كاریزما، وێرانكەری سیستەم

نەبەز گۆران - 12-12-2018 - 2620 جار خوێندراوەتەوە


نامەوێت بچمە سەر تیۆرەكەی (برایان تریسی) تا خوێندنەوە بۆ رەهەندەكانی كاریزما بكەم و، كاریزما بوون رونبكەمەوە، بەڵكو سەرنج لەسەر دوو رەهەندی دیكە دەدەم. ئەو تێگەیشتنە باوەی كۆمەڵگەی ئێمە بۆ كاریزما هەیەتی، لەگەڵ ئەو وێنایەی كاریزما بۆ خۆی و دروستكردنی سیستەم هەیەتی.

كۆی حیزبەكانی باشوور گیرۆدەی كاریزمان. بە درێژایی مێژووی حیزبی كوردیی، بەردەوام كاری بۆ ئەوەكردووە كاریزمایەكی هەبێت، ئەم كاریزمایە تەواوی كێشەكان، كردەكان، جوڵەكان، گوتارەكانی پێوە هەڵواسراوە و، خودی خۆ بە كاریزما زانیش خۆی كردوەتە سەنتەر و ئیدی ئەم سەنتەربوونەی بووەتە هۆی دونیاییەك ئاڵۆزی كە پاش خۆی جێیهێشتوون. هەر حیزبە و شەیدایانە لە ژێر گوتاری _جەماوەری بوون_ وێنەی كاریزمای بۆ سەركردەی حیزب خولقاندوە، كاتێك ئەم وێنە خوڵقێنەرە دروستبووە، كارەكتەری كاریزمایی لە شوێنی سیستەم دانیشتووە و خۆی هەم سیستەم بووە، هەم كاریزما. هیچ كاریزمایەكی حیزبی خۆشیی لەگەڵ دروستبوونی سیستەم نەهاتووە. (لێرەدا سیستەم بەواتای هەمووشتێك لە شوێنی خۆی و دابەشكردنی دەسەڵاتەكان، بەكاردەهێنم.) 


كێشەی گەورەی ئەم كۆمەڵگەی باشوورە تا ئەم چركەساتەش ئەوەیە، هێشتا شەیدای دروستبوونی كاریزمایە و خەیاڵی ئەوە دەكات لەكوێدا كارەكتەرێكی كاریزمایی دروستبێت، بچێتە ژێر سێبەری! لەكاتێكدا كێشەی ئێمە نەبوونی سیستەمە، نەك نەبوونی كاریزما، لە هەرچركەساتێكیشدا هەوڵدرا بۆ دروستبوونی كاریزما، ئیدی لەو چركەساتەدا هەوڵدەدرێت بۆ دروستنەبوونی سیستەم. لەوانەیە لەم رەهەندەوە پرسیاری ئەوە دروستبێت بۆچی (پەكەكە) كە خاوەنی كاریزمایە و سیستەمی هەیە؟ وەڵامی ئەم پرسیارە زۆر سەخت نییە، چونكە پێش دەستگیركردن هەمان دۆخبووە و پاش دەستگیركردن دۆخێكی ترە كە دەتوانین بەم جۆرە باسیبكەین.  دونیای سەرۆك (ئاپۆ) دوای دەستگیركردن:  كاریزمایەك نییە بۆ وێرانكردنی سیستەم، عەقڵێكە بۆ دروستكردنی سیستەم و، بە پاشخانێكی فیكری و مێژووییەوە دەست بۆ رەگوڕیشەی كێشە بونیادییەكانی كۆمەڵگە و سیاسەت دەبات. ئەم عەقڵە گەر كاریزمابوونیشی لەگەڵ نەبێت، مادام هوشیارییەكی قوڵی لەگەڵداییە نایەوێت پاش خۆی دونیایەكی شێواو دروستبكات، لەبری ئەوە سیستەم دروستدەكات بۆ ئەوەی پاش خۆی، كاربكرێت بۆ تەحقیقكردنی ئەو بیركردنەوانەی بەرهەمی هێناون. جیاوازی گەورەی نێوان كاریزما بوونی سەرۆك (ئاپۆ) و تەواوی كاریزما حیزبییەكانی باشوور، لەو بەرهەمە عەقڵییەدایە ئەو لەناو سیستەمدا شوێنی دەكاتەوە بۆ ئەوەی رووبەرووی سیستەمێك ببێتەوە لەخۆی گەورەتربێتەوە، بەڵام ئەوانەی باشوور  سیستەم و عەقڵ وێراندەكەن بۆ ئەوەی وێنەكەی خۆیان بپارێزن.

كۆمەڵگەی نەریتی كۆمەڵگەی بەرهەم هێنانی كاریزمایە، كۆمەڵگەیەكە بەرلەوەی بیر لە سیستەم بكاتەوە، بیر لە كاریزما دەكاتەوە. ئەم جۆرە كۆمەڵگایانە دوای نەمانی كاریزما بەر نەبوونی سیستەم دەكەون و، ئەم بەركەوتنە نایانگەیەنێتە ئەو بڕوایەی دەبێت سەرلەنوێ‌ جۆرێكی دیكە بیربكرێتەوە. ئێستا ئەوەی كێشەی لەم كۆمەڵگەیەدا دروستكردوە نەبوونی سیستەمە، تاكو سیستەم بە شێوە دروستەكەی دروست نەبێت، شتەكان لە شوێنی خۆیاندا نابینرێن. هیچ كاتیش كاریزما هەوڵنادات سیستەم باڵادەستبكات بەسەرخۆیدا، مەگەر كاریزمایەك ئەم كردەیە بكات بیركردنەوەكانی گەورەتربن لە وێناكەی خۆی. (كاریزما حیزبییەكانی باشوور وێناكانی خۆیان پێگەورەترەبووە لە سیستەم، بۆیە بەرهەمەكەیان بەم جۆرەیە كە دەیبینین.)

مەترسیی بەرهەم هێنانی كاریزما كەمتر نییە لە مەترسی ئایدۆلۆژی حیزبی. چۆن ئایدۆلۆژیای حیزبی دەبێتە مەكینەیەك بۆ ئاوەژوكردنەوەی حەقیقەتەكان، بۆ شێواندنی سیستەم، بۆ دروستكردنی جۆرێك لە پەروەردەی رەواڵەتی، بۆ دەستبردن بۆ كۆی دامەزراوەكان، كاریزمای حیزبی خۆی بەشێكی گەورەی ئەم بەرهەم هێنانەبووە. حیزبی كوردیی نەخشەكانی سیستەمی تێدایە، هەموو پایەكانیشی لەژێرناوی جیاجیا و ناوی گەورەگەورەدا دیاریكراون، بەڵام لە كۆتایی رستەكەدا كۆی ئۆرگانەكان بەستراون بە كردە و گوتارەكانی كاریزماكەوە، وەك _عەلاگەیەك_ كێشەكان و كارەكان بە كاریزمادا هەڵدەواسرێن. كاتێكیش كاریزما دەڕوات، دەرككردن بە بۆشاییە گەورەكەی نەبوونی دامەزارە و سیستەم دەست پێدەكات. هەموو ئەم حیزبانەی باشوور پاش لە دەستدانی سەركردەی كاریزما تووشی دەرد دەبن، دەردەكەیان لەو دونیا بینییەوە سەرهەڵدەدات خۆیان بەرهەم هێنەری بوون. حیزب ویستوویەتی كاریزما دروستبكات، كاریزماش بەم تێگەیشتنانەیەوە كێشەی لەگەڵ سیستەم هەبووە. بێگومان زانیویانە سیستەم دەسەڵاتەكان و ئەركەكان جیا دەكاتەوە، بۆیە نەیانویستووە ئەو دەسەڵات و ئەركانە جیاببنەوە، ویستویانە بەردەوام لینكێك هەبێت لەنێوان خۆیان و تەواوی ئۆرگانەكاندا و لە كۆتایدا هەموویان بگەڕێنەوە بۆخۆیان. (ئەم لینك و گەڕانەوەیە لە حیزبەوە گوازراوەتەوە بۆ حوكومەت.) 

ئەكرێت بڵێین: تا وێناكردن بۆ كاریزما نەگۆڕێت بۆ كاركردن بۆ دروستكردنی سیستەم، دۆخی حیزب و دۆخی حوكومەت بەم جۆرەدەبێت، كە ئێستا هەیە. باشترین رێگاش بۆ گۆڕینی ئەم وێنا نەریتییە بێ‌ بەرهەمە ئەوەیە، وەك یاری شەترنج، كش لە كاریزما بكرێت و سیستەم بخرێتە شوێنی. سیستەم بەو مانایە نا دەزگایەك بێت بۆ كۆنترۆڵ و سڕینەوەی ئەویتری دەرەوەی خۆی، سیستەم بەو مانایەی، دامەزراوەیەك بێت بۆ دروستكردنی كۆمەڵگەیەكی دروست، سەروەری یاسا، دابەشكردنی دەسەڵاتەكان، ماف و هاوڵاتی بوون، ئازادی تاك. هەركاتێك ئەم روئیاییە هاتە پێش، ئەوا وێنەكە پێچەوانە دەبێتەوە و سیستەم كاریزما دەكاتە دەرەوەی خۆی و كۆمەڵگەش لەوە تێدەگات، ژیانی تەندروست لەژێر سێبەری ئەم جۆرە سیستەمەدایە نەك لەژێر سێبەری كاریزمایەكدا تەواوی چەمكەكانی بەسەریەكدا شێواندوە لە پێناو هێشتنەوەی وێنە كاریزمابووەكە خۆی. 


ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP