ڕه‌خنه‌ی ئه‌مه‌ریكیه‌كان و ئه‌وروپاییه‌كانیش نین، له‌م دۆخه‌ نوێیه‌دا شه‌ڕی تیرۆرو به‌ره‌و ڕووبه‌ڕوو بونه‌وه‌ی گروپه‌ تیرۆریسته‌كان و شه‌ڕی داعش مانشێتی یه‌كه‌می سیاسه‌ته‌كانیانه‌و ده‌یانه‌وێت هه‌موو حكومه‌ت و هێزو لایه‌نه‌كانی ناوچه‌كه‌ بكه‌نه‌ به‌شێك له‌ داینه‌مۆی به‌گه‌ڕ خستنی پلانه‌كانیان دژ به‌ ئه‌و گروپانه‌، له‌ ئه‌م قۆناغه‌دا توانیویانه‌ كوردیش وه‌ك فاكته‌رێك به‌گه‌ڕ بخه‌ن و بیكه‌ن به‌به‌شێك له‌ جێبه‌جێ كه‌ری پلانه‌كانی خۆیان، بۆنمونه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستاندا توانیان كورد وه‌ك لایه‌نێكى كاریگه‌ر بۆ ڕووبه‌ڕووبونه‌وه‌ی  داعش به‌كار بهێنن و له‌م پێناوه‌شدا كورد قوربانییه‌كی زۆریدا له‌ شه‌هید بوون و برینداربوونی هه‌زاران پێشمه‌رگه‌ .

هه‌روه‌ها له‌ سوریاشدا توانیان كه‌ هێزه‌كانی سوریای دیموكرات وه‌ك لایه‌نێكی كاریگه‌رو ئه‌كتیف له‌ ڕوی سه‌ربازیه‌وه‌ دژ به‌ داعش به‌كار بهێنن، له‌ نێو ئه‌و هێزانه‌شدا لایه‌نی كوردی كه‌ خۆی له‌ په‌یه‌ده‌دا ده‌بینێته‌وه‌ پشكی شێریان هه‌یه‌ هه‌ربۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌و له‌ چوارچێوه‌ی ئه‌م سیاسه‌ته‌دا ده‌یانه‌وێت سود له‌ هێزه‌كانی پژاكیش وه‌ربگرن له‌ ڕووبه‌ڕوو بوونه‌وه‌ی ئێراندا ئه‌گه‌ر له‌ ئاینده‌دا ڕووبدات .

له‌م نێوه‌نده‌دا ووڵاتانی هه‌رێمایه‌تی له‌ ناوچه‌كه‌دا باشتر له‌ كورد له‌ بارودۆخه‌ نوێیه‌كه‌ تێگه‌یشتون و ده‌زانن چۆن مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا ده‌كه‌ن، به‌ڵام كورد بۆ مامه‌ڵه‌ كردن له‌گه‌ڵ ئه‌و سیاسه‌ته‌دا هه‌تا ئێستاش خاوه‌نی پلانی ستراتیژی یه‌كگرتو نیه‌و ئه‌وه‌ش كه‌ ده‌یكات به‌ ڕێكردنی سیاسه‌تی ڕۆژانه‌یه‌، له‌ عێراقدا پارته‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كان هه‌ماهه‌نگی باشیان له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانی ڕووبه‌ڕووبونه‌وه‌ی تیرۆردا دروست كردو خستیانه‌ خزمه‌ت به‌رژه‌وه‌ندی خۆیانه‌وه‌، به‌ڵام كورد كه‌ ریفراندۆمى ئه‌نجامدا، وه‌ڵامی خۆی وه‌رگرتوو ،نزیكه‌ی له‌ سه‌ده‌ په‌نجای خاكی كوردستانی له‌ده‌ستداو كوشتن و وێرانكاری و ئاواره‌یه‌كی زۆری لێ كه‌وته‌وه‌و ئه‌وه‌ش ئه‌نجامه‌كه‌ی بوو، له‌ سوریاشدا كورد ئاماده‌یی هه‌موو  هاوكاریه‌ك بوو له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكیه‌كان و هه‌تا كۆتایش شه‌ڕی داعشی له‌گه‌ڵ كردن و هه‌موو قوربانیه‌كی به‌ گیانی شه‌ڕڤانان و هاوڵاتیانیدا به‌ڵام پاش كۆتایهاتنی شه‌ڕه‌كه‌، راسته‌ كه‌ هه‌تا ئێستا ئه‌مه‌ریكا ده‌ست به‌رداری كورد نه‌بووه‌ (چونكه‌ یاریه‌كه‌ درێژه‌ی هه‌یه‌) به‌ڵام هه‌تا ئێساش ئه‌مه‌ریكا دانی نه‌ناوه‌ به‌وه‌ی كه‌ په‌یه‌ده‌ هێزێكی ستراتیژی و گرنگ بێت و پێویسته‌ له‌ ئاینده‌ی سوریادا ڕۆڵی كاریگه‌ری هه‌بێت و گه‌لی كوردیش بتوانێت بۆخۆی مافی چاره‌نوسی خۆی دیاری بكات .له‌به‌ر ئه‌وه‌ به‌شێوه‌یه‌كی گشتی ئێمه‌ ده‌بینین كه‌ كورد خاوه‌نی دیدگاو پلانی ستراتیژی نیه‌ بۆ ئه‌م دۆخه‌ نوێیه‌و له‌به‌ر ئه‌وه‌ شتێكی ئاساییه‌ ئه‌گه‌ر له‌ ئه‌نجامدا ئه‌مه‌ریكیه‌كان و ووڵاتانی ناوچه‌كه‌ش كورد به‌هێزێك گرنگ و كاریگه‌ر نه‌بینن و مامه‌ڵه‌یه‌كی ئیجابی له‌گه‌ڵدا نه‌كه‌ن و گۆرانكارىه‌كانیش به‌ قازانجى كورد نه‌بن.

په‌كه‌كه‌ كه‌ له‌ ئێستادا كۆمه‌ڵێك پارت و لایه‌ن له‌ ژێر باڵیدا سیاسه‌ت ده‌كه‌ن، نابینین مامه‌ڵه‌یه‌كی ئیجابی و تێگه‌یشتنێكی نوێی هه‌بێت بۆ دۆخه‌ نوێیه‌كه‌و پێداچوونه‌وه‌ به‌هه‌ندێك له‌ ئه‌ده‌بیاتی سیاسی و تێڕوانینه‌كانیدا بكات، بۆ ئه‌وه‌ی ببێته‌ هێزێكی كاریگه‌ر له‌لای ئه‌مه‌ریكاو ووڵاتانی ناوچه‌كه‌و هه‌تا ئه‌ویش بتوانێت له‌ دۆخه‌ سیاسیه‌ نوێیه‌كه‌ به‌هره‌مه‌ندبێت، نه‌ك درێژه‌ دان به‌سیاسه‌ته‌ ته‌قلیدیه‌كانی(شه‌ڕى چه‌كدارى) ببێته‌ مایه‌ی زۆربوونی فشارو ناساندنی وه‌ك هێزێكی تیرۆریست (هه‌روه‌ك ئێستا ئه‌مه‌ریكیه‌كان و ڕۆژئاواییه‌كان به‌و جۆره‌ مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا ده‌كه‌ن)، به‌ڵام ئه‌وه‌ی كه‌ له‌ ئێستادا ده‌یبینین په‌كه‌كه‌ سیاسه‌ته‌كانی له‌سه‌ر بنه‌مای كاردانه‌وه‌ داده‌ڕێژێت و به‌رامبه‌ره‌كانی چۆنیان ده‌وێت و چۆن پلانی بۆ ده‌كێشن، به‌و شێوه‌یه‌ مامه‌ڵه‌ ده‌كات. 
كه‌ دوا جار به‌به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌وان و زیانی بزووتنه‌وه‌ی سیاسی كوردو هاوڵاتیانی كوردوستانی باكوریش ته‌واو ده‌بێت، ئه‌م دۆخه‌ نوێیه‌ پێویستی به‌ عه‌قڵێكی سیاسی و دیبلۆماسی نوێ هه‌یه‌، كه‌ پشت به‌ توێژینه‌وه‌ی زانستی نوێ ببه‌ستێت بۆ هه‌نگاو هه‌ڵگرتن له‌ هێنانه‌دی ئامانجه‌ نه‌ته‌وه‌یی و نیشتیمانیه‌كاندا، له‌به‌ر ئه‌وه‌ پێویسته‌ له‌ئه‌م دۆخه‌ نوێیه‌دا هه‌نگاوه‌كان دابڕاو نه‌بن له‌ دۆخه‌ سیاسیه‌كه‌و دیدو تێروانینی ئه‌مه‌ریكی و ڕۆژئاواییه‌كان و ئه‌و بارودۆخه‌ سیاسیه‌ نوێیه‌ش كه‌ له‌ توركیادا هاتۆته‌ ئاراوه‌، كه‌ گۆڕانكاری زۆری به‌سه‌ردا هاتووه‌، به‌تایبه‌تیش له‌دوای هاتنه‌ سه‌ر ده‌سه‌ڵاتی پارتی دادو گه‌شه‌ پێدان، چونكه‌ له‌ دوای ئه‌وه‌وه‌ توركیا له‌ ڕووی سیستمی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و پێگه‌ی كوردیش له‌ ڕوی سیاسی و ئابوریه‌وه‌ گۆڕانكاری به‌سه‌ردا هاتووه‌و مافی چالاكی سیاسی هه‌یه‌و ده‌توانێت ئازادانه‌ به‌شداری هه‌ڵبژاردنه‌كان بكات و نوێنه‌ری خۆی هه‌بێت بۆ سه‌رۆك كۆمار و پارله‌مان و شاره‌وانیه‌كان .له‌ به‌ر ئه‌وه‌ له‌ جیاتى ئه‌وه‌ى ئه‌و بارودۆخه‌ بگه‌ڕێنێته‌وه‌ بۆ خاڵى سه‌ره‌تا پێویسته‌ خاوه‌نى پلانى خۆى بێت كه‌ دۆخه‌كه‌ زیاتر به‌ره‌و پێش ببات ، ئه‌مه‌ش كارێكى ئاسان نیه‌و پێویستى به‌ سه‌ركرده‌ى كارامه‌و هوشیارو خاوه‌ن عه‌قڵى ستراتیجى هه‌یه‌ .
 

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP