پێده‌چێت له‌دایكبونى حكومه‌تى هه‌رێم پێویستى به‌عه‌مه‌لیاتى قه‌یصه‌ری بكات !!

نه‌وزادی‌ موهه‌ندیس - 3-12-2018 - 3180 جار خوێندراوەتەوە

• زیاد له‌ 2 مانگى ته‌واوه‌ كه‌ هه‌ڵبژاردنى په‌ڕله‌مانى كوردستان ئه‌نجامدراوه‌ له‌ 30/9/2018دا ،كه‌ چى هێشتا دیار نیه‌ كه‌ى ده‌سته‌ى سه‌رۆكایه‌تى په‌ڕله‌مان هه‌ڵده‌بژێردرێت تا ده‌ستبكرێت به‌ گفتوگۆى سیاسى له‌نێوان هێزه‌ سیاسیه‌كاندا بۆ به‌شداریكردن له‌و حكومه‌ته‌ى كه‌هه‌موان وه‌كو ((گۆدۆ))چاوه‌ڕوانى ده‌كه‌ین كه‌ هه‌ر ده‌رناكه‌وێت، هه‌موان به‌په‌رۆشه‌وه‌ چاوه‌ڕوانى ده‌ستپێكردنى ئه‌و گفتوگۆیانه‌ین چونكه‌ هه‌موان زۆر به‌په‌رۆشن بۆ به‌شداریكردن تیایدا،به‌ڵام ئه‌وه‌ى لێپرسراوێتى یه‌كه‌م و گه‌وره‌ى ده‌كه‌وێته‌ ئه‌ستۆ بریتیه‌ له‌ لایه‌نى براوه‌ى یه‌كه‌م،چونكه‌ ده‌بێت ئه‌و ده‌ستپێشخه‌ر بێت بۆ ده‌ستپێكردنى گفتوگۆكان و ئاڵوگۆڕى بیروڕاكان و ئاماده‌كردنى ڕه‌شنوسى كار و به‌رنامه‌ى حكومه‌تى ئاینده‌ و پلان و دیدگا و پڕه‌نسیپه‌ سه‌ره‌كیه‌كانى تائه‌وانى تریش ڕاى خۆیانى له‌سه‌ر ده‌رببڕن و دواتریش بیكه‌نه‌ به‌رنامه‌ى هه‌موان و كارى له‌سه‌ر بكه‌ن له‌ حكومه‌تى ئاینده‌ و ببێته‌ نه‌خشه‌ڕێگاش بۆ حكومه‌ت بۆ 4 ساڵى ئاینده‌.

 

به‌ڵام ئه‌وه‌ى ده‌بینرێت و هه‌ستى پێده‌كرێت ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌و لایه‌نه‌ به‌ مه‌به‌ست بێت یان بێ مه‌به‌ست كارى جدى نه‌كردوه‌ و نایكات،له‌لایه‌ك به‌هۆى كێشه‌ ناوخۆیه‌كانى خۆى و یه‌كلا نه‌كردنه‌وه‌ى به‌ربژێرى حیزبه‌كه‌ى بۆ سه‌رۆكى حكومه‌ت و له‌لایه‌كى تریشه‌وه‌ چاوه‌ڕوانى یه‌كلاكردنه‌وه‌ى حكومه‌تى به‌غداد ده‌كات بۆ دانانى ئه‌و 8 وه‌زیره‌ى كه‌ماوه‌ و به‌دیاریكراویش گه‌ره‌كێتى بزانێت كه‌ یه‌كێتى نیشتیمانى كوردستان پۆستى وه‌زاره‌تێكى له‌به‌غداد به‌رده‌كه‌وێت یان نا ،چونكه‌ پارتى دیموكراتى كوردستان زۆر هه‌وڵده‌دات و فشار و هه‌ڕه‌شه‌ش ده‌كات كه‌ نابێت یه‌كێتى ئه‌و پۆسته‌ى به‌ربكه‌وێت له‌ به‌غداد ، جا گه‌ر ئه‌و پۆسته‌ به‌ریه‌كێتى بكه‌وێت ئه‌وا ئاڕاسته‌ى گفتوگۆكان له‌هه‌رێم به‌ ئاڕٍاسته‌یه‌ك ده‌بێت  كه‌ زیاتر خه‌مساردى و دواكه‌وتنى پێوه‌ده‌رده‌كه‌وێت و گه‌ر به‌و ئاڕاسته‌یه‌ش بێت كه‌ پارتى هه‌وڵى بۆ ده‌دات ئه‌وا گفتوگۆكان گه‌رمتر و جدیانه‌تر ده‌ستپێده‌كه‌ن و پارتى زیاتر هه‌ژموونى خۆى و مه‌رجه‌كانى خۆى ده‌سه‌پێنێت و به‌بیانوى هێزى یه‌كه‌م و توانستى بۆ پێكهێنانى حكومه‌ت له‌ ڕووى ژماره‌وه‌ به‌پشتیوانى كۆتاكان و لایه‌نى تریش  گه‌ره‌كێتى فشار بخاته‌ سه‌ر یه‌كێتى بۆ به‌شداریكردن یان نه‌كردنى له‌حكومه‌تى ئاینده‌دا،هه‌رچه‌نده‌ ڕایانگه‌یاندوه‌ كه‌ به‌بێ یه‌كێتى ئه‌و حكومه‌ته‌ پێكنایه‌ت،چونكه‌ یه‌كێتى بۆخۆشى هێزى دووه‌مى كوردستانه‌ و خاوه‌ن نفوزى گه‌وره‌ى جه‌ماوه‌رى و ئابورى و سیاسى و ئه‌منیشه‌ له‌ كوردستان و عێراق و ناوچه‌كه‌شدا و ناكرێت و كارێكى ژیرانه‌ش نابێت كه‌ یه‌كێتى نیشتیمانى په‌راوێز بخرێت و وه‌كو شه‌ریكێكى ڕاسته‌قینه‌ش سه‌یر نه‌كرێت،چونكه‌ به‌شدارنه‌كردنى یه‌كێتى هه‌موو دۆخه‌ سیاسى و ئابورى و ئه‌منى و كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانیش به‌ ئاڕاسته‌یه‌كى خراپ و زیاتر لێكدووركه‌وتنه‌وه‌ ده‌بات و هه‌رێمیش ڕووبه‌ڕووى دووئیداره‌یى نه‌خوازراو ده‌بات.

• بۆیه‌ گه‌ره‌كه‌ له‌هه‌موان به‌تایبه‌تیش پارتى و یه‌كێتى كه‌ هه‌وڵى جدى بده‌ن بۆ هه‌رچى زووتر هه‌یه‌ بۆ یه‌كلایكردنه‌وه‌ى ناكۆكى و ململانێكانیان له‌سه‌ر پۆست و پله‌و ئیمتیازاته‌كانیان و به‌گیانێكى برایانه‌ و كوردانه‌ و لێپرسراوانه‌وه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ یه‌كتردا بكه‌ن چونكه‌ قه‌ده‌رى ئه‌م میله‌ت و هه‌رێمه‌ به‌سراوته‌وه‌ به‌ئه‌وان و هێزى هه‌ردوو پارتى و یه‌كێتى به‌ پله‌ى یه‌كه‌م و ئه‌وسا ئه‌وانیتریش. بۆیه‌ هیچ پێویست ناكات له‌سه‌ر پۆستێك  یان ئیمتیازاتیكى كاتى كێشه‌كان قوڵتر بكه‌نه‌وه‌ و باشتر وایه‌ كه‌ چاوه‌ڕاونى له‌دایكبونى حكومه‌تى به‌غداد نه‌كه‌ن و زوو به‌زوو ده‌ستبكه‌ن به‌ یه‌كلاكردنه‌وه‌ى گرێ كوێره‌كانى په‌ڕله‌مانى كوردستان و دواتریش حكومه‌تى ئاینده‌ى هه‌رێمى كوردستان،چونكه‌ ناكرێت زیاد له‌ 2 مانگ ئه‌م هه‌رێمه‌ به‌بێ په‌ڕله‌كان و حكومه‌تێكى كارا و ئاكتیڤ بمێنێته‌وه‌ ،به‌تایبه‌تیش دۆخى ناوچه‌كه‌ ڕوو له‌ لێكترازانى زیاتر و هه‌ڕه‌شه‌ى جه‌نگ و توندبونه‌وه‌ى ململانێكانى لێده‌كرێت به‌تایبه‌تیش له‌نێوان ئه‌مریكا و ئێراندا،

• بۆیه‌ هه‌ق وایه‌ كه‌ هه‌ردوولا و هه‌موانیش پێكه‌وه‌ كارى جدى بكه‌ن بۆ له‌دایكبونێكى سروشتى حكومه‌تى ئاینده‌ى كوردستان نه‌ك دوابخرێت و پێوسیت به‌ عه‌مه‌لیاتێكى قه‌یصه‌رى به‌په‌له‌ و كتوپڕ بكات كه‌ ئه‌و كات زیانه‌كانى زیاتر ده‌بێت له‌ سووده‌كانى چونكه‌ په‌له‌پڕوزێى پێوه‌دیار ده‌بێت و ناكامڵ ونه‌به‌كام و بێتواناش ده‌رده‌كه‌وێت. ((چونكه‌ له‌ زانستى پزیشكیدا ته‌نها ئه‌و كاتانه‌ په‌ناده‌برێته‌ به‌ر عه‌مه‌لیاتى قه‌یصه‌رى كه‌ له‌دایكبونى ئاسایى گرفتى هه‌بێت ومه‌ترسى له‌سه‌ر كۆرپه‌كه‌ و دایكه‌كه‌ش دروستببێت به‌هۆى ئاسایى نه‌بلونى پڕۆسه‌ى له‌دایكبونه‌كه‌وه‌وه‌)).بۆیه‌ به‌هه‌ق له‌ئێستادا له‌دایكبونى حكومه‌تى هه‌رێم زۆر دواكه‌وتوه‌ و ڕه‌نگه‌ پێویست به‌و عه‌مه‌لیاته‌ قه‌یصه‌ریه‌ بكات،جا ئه‌و عه‌مه‌لیاته‌ش پێویستى به‌ پزیشكى زانا و زیره‌ك و به‌هیه‌مه‌ت و دڵسۆز و خاوه‌ن ئه‌زمون و شاره‌زایى ته‌واو هه‌یه‌ و به‌هه‌موو پزیشكێك ناكرێت.

• بۆیه‌ گه‌ره‌كه‌ یه‌كێتى و پارتى به‌ئه‌زموون و شاره‌زایى خۆیان  ئاینده‌ و پێكهێنانى حكومه‌ت یه‌كلابكه‌نه‌وه‌ و به‌حكومه‌تێكى به‌هێز و تركه‌مه‌ و خاوه‌ن بڕیاره‌وه‌ پێ بنێنه‌ ساڵى نوێى 2019وه‌.كاربكه‌ن بۆ 4 ئاینده‌ و كۆمه‌ڵگا و هه‌رێمه‌كه‌شمان به‌ئارامى و ئاشتى خۆشبه‌خت بكه‌ن و هه‌لى كار و بازاڕ دایینبكه‌ن و ببوژێننه‌وه‌ و خزمه‌تى زیاتر به‌هه‌موان بكه‌ن به‌بێجیاوازى و كارى جدى بكه‌ن بۆ كۆتایهێنان به‌قه‌یرانى دارایىو هه‌ڵگرتنى پاشكه‌وتى مووچه‌ى فه‌رمانبه‌ران و  نه‌هێشتنى گه‌نده‌ڵى و ڕاستكردنه‌وه‌ى هه‌ڵه‌كانى 27 ساڵى ڕابووردوو و ده‌ستیشبكه‌ن به‌ پڕۆسه‌یه‌كى چاكسازى له‌ سه‌رجه‌م ئۆرگانه‌كانى حكومه‌تدا و حكومه‌ت بكه‌نه‌ حكومه‌تى هاوڵاتى و ماف و یه‌كسانى و دادپه‌روه‌رى و سه‌روه‌رى یاسا و دواتریش به‌و حكومه‌ته‌ به‌هێزه‌وه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ به‌غداد بكه‌ن و ببنه‌ پارێزه‌ر و هه‌قسه‌ندنه‌وه‌ى مافه‌ ڕه‌وا ده‌ستوریه‌كانى كوردیش له‌ به‌غداد . ئه‌مه‌ كار و ئه‌رك و چاوه‌ڕوانیه‌كانى هه‌موانه‌ له‌و حكومه‌ته‌ی كه‌هه‌موان چاوه‌ڕوانیده‌كه‌ین.


ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی و خەندان لێی بەرپرسیار نییە

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP