بەپەلە

گۆڕان كام رێگه‌ی گرتوه‌

له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج - 12-12-2018 - 3953 جار خوێندراوەتەوە

1
به‌ جێهێشتنی كۆمه‌ڵی ئیسلامی له‌ لایه‌ن گۆڕانه‌وه‌ ، جۆرێكه‌ له‌ بێوه‌فای سیاسی ، كۆمه‌ڵی ئیسلامی كه‌ به‌رده‌وام و له‌ هه‌موولایه‌كه‌وه‌ ته‌ڵه‌و داوی بۆ ده‌نرێته‌وه‌ ، له‌وه‌ته‌ی گۆڕان دروست بووه‌ ، بۆ یه‌كچركه‌ به‌ جێی نه‌هێشتوه‌ ، سه‌ره‌ڕای جیاوازی بیرو ڕاو ئایدۆلۆژیا ، ئێستا كه‌ بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان زۆر پێداگری له‌ چوونه‌ ناو حكومه‌ت ده‌كات و ئه‌وه‌ش له‌ زاری هه‌موو ئه‌وانه‌وه‌ ده‌گوترێ‌ كه‌ ره‌نگه‌ ئامانجێكیان هه‌بێت له‌وه‌دا ، پرسیاری ئه‌وه‌ ناكرێت ، كه‌ له‌ حكومه‌تا بوون چی ، ئه‌ی چی له‌ هاوپه‌یمانه‌تیه‌ ئاكاریه‌كه‌ی نێوان خۆیان كۆمه‌ڵی ئیسلامی ده‌كه‌ن ، كه‌ نه‌وشیروان مسته‌فا زۆری به‌لاوه‌ گرنگ بوو ئه‌و هاوپه‌یمانه‌تیه‌ به‌هێز ترو فراوانتر بكرێت .
2
بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌ بری سیاسه‌ت بكات له‌ نێوان پارتی و یه‌كێتیدا یاری ده‌كات ، ئێستا كه‌ له‌ یه‌كێتی كویسه‌ ، هۆیه‌كه‌ی ئه‌وه‌یه‌ ته‌ققه‌ له‌ باره‌گای سه‌ره‌كی بزوتنه‌وه‌كه‌و وێنه‌ی نه‌وشیروان مسته‌فا كرا ، هه‌ڵبه‌ت ئه‌وه‌ راسته‌، به‌ڵام تا ئێستا ڕون نیه‌ پلانه‌كه‌ چۆن بوو ، چ ده‌زگایه‌كی موخابه‌راتی له‌ پشتیه‌وه‌یه‌تی ، بۆ ئه‌وه‌ كرا ، بۆ دیوارێكی به‌ردین خرایه‌ نێوان گۆڕان و یه‌كێتیه‌وه‌ كه‌ دوای مه‌رگی نه‌وشیروان مسته‌فاو مام جه‌لال له‌ هه‌ردوو لاوه‌ كۆده‌نگیه‌ك دروست بووبوو بۆ ئه‌وه‌ی رێكه‌وتنه‌كه‌ی ده‌باشان به‌ره‌و سه‌ر به‌رن .
3
بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان هه‌قی خۆیه‌تی بیر له‌وه‌ بكاته‌وه‌ بچێته‌ حكومه‌ته‌وه‌ و له‌ ته‌ك پارتیا رێكه‌وتن بكات ، لێ‌ ده‌بێت ئه‌وه‌ بزانێ‌ پارتی و یه‌كێتی هه‌ردوك ئازاریان داوه‌ ، ئه‌گه‌ر بیانوی ئێستای گۆڕان ئه‌وه‌ بێت كه‌ یه‌كێتی ده‌یه‌وێ‌ گۆڕان نه‌هێڵێت ، ده‌ی با زه‌حمه‌ت بكێشێت هه‌واڵێكی گۆڕانه‌كانی بادینانیش بپرسێت ، با پرسیاری ئه‌وه‌ش له‌ پارتی بكات ، ئه‌رێ‌ ئه‌و حزبه‌ خۆی كادیری كه‌مه‌ تا مه‌سعود حه‌یده‌رو حه‌مه‌حاجیه‌كانی ناوگۆڕان به‌رێت و بیانكاته‌ شت .
4
بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌ بری بیركردنه‌وه‌ له‌ چونه‌ ناو حكومه‌ت هه‌قه‌ بیر له‌ حاڵی شێوای ناو ماڵه‌كه‌ی خۆی بكاته‌وه‌ و رێگه‌ش نه‌دات ئه‌وه‌نده‌ ره‌خنه‌ گره‌كانی ئه‌و بزوتنه‌وه‌یه‌ به‌ سه‌گ و شتی تر بچوێنرێن، كاك نه‌وشیروان هه‌رگیز ره‌خنه‌ گره‌كانی به‌ سه‌گ نه‌چواند ئه‌م داهێنانه‌ له‌كوێوه‌ هات ، سه‌دان هه‌زار كه‌س ئومێدیان به‌ گۆڕان بوو، ده‌یان هه‌زار كه‌س بۆ ئه‌و بزوتنه‌وه‌یه‌ هه‌موو ده‌سكه‌وتێكیان توڕداو هه‌ندێك كه‌وتنه‌ سه‌ر ساجی عه‌لی ، ئه‌رێ‌ ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه‌ بیر كه‌ره‌وه‌یه‌كی تیا نه‌ماوه‌ .

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP