له‌ شه‌ڕى هه‌موو ئومه‌ى عه‌ره‌بیه‌وه‌ بۆ شه‌ڕى دكتۆر به‌رهه‌م

له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج - 8-12-2018 - 13618 جار خوێندراوەتەوە

جارێکیان گوێم له‌ فه‌رمانده‌یه‌کى سه‌ربازى پارتى بوو ،گوتى "ئه‌گه‌ر سه‌رۆک فه‌رمانمان پێبکات شه‌ڕى هه‌موو ئومه‌ى عه‌ره‌بى ده‌که‌ین " له‌ راستیدا من ئه‌و کاته‌ به‌ ده‌ر له‌ هه‌ندێ سه‌رنجى جیا قسه‌که‌م له‌و ڕوانگه‌یه‌وه‌ پێخۆش بوو که‌ ناکرێت کورد هه‌میشه‌ خۆى به‌ بچوک و لاره‌ خوار بزانێت ، ئه‌و کاته‌ سه‌رو به‌ندى ریفراندۆم بوو ، که‌من هه‌رگیز کاته‌که‌یم بۆ ناوچه‌ دابڕێنراوه‌کان و که‌رکوک به‌ چاک نازانى و چه‌ندین کۆڕو به‌رنامه‌شم له‌ سه‌ر کرد ، به‌ڵام له‌ دڵه‌وه‌ حه‌زم ده‌کرد بارزانى رێکاره‌کانى ریفراندۆمى یه‌ک له‌ دواى یه‌ک جێبه‌جێ بکردایه‌و ئێستا له‌ ته‌ک عێراق دوو دراوسێ باین ، نه‌ک شه‌ڕ له‌ سه‌ر پۆست بکه‌ین ، من حه‌زم ده‌کرد به‌رزانى به‌و سوربونه‌یه‌وه‌ له‌ سه‌ر ریفراندۆم تا ئاستى جیابونه‌وه‌ چووبا ، نه‌ک گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ به‌غدا ، هه‌رچه‌ند ناوچه‌ دابڕێنراوه‌کانمان توشى گه‌وره‌ترین شکست کردو ئێستاش ناتوانین هیچیان بۆبکه‌ین .

ئه‌و فه‌رمانده‌یه‌و بارزانى و میدیاى پارتى شه‌ڕى هه‌موو ئومه‌ى عه‌ره‌بیان نه‌کرد ، ئه‌و فه‌رمانده‌یه‌ى ئاماده‌ بوو شه‌ڕى ئومه‌ى عه‌ره‌بى بکات که‌رکوکى بۆ حه‌سه‌ن پلایس و مه‌هدى موهه‌ندیس جێهێشت ، به‌ڵام له‌و رۆژه‌وه‌ى دکتۆر به‌رهه‌م ساڵح بووه‌ به‌ سه‌رۆک کۆمار شه‌ڕێکى گه‌وره‌ له‌ دژى به‌ڕێخراوه‌ ، ئه‌م شه‌ڕه‌بۆو له‌ پاى چى ، هه‌ڵبه‌ت دیاره‌ هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌ى لاى پارتى ده‌بوو له‌برى دکتۆر به‌رهه‌م ساڵح ، دکتۆر فواد حوسێن سه‌رۆککۆمار با ، سه‌رۆک کۆمارى عێراق ، ئه‌و عێراقه‌ى بڕیار بوو له‌ 26-9-2017 مه‌سعود بارزانى له‌ ئه‌نجومه‌نى ئاسایش له‌ وتارێکدا باى باى لێبکات .

شه‌ڕى ئومه‌ى عه‌ره‌بى نه‌کرا ، به‌ڵام به‌ میکرۆسکۆبه‌وه‌ به‌ دواى ئه‌وه‌وه‌ین که‌ ئاخۆ به‌رهه‌م ساڵح ده‌توانێ سه‌رکه‌وتو بێت یان نا ، له‌ سه‌فه‌ره‌کانى ئه‌م دوایه‌ى دکتۆر به‌رهه‌م ساڵح به‌ وڵاتاندا ، له‌ برى ئه‌وه‌ى له‌ بایه‌خى سه‌فه‌ره‌کان بکۆڵینه‌وه‌ به‌ تایبه‌ت که‌ سه‌رۆک کۆمار کورده‌ ، دێین سه‌رقاڵى ئه‌وه‌ ده‌بین چۆن سه‌فه‌ره‌کان بێ بایه‌خ بکه‌ین ، چۆن وانیشانبده‌ین که‌ به‌رهه‌م ساڵح هیچى پێناکرێت ، به‌ راده‌یه‌ک ئه‌م ماکینه‌ میدیاییه‌ خراوه‌ته‌ گه‌ڕ که‌ ته‌نانه‌ت هه‌ندێک یه‌کێتیش هه‌مان رایان لادروست بووه‌ .

بۆ من ره‌خنه‌ گرتن له‌ دکتۆر به‌رهه‌م یان هه‌ر که‌سێکى تر دروست و پێویسته‌ لێ دوژمنایه‌تى و شکاندنه‌وه‌ ناچنه‌ خانه‌ى ره‌خنه‌گرتنه‌وه‌ ، بۆیه‌ ئه‌م سیاسه‌ته‌ى پارتى له‌ مه‌وداى یه‌کساڵدا به‌ گه‌وره‌ترین پاشه‌کشه‌و شکست ده‌زانم ، با له‌ هه‌ڵبژاردنیشا پارتى کورسیه‌کانى فڕى بن .


ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP