بەپەلە

هێنانى ڕه‌خنه‌ و تێپه‌ڕاندنى جنێو

فارس نەوڕۆڵی - 11-12-2018 - 2380 جار خوێندراوەتەوە

له‌و كۆمه‌ڵگایانه‌ى كاره‌كان و كرده‌وه‌كان له‌چوارچێوه‌ى عه‌قڵدا نیه‌ هه‌موو شتێك مانایه‌كى جیاوازتر له‌ مانا و ڕه‌سه‌نایه‌تى خۆى وه‌رده‌گرێت لێره‌وه‌ بێ مانایى ده‌بێته‌ مۆدێل ئیتر كاره‌سات لێره‌وه‌ ده‌ست پێده‌كات له‌دواى ڕاپه‌ڕینى 1991، دروست له‌ 2003 وه‌ مه‌سه‌له‌ى ئازادى وڕاده‌ربڕین بوو به‌ وێردى زمانى له‌م په‌ڕى چه‌پ بۆ ئه‌و په‌ڕى ڕاست دواتر مه‌سه‌له‌ى ڕه‌خنه‌ و ڕه‌خنه‌ له‌ هه‌مووشت بووبه‌ پاڵه‌وان كردنى خه‌ڵك به‌ڵام به‌ پێوه‌ره‌كانى زانست ئه‌م جۆره‌ له‌ ڕه‌خنه‌ زۆربه‌ى جنێو بوو له‌ قاڵبى ڕه‌خنه‌دا ئیتر زۆرێك له‌سیاسیه‌كان له‌ڕێگاى كۆمه‌ڵێك ڕۆژنامه‌نوس چ له‌ڕۆژنامه‌كان و چ له‌ تۆڕه‌كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان دژى ڕكه‌به‌ره‌كانیان ده‌ستیان كرد به‌ ناوزڕاندن و شكاندن و تا وایلێهاتووه‌ كه‌س له‌ ترسى میدیا و جۆره‌كانى له‌خۆى ئه‌مین نه‌بێت به‌ مه‌رجێك هیچ له‌و نوسین و وتارانه‌ ناچنه‌ ناو چوارچێوه‌ى ڕه‌خنه‌ى ڕه‌سه‌ن و زانستى یه‌وه‌ ئه‌وانه‌ى له‌م جۆره‌ له‌ فه‌وزا بره‌و پێده‌ده‌ن ڕه‌خنه‌ و جنێو لێك جیا ناكه‌نه‌وه‌ ئه‌گینا نه‌خۆش چه‌نده‌ پێویستى به‌ ده‌رمانى پاك و چاره‌سه‌رى دروست هه‌یه‌ پرۆسه‌ى سیاسى له‌ كوردستان ئه‌وه‌نده‌ پێویستى به‌ ڕه‌خنه‌ى ڕه‌سه‌ن هه‌یه‌ بۆ چاره‌سه‌رى نه‌خۆشیه‌ سیاسى و كۆمه‌ڵایه‌تى یه‌كانمان بۆ ڕاست كردنه‌وه‌ى هه‌ڵه‌كانمان.

 

بۆیه‌ ده‌بێت له‌مه‌ودوا له‌ چوار چێوه‌ى یاسا و به‌ پێوه‌رى ئه‌خلاق ڕه‌خنه‌ى ڕه‌سه‌ن و جنێو له‌یه‌ك جیا بكه‌ینه‌وه‌ كه‌واته‌ پێویسته‌ بزانین جنێو چیه‌و ڕه‌خنه‌ى ڕه‌سه‌ن چیه‌ ڕه‌خنه‌ى ڕه‌سه‌ن هه‌موو ئه‌و نوسین و قسه‌كردنانه‌یه‌ له‌ چوارچێوه‌ى ئه‌قڵ و دڵسۆزى بۆ وڵات ده‌گوترێ و ده‌نوسرێت واته‌ هونه‌رى بڕیاردان و جیاكردنه‌وه‌ى ڕاسته‌كان و ده‌رهێنانى له‌ هه‌ڵه‌ ئامرازێك و هۆكارێكى ئه‌قڵانیه‌ ئامانجى ئاماده‌كارى هۆشیارى و گێڕانه‌وه‌ى بایه‌خه‌ بۆ مرۆڤه‌كان و هه‌وڵێكى ڕاستگۆیانه‌یه‌ بۆ تێگه‌شتن له‌ جیهان و گۆڕینیه‌تى له‌ ڕێگه‌ى دۆزینه‌وه‌ى كه‌لێنه‌كان و ئاشكرا كردنى بۆسه‌كان كه‌ له‌ ڕێگاماندا دانراون هه‌رچۆن (ئه‌مانوئێل كانت) وتى (چاخه‌كه‌مان چاخى ڕه‌خنه‌یه‌ هه‌موو شتێك پێویسته‌ ملكه‌چى ڕه‌خنه‌بێت بۆ ڕه‌خنه‌ و پشكنینى ڕه‌خنه‌یی به‌مه‌ش وه‌رگرتنى یاخود ره‌تكردنه‌وه‌ى هه‌ربابه‌تێك ساغ ده‌كاته‌وه‌ هه‌روه‌ها وه‌رگرتنى بڕیارێكى ژیرانه‌ له‌سه‌رى ئه‌مه‌ش پێویستى به‌ كرانه‌وه‌ و ئازادى هه‌یه‌ له‌ نێوان نوسه‌ران و ڕه‌خنه‌ گرانى ڕه‌سه‌ن و حكومه‌تى كوردستان تا فریو ده‌ره‌كان بناسرێن كه‌ له‌ ڕێگاى فریو دانى كۆمه‌ڵگاوه‌ به‌رژه‌وه‌ندى خۆیان مسۆگه‌ر بكه‌ن.

 

ئیتر پێویسته‌ ره‌خنه‌گر و جنێوفرۆش له‌یه‌ك جیا بكه‌ینه‌وه‌ یاخود ئه‌وانه‌ى چه‌مكى نامۆ به‌م كۆمه‌ڵگایه‌ قوت ده‌كه‌نه‌وه‌ چونكه‌ ئه‌و جۆره‌ مرۆڤانه‌ وایان كردووه‌ كه‌ متمانه‌ له‌نێوان خه‌ڵكدا نه‌مێنێت كاتێكیش متمانه‌ له‌نێوانماندا نه‌ما هیچمان پێناكرێت هاوبه‌شى  له‌نێوانماندا نامێنێت كه‌ هاوبه‌شیش نه‌ما ناتوانین ببینه‌ هاوكارى یه‌كتر ئه‌مه‌ش كێشه‌ به‌دواى كێشه‌دا له‌گه‌ڵ خۆى ده‌هێنێت ژیانمان ده‌بێته‌ گواستنه‌وه‌ له‌كێشه‌یه‌كه‌وه‌ بۆ كێشه‌یه‌كى دیكه‌ بۆ چاره‌سه‌رى ئه‌م دۆخه‌ش بۆ دروستكردنى زه‌مینه‌یه‌ك بۆ ڕه‌خنه‌ى ڕه‌سه‌ن و گفتوگۆ وتێپه‌ڕاندنى قۆناغ و دۆخى جنێو پێویسته‌ كه‌ناڵێك هه‌بێت له‌نێوان حكومه‌تى كوردستان و ئه‌و عه‌قڵه‌ ڕه‌خنه‌گرانه‌ى كه‌چاكه‌ى گشتیان ده‌وێت بونیادێكى به‌هێزیان ده‌وێت بۆ كوردستان بۆ گفتوگۆكردن و هاوكاریكردنى یه‌كتر بێ ئه‌وه‌ى كه‌سیان ئه‌وى تر ئیستغلال بكات ئه‌مه‌ش ده‌چێته‌ قۆناغێكى نوێ و دۆخێكى عه‌قڵانى و تێپه‌ڕاندنى دۆخى جنێو ده‌مداخستنى جنێوفرۆشان سه‌باره‌ت به‌جنێوفرۆشان و ئه‌هریمه‌نه‌كانى پشتیان دوو وه‌ڵام یان دو ڕێگا هه‌یه‌ ، ڕێگاى یه‌كه‌م بۆچون و قسه‌جوانه‌كانى (ئاشۆنى باكۆن) جێ به‌جێ بكه‌ین كه‌ ده‌ڵێت گوێ له‌جنێوده‌ران بگره‌ به‌ڵام وه‌ڵامیان مه‌ده‌ره‌وه‌ گوێگرتن له‌جنێوده‌ران فێرى ئه‌وه‌مان ده‌كات شانازى به‌په‌روه‌رده‌ى خۆته‌وه‌ بكه‌یت ، وه‌ڵام نه‌دانه‌وه‌شیان شانازى ئه‌وه‌ت پێده‌به‌خشێت  كه‌تۆ له‌وان نیت، یاخود ئه‌وه‌یه‌ ئه‌م شیعره‌ى ئاغا رۆسته‌مى بكه‌یته‌ وه‌ڵام بۆیان:


ئارامت بوێ ڕاوێسه‌ تاوێ 
فڵته‌ فڵتى تۆم لێ حاڵى ناوێ
حه‌رفێ پڕوپوچ بێ مایه‌و سه‌رفێ
دیاره‌ وه‌كو سه‌گ له‌مانگ ده‌گه‌فێ
بۆ هێنانه‌وه‌ى ڕه‌خنه‌و تێپه‌ڕاندنى دۆخى جنێو ئه‌وا ئه‌وه‌ى كه‌نووسیم ڕاى منه‌ هیوادارم شتێكم وتبێت له‌به‌رژه‌وه‌ندى گشتى و پرۆسه‌ى ڕه‌خنه‌ى ڕه‌سه‌ندا.


ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP