پڕۆژەی حەماسی

پەیکار عوسمان - 9-12-2018 - 3073 جار خوێندراوەتەوە


(هەموو پرۆژەیەکی حەماسی بەربەستە لەبەردەم بیرکردنەوەی ئێمەدا، بیرنەکردنەوەی ئێمەش مانەوەمانە لە دۆخی شکاویدا)

ئێمە بە کاری سەدان ساڵەی داگیرکەران کەسایەتیمان شکاوە، بەڵام لە بەرامبەرا شۆڕش نەهاتووە کەسایەتی ئێمە ڕاستکاتەوە، بەڵکو ئەویش هەر شکاندویەتی! 
چونکە شۆڕشەکانمان مەشروعی حەماسەت و کەفوکوڵ بوون، کە سەرەتا وەهمێکی هەستانەوەی لا دروست کردوین و دواتر بە نائومێدی و شکانێکی گەورەتر لەوەی سەرەتا، کۆتایی هاتوون.

ئێمە بە کاری دەیان ساڵەی دەسەڵاتی خۆماڵی کەسایەتیمان شکاوەو موعارەزەش نەهاتووە چاکیکاتەوە، بەڵکو ئەویش هەر شکاندوێتی! 
ئاخر موعارەزەشمان هەر وەکو شۆڕشەکانمان حەماسەت و کەفوکوڵەو دوای نیشتنەوە، شکانێکی ترو نائومێدییەکی تری ئیزافە کردوە!

لەڕاستییا پرۆژەی حەماسی، پرۆژەی دروستکردنی نەتەوە نیە، پرۆژەی دروستکردنی دوژمنە، ئەگەر شۆڕشە حەماسییەکان نەبووایە، ڕەنگە لەگەڵ دوژمنە تەقلیدیەکان بمانتوانیایە دۆست بین، یان هەر هیچ نەبێ سیغیەك بدۆزینەوە کە لە شەڕ باشتربێت! 
موعارەزەش نەرمتربووایە، ڕەنگە بەرهەمی زیاترو زەرەری کەمتربووایە، نەك ئەوەی بە زۆرترین تەشەنوج و ئاڵۆزیی  کەمترین بەرهەمی هەبێت.

پرۆژەی حەماسی  پرۆژەی بینا نیە، پرۆژەی تێکدانە، وەکچۆن دەسەڵاتی ئێمە لە پشتی شیعاراتە حەماسییەکانەوە هەر هەر تێکی ئەدا. وەکچۆن موعارەزەی هاشوهوشیش حوکمڕانی بەرەو باشتر نەبردو خراپتریشی کرد.

حەماسەت کۆکردنەوەنیەو پەرتکردنە، وەکچۆن شۆڕشگێرەکانی  شاخمان هەر خەریکی براکوژی بوون و موعارەزەکانی شاریشمان هەر خەریکی موزایەدەو ناشرینکردنی یەکترن.

لە هەمووی خراپتر، حەماسەت پرۆژەی ماندوکردنی دەروونی خەڵکە، ئاخر ئەگەر حەماسەت و وروژاندن لێگەڕێن، پرۆژەیەکی عەقڵانی بە جوهدێکی کەمتر بەرهەمێکی ئومێدبەخشمان ئەداتێ، نەك دوای ماندوبوونێکی دەروونیی ئیجگار زۆر، نائومێدییەکی گەورە بچنینەوە.

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP