به‌رهه‌مهێنانى نه‌وتى كوردستان: كێڵگه‌ى خورمه‌ڵه‌و ناڕوونیه‌كانى!

بەهرۆز جەعفەر - 11-12-2018 - 1459 جار خوێندراوەتەوە

یه‌كێك له‌گرفته‌كانى به‌رده‌م سێكته‌رى ووزه‌ له‌ هه‌رێمى كوردستان بریتى یه‌ له‌ نه‌بونى شه‌فافیه‌ت، كاتێك ئه‌نه‌لایز ئه‌كه‌ى ئه‌بێت داتا هه‌بێت، بۆئه‌مه‌ش یان ئه‌بێت په‌یوه‌ندى به‌  "دیلۆیت-Deloitte " ه‌وه‌ بكه‌ى، یان هه‌ندێ جار له‌ڕێگه‌ى ئه‌وانه‌ى نه‌وتى كوردستان ئه‌كڕن، یاخود له‌ڕێگه‌ى ئه‌و كه‌شتیانه‌ى كه‌ نه‌وت له‌هه‌رێم وه‌رئه‌گرن له‌ میناكان "ئه‌مه‌ش زۆرجار رۆیته‌رز" ئه‌یكات، وه‌یان له‌ڕاپۆرتى كۆمپانیا فره‌ڕه‌گه‌زه‌كانى بوارى نه‌وت...


ئینستیوتى مێدیتریانه‌، ماوه‌ى سێ مانگه‌ سه‌رقاڵى ئاماده‌كردنى ڕاپۆرتێكى تێرو ته‌سه‌له‌ سه‌باره‌ت به‌ یه‌ده‌گ و سه‌رچاوه‌ى نه‌وت و غازى سروشتى هه‌رێمى كوردستان، ڕاپۆرته‌كه‌ پتر له‌ (40) لاپه‌ڕه‌یه‌ به‌زمانى ئینگلیزى و، كراویشه‌ به‌كوردى و، ئه‌كرێت به‌عه‌ره‌بى و، هه‌م له‌ پێگه‌ى www.mirs.co بڵاوئه‌كرێته‌وه‌ هه‌م چاپ ئه‌كرێت. نزیكه‌ى (126) سه‌رچاوه‌ى تیا به‌كارهاتووه‌، هیچ له‌سه‌رچاوه‌كان نه‌ كوردین نه‌ عه‌ره‌بى!. یه‌كێك له‌ گرفته‌كان ده‌ست نه‌كه‌وتنى زانیارى و داتایه‌ سه‌باره‌ت به‌ ئاستى به‌رهه‌مهێنان له‌ كێڵگه‌ى خورمه‌ڵه‌ كه‌ كۆمپانیایه‌كى خزمه‌تگوزارى كوردى " كارگروپ -Kar Group   كارى تیا ئه‌كات.

 به‌ربادى سیاسه‌تى ووزه‌ له‌هه‌رێمى كوردستان
سایتى وه‌زاره‌تى سامانه‌ سروشتیه‌كان له‌ ماوه‌ى (2) ساڵدا ته‌نها (3) بابه‌تى دابه‌زاندووه‌، له‌كاتێكدا پێویسته‌ هه‌فتانه‌و مانگانه‌ ڕاپۆرته‌كان بڵاوبكاته‌وه‌، یاخود ڕۆژانه‌ كاروچالاكى وه‌زاره‌ته‌كه‌ تیایدا پۆست بكرێت. ئێستا (2018) یه‌و مه‌سه‌له‌ن كۆمپانیاى داناگاز و پیرل پیترۆلیۆم ئه‌ڵێن له‌ماوه‌ى (2) ساڵدا كێشه‌ى كاره‌باى هه‌رێم چاره‌سه‌ر ئه‌كه‌ن، ئه‌بێت پێمان بڵێ چۆن؟. مه‌سه‌له‌ن دوو گه‌وره‌ترین پاڵیۆگه‌ى نه‌وتى هه‌رێم وه‌زاره‌تى  پیشه سازى عێراق بونیادى ناوه‌، ئێ ئه‌مان چوون به‌ موساته‌حه‌ داویانه‌ به‌ كۆمپانیا فره‌ڕه‌گه‌زه‌كان، ئه‌بێت پێمان بڵێ بۆ؟. حكومه‌تى هه‌رێم له‌ په‌یامێكدا مانگانه‌ ئاستى وه‌به‌رهێنان بڵاو ئه‌كاته‌وه‌ به‌ڵام تیایدا ئاستى به‌رهه‌مى كێڵگه‌كان ده‌ست نیشان ناكا!؟.  


به‌شێوه‌یه‌كى گشتى له‌ بوارى شه‌فافیه‌تدا هه‌رێمى كوردستان ئاستێكى لاوازى تۆماركردووه‌. هه‌رێم ئه‌ڵێت ئاستى به‌رهه‌م زیادى كردووه‌، له‌لایه‌كى تره‌وه‌ به‌هۆى كۆمپانیا فره‌ڕه‌گه‌زه‌كانه‌وه‌ ئاستى به‌رهه‌مى هه‌موو كێڵگه‌كان دیاره‌ جگه‌ له‌ كێڵگه‌ى خورمه‌ڵه‌. په‌یوه‌ندى به‌ خورمه‌ڵه‌وه‌ ئه‌كه‌یت، ئه‌ڵێ "به‌رپرسى به‌رهه‌مهێنان له‌ كارگروپ" داتاكانى لایه‌، په‌یوه‌ندى به‌ په‌رپرسى به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌ ئه‌كه‌یت، ئه‌ڵێ ئه‌بێت به‌ مۆڵه‌تى وه‌زاره‌تى سامانه‌ سروشتیه‌كان ئه‌مه‌ بكرێت، سامانه‌ سروشتیه‌كان ئه‌ڵێ نوسراوێكمان بۆ بكه‌ن، ئێمه‌ش نوسراوه‌كه‌ ئه‌ده‌ین به‌ ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران، ئه‌وانیش بۆ ئێمه‌، ئێمه‌ش بۆ كارگروپ، دواتر كارگروپ ڕه‌زامه‌ندى ده‌ربڕێت ئێمه‌ لاریمان نابێت!.
 كه‌رتى نه‌وتى هه‌رێمى كوردستان- عێراق، له‌ ساڵى (2007 ه‌وه‌ بۆ 2018) به‌ (5) قۆناغ دا تێپه‌ڕیوه‌:


یه‌كه‌م: دامه‌زراندنى وه‌زاره‌تى سامانه‌ سروشتیه‌كان له‌سه‌ر گریمانه‌ى هه‌ڵه‌، له‌ساڵى 2007 یشدا یاساى ژماره‌ 22 له‌په‌رله‌مانى كوردستان تایبه‌ت به‌ نه‌وت و غاز ده‌رچوێنرا، گوایه‌ به‌ پێى مادده‌كانى 111 و 112 و 116 و 122 ى ده‌ستورى عێراق، به‌ڵام لێره‌دا دووفاقیه‌ك له‌نێوان مه‌ركه‌ز و حكومه‌تى هه‌رێمدا هه‌یه‌.


قۆناغى دووه‌م: ساڵى (2008 بۆ 2010) سه‌رهه‌ڵدانى ناكۆكى له‌نێوان هه‌رێم و حكومه‌تى مه‌ركه‌زى له‌په‌یوه‌ند به‌و گرێبه‌ستانه‌ى له‌گه‌ڵ ئیكسۆن كرا سێ دانه‌یان ئه‌كه‌وته‌ ناوچه‌ دابڕاوه‌كانه‌وه‌.


 قۆناغى سێهه‌م، ساڵى 2014 دواى هاتنى داعش و زیادكردنى ئاستى به‌رهه‌مهێنان بو له‌لایه‌ن هه‌رێمه‌وه‌ به‌هۆى ئه‌وه‌ى عێراق هه‌یمه‌نه‌ى سه‌ربازى و سیاسی له‌كه‌ركوك و ده‌شتى نه‌ینه‌وا له‌ده‌ست دا. 


قۆناغى چواره‌م، دابه‌زینى نرخى نه‌وت و جێهێشتنى كۆمپانیاكان بو.


 قۆناغى پێنجه‌م: شكستى سیاسه‌تى ووزه‌ى هه‌رێم له‌به‌ر گریمانه‌ هه‌ڵه‌كانى و، نه‌بونى شه‌فافیه‌ت و، باڵاده‌ستبونه‌وه‌ى حكومه‌تى مه‌ركه‌زى به‌غدا به‌سه‌ر هه‌رێمدا. 
بۆچى شكست؟. هێشتا وه‌زاره‌تى سامانه‌ سروشتیه‌كان ئه‌و هه‌واڵه‌ى له‌ وێبسایته‌كه‌یان نه‌سڕیوه‌ته‌وه‌، كه‌ له‌ ساڵى (2010) ه‌دا دوپاتى ئه‌كاته‌وه‌ له‌ كۆتایی (2015) هه‌رێمى كوردستان (1) یه‌ك ملیۆن به‌رمیل نه‌وت له‌ڕۆژێكدا به‌رهه‌م ئه‌هێنێت، كه‌چى تازه‌ له‌ (نۆڤه‌مبه‌رى2018) ه‌دا هه‌رێمى كوردستان موژدانه‌ى ئه‌وه‌ بڵاوئه‌كاته‌وه‌ ئاستى به‌رهه‌میان بۆ (425000) چوارسه‌ت و بیست و پێنج هه‌زار به‌رزكردۆته‌وه‌.!. له‌ (ئۆكتۆبه‌رى 2018) ه‌دا حكومه‌تى هه‌رێم (325000) سێ سه‌ت و بیست و پێنج هه‌زارى به‌رهه‌مهێناوه‌ ئێ ئه‌بێت پێمان بڵێت چۆن له‌ مانگى دواتر (100) هه‌زار به‌رمیل ئاستى  به‌رهه‌م زیادى كردووه‌!؟. له‌كاتێكدا به‌پێى ڕاپۆرتى كۆمپانیاكان كه‌مى كردووه‌، 
 حكومه‌تى هه‌رێم پێمان ناڵێ ئه‌م زیادكردنه‌ له‌كوێوه‌ هات! بۆ نمونه‌ ئاستى زانستى كێڵگه‌ى تاوكێ و ڕاپۆرتى گه‌نه‌ڵ ئینرجى ئاماژه‌ به‌كه‌مكردنى ئه‌ده‌ن!؟. له‌كێڵگه‌كانى تریش، مه‌سه‌له‌ن له‌ كێڵگه‌ى ته‌ق ته‌ق له‌ (2014) ه‌دا نزیكه‌ى (150000) سه‌ت و په‌نجا هه‌زار بووه‌ له‌ (2018) ه‌دا له‌ نێوان (13 بۆ 15) هه‌زار تێپه‌ڕى نه‌كردووه‌!.
 
كێڵگه‌ى خورمه‌ڵه‌ چه‌ند به‌رهه‌م ئه‌هێنێت ؟.
 
كێڵگه‌ى خورمه‌ڵه‌ ئه‌كه‌وێته‌ باكورى وێستگه‌ نه‌وتیه‌كانى كه‌ركوكه‌وه‌، له‌سه‌رێكه‌وه‌ سنور و به‌ریه‌ككه‌وته‌ى جوگرافى هه‌یه‌ له‌نێوان هه‌رێم و حكومه‌تى عێراق دا، له‌لایه‌كیشه‌وه‌ ئاریشه‌ گه‌وره‌كه‌ى ئه‌وه‌یه‌ له‌ ڕووى نێوده‌وڵه‌تى و تێڕوانینى عێراقه‌وه‌ خورمه‌ڵه‌  به‌شێكه‌ له‌ جوگرافیاى نه‌وتى كه‌ركوك، ئینجا لایه‌نێكى ترى ئه‌م كێڵگه‌یه‌ ئه‌وه‌یه‌ كۆمپانیایه‌كى خزمه‌تگوزارى نه‌وتى كوردستان سه‌رپه‌رشتى به‌رهه‌مهێنان و گه‌شه‌پێدانى ئه‌كات، به‌واتایه‌كى تر به‌پێچه‌وانه‌ى هه‌موو كۆمپانیا نه‌وتیه‌كانى جیهانه‌وه‌ ئه‌م كۆمپانیا كوردییه‌ ئاره‌زووى شه‌فافیه‌ت و ئاشكراكردنى به‌رهه‌مهێنان و فرۆش ناكات.!. كێڵگه‌ى خورمه‌ڵه‌ گرنگیه‌كى ترى ئه‌وه‌یه‌ ته‌رمیناڵێكه‌ لێوه‌ى هێڵى بۆڕى هه‌رێم به‌ره‌و فیشخابور و به‌نده‌رى جیهان ئه‌ڕوات.


له‌ هه‌رێمى كوردستان لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانى بوارى ئابورى و به‌ڕێوه‌بردن دابه‌ش بون بۆ دوو به‌ره‌، لایه‌كیان خه‌ریكى هاژوهوژ و خه‌ڵك هاندان و پڕكردنه‌وه‌ى جه‌ماوه‌ره‌و، ناتوانیت پشت به‌ داتاو قسه‌كانیان ببه‌ستیت. لایه‌كى تریشیان بریتى یه‌ له‌ده‌سته‌ڵات كه‌ "نه‌وت" یان تێكه‌ڵ به‌ ئایدۆلۆژیاى كوردایه‌تى كردووه‌و، ڕاستییه‌ زانستیه‌كان نابینن و قبوڵ ناكه‌ن، هاوكات به‌ده‌ستیان بێت ڕێگه‌ناده‌ن كۆمپانیا نێوده‌وڵه‌تیه‌كانیش ڕاپۆرته‌كانیان بڵاوبكه‌نه‌وه‌.


سه‌ره‌نجام، بۆ گه‌یشتن به‌ داتاى ڕاسته‌قینه‌، دوو گریمانه‌ى به‌هێز هه‌یه‌:


یه‌كێكیان: به‌پێى ڕاپۆرته‌كه‌ى ئینستیوتى مێدیتریانه‌ بۆ توێژینه‌وه‌ى هه‌رێمایه‌تى به‌ناونیشانى "نه‌وتى سه‌ركه‌شى كوردستان: ڕاستى، دژوارى، نا ڕوونى:
  Stubborn Kurdish Petroleum Resources: Reality, Complicity, and uncertainty " "


جگه‌ له‌ خورمه‌ڵه‌ ته‌واوى كێڵگه‌ نه‌وتیه‌كانى هه‌رێم له‌ گه‌رمیانه‌وه‌ تا زاخۆ (250000) دووسه‌ت و په‌نجا هه‌زار به‌رمیل له‌ڕۆژێكدا به‌رهه‌م ئه‌هێنن، به‌وه‌ى كه‌ حكومه‌تى هه‌رێم ئه‌ڵێت: (325000) هه‌زار به‌رهه‌مهێنراوه‌، ماناى وایه‌ كێڵگه‌ى خورمه‌ڵه‌ بڕى (150000) سه‌ت و په‌نجا هه‌زار له‌ڕۆژێكدا به‌رهه‌م ئه‌هێنێت، ناوه‌ندى وود مه‌كه‌نزى - Wood Mackenzie له‌جیهاندا ئیش له‌سه‌ر داتا وورده‌كان ئه‌كات، له‌ (نۆڤه‌مبه‌رى 2018) ه‌دا ڕاپۆرتێكى سه‌باره‌ت به‌ كێڵگه‌ى خورمه‌ڵه‌ بڵاوكردۆته‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ى ڕاپۆرته‌كه‌ بخوێنیته‌وه‌و (Access) بیكه‌یته‌وه‌ ئه‌بێت بڕى (2300$) دۆلار بده‌یت، به‌ڵام له‌ سه‌مه‌ریه‌كه‌یدا دیاریكردووه‌ كه‌ كێڵگه‌ى خورمه‌ڵه‌ ڕۆژانه‌ له‌م كۆتایی (2018) ه‌دا بڕى (200000) دوو سه‌ت هه‌زار به‌رمیل به‌رهه‌م ئه‌هێنێت به‌پێى ئه‌وه‌ى له‌مدواییه‌دا فراوانكراوه‌.


دووه‌م: به‌ پێچه‌وانه‌ى خاڵى یه‌كه‌مه‌وه‌، لایوایه‌ كه‌ حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان كه‌ له‌ ساڵى (2007) ده‌ستى به‌سه‌ر خورمه‌ڵه‌دا گرت، ئه‌و كاته‌ حكومه‌تى عێراق ڕۆژانه‌ (60000) شه‌ست هه‌زار زیاترى لێ ده‌ر نه‌ ئه‌هێنا. له‌ (2007 ه‌وه‌ بۆ 2018) حكومه‌تى هه‌رێم و كۆمپانیاى "كارگروپ" ته‌نانه‌ت (1) بیرى تازه‌یان له‌ كێڵگه‌ى خورمه‌ڵه‌ لێ نه‌داوه‌، به‌ چى زیادى كرد؟. چه‌نه‌؟. له‌ هه‌لومه‌رجێكدا كه‌ شه‌ڕى داعش و دابه‌زینى نرخى نه‌وت و گرفته‌ ناوخۆییه‌كانیش كاریگه‌ریان هه‌بووه‌.


ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP